ساڵی رابردوو هەرێمی كوردستان لە بەرهەمی هەنگوین خراپ بوو، هەنگەوانان بەپێی پێویست هەنگوینیان نەبوو، بە لای هەنگەوانانەوە ساڵی شیلە و هەنگوین نەبوو، بەڵام ئەمساڵ سەرەتاكانی شیلە دەركەوتووە و هەنگەوانانیش باس لەوە دەكەن، لە ساڵی رابردوو باشترە و هەنگ دەستی كردووە بە كۆكردنەوەی شیلە و چاومان لەوەیە ئەمساڵ بەرهەم باش بێت.
هەرێمی كوردستان لە بەرهەمی هەنگوین لە ئاستێكی زۆر باشدایە، ئەگەر هۆكاری سروشتی روونەدات، ساڵانە لە نێوان 400 بۆ 800 تۆن بەرهەمی هەنگوینی هەرێمی كوردستانە لە جۆری زۆر باش كە لە لایەن چەند وڵاتێكی عەرەبی لەوانە سعوودیە و ئیمارات خواستی لەسەرە بە دەیان تۆن هەناردەی دەرەوە دەكرێت.
هاوبیر برایم هەنگەوان و خاوەنی پڕۆژەی هەنگ بە "وشە"ی راگەیاند، ئەمساڵ تا رادەیەك هەنگوین هەیە كە وەك ساڵی رابردوو نابێت، ئەوەی ساڵی رابردوو بۆ هەنگەوانان رووی دا لە چەند ساڵی رابردوو شتی وا نەبووە، بەڵام ئەمساڵ پێشبینیی ئەوە دەكرێت شیلە هەبێت، لە ناوچەیەك بۆ ناوچەیەكی تر جیاواز دەبێت، پێوەندیمان لەگەڵ ناوچەكان هەیە، بۆ نموونە پێنجوێن و شارباژێڕ و قەندیل و گەرمیان و هەورامان، هەریەكەیان جیاوازی هەیە لە شیلە، ناوچە فێنكەكان بۆ شیلە زووە، ناوچە گەرمەكانیش كاتیەتی، ئێستە دۆخەكە مامناوەندە، بەڵام كاتەكەی زووە و تا مانگی ئاب چاوەڕێین.
روونی كردەوە، پێنجوێن ئەوەندەی پێوەندیمان هەیە ئەمساڵ باش نییە، لە شارباژێڕ لەو ناوچانەی كە داری سماق هەیە باشە، لە قەندیل بەهۆی بوونی چەند جۆرە گوڵ و دڕكێك ئەوێش دڵخۆشكەرە، هەمووان چاویان لەو مانگەیە كە ماوە تا ناوەڕاستی مانگی ئاب، بەڵام ئەوە روونە لە ساڵی رابردوو باشتر دەبێت، ساڵی پار باران بارینی مانگی ئایار هەموو شتێكی شۆردەوە، هەرچی شیلە و گوڵ بوو شۆردیەوە، ئەمساڵ لە زاخۆوە تا خانەقین تا ئێستە لە مام ناوەندایە.
برایم باسی لەوەش كرد، ساڵی رابردوو هەنگەوان هیچ هەنگوینی نەبوو، خاوەن پڕۆژەكانیش وەك پێویست هەنگوینیان نەبوو، بەرهەم لە ئاستێكی زۆر خراپ بوو لە چاوەڕوانی هەنگەوانان نەبوو، بەڵام ئەمساڵ پێشبینی دەكەن بەرهەمی هەنگوین زۆر باش بێت و لە ساڵی رابردوو باشتر بێت، كە بەرهەم نەدەگەیشت 100 تۆن لە جۆری هەنگوینی زۆر باش.
لای خۆیەوە حەسەن سادق هەنگەوانێكی ترە لە هەورامان بە "وشە"ی راگەیاند، بەرهەمی هەنگوین لە ساڵ بۆ ساڵ دەگۆڕێت، بۆ نموونە ساڵی 2023 ساڵێك زۆر باش و پڕ بوو، هێندە بەرهەمی هەنگوین هەبوو هەنگەوان پێشبینی ئەوەی نەدەكرد، پار زۆر خراپ بوو، هەنگەوان هەبوو بەشی هەنگەكەشی هەنگوینی نەبوو، ئەمساڵ لە پار باشتر دەبێت، چونكە كاتیش ماویەتی بەتایبەتی بۆ ناوچە ساردەكان هێشتا كۆكردنەوەی شیلە بەردەوامی هەیە.
روونی كردەوە، هەنگەوانان زۆربەیان بۆ ئەوەی هەنگوینیان هەبێت هەنگەكانیان دەبنە كوێستان و شاخەكان و چاوەڕێین ئەوەن تا سەرەتای ئاب شیلە هەبێت، ئومێدێكی كەم هەیە لەم سێ هەفتەیە ئەگەر شیلە هەبێت بۆ هەنگەوان ئەوانەی كار و كاسبیان لەسەریەتی هەنگوین هەبێت.
پێشتریش عارف شێروانی سەرۆكی كۆمەڵەی هەنگەوانانی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاندبوو، ئەگەر گرفتی سروشتی روونەدات، ساڵانە لە هەرێمی كوردستان سەتان تۆن لە هەنگوینی زۆر باش و پلە یەك بەرهەمی هەنگوینی هەنگەوانان دەبێت و بەشی دەرەوەش رەوانە دەكەین و خواستیشی لەسەر دەبێت.
وشە/ هۆشیار عەلی