وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە: 718 پڕۆژەی ڕێگەوبان لەم چەند ساڵەدا جێبەجێ كراون

:: PM:05:22:10/07/2025 ‌
بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێكردنی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕای دەگەیەنێت كە کابینەی نۆیەمی حکوومەت گرنگیی زۆری بە ڕێگەوبان داوە، زیاتر لە 700 پڕۆژە بە بودجەی زیاتر لە تریلیۆنێک دینار جێبەجێ کراون. دووپاتیشی دەكاتەوە "ئێستە 200 پڕۆژە لە بواری جێبەجێکردندان".

هەرێمی كوردستان لە سێ ساڵی رابردوودا، سەرەڕای جۆرەها گەمارۆ و ستەمی نامرۆڤانەی بەغدا دژی دانیشتووانی كوردستان، هەزاران ئامێری بڕین و پڕكردنەوە و تەختكردنی ناوچە دۆڵ و شاخاوییەكانی كوردستانی بەكار خستووە و لە هەركوێوە بڕۆی، شەقامی نوێ دروست دەكرێ.

ئاگرین عەبدوڵا، بریكاری وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە، بە وردی داتاكانی بواری ڕێگەوبان بۆ "وشە" دەخاتە ڕوو و دەڵێ، لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا، گرنگیی زۆر بە بواری ڕێگەوبان دراوە، بە جۆرێک ئێستە بووژانەوەی تەواو لە كوردستان و هەموو ناوچەكانیدا بەدی دەكرێت و بە داتا 718 پڕۆژەی گەورە و مامناوەند و بچووک، بە بودجەی تریلیۆنێک و 32 ملیار و 834 ملیۆن دینار، جێبەجێ كراون.

بە گوتەی ئەو بەرپرسە باڵایەی وەزارەتەكە، ئەو پڕۆژانەی جێبەجێ كراون، دەیانیان ستراتیجین و تونێل و پردی گەورەیان لەگەڵدا دروست کراوە، پڕۆژەکان ھەموو ناوچەکانی ھەرێمی کوردستانیان گرتووەتەوە و بەردەوامیش پڕۆژەی تازەی ستراتیجی دروست دەكرێت و چەندانیش لە جێبەجێكردندان.

پڕۆژە ستراتجییەكانی ڕێگەوبان لە هەولێر:
دروستكردنی ڕێگەی ئۆتۆبانی هەولێر - دهۆك.
دروستكردنی شەقامی 150 مەتریی هەولێر.
دروستكردنی جووتسایدی هەولێر - كۆیە.
دروستكردنی جووتسایدی هەولێر - گۆمەسپان.
دروستكردنی جووتسایدی گۆمەسپان – سماقووڵی.
دروستكردنی جووتسایدی كۆڕێ – قەندیل. 

پڕۆژە ستراتیجییەكانی ڕێگەوبان لە سلێمانی:
دروستكردنی جووتسایدی دەربەندیخان – كەلار.
دروستكردنی جووتسایدی زەڕایەن – دەربەندیخان.
تەواوكردنی جووتسایدی هیزۆپ – ڕانیە.
جێبەجێكردنی قۆناغی یەكەمی شەقامى 100 مەتریی سلێمانی، كە كارەكانی خێرا كراوە.
تەواوكردنی دووسایدی سەیسادق – هەڵەبجە.
تەواوكردنی دووسایدی كانیپانكە – پێنجوێن.

پڕۆژە ستراتیجییەكانی ڕێگەوبان لە دهۆك:
جووتسایدی بارزان لەناو دهۆك، بە سێ ئۆڤەرپاس و ئەندەرپاس و دووسایدی خزمەتگوزاریی تەنیشتییەوە.
جووتسایدی سێمێل - زاخۆ 57 کیلۆمەتر.
جووتسایدی ڕۆڤیا - گوپاڵ 22 کیلۆمەتر.
جووتسایدی شێخان - لالش هەشت کیلۆمەتر.
جووتساید و تونێلی ئامێدی - مریبكا.
جووتسایدی باتیفا - دەركار 10 کیلۆمەتر.
تونێلی زاخۆ 3600 مەتر.
جوتسایدێ زاخۆ - باتێل  10 کیلۆمەتر.
جووتسایدی باتێل - گرشین - رووباری دیجلە 20 کیلۆمەتر.
جووتسایدی دهۆك - ئالوكا.
جووتسایدی دەركار - زاخۆ 10 کیلۆمەتر.
جووتسایدی دێرەلووك - شێلادزێ 22 کیلۆمەتر.
جووتسایدی كەلات - بجێل 20 کیلۆمەتر، یەك سایدی تەواو بووە.
جووتسایدی چڕە - ڕۆڤیا 20 کیلۆمەتر، یەك سایدی تەواو بووە.

ئەم پڕۆژانەیش لە دهۆك لەژێر جێبەجێكردندان:
جووتسایدی دهۆك – باعەدرێ 26 كم
جووتسایدی دهۆك - شاریا
جووتسایدێ بەردەڕەش - كەلەك 35 كم
جووتسایدی ئاكرێ - باشقال 10كم

بە گوتەی ئاگرین عەبدوڵا "هەر لەم کابینەیەی حکوومەتدا گرنگی زۆر بە دروستکردنی رێگەی گوندەکانیش دراوە، بە دیاریكراوی 350 پڕۆژەی رێگە لە گوندەکانیش ھەبوون و شەقامی شایستەیان بۆ دروست کراوە، چونکە ئامانجی حکوومەتی ھەرێم و وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە ئەوەیە، ڕێگە بۆ سەرجەم گوندەکان دروست بکرێت، بۆیە کار دەکەین بۆ ئەوەی رێگە بە سەرجەم گوندەکان بگات".

"ئێستە لە ھەرێمی کوردستان، 2206 پڕۆژەی جۆراوجۆری ڕێگەوبان لە جێبەجێکردندان، ھەر پڕۆژەیەکیش لەوانە بە رێژەیەک تەواو کراون و کارکردن تێیاندا بەردەوامە" ئاگرین وای گوت.

ئەوەیشی ئاشكرا كرد، وەزارەتەكەی پلانی بۆ 10 ساڵی داهاتوو لە بواری ڕێگەوباندا داناوە، كە 220 پڕۆژە لەخۆ دەگرێت و پێویستی بە بودجەی 10 تریلیۆن و 164 ملیار دینارە.


وشە/ بڵند ئیبراهیم


وشە - سه‌رخێڵ هاشم