دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان كە لەلایەن پەرلەمانی كوردستان بە یاسا دامەزراوە و خۆیشی هەر لە ژێر چاودێریی پەرلەماندایە، خەریكە رووداوەكانی كوردستان دەیسووتێنێت و گڕی حزبایەتی لەناو دەستەكە كڵپە دەكات.
لە دوای رووداوەكانی لالەزار، دەستەكە بە تەواوی كەوتە هەوڵدانی بەدواداچوون و چاودێریی تەواوی رووداوەكانی كوردستانی كرد كە روو دەدات، بەڵام جگە لە دەركردنی بەیاننامە و بینینی گیراوان لە گرتووخانەدا، هیچ دەسەڵاتێكی تری نەبووە.
دەستەكە لە ماوەی رابردوودا، لەسەر كۆی رووداوەكان تەنانەت گرتنی رۆژنامەنووسان و چالاكانیش بەیاننامەی تایبەتی دەركردووە، وەك لە راپۆرتی ساڵانەی دەستەكەدا بە تەواوی ئەوە ئاشكرایە كە باسی تەواو كوردستان دەكرێت.
لە ئەنجامی بەدواداچوونی زیاتری رووداوەكەی لالەزار، شەوی ڕابردوو دەستەی مافی مرۆڤ چەندان نهێنیی تریان ئاشكرا كرد كە كۆماندۆ و ئاسایشی یەكێتی، رێگە نادەن زانیاری دەستخەت و ئەگەری ئەشكەنجەدانی گیراوانی لالەزار هەیە.
بەگوتەی بەرپرسێكی دەستەكە، بەهۆی ئەوەی رووداوەكانی لالەزار گەورەترین دۆسیەی ئەم ماوەیەی كوردستان بووە، لای خەڵك و لە ئاستی نێودەوڵەتیدا گرنگیی زۆری هەبووە، بۆیە زیاتر هەوڵەكانیان لەسەر ئەوە چڕ كردووەتەوە.
ئەو بەیاننامەیە گڕی لە یەكێتی بەردا و لە ڕێگەی دەزگاكانی خۆیانەوە، كەوتنە گوشار خستنەسەر ئەندامانی یەكێتی لەناو دەستەكە، تا ئەو بەیاننامەیە لاببەن یان بەشێوەیەكی تر بەیاننامەیەك دەربكەن.
مونا یاقۆ كە سەرۆكی دەستەی مافی مرۆڤە و لە پێكهاتەی مەسیحییە، یەكێتی لەناو دەستەكەدا بەڕێوەبەری گشتیی دیوان و راوێژكارێكی هەیە كە راوێژكارەكەی ماوەی چەند مانگێكە لەناو دەستەكەدا دوور خراوەتەوە.
هاوكات پشكی پارتی لەناو دەستەكەدا پێكهاتووە لە دوو بەڕێوەبەری گشتی و راوێژكارێك كە بەردەوام بەدواداچوون لەسەر كێشەكانی پێوەندیدار بەوانەوە لە كوردستان دەكەن.
گڕی حزبایەتی لەلایەن یەكێتییەوە لە ڕێگەی بەڕێوەبەری گشتیی دیوان، خرایە ناو دەستەی مافی مرۆڤ، لە ئەنجامدا بەیاننامەیەكی تری دژی بەیاننامەی پێشوو لە ژێر گوشاری حزبەكەیدا، ئەوەی رەت كردەوە و باسی دۆسیەی خورشید هەركی كرد.
بەرپرسێكی ناو دەستەكە كە وەك خۆی دەڵێ بۆ ئەوەی كێشەكان زیاتر تەشەنە نەكەن، ناوی ئاشكرا نەكرێت، بۆ "وشە" گوتی، ئەوەی رووی دا كارێكی خراپ بوو، چونكە ئەو تیمەی بەیاننامەی پێشوویان دەركرد، پێشتر بەمەیدانی چوونەتە رووداوەكانی سلێمانی و دەسەڵاتی بەدواداچوونیان لەلایەن سەرۆكی دەستەوە پێ دراوە.
وەك ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، لە هیچ دۆسیەیەكدا لە هەولێر و سلێمانی تا ئێستە حزبایەتی لەبەرچاو نەگیراوە، بۆیە لامان سەیر بوو یەكێتی هێندە بە بەدواداچوون لەسەر كێشەی لالەزار قەڵسن و دەیانەوێ دەستەی مافی مرۆڤ بێ بەها بكەن.
ئەو بەرپرسەی دەستەكە گوتی، ئەوانەی لەناو دەستەی مافی مرۆڤدان، پێشتر بەڵێنمان داوە كاری حزبی نەكەین، ئێستەیش هەموو لایەكمان ئاگادار كردووەتەوە كە لێدوان نەدەن بۆ ئەوەی كێشەكە زیاتر تەشەنە نەكات و دەستەكە بگەڕێتەوە سەر ئەركە پیشەییەكەی.
پێشی وایە هەڵوێستەكانی یەكێتی لەسەر ئەو بەیاننامەیەدا دەرخەری ئەوەیە، ئەوان لە هەر دامەزراوەیەكی حكوومیدا بن، بە نەفەسی حزبی بیر دەكەنەوە.