72 سەعات لەبەردەم چارەسەری كێشەی مووچەدایە

:: PM:07:09:06/09/2025 ‌
بەگوێرەی ئەو لێدوانانەی پێشووی بەرپرسانی عێراق و سوودانی بێت، سێشەمی ئەم هەفتەیە بڕیاری یەكلا كەرەوە لە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دەدرێت، ئەوە دوای ئەوەی لیژنەكانی دانوستان راپۆرتی خۆیان بە تەواوی لەسەر كێشەكان دەخەنە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق. 

تا ئێستە كێشەكان بەو ئاراستەیە دەڕۆن كە چارەسەری تەواو بكرێن، تەنیا ئەوەی ماوەتەوە داهاتی نانەوتی نەبێت كە عێراق داوای تەواوی داهاتی كوردستان دەكات، بەگوێرەی یاسا و دەستووریش ئەوە دیاری كراوە وەك ئەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی كوردستان بە ڕوونی ئاماژەی بەوە كردبوو. 

پێنجشەمی رابردوو، شاندی دانوستانی هەرێمی كوردستان لە بەغداوە گەڕانەوە، هەرچەندە هێشتا هیچ زانیارییەكیان لەسەر ئەنجامی كۆبوونەوەكانیان نەدركاندووە، بەڵام وا پێدەچێ‌ لەم چەند ڕۆژەدا گفتوگۆكانیان لەسەر ئەو كێشەیەی ماوەتەوە، چڕ بكەنەوە. 

ئەوەیشی پێوەندی بە هەناردەكردنەوەی نەوتی كوردستان هەیە، ئەمڕۆ شەموو، شەشی ئەیلوول، بەڕێوەبەری كۆمپانیای سۆمۆ رای گەیاند، كە هەموو شتێك بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی كوردستان ئامادە كراوە. 

عێراق لەماوەی رابردوودا، دەیان بیانووی جۆراوجۆری بۆ چارەسەری كێشەی مووچە دۆزییەوە، بەڵام حكوومەتی هەرێمی كوردستان تەواوی بیانووەكانی بڕیوە و ئێستە تۆپ لە گۆڕەپانی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقە تا كۆتایی بەو كێشەیە بهێنێ‌. هەروەك پێشتر چەند لێدوانێك بەناوی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بڵاو كرایەوە كە گوایە لە كۆبوونەوەی رابردوونی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق گوتویەتی، كاتی ئەوە هاتووە كێشەی مووچە بە تەواوی چارەسەر بكرێت. 

رۆژی سێشەمی داهاتوو، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق كۆ دەبێتەوە، چاوەڕوان دەكرێت لیژنەكان؛ كە ماوەكەیان بۆ درێژكرابوویەوە راپۆرتی خۆیان بە تەواوی بخەنە بەردەم حكوومەت و لە ناوەڕۆكی راپۆرتەكانیشدا باسی شێوازی چارەسەری مووچەی مووچەخۆرانی كوردستان كرابێت. 

بە گوتەی سەرچاوەیەكی تایبەتی "وشە" هەردوو حكوومەت، نیەتی چارەسەری كێشەكانیان هەیە، بەڵام ئەوەی هەیە بەغدا بەردەوام مەرجەكانی لەسەر داهاتی نانەوتی كوردستان زیاتر دەكات. 

هەروەك ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەموو شتێكی لەبارەی ئەوەی بەغدا دەیەوێ‌ بە ڕوونی داوەتە لیژنەكان و پێویستە سێشەم راپۆرتەكانیان پێشكەش بكەن. 

هەر ئەمڕۆ، د. فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لە لێدوانێكدا رای گەیاند، لیكتێگەیشتنەكانی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق بەرەوپێشچوونی باشی بە خۆیەوە بینووە و نزیكن لە رێككەوتن.

بە هەمانشێوەی ئەوە کە "وشە" ئاماژەی بۆ كردووە لەبارەی داهاتی نانەوتی، فوئاد حوسێن گوتی، لەبارەی داهاتە نانەوتییەكان لەم ڕۆژانەدا دەگەنە لێتێگەتیشتنی هاوبەش لە نێوان هەردوولادا.

وەزیری دەرەوەی عێراق گوتیشی، لەم دوو رۆژانە كاری لیژنەكان یەكلایی دەبێتەوە و رۆژی سێشەم راپۆرتەكانیان پێشكەشی بە ئەنجوومەنی وەزیران دەکەن، لەبەر رۆشنایی ئەو راپۆرتانە بڕیار لە بابەتەكە دەدرێت.

هەرچەندە لەماوەی رابردوودا باسی كێشەی كۆمپانیاكانی نەوت دەكرا كە داوایان كردووە، بە تەواوی بێنە ناو گرێبەست و گفتوگۆكانی نێوان هەولێر و بەغدا، بەڵام بە گوتەی بریكاری وەزارەتی نەوتی عێراق، ئەو پرسەیش رێككەوتنی لەسەر كراوە. 

باسم خزێر، بریكاری وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ كاروباری وەبەرههێنان، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا گوتی، حكوومەتی عێراق هەموو كارئاسانییەكی بۆ وەرگرتنی نەوت و هەناردەكردنەوەی بە زووترین كات پێشكەش كردووە.

هەروەك ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، دانوستانەكان لە نێوان هەرسێ لادا "هەولێر و بەغدا و كۆمپانیاكان" بەردەوامە، رۆژانی داهاتوو دەگەنە رێككەوتن لەگەڵ كۆمپانیاكان.

ماوەی چەندان ساڵە بەغدا بە بیانووی جۆراوجۆر كێشە بۆ مووچەی كوردستان دروست دەكات، بەڵام بە هەوڵ و لێهاتوویی مەسروور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی كوردستان، خەریكە بە تەواوی ئەو كێشەیە دەگاتە چارەسەر، ئەوەیش هاوشێوەی تەواوی پڕۆژەكانی تری دەبێتە مژدەیەكی تر بۆ خەڵكی كوردستان.


وشە - سه‌رخێڵ هاشم