لە نەخشەی دنیادا خاڵێکی نوێ تۆمار کرا: "پێشمەرگە" لە کۆردیناتی 48.84191, 2.27303

:: PM:08:39:06/09/2025 ‌
دوای تەنیا 24 سەعات لەو ڕێوڕەسمە مێژووییەی کە تێیدا، بە ئامادەبوونی سەرۆک مەسعوود بارزانی پەردە لەسەر تابلۆی "ڕێڕەوی پێشمەرگە" لە پاریس لادرا، ئەمڕۆ شەموو، شەشی ئەیلوولی 2025، ناوی پێشمەرگە بە فەرمی چووە سەر نەخشەی دیجیتاڵیی دنیا و لە "گووگڵ ماپس" جێگیر کرا.

ئێستە هەر کەسێک لە هەر شوێنێکی دنیا بێت، دەتوانێت بە نووسینی ناوی "Peshmergas" ناونیشانێکی فەرمی لە دڵی پاریس بدۆزێتەوە، ناونیشانێک کە چیرۆکی دووری و نزیکیی نێوان دوو گەل دەگێڕێتەوە. 4,599 کیلۆمەتر "46 سەعات بە ئۆتۆمبێل" لە هەولێری پایتەختی کوردستانەوە دوورە، بەڵام تەنیا سێ کیلۆمەتر "8 خوولەک بە ئۆتۆمبێل" لە بورجی ئیڤڵی سیمبۆڵی فڕەنساوە دوورە.

کۆردیناتی جوگرافیی ئەم ناونیشانە نوێیە (48.84191 , 2.27303)، تەنیا چەند ژمارەیەک نییە، بەڵکو نەخشاندنی ناوی ئەو هێزەیە کە بە گوتەی سەرۆک بارزانی لە وتارەکەیدا ئاماژەی پێدا  "لەبری هەموو دنیا شەڕی تیرۆری کرد".

دوێنێ هەینی، لە ڕێوڕەسمەکەدا سەرۆک بارزانی ئەم ڕۆژەی بە "مێژوویی" ناوبرد، سوپاسی گەلی فڕەنسای کرد و ئاماژەی بەو دۆستایەتییە دێرینە کرد کە لە سەردەمی فرانسوا و دانیال میتێرانەوە پتەوتر بووە. سەرۆک بارزانی گوتی، ئەمڕۆ لە پاریس شوێنێکی گرنگ بە ناوی پێشمەرگەوە دەکرێت، ئەمە پێزانینێکی زۆر گەورەیە و هەتا کوردێک مابێت سوپاسگوزاری گەلی فڕەنسا دەبێت.

گرنگیی ئەم ڕێزلێنانە تەنیا لە ناوەکەیدا نییە، بەڵکو لە شوێنەکەشی دایە، دانانی ناوی پێشمەرگە لەناو پارکی بەناوبانگی "ئۆندرێ سیترۆێن" و لەم نزیکییە لە بورجی ئیڤڵ، نیشانەی ئەو پێزانینە قووڵەیە کە فڕەنسا بۆ ڕۆڵی پێشمەرگەی هەیەتی، بەتایبەت کە فڕەنسا خۆی یەکێک بوو لە قوربانییە سەرەکییەکانی دەستی تیرۆریستانی داعش.

لە بەشێکی تری ڕێوڕەسمەکەدا، سەرۆک بارزانی پەیكەرێکی پێشمەرگەی پێشکەش بە ئان ئیدالگۆ، سەرۆكی شارەوانیی پاریس کرد، کە بەڵێنی دا لە شوێنێکی دیاری ئۆفیسەکەیدا دایبنێت و گوتی، هەموو میوانێک کە دێت دەبێت بیبینێت، ئێمە زۆر زۆر قەرزداری پێشمەرگەین.

جێگیرکردنی ناوی پێشمەرگە لەسەر نەخشەی دنیا، چیرۆکی ئەو هێزە دەگێڕێتەوە کە لە سەنگەرەکانی کوردستانەوە، توانیی کاریگەریی بگاتە دڵی ئەورووپا و ناوی ببێتە بەشێک لە جوگرافیایەک کە ملیۆنان گەشتیار، لە سەرانسەری دنیاوە سەردانی دەکەن.


وشە - پۆڵا مەحموود