"مووچەیەکی خەیاڵی و ماڵێکی سادە"، ئەو بەڵێنە بوو کە لە ساڵی 2022ـەوە زیاتر لە پێنج هەزار گەنجی عێراقی هان دا بۆ ئەوەی وەک شەڕکەر بچنە ڕیزی سوپای ڕووسیا و ئۆکرایناوە. بەڵام ئەم خەونە زۆری نەخایاند بووە کابووسێک و خستیانیە بەردەم دوو هەڵبژاردەی تاڵ: یان جەنگان لە هێڵەکانی پێشەوەی شەڕ، یان هەڵهاتن بەناو دارستانەکاندا و ڕووبەڕووبوونەوەی چارەنووسێکی نادیار.
سەرچاوە ئاگەدارەکان بە ئاژانسی "شەفەق نیوز"ـی عێراقی ڕاگەیاندووە، ئەو ئۆفەرە سەرنجڕاکێشانەی هەندێک کۆمپانیای گەشتیاری لە بەغدا و پارێزگاکان لەژێر ناوی گەشتی هەرزان بۆ ئەورووپا پێشکەشی دەکەن، هەزاران گەنجی بۆ گەشتکردن بۆ ڕووسیا و ئۆکراینا ڕاکێشاوە. سەرچاوەکان دەڵێن، هەر کە ماوەی گەشتەکە تەواو دەبێت، قاچاخچییەکان گەنجەکان هەڵدەخەڵەتێنن و هانیان دەدەن وەک شەڕکەر بچنە ناو سوپای ڕووسیاوە بەرانبەر مووچەی مانگانەی سێ هەزار دۆلار.
هەندێکی تر لە ڕێگەی نووسینگەی تایبەتەوە فریو دەدرێن بەوەی گوایە وەک "بۆدیگارد" بە مووچەی دوو هەزار و 500 دۆلار دادەمەزرێن، بەڵام دواتر ناچار دەکرێن گرێبەستی شەڕکردن بۆ ماوەی پێنج ساڵ لەگەڵ سوپای ڕووسیا واژوو بکەن.
حەیدەر شەمەری، بەرپرسی ڕەوەندی عێراقی لە ڕووسیا، دان بەوەدا دەنێت کە "نزیکەی 2 هەزار عێراقی وەک شەڕکەر لە ڕیزی سوپای ڕووسیادان بەرانبەر 3 هەزار دۆلار.
لەلایەکی ترەوە، سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە زیاتر لە سێ هەزار بەکرێگیراوی عێراقی لە پاڵ سوپای ئۆکراینادا دەجەنگن بەرانبەر مووچەی دوو هەزار بۆ دوو هەزار و 500 دۆلار. ڕێگەی گەیشتنی ئەمانە مەترسیدارترە، زۆربەیان لە ڕێگەی تورکیاوە بە قاچاخ دەگوازرێنەوە و لە کۆتاییدا لەناو دارستانەکاندا بەجێدەهێڵرێن، کە هەندێکیان بەهۆی سەرماوە گیانیان لەدەست داوە.
زۆرێک لەو شەڕکەرە عێراقییانەی لە بەرەی ڕووسیادان، داوایان کردووە بگەڕێندرێنەوە بۆ عێراق، بەڵام تا ئێستا هیچ وەڵامێکی فەرمییان پێنەگەیشتووە.
سەبارەت بە هەڵوێستی حكوومەت، لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمان دەڵێت چاودێریی دۆسییەکە دەکەن، بەڵام عەلی عەباس جەهانگیر، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران، دەڵێت: وەزارەت هیچ زانیارییەکی لەسەر چوونەپاڵی عێراقییەکان بۆ سوپای ڕووسیا یان هەر سوپایەکی تر نییە.
چاودێران هۆکاری سەرەکیی ئەم دیاردەیە بۆ بێکاریی بەربڵاو لەناو گەنجانی عێراقدا دەگەڕێننەوە، کە وای کردووە ببنە "نێچیرێکی ئاسان" بۆ تۆڕەکانی قاچاخچێتی و بازرگانی کردن بە مرۆڤەوە.