نیویۆرك تایمز: پوتین بە چاویلکەی شکۆمەندی لەدەستچووەوە سەیری ئۆکراینا دەکات

:: PM:02:44:17/08/2025 ‌
دوای هەموو قسەکانی پێش لوتکەی ئەلاسکا، لەبارەی گۆڕینەوەی خاک و وردەکاریی ئاگربەست لە ئۆکراینا، سەرۆک ڤلادیمێر ڤ. پووتین، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک ترەمپ، ڕوونی کردەوە کە گەورەترین نیگەرانی ئەو کۆتاهێنان بە سێ ساڵ و نیو خوێنڕشتن نەبوو، بەڵکو ئەوە پێوەندی بەوەوە هەبوو کە ناوی لێنابوو "دۆخی دەوروبەری ئۆکراینا"، ئەمە کۆدێک بوو بۆ لیستە ستانداردەکەی لە گلەییەکانی لەسەر "شکۆمەندی لەدەستچووی ڕووسیا".
گەڕانەوە بۆ ئەو کینەیەی یەکەمجار بە تووڕەییەوە ساڵی 2007 لە "کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن" باسی کرد و لە شوباتی 2022 دووبارەی کردەوە بۆ ڕاگەیاندن و پاساوهێنانەوە بۆ داگیرکارییە فرەوانەکەی سەر ئۆکراینا، پووتین لە لێدوانەکانی دوای لووتکەی ئەلاسکادا، داوای کرد "هاوسەنگییەکی دادپەروەرانە لە بواری ئاسایشدا لە ئەوروپا و جیهان بە گشتی، بگەڕێنرێتەوە." ئەو دووپاتی كردەوە، "تەنیا ئەمە هۆکارە سەرەکییەکانی قەیرانەکە لە ئۆکرانیا لا دەبات".

پووتین ڕاستەوخۆ باسی جەنگەکەی نەکرد، تەنیا ئاماژەی دا کە "بە ڕاستی حەزی لە وەستاندنی ئەوەیە کە ڕوو دەدات چونکە ڕووس و ئۆکراینەکان "هەمان ڕەگوڕیشەیان هەیە و بۆ ئێمە شەڕەكە کارەسات و ئازارێکی گەورەیە." 
وێناکردنی ڕووسیا وەک قوربانی جەنگێک کە خۆی دەستی پێ کردووە، بووەتە بنەمای پروپاگەندەی کرملین، لەوەتەی سەرۆك پووتین داگیرکارییەکەی ڕاگەیاندووە و وەک ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی تایبەت بۆ ڕزگارکردنی ڕووسیا، ناوی برد.

لۆریناس کاسچیوناس وەزیری پێشووی بەرگری لیتوانیا کە تا ساڵی 1991 بەشێک بوو لە یەکێتی سۆڤیەت و لەوکاتەوە پێوەندی بە ناتۆوە کردووە، دەڵێ، "پوتین و ڕووسیا پێداچوونەوەخوازن، ناتوانن قبووڵی بکەن کە جەنگی ساردیان دۆڕاندووە و ئێستە پۆڵەندا، کۆماری چیک، ڕۆمانیا و ئەندامانی پێشووی پەیمانی وارشۆی هەڵوەشاوە، لە ناتۆدان".
بەگوتەی کاسچیوناس، زیاتر گوتی، پووتین هەرگیز باسی جەنگەکە ناکات و لەبری ئەوە ئاماژە بە "دۆخی دەوروبەری ئۆکرانیا" دەکات، بۆ ئەوەی هەموو شتێک وەک پیلانێکی ڕۆژئاوا دژی ڕووسیا وێنا بکات کە ئۆکراینا تەنیا وەک پاشکۆ و ئامراز بەکاردێنن.
لای خۆیەوە سێرگی ڤ. لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ئاماژەی بە ئارەزووی کرملین بۆ گەیشتنی بە هۆتێلەکەی لە ئەلاسکا كرد، بە پۆشاکێکەوە کە پیتی  "CCCP" لەسەر بوو کە بە زمانی سیریلی، کورتکراوەی یەکێتی سۆڤیەتە. بەڵام پێش ئەوەی پووتین و ترەمپ ڕۆژی هەینی کۆ ببنەوە، پۆڵەندا ئاماژەیەکی توندی بە مۆسکۆ دا کە سیستمی کۆن نەماوە بە ئەنجامدانی نمایشی تانک و کەرەستەی سەربازی دیکە، ئێستە زۆرینەی چەكەكانیان دروستکراوی ئەمەریکان، بە درێژایی ڕووباری ڤیستولا لە وارشۆ. 
ئەم نمایشە سەربازییە کە فڕۆکەی جەنگی و هێلیکۆپتەریش لە ئاسمانەوە دەركەوتن، یادی سەرکەوتنی پۆڵەندا بوو بەسەر سوپای سووردا لە ساڵی 1920 و وای پێشان دا كە ئێستە گەورەترین سوپایە لە یەکێتی ئەوروپا.

لە هەوڵێکدا بۆ هێورکردنەوەی هەستی برینداری سەرۆك پووتین بەوەی پێگەی وڵاتەکەی دوای جەنگی سارد دابەزیوە، سەرۆك ترەمپ، لە دیدارێكدا دوای لوتکەکە، لەگەڵ شۆن هانیت لە فۆکس نیوز، پێگەی ڕووسیای لە پلەبەندی جیهانیدا گەورە کرد. بە پشتگوێخستنی چین و یەکێتی ئەوروپا، ئەو گوتی، "ئێمە ژمارە یەكین و ئەوان ژمارە دووی لە جیهاندا." ئەو ئەو لێدوانە وەک پێشوازییە گەرم و چەپڵەڕێزانەكەی ترەمپ لە پووتین، کاتێک گەیشتە ئەلاسکا، باش بوو. میدیاکانی ژێر کۆنترۆڵی کرملین و شرۆڤەکارانی ناسیۆنالیستی لەناو ڕووسیا دڵخۆش كرد، بەوەی ئاماژەكان وەک گەڕانەوەی ڕووسن بۆ یانەی نەتەوە پایەدارەكان. 

ئەلێکساندەر دوگین تیۆریسێنی جیۆپۆڵەتیکی شەڕانگێز، لە تێلێگرام گوتی: "چاوەڕێی ئەنجامێکی ئەوەندە باشم نەدەکرد، بۆیە پیرۆزبایی لە هەموومان دەکەم بۆ ئەو لوتکە نایاب و گەورە، ئەوەی هەموو شتێک ببەیتەوە و هیچ نەدۆڕێنی، تەنیا ئەلێکساندەری سێیەم دەیانتوانی بیکا" ئەو ئاماژەی بە قەیسەری سەدەی نۆزدە دەکرد کە چاکسازییە لیبراڵییەکانی باوکی هەڵوەشاندەوە.

ئەندری کلیشاس سیناتۆرێکی ناسیۆنالیست کە دوای دەستپێکردنی جەنگی ئۆکراین لە ساڵی 2022، گوتی "ڕووسیا دەبێت تەنیا لە ڕێگەی دووربین و چەکی چاودێرییەوە" پێوەندی لەگەڵ ڕۆژئاوا هەبێت. بەڵام دوای لووتكەی ئەلاسكا، دەڵێ، لوتکەکە ئارەزووی ڕووسیای بۆ ئاشتی درێژخایەن و دادپەروەرانە، پشتڕاست کردەوە و ئازادی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی تایبەتی بە ڕێگەی سەربازی یان دیپلۆماسی، پێداوە.
ئەو بە پێداگری لەسەر ئەوەی ڕووسیا دەستی باڵای هەیە لە گۆڕەپانی جەنگدا و خاکی زیاتر داگیر دەكات، ئەوەی خستە ڕوو كە "پرۆژەیەكی نوێی ئاسایشیی ئەوروپی و جیهانی لە بەرنامەدایە و پێویستە هەمووان قبوڵی بکەن." بەڵام ئەو پرسەی کە ئەم پرۆژە نوێیە چۆن دەبێت؟ نادیارە، بەڵام ستوونە سەرەکییەکەی گەڕاندنەوەی ڕووسیایە بۆ پێگەی جەنگی سارد، وەک هێزێکی باڵادەستی ناوچەیی و جیهانی کە ئەمەریکا وەک هاوتا سەیری بکات، وەک لە "کۆنفرانسی یالتا" لە ساڵی 1945دا، ئەوە جێگیر كرا.

پێش هێرشکردنە سەر ئۆکرانیا لە 2022، ڕووسیا پڕۆژەی پەیماننامەکانی پێشكەش بە ناتۆ و ئەمەریکا کرد و تێیدا داوای دەکرد، ناتۆ لە ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا بكشێتەوە و ڕێگە بە ئۆکراینا نەدرێت هەرگیز بچێتە ناو هاوپەیمانییەکە. ئەم داوایانە شکستی ڕووسیای لە جەنگی سارددا هەڵدەگێڕایەوە، بۆیە "بە خێرایی ڕەتکرانەوە".

سەرۆك پووتین لە وتارێکی تەلەڤزیۆنیدا ساڵی 2022 کە داگیرکارییەکەی ڕاگەیاند، تەنیا سەرنجی لەسەر ئۆکراین نەبوو، بەڵکو لەسەر گلەییەکانی بوو لەبارەی چەوساندنەوەی ڕۆژئاوا و پشتگوێخستنی بەرژەوەندییە ڕەواکانی ڕووسیا و پێگەکەی، قسەی كرد، بۆیە گوتی: "لە ماوەی 30 ساڵی ڕابردوودا، ئێمە بە تەحەمولەوە هەوڵمان دا لەگەڵ وڵاتانی پێشەنگی ناتۆ ڕێکبکەوین لەبارەی بنەماکانی ئاسایشی یەکسان و دابەشنەکراو لە ئەوروپا، كەچی لە وەڵامی پێشنیارەکانماندا بە بەردەوامی ڕووبەڕووی فێڵ و درۆی بێ شەرمانە یان گوشار بووینەوە، لە کاتێکدا هاوپەیمانی باکوری ئەتڵەسی /ناتۆ/، بەردەوام بوو لە فرەوانبوون، سەرەڕای ناڕەزایی و نیگەرانییەکانمان."
ئێستە بەشێکی سەرەکی هەوڵەکانی پووتین، بۆ داڕشتنەوەی سیستمی دوای جەنگی ساردە، بەو پێیەی هەوڵەکانی بۆ لاوازکردن یان لەناوبردنی پێوەندی ترانس-ئەتڵەسییە کە دوای جەنگی جیهانی دووەم دروست کرا و لە ساڵی 1991ەوە فرەوان کراوە، بە وەرگرتنی نەتەوە کۆمۆنیستەکانی پێشووی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا، لە ناتۆدا. ئەوە لە كاتێكدا لەو خاڵەدا، داگیرکاریی ئۆکراینا ئەنجامی پێچەوانەی هەبوو بۆ ڕووسیا و بووە هۆی زیادبوونی ئامادەیی ناتۆ لە نزیک سنوورەکانی، ئەوەبوو فینلاند کە سنوورێکی 830 میلی لەگەڵ ڕووسیا هەیە، ساڵی 2023 دەیان ساڵ بێلایەنی سەربازیی بەجێهێشت و چووە ناو ناتۆ، بەدوایدا سوید هەمان ڕێگەی هەڵبژارد.

بەڵام ترەمپ، کە چەند مانگێک لەبارەی پشتگیریی ئۆکرانیا هەڵبەز و دابەزی دەكرد، ناکۆکی لە هاوپەیمانییەکەدا لە ئەلاسکا دروست کرد، بەوەی وا دەركەوت كە پلانی پووتینی قبووڵ کردبێ، بۆ گەڕان بەدوای ڕێککەوتنێکی ئاشتی فرەواندا لە ئۆکراینا، لەبری ئاگربەستێکی بەپەلە. بەڵام جووڵەی سەرۆکی ئەمەریکا، لە ئەوروپا پێشوازییەکی ساردی لێ کرا، سەرکردەکانی ئەوروپا دەبینن ترەمپ بەڵێنەكانی لەبارەی ئۆکراینا گۆڕیوە، دوای قسەکردن لەگەڵ پووتین.

بە دووبارەکردنەوەی هێڵی ڕووسیا کە ئۆکراینا وڵاتی پلە دووە و بەرژەوەندییەکانی ناتوانن لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ڕووسیا کێبەرکێ بکەن، بە فۆکس نیوزی گوت: "ڕووسیا هێزێکی زۆر گەورەیە، ئەوان وانین."
لەبارەی ئەوەی جەنگەکە کۆتایی دێت یان نا؟ سەرۆك ترەمپ گوتی، ئەوە پێوەندی بە ئۆکرانیا و ئەوروپاوە هەیە، نەک ئەمریکا، ئیتر دەبێت بە ڕاستی زیلێنسکی ئەوە بکات، هەروەها دەڵێم نەتەوە ئەوروپییەکان دەبێت کەمێک تێهەڵچنەوە."

دیمیتری مێدڤێدێڤ سەرۆکی پێشووی توندڕەوی ڕووسیا، لوتکەکەی پیرۆز کرد بە گەڕاندنەوەی "میکانیزمێکی تەواو بۆ کۆبوونەوەی نێوان ڕووسیا و ئەمەریکا لە بەرزترین ئاستدا" و نیشاندانی ئەوەی کە دانوستان لە نێوان دوو زلهێزەکەدا "هاوکات لەگەڵ بەردەوامیی هەڵمەتی سەربازی ڕووسیا لە ئۆکرانیا"، ئەنجام دەدرێت.

نیویۆرک تایمز
وشە



وشە - تایبه‌ت