بۆچی عێراق ئەنجامی لێكۆڵینەوە لە هێرشی درۆنەكان راناگەیەنێت؟

:: PM:06:12:10/07/2025 ‌

مانگی رابردوو زنجیرە هێرشێكی مووشەكی و درۆنی كرایە سەر چەند ئامانجێكی گرنگ لە عێراق و هەرێمی كوردستان، دوای هێرشەكان حكوومەتی عێراق لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی پێك هێنا و تا ئێستە هیچ ئەنجامێكی رانەگەیاندووە، ئەگەرچی شارەزایان پێیان وایە كە هێرشبەران و مەبەستی ئەوان زانراوە، بەڵام حكوومەتی عێراق ناتوانێت كەس تۆمەتبار بكات.

بەرپرسێكی سەربازیی عێراقی ئاماژە دەكات كە لە 23ی مانگی رابردووەوە 11 هێرش كراوەتە سەر چەند ناوچەیەكی سەربازی و مەدەنی و نەوتی عێراق و هەرێمی كوردستان، لێكۆڵینەوەكان لەو هێرشانە گەیشتوونەتە چەند ئەنجامێك، لەوانە تەواوی هێرشەكان لەناو خاكی عێراقەوە ئەنجام دراون و هێرشبەران توانای نزیكبوونەوەیان لە ئامانجەكان و گواستنەوەی بە شێوەیەكی ئاسایی هەبووە، واتە ئەوان پشتیان هەیە.

عەلی بەنداوی بڕیاردەری لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، حكوومەت لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی تەناهی و سەربازی لەو هێرشانەن پێكهێناوە بۆ ئاشكراكردنی لایەنی بەرپرسیار، تا ئێستە لێكۆڵینەوەكان تەواو نەبوون، ماوەكە زۆری خایاندووە و دواكەوتنی راگەیاندنی ئەنجامەكان قبووڵكراو نییە و رەنگە وا پێشان بدات كە حكوومەت ناتوانێت و ناوێرێت لایەنی بەرپرسیار ئاشكرا بكات، بۆیە بڕیارە لە یەكەم دانیشتنی پەرلەمان لە یەكشەمی داهاتوو لایەنی تەناهی و سەربازیی پێوەندیدار مێوانداری بكرێن بۆ زانینی ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان، چونكە رانەگەیاندنی ئەنجامەكان زۆر مەترسیدارە.  

لای خۆیەوە سەیف رەعد شارەزا لە كاروباری سەربازی پێی وایە ئاشكرانەكردنی حكوومەت بۆ ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان و ئەو لایەنەی لە پشتەوەی هێرشەكانەوەیە، دووپاتی دەكاتەوە كە حكوومەت لایەنەكان دەناسێت، بەڵام لەبەر هۆكاری ناوخۆیی و دەرەكی خۆی لە ئاشكراكردنیان لادەدات، پێم وایە ئەو بابەتە دەستی دەستی پێ دەكرێت، رانەدگەیاندنی ئەنجامەكان و بێدەنگیی حكوومەت سەرەڕای دووبارەبوونەوەی هێرشەكان دووپاتی دەكاتەوە كە ئەوانەی لەپشت هێرشەكانن لایەنی ناسراون لای حكوومەتەوە، بەڵام راگەیاندنی ئەنجامەكان هەڵوێستی حكوومەت شەرمەزار دەكات، بۆ نموونە ئەگەر ئەنجامەكان تێوەگلانی ئیسرائیل بسەلمێنن، رەنگە پێویست بە وەرگرتنی هەڵوێستێكی راشاكاوانەی سەربازی بكات، كە حكوومەت لە رووی سیاسی و سەربازییەوە بۆی ئامادە نییە.   

لای خۆیەوە د. غازی فەیسەڵ بەڕێوەبەری ناوەندی عێراق بۆ توێژینەوەی ستراتیجی دەڵێت، سەرەڕای مەترسیداریی هێرشە درۆنی و مووشەكییەكان، كەچی دەوڵەت بێدەەنگی هەڵبژاردووە، سەرەڕای پێكهێنانی لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە لەو هێرشانە، كەچی تا ئێستە بە ئەنجام نەگەیەشتوون و ئەگەر پێشی بگەن بەهۆی نەبوونی شەفافیەت لە بابەتە تەناهییە هەستیارەكان نایەتە راگەیاندن، بەتایبەتی ئەو بابەتانەی پێوەندییان بە میلیشیاكانی نزیك لە سوپای پاسدارانی ئێران هەیە.

روونی كردەوە، بێدەنگیی حكوومەت دەتوانرێت بە یەكێك لەو سێ هۆكار لێك بدرێتەوە، یەكەم ترس لە راگەیاندنی ئەنجامی لێكۆڵینەوەكە، چونكە دەبێتە هۆی شەرمەزاربوونی دەوڵەت لەبەردەم شەقام یان دەبێتە هۆی رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ لایەنی دەرەكی و ناوخۆیی وەك میلیشیاكان، دووەم لاوازیی بڕیاری نیشتمانی و بێتوانیی دەوڵەت لە پاراستنی خۆی و راگەیاندنی هەڵوێستێكی سەربەخۆ، سێیەم لیژنەكان رۆژێك لە رۆژان لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی راستەقینە نەبوونە، بەڵكو ئامرازێك بوونە بۆ دواخستنی تەقینەوەی جەماوەری و دەستی دەستیكردن بە بابەتەكان تا كاتی لەبیركردنیان.

   سەبارەت بە هۆكاری ئەو هێرشانە و ئەنجامدەر و پەیامەكانیان، شارەزایان بە شەڕی 12 رۆژی ئیسرائیل و ئێران و دەست پێكردنەوەی گفتوگۆكانی ئەمەریكا و ئێران و هەوڵەكانی ئێران بۆ ئەكتیڤهێشتنەوەی میلیشیاكانی لە ناوچەكە دەبەستنەوە، لە عێراق شیعە و میلیشیاكان، دوای گەیاندنی پەیامی خۆیان و ئێران، هەوڵ دەدەن بابەتەكە بە ئیسرائیلەوە ببەستنەوە بەوەی دەیەوێ پشێوی و نائارامی لە عێراق دروست بكات، بۆ دوورخستنەوەی تۆمەتەكان لە خۆیان و رێگرتن لە حكومەت لە ئاشكراكردنی ئەنجامی لێكۆڵینەوەكە وەك خۆی.

كەچی هەندێك لە شارەزایان بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و ململانێی ناو ماڵی شیعەی دەبەستنەوە، هاوكات گوشارەكانی ئەمەریكا لەسەر عێراق بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەوان و بڕینی مووچەكانیان، بۆیەش لەو رێگەیە گوشار دەخەنە سەر حكوومەتی عێراق بۆ راگرتنی هەوڵی هەڵوەشانەوەیان و خەرجكردنی مووچەكانیان، بەشێك لە شارەزایان بە دەست پێكردنەوەی جموجۆڵی میلیشیاكانی ئێرانی دەبەستنەوە بەر لە دەست پێكردنەوەی گفتوگۆ ئەتۆمییەكانی تاران لەگەڵ ئەمەریكا، نموونەش بۆ ئەوە بە حوسییەكانی یەمەن دێننەوە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل