لەناو دڵخۆشیی ئێران و میلیشیاكانی لە عێراق، كشانەوەی سوپای ئەمەریكا لە بنكەكانی لە رۆژئاوا و ناوەڕاستی عێراق بەردەوامە، راپۆرتێك ئاماژە دەكات كە ئەوەی روودەدات ئەگەرچی خۆرێكخستەوەیە، رەنگە ببێتە گۆڕین و داڕشتنەوەی نەخشەی سیاسیی لە عێراق و دروستبوونی ناسەقامگیری، سوودمەندی گەورە ئێرانە و سەربەخۆیی و پێگەی هەرێمی كوردستانیش بەهێز دەبێت.
ناوەندی
"فۆرین پۆلیسی ئاند فۆكس"ی ئەمەریكی لە راپۆرتێكدا رووناكی دەخاتە سەر كاریگەریی كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە رۆژئاوا و ناوەڕاستی عێراق تا كانوونی یەكەمی ئەمساڵ، هاوكات بەردەوامیان لە هەرێمی كوردستان و پێی وایە ئێران و میلیشیاكانی ئاهەنگ بەو هەنگاوە دەگێڕن، دووپاتی كردەوە كە ئەوی روو دەدات هێزەكانی ئەمەریكا دەچنە هەرێمی كوردستان، كە تاكە ناوچەیە كە پێشوازیی لە ئەمەریكییەكان دەكات، هاوكات هاوسەنگیی هێز لە ناو عێراق دەگۆڕێت بەو شێوەی دەسەڵاتی ئێران لە عێراق زیاتر دەكات.
راپۆرتەكە پێی وایە ئەوەی ئەمەریكا دەكات زیاتر پێوەستە بە مانەوەی لە عێراق لەگەڵ پاراستنی هێزەكانی لە هەرێم، هاوكات بەردەوامبوونیان لە راوەدوونانی داعش و گەیشتنیان بە سووریا، ئەوەی ئەمەریكا دەیكات كشانەوە نییە و خۆرێكخستنەوەیە، لەو هەنگاوە هەرێمی كوردستان براوەی بێدەنگە، چونكە هاتنی ئەو هێزانە بۆ هەولێر ئاسایشی هەرێم بەهێز دەكات و توانای لە گفتوگۆكانی لەبارەی داهاتی نەوت و ناكۆكییەكان لەگەڵ بەغدا بەهێز دەكات و لە رووی نێوەدەوڵەتیشەوە پێگەی هەرێم بەهێزتر دەكات.
بۆیە ئەو لەو رێگەیەوە كورد لە هەڕەشە دەرەكییەكان پارێزراو دەبێت و بۆ دنیاشی دەسەلمێنن كە ئەوان هێشتا هاوبەشێكی متمانەپێكراوی نێودەوڵەتیی رۆژئاوان لە ناوچەكە، هەروەها بڕیاری بەغدا بە كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا وا دەكات حكوومەتی عێراق بە زەحمەت بتوانێت رەخنە لە هەرێمی كوردستان بگرێت بۆ پێشوازیكردنی لەو هێزانە، كاتێك حكوومەتی هەرێم دەتوانێت دووپاتی بكاتەوە كە بۆشاییەك پڕ دەكاتەوە كە بەغدا دروستی كردووە.
راپۆرتەكە ئاماژە دەكات كە لەوكاتەی بەغدا بۆ پێشاندانی باڵادەستی و بەهێزیی خۆی داوای چوونەدەرەوەی هێزەكانی ئەمەریكا كرد، كەچی بەو شێوەیە هەرێمی بەهێز دەكات و سوورتری دەكات بۆ پاراستنی ئەو دەسەڵاتە نیوچە خۆبەڕێوەبەرییەی هەیەتی، چونكە لە رێگەی جێگیربوونی هێزەكانی ئەمەریكا لە هەولێر، هەرێمی كوردستان دەبێتە خاوەن قەلغانێك بە رووی داعش و گرووپە چەكدارەكانەوە و دەبێتە خاوەن دەستكەوتێكی سیاسیش دەتوانێت لە شەڕەكانی لەگەڵ عێراقی فیدراڵی كە كۆتاییان نایەت، بەكاری بێنێت.
لەوبارەوە غازی فەیسەڵ توێژەر و دیپلۆماتكاری پێشوو دەڵێت، خۆرێكخستنەوەی هێزەكانی ئەمەریكا و چوونیان بۆ هەرێمی كوردستان، قورسایی و پێگەی هەرێم وەك هاوپەیمانێكی ستراتیجیی واشنتن بەهێز دەكات، ئەوەش رەنگە هەستیاریی بەغدا و واشنتن بەرانبەری زیاتر بكەن، فەیسەڵ دووپاتی كردەوە، كشانەوەی ئەمەریكا لە بنكەی سەربازیی عەین ئەسەد لە ئەنبار مانای كۆتاهاتنی دەسەڵاتی ئەمەریكا لە عێراق نییە، بگرە تەنیا خۆرێكخستنەوەیە كە فەرمانڕەوا و دەسەڵاتی ناوەندیی بەغدا لاواز و پشتبەستنی واشنتن بە هەولێر زیاتر دەكات.
لای خۆیەوە شێرزاد مستەفا توێژەری سیاسی دەڵێت، بەردەوامبوونی بوونی ئەمەركیا پێگەی سیاسی و تەناهیی هەولێر بەهێزتر دەكەن، روونی كردەوە، پاڵپشتیكردنی هێزەكانی پێشمەرگە بە مەشق و دابینكردنی كەرەستەی پێویست و دانانی سیستمی بەرگری بۆ پاراستنی ئاسمانی هەرێم لە درۆنەكان، گەرەنتییەكی ستراتیجییە بە زەحمەت دەستبەرداریی دەكرێت.
لەوكاتەی بەشێك لە چاودێران پێیان وایە كە ئەمەریكا هاوسەنگیی هێز لە ناو عێراق دیاری دەكات و ئەو هەنگاوەی دواییش كارتی زیاتری گوشار بۆ هەرێم لە گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا فەراهەم دەكات، بەتایبەتی لە دۆسییەكانی ناكۆكی لەسەر لەبارەی بودجە و نەوت، ئەو توێژەرە پێی وایە رەنگە سوودی ئابووریشی هەبێت، لە رێگەی بەهێزكردنی متمانەی كۆمپانیا بیانییەكان، بەتایبەتی لە بواری نەوت و وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان.
شارەزایانی ئابووری دووپاتی دەكەنەوە كە سەقامگیریی هەولێر لە سایەی پارێزراوی لە لایەن ئەمەریكا، دەكرێ بیكاتە ژینگەیەكی لەبارتر بۆ راكێشانی سەرمایە بە بەراورد بە پارێزگاكانی عێراق، كە لە ناو گۆڕانكاریی تەناهی و سیاسیی بەردەوامدا دەژین.
وەفا محەمەد توێژەری سیاسی دەڵێت، كشانەوەی بەشێك لە هێزە سەربازییەكانی ئەمەریكا بەرەو هەولێر، بە رێككەوتنە لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق و بە رەزامەندیی راستەوخۆی ئەوە، چونكە هەمووان بە پێویستیی بەغدا بە هێزەكانی ئەمەریكا دەزانن، بەتایبەتی لە سایەی لاوازیی هێزە تەناهییەكانی عێراق و گەشەكردنی توانای میلیشیاكان، كە لە دەزگە تەناهییەكانی حكوومەت بەهێزترن.
روونی كردەوە، بوونی هێزەكانی ئەمەریكا لە هەولێر و هەڵبژاردنی لە نێوان شارەكانی عێراق، دووپات لە قورسایی سەنگی هەرێمی كوردستان و كاریگەری لە ناوخۆی ئەمەریكا دەكاتەوە، بەوەش پێگەی سیاسی و ئابووری و تەناهیی نێودەوڵەتی بەهێزتر دەبێت، ئێستە هەرێمی كوردستان ژمارەیەكی قورسە، بەتایبەتی بە بوونی گەورەترین كونسوڵگەی ئەمەریكا لە دنیا لە هەولێر.