"بەغدا ئیرەیی دەبات و خۆشگوزەرانیی هەرێمی كوردستانی لا قبووڵ نییە"

:: PM:10:29:10/07/2025 ‌

شارەزا و چاودێران باس لەوە دەكەن كە ئەوەی بەغدا بەرانبەر بە هەرێمی كوردستان دەیكات نایاساییە، پێیان وایە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان باشتر لە بەغدا دەیتوانی ئیدارەی دارایی و ئابووریی هەرێم بدات و ژیانێكی باشتر بۆ هاووڵاتییان فەراهەم بكات، وەك لە ساڵانی پێش رێككەوتن و چوونە سەر بەغدا بۆ مووچە، لەوكاتەی بەغدا هیچ كات ناتوانێت مافی خەڵكی كوردستان بدات، چونكە ئەو خۆی لە دژایەتیی كوردستان دەبینێتەوە.

بەغدا بە هەموو شێوەیەك ستەمەكانی بەرانبەر بە هەرێمی كوردستان گەیشتوونەتە ئاستێكی خراپ كە بەهۆیەوە قووتی خەڵكی كوردستان نانێرێت و بەشێكی دەبڕێت، لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا بەغدا بەو جۆرە مامەڵەی لەگەڵ هەرێمی كوردستان كردووە، وەك چۆن ساڵی 2014 مووچە و بودجەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانی بڕی لەكاتێكدا شەڕی داعش هەبوو، بەڵام مووچەی خەڵكی كوردستانی بڕی و دۆخێكی خراپی دروست كرد.

لەوبارەوە نەزاكەت حەمەسەعید مامۆستای زانكۆ بە "وشە"ی راگەیاند، سیاسەتی بەغدا كە برسیكردنە هەموو پێوەرێك و بەها مرۆڤایەتییەكانی تێپەڕاندووە، بەغدا هیچ كات ناتوانێت مافی خەڵكی كوردستان بدات، چونكە ئەو خۆی لە دژایەتیی كوردستان دەبینێتەوە جا چۆن دەیەوێ خزمەت بە كوردستان بكات، بۆیە ئەم جۆرە سیاسەتەی بەغدا زیاتر برسیكردنە نەك رێككەوتن، بەغدا شتێك نازانێت بەناوی رێككەوتن و جێبەجێكردنی، سیاسەتێك دەكات كە خۆی مەیلی بۆی هەیە، ئەویش دژایەتیكردنی كورد و كوردستان، بەڵام ئەوەی بۆ ناچێتە سەر و هەرێمی كوردستان خاوەن ئیرادەیە.

روونی كردەوە،  ئەوانەی كە هەوڵ دەدەن هەرێمی كوردستان دەسەڵاتی نەمێنێت، ئەوانە یەكەم جاریان نییە و لە هەموو هەلومەرج و بارودۆخەكاندا كاریان ئەوە بووە بەهەر جۆرێك بێت پێگەی هەرێمی كوردستان نەمێنێت، راستییەكەی بەهێزیی حكوومەتی هەرێم و پێگەی حكوومەت لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە بەوانە لاواز ناكرێت.

لای خۆیەوە رێبوار كەلاری چاودێری سیاسی بە "وشە"ی گەوت، هیچ كات بەغدا لە هەرێم و دەسەڵاتی حكوومەتەكەی باشتر نییە، چونكە ئەگەر دەسەڵات و ماف و ئابووریمان لەسەر بەغدا بێت، هەركات بیەوێ بڕیارمان بەسەردا دەدات، بەغدا هیچ كات ئامادە نەبوو كار بە دەستوور بكات و مافی كورد بدات، هەركات بەغدا ویستبێتی كاری بۆ لاوازكردنی هەرێم كردووە، ئەو داهاتەی كە حكوومەت خۆی سەرپەرشتیی دەكرد، ئێستە لە ژێردەستی بەغدایە و دەبێت چاومان لەوە بێت كەی‌ دەیدات و كەی دەیبڕێت و كەی كێشە دروست دەكات، بۆیە هەرچەندە تێبینیی زۆر لەسەر شێوازی بەڕێوەبردنی خۆمان هەبوو، بەڵام خۆمان باشترین نەك هیچ و كەس و لایەنێكی تر. 

ناسر ئیسماعیل شارەزای بواری ئابووری بۆ "وشە" ئاماژە دەكات، حكوومەتی بەغدا ئیرەیی بە هەرێمی كوردستان دەبات، لە دوای ساڵی 2003 بەغدا ساڵانە خاوەنی سەتان ملیار دۆلار داهات بووە، بودجەیەكی زەبەلاحی لەبەردەست بووە، وڵاتان هاوكارییان كردووە، توانیویەتی قەرزی دەرەكی بكات، پارەیەكی زۆر لەبەردەستی بووە، بەڵام لە رووی گەشەسەندن و ئابووری و پێشكەوتن و خزمەتگوزاری و پڕۆژەوە زۆر لە دوای هەرێمی كوردستانە، ئەمە جگە لەوەی لە رووی ئارامی و سەقامگیرییەوە ناوچەیەكی خراپە.

روونی كردەوە، دەسەڵاتدارانی بەغدا دەزانن هەرێم بە داهاتێكی كەم لە چ ئاستێكی پێشكەوتن و ئارامی و سەقامگیرییە، بۆیە ئەوان ئەمەیان قبووڵ نییە ئەو هەموو خۆشگوزەرانییە هەبێت، پەنا دەبەنە بەر بڕینی مووچەی خەڵكی كوردستان تا دۆخێكی خراپ دروست بكەن.

وشە/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل