لەكاتێدا دۆخی شاری سلێمانی لە چەند رۆژی رابردوو مەترسیدار و هەستیار بوو، خەڵك دوو شەو و رۆژی مەترسیداریان بەڕێ كرد و مەترسی لەسەر گیانی هاووڵاتییان هەبوو، خەڵك لە دۆخێكی خراپی دەروونیدا بوون، كەچی رۆشنبیر و چاودێران و ئەوانەی خۆیان بە كەسی دیاری شارەكە دەزانن، لە ئاست ئەو دۆخ و كارە مەترسیدارانەی حزبی دەسەڵاتداری سنوورەكە كردی، بێدەنگ بوون.
بە ناو رۆشنبیرەكانی سلێمانی، هەركاتێك لە هەولێر شتێك رووبدات، دەیكەنە هەڵا و چەندین رۆژ قسەی لەسەر دەكەن، پێیان وایە سەر بە هیچ حزبێك نین و خۆیان بە سەربەخۆ دەزانن، بەڵام لە دۆخێكی لەو شێوەی 22ی مانگ و چەندان جاری تری هاوشێوە، بێدەنگن و نقەیان لێوە نەهاتووە، لەكاتێكدا خەڵك كوژراوە و شار نائارام بووە و هێز جووڵێندراوە و درۆن بەكار هاتووە و زیانێكی زۆری مادی بەر خەڵك كەوتووە، ئەمە جگە لە تێكدانی لایەنی دەروونی خەڵك، كە ناوە ناوە ماوەی چوار ساڵ هێز دەجووڵێنرێت و شار نائارام دەكرێت.
لەوبارەوە كاوە ئەحمەد مامۆستای زانكۆ بە "وشە"ی راگەیاند، راست و رەوان لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو یەكێتی هۆكاری خراپیی دۆخی سلێمانییە، كە هەر شتێك دەكات بۆ ئەوەی سلێمانی بەو جۆرەی لێ بێت و موزایەدەشی بەسەرەوە دەكات، ئەوان بۆ خۆیان هەرچییان بوێت دەیكەن و دەست بۆ هەموو شتێك دەبەن، ئەوەی لە بەرنامە و كار و پلانیان نەبێت خزمەتكردنی سلێمانییە، چەند ساڵێكە بەهۆی ململانێكانی خۆیان خەڵكی شارەكەیان خستووەتە مەترسییەوە، لەگەڵ ئەوەشدا خەڵكە رۆشنبیرەكە كە قسەیان لە هەر پرسێك هەیە و هەڵای لەسەر دروست دەكەن، بەرانبەر بەوەی بە شارەكە دەكرێ هیچ نابینن و بێدەنگن.
روونی كردەوە، ئەوانە تەنیا كاتێك قسە لەسەر شتێك دەكەن كە لە دەرەوەی سلێمانی بێت، خۆیان ئامادە كردووە بۆ هەر شتێك كە لە هەولێر رووبدات، لە ئاست ئەو هەموو ستەم و خزمەتنەكردن و تەراتێن و هێزجووڵاندن و نائارامییەی شاری سلێمانی بێدەنگن، لە دوو شەوی رابردوو چی رووینەدا لە شارەكە، كوا بۆچی قسەیان نەبوو؟، بۆچی هەڵوێستیان نەبوو بە وشەیەكیش باسیان نەكرد، كە چی دەگوزەرێت و چۆن یەكێتی بە ویستی خۆی تەراتێن دەكات و خەڵك و شارەكەش دەكەنە قوربانی بەرژەوەندییەكانی خۆیان؟
لای خۆیەوە نەژاد ساڵح نووسەر لە سلێمانی بە "وشە"ی گوت، نابێت بە هیچ شێوەیەك رێگە بدرێت ئارامیی سلێمانی بۆ هیچ مەرامێكی حزبی و كەسی بەكاربهێنرێت، ململانێكان لەسەر حیسابی سلێمانی نەبن، حزب هەرچی دەكات بۆ بەرژەوەندیی خۆیەتی، بەڵام شار موڵكی خەڵكە، لە هەموو شوێنێك چینێكی رۆشنبیر هەیە كە هەڵوێست و قسەی هەیە لەسەر هەر شتێك كە رووبدات بۆ تێكدانی ئارامی ناوچەكە، خەڵك نابێت ئەوەی قبووڵ بێت، چونكە ئەمە تێكدانی سلێمانییە و مەترسیداریشە.
پێویست بە هەڵسوكەوت و مامەڵەی یەكێتی و بێدەنگیی كەسانی دیاری سلێمانی، تەحسین غەریب رۆشنبیرێكی شارەكە بۆ "وشە" ئاماژە دەكات، پێویست بوو لە دوای ئەو دۆخە شێواو و پڕ مەترسییەی دوو شەوی رابردووی شاری سلێمانی، كە هیچ گەرەنتییەك نەمابوو بۆ ئەوەی خەڵكی شار و بەتایبەتی ئەو ناوچەی شەڕەكەی تیادابوو چییان بەسەر دێت، دەبوو رۆشنبیرەكان و ئەوانەی كەسانی نوخبەن و لە شارەكەن و بۆ هەر پرسێك كۆمەڵێك مایك كۆ دەكەنەوە و قسە دەكەن، هەڵوێستی رژدیان هەبوایە، بەڵام دەركەوت ئەوانە تەنیا كاتێك قسە دەكەن كە پرسەكە پێوەندیی بە دەرەوەی سلێمانییەوە هەبێت و كەسانی موزایەدەچین.
لە دوای رووداوەكەی لالەزار بە تەواوەتی دەركەوت كە یەكێتی وەك هێزی باڵادەستی سنوور سلێمانی، بە ئارەزووری خۆی هێز بەكاردێنێت و هێرش دەكاتە سەر خەڵك، لە ماوەی رابردووش هێزەكانی كۆماندۆ لەناو بازاڕ و شوێنە گشتییەكان تەقەیان لە خەڵكی كرد و كەسی كاسبكاریان كوشت، خەڵكی تریش بە هەمان شێوە لە ناو شارەكە تەقە لە خەڵك دەكەن و بەهۆیەوە دۆخی تەناهیی سلێمانی بووەتە جێگەی نیگەرانیی خەڵك و هۆكاری دروستكردنی ترس.
وشە/ تایبەت