ئەو گرووپەی كە چەندان ساڵە بەهۆی پاڵپشتییان بۆ كۆمەڵێك لایەنی سیاسیی عێراقی و وڵاتانی هەرێمی و دژی هەموو كار و پڕۆژەیەكی هەرێمی كوردستان وەستاونەتەوە، لە نوێترین هەنگاویشیاندا دژی كارەبای 24 سەعاتی سكاڵایان لە دادگای فیدراڵی تۆمار كردووە، ئەمەش نیگەرانیی خەڵكی لێ كەوتووەتەوە و دەڵێن: ئیتر دەبێت سنوورێك بۆ ئەمانە دابنرێت.
ئۆپۆزسیۆنی هەرێمی كوردستان كە ئێستە وەك لایەنگرانی بەرەی مقاوەمە دێنە ناسین، لەم چەند ساڵەدا دژی هەموو پێشڤەچوون و گۆڕانكاری و هەنگاوێكی رژد بوون و هەوڵیان داوە كۆسپ بۆ هەر كارێكی باش دروست بكەن كە حكوومەت هەرێم جێبەجێی دەكات.
هەر لە سەرەتای دروستبوونی یەكەم كابینەی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە، یەك لەو كێشە گەورانەی كە هەرێمی كوردستان بەدەستییەوە دەیناڵاند، نەبوونی كارەبای 24 سەعاتی بوو، ئەم كێشەیە چەند دەیە بوو چارەسەر نەكرا و ئەم كێشەیە زیانی ئابووری و ژینگەیی و تەنانەت دەروونیشی بەخەڵكی كوردستان گەیاندبوو.
هەر لە سەرەتای كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتیی مەسروور بارزانی، یەكێك لەو پڕۆژە ستراتیجییانەی كە چەندان ساڵ بوو هاووڵاتییان خەونیان پێوە دەبینی كارەبای 24 سەعاتی بوو لەم كابینەیەدا جێبەجێ كرا.
لە سەرەتادا پڕۆژەكە وەك خەونێك بوو، بەڵام بەپێداگریی سەرۆكی حكوومەت ئێستە پڕۆژەی رووناكی بووەتە واقیع و بەشێكی زۆری شارەكان بەو پڕۆژە رووناك بوونەتەوە و تا كۆتایی ساڵی 2026، سەرانسەری هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی پڕۆژەی ڕووناكی، دەبێتە خاوەنی كارەبای 24 سەعاتی بە نرخێكی كەمتر لە پێشوو.
پڕۆژەكە لە فراوانبووندایە، بەمزووانە كارەبای 24 سەعاتی بۆ ژمارەیەك گەڕەكی تر لە هەرسێ پارێزگای هەرێمی كوردستان دابین دەكرێت، تا كۆتایی ساڵی 2026، كارەبای تەواوی هەرێمی كوردستان دەبێتە 24 سەعاتی.
لەبارەی دژایەتیكردنی ئەو گرووپە بەرانبەر هەموو شتێك تەنانەت پڕۆژە نیشتمانییەكانیش، ئیدریس عەلی نووسەر دەڵێت: ئەم هەنگاوانەی ئەم گرووپە تەواو دژە نیشتمانین و دەرخەری ئەوەیە ئەوانە لە دەرەوە بۆ لێدان لە هەرێمی كوردستان راسپێردراون.
ئیدریس دەنووسێت: ئەمانە تەواو بوونەتە دژەكورد و وایان لێ هاتووە بوونەتە بەربەست لە گەشانەوەی وڵاتەكە، تەنانەت ئەمانە بوونە هۆی بڕینی مووچەكەش، چونكە ئەمان بەبەغدایان گوت، مووچە مەنێرە.
چالاكێكی سلێمانی لەبارەی هۆكاری سكاڵای خوشكەكەی شاسواری خاوەن چاڤیلاند و نەوەی نوێ، ئەو نهێنییە دەدركێنێ كە پێوەندیی بە موەلیدەكانی گوندی ئەڵمانی و بەرژەوەندی تایبەتی پڕۆژەكانی شاسوارەوە هەیە.
سامان سەعید دەڵێت: پڕۆژەی رووناكی پێش سەروەش لە بەغداوە بەئاشكرا لایەنە سیاسییەكان هێرشیان كردە سەری و بە مەترسییان بۆ داهاتووی عێراق دایە قەڵەم، ئەوان ناهەقیان نەبوو، چونكە پڕۆژەكە ستراتیجییە و خزمەتی زۆری كوردستان دەكات، لەوەش دەترسان خەڵكی خۆیان بەر رەخنەیان بدەن كە بۆچی ناتوانن پڕۆژەیەكی وا لە تەواوی شارەكانی عێراقیش جێبەجێ بكەن.
سامان گوتی: "شاسوار دەمێكە دژی كارەبا چەواشەكاری دەكات، چونكە خۆی پارەیەكی زۆری كارەبا قەرزارە، ئەم پڕۆژەیەش زیانی گەورەی لێ دەدات.
باسی لەوەش كرد، ئەوان لە پڕۆژەی ڕووناكی زیانمەندن، لەبەرئەوەی كارەبای 24 سەعاتی گەیشتووەتە گوندی ئەڵمانی و ئیتر موەلیدەكانی شاسوار لەوێ كوژێنراونەتەوە، بەم جۆرەش پارەیەكی زۆری لە دەست چووە كە مانگانە لە ڕێگەی پارەی گرانی موەلیدەكانەوە دەستی دەكەوت.
گوتیشی: "دوو مانگە گوندی ئەڵمانی كارەبای كراوە بە 24 سەعاتی، ئەمەش وایكردووە نیوەی زیاتری پارەی داهاتی گوندی ئەڵمانی كەم بكات، ئێستە تەنیا پارەی ئاو و سكیوریتی لایە و چیتر كرێی موەلیدە وەرناگرێت، بۆیە هاتوون لە دژی ئەو پڕۆژەیە سكاڵایان كردووە. چونكە جاران لە مانگێكدا پارەیەكی یەكجار زۆریان دەست دەكەوت".
هەر لەمبارەیەوە هانا چۆمانی ڕۆژنامەنووس، لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك)، باسی لە سكاڵاكەی سروە عەبدولواحید كرد و بە كارێكی زۆر نائەخلاقی و پۆپۆلیستی ناوی برد و رای گەیاند: پێویستە خەڵكی كوردستان خۆیان رووبەڕووی ببنەوە.
گوتیشی: ئەمە ئەوپەڕی جاشایەتی و خۆفرۆشییە، هاوشێوەی جاشەكانی تری داردەستی بەغدا. باسی لەوەش كردووە، ئەمانە هیچ ئابڕوویەكیان نەماوە و ئەوەی ناشیرین بێت دەیكەن.