کابینەی نۆیەم: شۆڕشێکی ئاوەدانی لە ژێرخانی ڕێگەوباندا

:: AM:10:58:11/07/2025 ‌
لە ماوەی کارکردنیدا، کابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، گرنگییەکی ستراتیجیی بە کەرتی ڕێگەوبان داوە وەک خوێنبەری سەرەکیی گەشەی ئابووری و ئاسانکاری بۆ ژیانی هاووڵاتییان. لەم چوارچێوەیەدا، حكوومەت زیاتر لە یەک ترلیۆن و 29 ملیار دیناری بۆ جێبەجێکردنی تۆڕێکی فراوانی ڕێگە و شەقامی مۆدێرن لە سەرتاسەری هەرێمدا تەرخان کردووە، کە درێژیی گشتیی ئەو پڕۆژانە دەگاتە 2,681 کیلۆمەتر و بووەتە هۆی پێکەوەبەستنی شار و شارۆچکە و گوندەکان و کەمکردنەوەی بەرچاوی ڕووداوەکانی هاتووچۆ.

بەپێی ئەو داتا فەرمییانەی کە بەردەستن، لە ماوەی کابینەی نۆیەمدا کۆی گشتیی 717 پڕۆژەی ڕێگەوبان لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان جێبەجێ کراون. ئەم پڕۆژانە کە لەسەر سێ سەرچاوەی بودجەی جیاواز (وەبەرهێنان، ئاسایی، و داهاتی وێستگەکانی کێش) ئەنجامدراون، بە شێوەیەکی هاوسەنگ بەسەر پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکاندا دابەش کراون:

هەولێر: 170 پڕۆژە بە گوژمەی 480 ملیار و 999 ملیۆن دینار و بە درێژیی 1,149 کیلۆمەتر.

سلێمانی: 238 پڕۆژە بە گوژمەی 142 ملیار و 791 ملیۆن دینار و بە درێژیی 436 کیلۆمەتر.

دهۆک: 72 پڕۆژە بە گوژمەی 326 ملیار و 677 ملیۆن دینار و بە درێژیی 534 کیلۆمەتر.

ئیدارەی سەربەخۆی سۆران: 78 پڕۆژە بە گوژمەی 15 ملیار و 785 ملیۆن دینار و بە درێژیی 319 کیلۆمەتر.

ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین: 79 پڕۆژە بە گوژمەی 42 ملیار و 772 ملیۆن دینار و بە درێژیی 98 کیلۆمەتر.

ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان: 47 پڕۆژە بە گوژمەی 14 ملیار و 670 ملیۆن دینار و بە درێژیی 17.95 کیلۆمەتر.

هەڵەبجە: 24 پڕۆژە بە گوژمەی چوار ملیار و 122 ملیۆن دینار و بە درێژیی 122 کیلۆمەتر.

ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ: نۆ پڕۆژە بە گوژمەی یەک ملیار و 219 ملیۆن دینار و بە درێژیی پێنج کیلۆمەتر.

پڕۆژە ستراتیجییەکانی دەرەوەی شارەکان

بۆ بەستنەوەی شارەکان بە یەکتر و ئاسانکردنی هاتووچۆی بازرگانی، حكوومەتی هەرێمی کوردستان چەندین پڕۆژەی ستراتیجیی گەورەی جێبەجێ کردووە، کە دیارترینیان بریتین لە:

ڕێگەی هەولێر – دهۆک: بە درێژیی 86 کیلۆمەتر و گوژمەی 399 ملیار دینار.
رێگەی سپیلك - خەلیفان: بە درێژیی 8.5 كیلۆمەتر و گوژمەی 64 ملیار دینار. 

تونێلی پیرمام: بە درێژیی دوو کیلۆمەتر و نیو (2.5 کم) و گوژمەی 189 ملیار دینار.
پردی دەربەندی رانیە: بە درێژیی 400 مەتر و گوژمەی 12 ملیاردینار. 
پردی زێی گەورە: بە درێژیی 900 مەتر و گوژمەی 43 ملیار دینار. 
رێگەی كەلار - كفری بە گوژمەی 43 ملیار دینار و درێژیی 25 كیلۆمەتر.

ئەو پڕۆژانەی لە ژێر جێبەجێكردندان: 

ڕێگەی کەلار – دەربەندیخان: کە لە جێبەجێکردندایە بە درێژیی 41 کیلۆمەتر و گوژمەی 137 ملیار دینار، و تا ئێستا 70%ی کارەکانی تەواو بووە.
رێگە و پردی هەڵەبجە - تووەقووت - قلیجە: بە درێژی 27 كیلۆمەتر و گوژمەی 31 ملیار دینار. 
بەرزەپردی سۆران (دەروازەی سۆران): بە گوژمەی 44 ملیار دینار.
ڕێگەی باعه‌درێ - ئیتیت: بە درێژیی 26 کیلۆمەتر و گوژمەی 135 ملیار دینار.
دوو سایدی حاجی ئۆمەران 
کەسنەزان – دەربەندی گۆمەسپان: بە درێژیی 38 کیلۆمەتر.

شەقام و یەکتربڕەکانی ناوەوەی شارەکان

بۆ کەمکردنەوەی قەرەباڵغی و جوانکردنی سیما و ژێرخانی شارە گەورەکان، چەندین شەقامی بازنەیی و یەکتربڕی گرنگ دروستکراون:

لە هەولێر: پڕۆژەی دروستکردنی شەقامی (150) مەتری لە ڕێگای (هەولێر - کۆیە) بە 582 ملیار و 100 ملیۆن دینار، هەروەها هەمان شەقام لە ڕێگای (بحركە - دهۆک) بە 197 ملیار و 700 ملیۆن دینار. هاوکات دروستکردنی شەقامی (120) مەتری بە 127 ملیار دینار و بەستنەوەی ڕێگای دهۆک پێیەوە بە نۆ ملیار دینار، کاریگەرییەکی گەورەیان لەسەر کەمکردنەوەی جەنجاڵی هەبووە.

لە سلێمانی: پڕۆژەی ستراتیجیی شەقامی 100 مەتری بە گوژمەی 428 ملیار و 500 ملیۆن دینار. لەگەڵیدا، چەندین یەکتربڕی گرنگ جێبەجێ کراون وەک یەکتربڕی ئارام (10 ملیار و 300 ملیۆن دینار)، یەکتربڕی فاروق (حەوت ملیار و 300 ملیۆن دینار)، یەکتربڕی والی (شەش ملیار دینار)، یەکتربڕی باخی بەختیاری (12 ملیار و 900 ملیۆن دینار)، و یەکتربڕی حەپسەخانی نەقیب (پێنج ملیار و 600 ملیۆن دینار).

لە دهۆک: قۆناغی یەکەم و دووەمی پڕۆژەی نۆڤەریاس و نەندریایێ لە ڕێگای بارزان بە کۆی گشتیی 33 ملیار و 700 ملیۆن دینار، لەگەڵ چەندین ئەندەرپاس و پڕۆژەی قیڕتاوکردن بە گوژمەی 68 ملیار و 100 ملیۆن دینار.

جێی باسە، هاوتەریب لەگەڵ ئەم پڕۆژانەدا، کار لەسەر ئەندازەی هاتووچۆ کراوە، کە هێڵکاری بۆ 883 کیلۆمەتر ڕێگە و دانانی زیاتر لە 16 هەزار هێمای هاتووچۆ و دروستکردنی 59 پردی پەڕینەوەی پیادە لەخۆدەگرێت، ئەمەش ئاستی سەلامەتیی لەسەر ڕێگەکان بەشێوەیەکی بەرچاو بەرز کردووەتەوە.


وشە - پۆڵا مەحموود