عه‌باس عێراقچی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی كۆماری ئیسلامیی ئێران رای گه‌یاند، دانوستان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا ره‌ت ناكه‌نه‌وه، به‌ڵام ناكرێت هاوشێوه‌ی دانوستانی به‌ر له جه‌نگی 12 رۆژه بێت. ئه‌و روونی كرده‌وه كه دۆخه‌كه زۆر گۆڕاوه و له دانوستاندا بوون كه جه‌نگ رووی دا، سه‌رووی هه‌زار كه‌سیان لێ كوژرا و ناكرێت دانوستانی نوێ هه‌مان تایبه‌تمه‌ندی و شێوه‌ی پێشوویان هه‌بێت.
جێی باسه به‌ر له جه‌نگ، پێنج گه‌ڕی دانوستان له نێوان ئێران و ئه‌مه‌ریكادا به‌ڕێوه چوون كه به دانوستانی ئه‌تۆمی ناسرابوون، ئێران له‌و گه‌ڕانه‌ی دانوستان سوور بوو له‌سه‌ر به‌رده‌وامیدان به پیتاندنی یۆرانیۆم، هه‌وڵی ئه‌مه‌ریكاش ئه‌وه‌بوو كۆتایی به‌و پلانه بێنێت و دواجار جه‌نگ رووی دا، له كۆتاییه‌كانی جه‌نگه‌كه ئه‌مه‌ریكا به فڕۆكه‌ی B2 ناوه‌نده ئه‌تۆمییه‌كانی ئێرانی بۆردمان كرد و له ناوی بردن.
ئه‌مه ئێرانی تووڕه كردووه و پێی وایه ناكرێ له میانه‌ی دانوستاندا لێت بدرێت، خه‌ڵكت لێ بكوژرێت و زیانێكی زۆرت به‌ركه‌وێت و دواتر دیسان بچیته‌وه ناو هه‌مان دانوستان.
ئێران چ له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكا و چ له‌لایه‌ن ئه‌وروپا له ژێر گوشاردایه بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێته‌وه دانوستانه‌كان، دانوستانیش راستییه‌كه‌ی بۆ رۆژئاواش بده و بستێنه نییه، به‌ڵكو سه‌پاندنی هه‌ندێك مه‌رجه كه ئێران ئه‌گه‌ر قبووڵیان بكات، ئه‌وا شكۆی ده‌كه‌وێته ژێر پرسیار و سیستمه‌كه قبووڵی ناكات و ئه‌گه‌ر ره‌تیشی بكاته‌وه، ئه‌وا له‌گه‌ڵ سزای نوێ و له‌وانه‌یه هێرشی نوێ به‌ره‌وڕوو بێت.
عه‌باس عێراقچی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران، له قسه‌كانیدا وێڕای دداننان به كاریگه‌رییه نه‌رێنییه‌كانی سزاكان، هه‌وڵی داوه قه‌باره‌ی كاریگه‌رییه‌كان بچووكتر پێشان بدات، بۆیه گوتوویه‌تی نابێت بترسن و وێنه‌یه‌ك پێشان بدرێت كه وا لێك بدرێته‌وه هیچ چاره‌یه‌كیان جگه له ملكه‌چی نییه.
تا ئه‌م ساته ئێران پیتاندنی یۆرانیۆمی به هێڵی سوور داناوه و ئاماده نییه به هیچ شێوه‌یه‌ك پاشه‌كشه له‌و مافه‌ی بكات، هاوشێوه‌ی به‌ر له جه‌نگ سووره له درێژه‌دان به پیتاندنی یۆرانیۆم، هه‌رچه‌نده له رووی رێژه‌ی پیتاندن نه‌رمی نواندووه و به هه‌مان رێژه‌ی رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی رازییه.
هه‌فته‌ی رابردوو ئیمساعیل به‌قائی گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران، له چاوپێكه‌وتنێكدا بۆ رۆژنامه‌ی گاردیه‌نی به‌ریتانی گوتی، تاران ئاماده‌یه رێژه‌ی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ 3.67% كه‌م بكاته‌وه. ئه‌و رێژه‌یه‌ی پیتاندن كه ئێران داوای كردووه، هه‌مان ئه‌وه رێژه‌یه كه له رێككه‌وتنی ئه‌تۆمیی وڵاته‌كه له‌گه‌ڵ وڵاتانی پێنج كۆ یه‌ك له ساڵی 2015 واژووی كرد، به‌ڵام ئه‌مه‌ریكا له ساڵی 2018 لێی هاته ده‌ره‌وه.
له‌و كاته‌وه ئێرانیش رێككه‌وتنه‌كه‌ی پێشێل كردووه و رێژه‌ی پیتاندنی یۆرانیۆمی گه‌یاندووه‌ته 60% و به‌هۆیه‌وه قه‌یرانێكی نوێ هاتووه‌ته كایه‌وه.
له میانه‌ی شه‌ڕی 12 رۆژه‌ی نێوان ئێران و ئیسرائیل، بنكه ئه‌تۆمییه‌كان بۆردمان كران و ئه‌مه‌ریكایش به فڕۆكه‌ی B2 سێ وێستگه سه‌ره‌كییه‌كه‌ی فۆردۆ، نه‌ته‌نز و ئیسفه‌هانی داڕماند، كه ده‌گوترێ له یه‌كێكیان زیاتر له 400 كیلۆگرام یۆرانیۆمی به رێژه 60% پیتێنتراو هه‌ڵگیرابوو.
دیار نییه ئه‌و یۆرانیۆمه له شوێنی خۆیه‌تی یان له‌ناو چووه یاخۆ پێشتر گواستراوه‌ته‌وه، بۆیه كێشه‌كه درێژه‌ی هه‌یه و ئیسرائیل و ئه‌مه‌ریكا ناخوازن ئێران به هیچ شێوه‌یه‌ك ده‌ست بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم بباته‌وه، هیچ جۆره متمانه‌یه‌كیان پێی نییه و ده‌ڵێن ئێران ده‌یه‌وێت هه‌ر چۆنێك بێ بۆمبی ئه‌تۆمی به‌رهه‌م بێنێت.
تاكه هه‌ڕه‌شه‌ی ئێران ئه‌وه بووه ئه‌گه‌ر هاوكارییه‌كان به‌رده‌وام نه‌بن و داواكارییه‌كانی ئێران گوێیان پێ نه‌درێت، ئه‌وا ئه‌و ئه‌گه‌ره هه‌یه ئێران له په‌یمانی NPT بێته ده‌ره‌وه كه قه‌ده‌غه‌كردنی چه‌كی ئه‌تۆمی و په‌ره‌پێدانی ئه‌و جۆره ته‌كنه‌لۆجیایه‌یه.
ئیسماعیل به‌قائی ئاماژه‌ی داوه، ئه‌گه‌ر په‌رله‌مانی ئێران یاساكه بۆ چوونه ده‌ره‌وه له‌و په‌یمانه ده‌ربكات، ئه‌وا حكوومه‌تی ئێرانیش جگه له جێبه‌جێكردنی، هیچ چاره‌یه‌كی نییه و له NPT دێته ده‌ره‌وه.
چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی ئێران له په‌یمانه‌كه، رێك واتای ئه‌وه‌ی هه‌یه كه ئێران به نهێنی یان به ئاشكرا هانا بۆ به‌رهه‌مهێنانی بۆمبی ئه‌تۆمی ده‌بات، چونكه ئیتر هیچ په‌یمانێك له ئارادا نییه تا پاشگه‌زی بكاته‌وه، هاوكات ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تیی وزه‌ی ئه‌تۆمی، هیچ جۆره چاودێرییه‌كی به‌سه‌ر چالاكییه ئه‌تۆمییه‌كانی ئێران‌دا نامێنێت.
له‌و حاڵه‌ته‌دا نیگه‌رانییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و ئیسرائیلیش بۆ ئه‌گه‌ری به‌رهه‌مهێنانی بۆمبی ئه‌تۆمی له‌لایه‌ن ئێران زیاتر ده‌بێت، قۆناغێكی نوێ له شه‌ڕ و ئاڵۆزی دێته كایه‌وه.
له كۆتایی مانگی ئاب هه‌رسێ وڵاتی ئه‌وروپیی ئه‌ندام له رێككه‌وتنی ئه‌تۆمیی 2015، ده‌ستیان به چالاككردنی رێكاری سناپ به‌ك/په‌له‌پیتكه كرد كه به گوێره‌ی ئه‌و رێكاره، تا كۆتایی ئه‌یلوول ئه‌گه‌ر ئێران گوێ به داخوازییه‌كانی ئاژانسه‌كه نه‌دات و له‌سه‌ر شتێكی نوێ له‌گه‌ڵیان رێك نه‌كه‌وێت، ته‌واوی سزا نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی به‌ر له ساڵی 2015 به‌سه‌ر ئێران‌دا ده‌سه‌پێنرێنه‌وه.