GPT-5، نوێترین سیستمی زیرەکی دەستکردی OpenAIیە، وا دانرابوو ببێتە گۆڕانکارییەکی گەورە و سەرەنجامی وەبەرهێنانی ملیارەها دۆلار و نزیکەی سێ ساڵ کارکردنە. سام ئاڵتمان بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە، ئاماژەی بەوە دا کە GPT-5 لەوانەیە هاوتای زیرەکی گشتیی دەستکرد (A.G.I.) بێت، زیرەکییەکی دەستکرد کە هێندەی هەر مرۆڤێکی پسپۆر زیرەک و لەبار بێت، بەڵام وەک پێشتر نووسیومە، مۆدێلەکە کورتی هێنا و لە ماوەی چەند سەعاتێك دوای بڵاوبوونەوەی، ڕەخنەگران هەموو جۆرە هەڵەیەکی سەرسوڕهێنەریان دۆزییەوە: لە هەندێک پرسیاری سادەی بیرکاریدا شکستی هێنا، نەیدەتوانی بە شێوەیەکی ورد بیژمێرێت و هەندێک جار وەڵامی بێمانای بۆ هاوكێشە کۆنەکان دەدایەوە.
وەک پێشینەکانی، مۆدێلی زیرەکیی دەستکردیش هێشتا تووشی وەهم (hallucination) دەبێت، هەرچەندە بە ڕێژەیەکی کەمتر و هێشتا گیرۆدەی پرسی متمانەپێکردنە. هەرچەندە هەندێک کەس پێی سەرسام بوون، بەڵام کەم کەس وەک بازدانێکی گەورە سەیریان دەکرد و کەسیش باوەڕی نەدەکرد A.G.I. بێت. بۆیە زۆر لە بەکارهێنەران "داوای مۆدێلە کۆنەکەیان" دەکردەوە.
GPT-5 هەنگاوێکە بۆ پێشەوە، بەڵام لە هیچ شوێنێکەوە نزیک نییە لەو شۆڕشەی زیرەکی دەستکرد کە زۆر کەس چاوەڕێیان دەکرد، ئەمە هەواڵێکی خراپە بۆ ئەو کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانەی گرەوی گەورەیان لەسەر تەکنەلۆجیاکە کردبوو، ئەمەیش داوای پێداچوونەوە بە سیاسەت و وەبەرهێنانەکانی حکوومەتدا دەخوازێت كە لەسەر بنەمای چاوەڕوانییە زۆر هەڵئاوساوەکان بنیات نراون.
ستراتیجی ئێستە کە تەنیا گەورەکردنی زیرەکی دەستکردە، بە قووڵی هەڵەیە، لە ڕووی زانستی، ئابووری و سیاسییەوە. دەبێت زۆر شت لە ڕێکخستنەوە تا ستراتیجی توێژینەوە، سەرلەنوێ بیریان لێ بکرێتەوە. یەکێک لە کلیلەکانی ئەمە لەوانەیە ڕاهێنان و پەرەپێدانی زیرەکیی دەستکرد بێت، بە شێوازگەلێک کە لە زانستەکانی ئیدراکەوە ئیلهامیان وەرگرتووە.
لە بنەڕەتدا کەسانی وەک "ئاڵتمان داریۆ ئامۆدێ"ی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری Anthropic و سەرکردەی تەکنەلۆجی و وەبەرهێنەری تر، باوەڕێکی زۆر زۆریان بە گریمانەیەکی speculative و نەسەلمێنراو داناوە کە پێی دەوترێت "scaling": فراوانکردن واتە ئەو بیرۆکەیەی ڕاهێنانی مۆدێلەکانی زیرەکی دەستکرد لەسەر داتای زیاتر و بەکارهێنانی ڕەقەکاڵای (هاردوێر) زیاتر لە کۆتاییدا دەبێتە هۆی A.G.I. یان تەنانەت superintelligence کە مرۆڤەکان تێدەپەڕێنێت. بەڵام، وەک لە وتارێکی ساڵی 2022دا هۆشداریم دا، "فێربوونی قووڵ سەری بە دیواردا دەدات". ئەوەی پێی دەوترێت یاساکانی scaling یاسای فیزیایی گەردوون نین، وەک یاسای کێشکردن، بەڵکو گریمانەن لەسەر بنەمای ڕەوتە مێژووییەکان.
مۆدێلە زمانییە گەورەکان کە سیستمەکانی وەک GPT-5 بەڕێوە دەبەن، هیچیتر نین جگە لە ئامێری دووبارەکردنەوەی ئاماریی بەهێزکراو، بۆیە بەردەوام تووشی کێشە دەبن لەباری ڕاستی، وەهم و لێکدانەوە و Scaling ئێمە ناگەیەنێتە ئامانجە پیرۆزەکەی A.G.I.
زۆرێک لە پیشەسازیی تەکنەلۆجیادا دژایەتی پێشبینییەکانمیان دەکرد، تەنانەت ئاڵتمان بە "گومانلێکەرێکی ئەندازە بچووک بۆ فێربوونی قووڵ" گاڵتەی پێ کردم و ساڵی ڕابردوو گەنگەشەی ئەوەی کرد "هیچ دیوارێک نییە"، ئیلۆن مەسک میمێکی بڵاوکردەوە کە گاڵتەی بە وتارەکەم کرد.
بەڵام ئێستە دەردەکەوێت من ڕاست بووم و ماف بە منە. زیادکردنی داتای زیاتر بۆ مۆدێلە زمانییە گەورەکان کە ڕاهێنراون بۆ بەرهەمهێنانی دەق لە ڕێگەی فێربوون و بە پشتبەستن بە دەقی مرۆیی، تا ئاستێك یارمەتی باشبوونیان دەدات، تەنانەت بە شێوەیەکی بەرچاویش گەورە بکرێن، هێشتا بە تەواوی لەو چەمکانە تێناگەن کە بەرکەوتەیان لەگەڵدا هەیە، هەربۆیە هەندێک جار وەڵامەکان تێک دەدەن یان وێنەی تا ڕادەیەک پێکەنیناوی دروست دەکەن.
Scaling بۆ ماوەیەک کاری کرد، نەوەکانی پێشووی مۆدێلەکانی GPT پێشکەوتنی بەرچاویان بەدەست هێنا، بەراورد بە پێشینەکانیان، بەڵام چانس لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا دەستی بە کەمبوونەوە کرد، سیستمی زیرەکی دەستکردەكەی مەسک، Grok 4، لە مانگی تەمووزدا بڵاوکرایەوە، 100 هێندە ڕاهێنانی زیاتری هەبوو لە Grok 2، بەڵام تەنیا بە شێوەیەکی مامناوەند باشتر بوو. مۆدێلی گەورەی Llama 4ی مێتا کە زۆر گەورەتر بوو لە پێشینەکەی، زۆربەی کات وەک شکستێک سەیر دەکرا، وەک چۆن ئێستە زۆر کەس دەیبینن، GPT-5 بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە نیشانی دەدات کە scaling هێزی لەدەست داوە.
ئێستە ئەگەری گەیشتنی A.G.I. تا ساڵی 2027 دوور دەردەکەوێت، حکوومەت ڕێگەی داوە کۆمپانیاکانی زیرەکی دەستکرد ژیانێکی دڵڕفێن بژین، بە نزیکەی هیچ ڕێکخستنێکەوە، ئیتر دەبێت یاسایەك دەربکات کە باس لە تێچوو و زیانەکان بکات کە بە نادادپەروەرانە خراونەتە سەر ژینگەی گشتی، لە زانیاریی هەڵەوە تا ساختەکاریی قووڵ (deepfakes)، ناوەڕۆکی بێکەڵکی زیرەکی دەستکرد، تاوانی ئەلیکترۆنی، پێشێلکردنی مافی لەبەرگرتنەوە، تەندروستی دەروونی و بەکارهێنانی وزە.
سەرباری ئەوانە، حکوومەتەکان و وەبەرهێنەران دەبێت بە توندی پشتگیری لە بەرهەمهێنانی توێژینەوە بکەن لە دەرەوەی scaling. زانستە مەعریفییەکان (لەوانە دەروونناسی، گەشەی منداڵ، فەلسەفەی مێشک و زمانەوانی) فێرمان دەکەن کە مرۆڤ زیرەکی زۆر زیاترە لە لاساییکردنەوەی ئاماری و سێ بیرۆکەی هیوابەخشیش پێشنیار دەکەن بۆ پەرەپێدانی زیرەکیی دەستکرد کە هێندە تۆكمە بێت، جێی باوەڕ بێت، لەگەڵ زیرەکییەکی زۆر دەوڵەمەندتر.
یەکەم، مرۆڤەکان بەردەوام نموونەی زەینی دروست دەکەن لەبارەی جیهانی دەوروبەریان و ئەو کەس و شتانەی نزیكیانن. بۆ نموونە، کاتێک ڕۆمانێک دەخوێنیتەوە، جۆرێک لە خەیاڵ دروست دەکەیت بۆ ئەوەی هەر کارەکتەرێک کێیە و نوێنەرایەتی چی دەکات؟ ئەمە لەوانەیە پیشەی کارەکتەرەکان، پێوەندییان لەگەڵ یەکتر، پاڵنەر و ئامانجەکانیان لەخۆ بگرێت. بەڵام لە ڕۆمانێکی خەیاڵی یان زانستی خەیاڵیدا، مۆدێلێکی جیهان لەوانەیە تەنانەت یاسای فیزیایی نوێش لەخۆ بگرێت.
زۆر لە کەموکوڕییەکانی زیرەکی دەستکردی بەرهەمهێنەر دەكرێت بگەڕێنرێتەوە بۆ شکستهێنان لە دەرکێشانی مۆدێلی جیهانیی گونجاو لە داتای ڕاهێنانەکانیاندا. ئەمە ڕوونی دەکاتەوە بۆچی نوێترین مۆدێلە زمانییە گەورەکان، بۆ نموونە، ناتوانن بە تەواوی تێبگەن لەوەی شەتڕەنج چۆن کار دەکات، كەچی مەیلیان هەیە جووڵەی نایاسایی بکەن، ئیتر گرنگ نییە ڕاهێنانی چەند یارییان كردووە.
ئێمە پێویستمان بە سیستمێکە تەنیا لاسایی زمانی مرۆڤ نەکاتەوە، ئێمە پێویستمان بە سیستمێکە لە جیهان تێبگات، تا بتوانێت بە شێوەیەکی قووڵتر لێکدانەوەی بۆ بکات. جەختکردنەوە لەسەر چۆنیەتی دروستکردنی نەوەیەکی نوێی سیستمەکانی زیرەکیی دەستکرد کە لەسەر بنەمای مۆدێلی جیهان بێت، دەبێت تیشکۆی سەرەکی توێژینەوە بێت. Google DeepMind و World Labsی Fei-Fei Li هەنگاو لەم ئاراستەیەدا دەنێن.
دووەم، بواری فێربوونی ئامێر /کە مۆدێلە زمانییە گەورەکانی بەهێز کردووە/ حەز دەکات ئەرکی سیستمەکانی زیرەکی دەستکرد ڕاپەڕێنێ و هەموو شتێک بە تەواوی لە سەرەتاوە لە ڕێی کۆکردنەوەی داتا لە ئینتەرنێتەوە فێر بن، بەبێ ئەوەی هیچ شتێکی تێدا دروست کرابێت، بەڵام وەک زانایانی ئیدراکناسی وەک ستیڤن پینکەر، ئەلیزابێس سپێڵک و من، جەختمان لەسەر کردووەتەوە، مێشکی مرۆڤ بە هەندێک زانیاریی سەرەکی لەبارەی جیهانەوە لەدایک دەبێت کە ئامادەمان دەکات بۆ تێگەیشتن لە چەمکە ئاڵۆزەکان.
دروستکردنی چەمکە بنەڕەتییەکانی وەک کات، شوێن و هۆکار، لەوانەیە ڕێگە بە سیستمەکان بدات باشتر ئەو داتایانەی ڕووبەڕوویان دەبێتەوە ڕێک بخەن بۆ خاڵی دەستپێکی دەوڵەمەندتر کە ئەگەری هەیە ببێتە هۆی ئەنجامی دەوڵەمەندتر. (کاری Verses AI لەسەر تێگەیشتنی فیزیای و هەستی لە یارییە ڤیدیۆییەکاندا، هەنگاوێکە لەم ئاراستەیەدا.
لە کۆتاییدا، پارادایمی ئێستە جۆرێک لە ڕێبازی "یەک قەبارە بۆ هەمووان" دەگرێتە بەر، بە پشتبەستن بە یەک میکانیزمی مەعریفی ، مۆدێلی زمانی گەورە، بۆ چارەسەرکردنی هەموو شتێک، بەڵام ئێمە دەزانین مێشکی مرۆڤ چەندان ئامرازی جیاواز بۆ چەندان جۆری جیاوازی کێشە بەکار دێنێت. بۆ نموونە، دەرونناسی بەناوبانگ دانیال کانمان پێشنیاری کردووە، مرۆڤەكان یەک سیستمی بیرکردنەوە بەکار دێنن كە خێرا پەرچەکرداری و ئۆتۆماتیکییە و بە زۆری لەلایەن ئاماری ئەزموونەوە پاڵ دەنرێت، بەڵام ڕووکەشییە و تووشی هەڵەی گەورە دەبێت، لەگەڵ سیستمێکی دووەم کە زیاتر لەلایەن لێکدانەوەی ئەبستراکت و بیرکردنەوەی وردەوە پاڵ دەنرێت، بەڵام خاوو و ماندووکەرە.
مۆدێلە زمانییە گەورەکان، کەمێک لە سیستمی یەکەم دەچن، هەوڵ دەدەن هەموو شتێک بە یەک ڕێبازی ئاماری بکەن، بەڵام لە ئەنجامدا متمانەپێکراو نابن.
ئێمە پێویستمان بە ڕێبازێکی نوێیە، نزیکتر لەوەی مستەر کانمان وەسپی کردووە، ئەمە لەوانەیە لە شێوەی زیرەکی دەستکردی neurosymbolic بێت کە پردێک لە نێوان تۆڕە دەمارییەکانی ئاماری /مۆدێلە زمانییە گەورەکان لێیەوە وەرگیراون/ و هەندێک بیرۆکەی کۆنتری زیرەکیی دەستکردی سیمبولی دروست دەکات.
زیرەکیی دەستکردی سیمبولی لە سروشتدا ئەبستراکت و وردترە، زانیارییەکان لە ڕێگەی وەرگرتنی ئاماژە لە لۆجیک، جەبر و پرۆگرامسازی کۆمپیوتەرەوە پرۆسێس دەکات. من ماوەیەکی زۆرە بانگەشە بۆ هاوسەرگیریی ئەم دوو نەریتە دەکەم، بە شێوەیەکی زیادبوو، ئێمە دەبینین کۆمپانیاکانی وەک ئەمازۆن و Google DeepMind ڕێبازێکی لەم شێوەیە دەگرنە بەر، تەنانەت وا دەردەکەوێت OpenAIهەندێک لەم کارانە دەکات، بەڵام تا کۆتایی ئەم دەیە، زیرەکیی دەستکردی neurosymbolic لەوانەیە بە بێدەنگی زۆرباش scalingی تەواو تێپەڕێنێت.
مۆدێلە زمانییە گەورەکان بەکارهێنانی خۆیان هەبووە، بەتایبەتی بۆ کۆدکردن، نووسین و بیرکردنەوە کە تێیدا مرۆڤەکان هێشتا ڕاستەوخۆ بەشدارن، بەڵام گرنگ نییە چەند گەورەمان کردوون، هەرگیز شایەنی متمانەی ئێمە نەبوون، بۆ دروستکردنی زیرەکیی دەستکرد کە بتوانین بە ڕاستی متمانەی پێ بکەین و بۆ ئەوەی هەلێکمان بۆ A.G.I. هەبێت، دەبێت لە تەڵەکانی scaling تێپەڕین.
ئێمە پێویستمان بە بیرۆکەی نوێیە، گەڕانەوە بۆ زانستە ئیدراکییەکان لەوانەیە بە شێوەیەکی زۆرباش و لۆجیكی قۆناغی داهاتوو بێت لەم گەشتەدا.
مستەر مارکوس دامەزرێنەری دوو کۆمپانیایە لە بواری زیرەکیی دەستکرد و نووسەری شەش کتێبە لەسەر زیرەکی سروشتی و دەستکرد.
نیویۆرک تایمز
و: ڕامیار مەحموود