مانگگیران و خۆرگیران دوو دیارده‌ی گه‌ردوونین كه چه‌ند ساڵ جارێك روو ده‌ده‌ن، هه‌موو كه‌سێك له ماوه‌ی ته‌مه‌نیدا ده‌توانێت به‌گوێره‌ی شوێنی نیشته‌جێبوونی له‌سه‌ر زه‌وی، دیارده‌کە ببینێت.
مانگگیرانی ئه‌مشه‌و، له كوردستان و كۆمه‌ڵێك وڵاتی تر به ته‌واوی روو ده‌دات، بۆ ماوه‌یه‌ك ره‌نگی مانگ به ته‌واوی ده‌گۆڕێت، دیارده‌یه‌ك كه سه‌رده‌مێك ترسناك بووه، به‌ڵام ئێسته سه‌رنجڕاكێشه.
مانگ و خۆر كه‌ی ده‌گیرێن؟
مانگگیران كاتێك روو ده‌دات كه زه‌وی و مانگ و خۆر بكه‌ونه سه‌ر یه‌ك هێڵی راست، له‌و كاته‌شدا ئه‌گه‌ر زه‌وی بكه‌وێته نێوان خۆر و مانگ، ئه‌وا سێبه‌ری زه‌وی ده‌كه‌وێته سه‌ر مانگ و له‌و كاته‌دا ئێمه له‌سه‌ر زه‌وی ئه‌و به‌شه له مانگ نابینین كه سێبه‌ره‌كه‌ی خۆمانی كه‌وتووه‌ته سه‌ر.
خۆرگیران به پێچه‌وانه كاتێك روو ده‌دات كه مانگ بكه‌وێته نێوان ئێمه و خۆر و سێبه‌ری مانگ له‌سه‌ر زه‌وی به‌دیار بكه‌وێت، ئه‌مه له‌به‌ر ئه‌و به‌شه‌یه پێشی مانگی گرتووه و ناتوانین خۆر ببینین، ئه‌و دیارده‌یه كاتێك زۆر جوان و سه‌رنجڕاكێشه كه مانگ به ته‌واوی پێشی خۆر بگرێت، له رۆژی رووناك بۆ ماوه‌یه‌ك شه‌و ده‌ست پێ ده‌كات و دنیا تاریك ده‌بێت و دواتر دیسان رووناك ده‌بێته‌وه.
ئه‌مه له كۆنه‌وه ترسی خستووه‌ته دڵی دانیشتووانی زه‌وی و به‌پێی سه‌رده‌مه جیاوازه‌كان، شرۆڤه‌ی جیاوازی ئاینی بۆ كراوه، خه‌ڵك پاڕاونه‌ته‌وه و ته‌نانه‌ت له كورده‌واریی خۆمان چیرۆكی سه‌یر دروست كراون، بۆ نموونه ده‌یانگوت كافران پێشی خۆریان گرتووه. هه‌ندێك جار ته‌قه‌یان له ئاسمان كردووه یان تیربارانیان كردووه، به‌ڵكو پێشی خۆر یان مانگ به‌ربدرێت و دۆخه‌كه ئاسایی ببێته‌وه. چیرۆك و ئه‌فسانه‌ی زۆر هه‌ن، به‌ڵام زانست كۆتایی به هه‌مووان هێنا.
زانست وه‌ڵامی هه‌موو ئه‌و پرسیارانه‌ی دایه‌وه كه لای مرۆڤ هه‌بوون، هه‌ر ئێسته به وردی دیاره كه‌ی و له چ شوێنێك مانگگیران یان خۆرگیران روو ده‌دات، له 10 ساڵی داهاتوودا له چه‌ند شوێن و چ رۆژێكدا دیارده‌كه روو ده‌دات، ئه‌مه له 100 ساڵ و هه‌زار ساڵی تریش به وردی دیاره و زانست هه‌مووی یه‌كلا كردووه‌ته‌وه، هه‌رچه‌نده هێشتا كه‌سانێك هه‌ن پشت به چیرۆكه كۆنه‌كانی خۆیان ده‌به‌ستن.
مرۆڤ له‌سه‌ر مانگ
زانست به‌ره‌و ئه‌وه ده‌ڕوات رۆژێك مرۆڤ بتوانێت له‌سه‌ر مانگ یان هه‌ساره‌كان نیشته‌جێ ببێت، ئه‌و ئه‌گه‌ره دوور نییه مانگ و مه‌ریخ ببنه شوێنێكی نوێی نیشته‌جێبوون.
ئه‌گه‌ر گریمانه‌ی ئه‌وه بكه‌ین ئه‌مشه‌و كه‌سێك له‌سه‌ر مانگ بێت و سێبه‌ره‌كه‌ی ئێمه‌ی بكه‌وێته سه‌ر، ئه‌وا ئه‌گه‌ر دیارده‌كه لای ئێمه مانگگیران بێت، ئه‌وا لای ئه‌و خۆرگیرانه، چونكه سێبه‌ره‌كه‌ی ئێمه‌ی ده‌كه‌وێته سه‌ر و بۆ ماوه‌یه‌ك خۆر نابینێت.
جێی باسه له 7:27 خوله‌كی ئه‌مشه‌و به كاتی هه‌ولێر، سێبه‌ری زه‌وی له‌سه‌ر مانگ به‌دیار ده‌كه‌وێت و ورده ورده سێبه‌ر رووبه‌ری زیاتری مانگ داده‌پۆشێت و زیاتر هه‌ست به بینینی دیارده‌كه ده‌كرێت. له سه‌عات نۆی شه‌و مانگگیرانی ته‌واوه‌تی له هه‌رێمی كوردستان روو ده‌دات و سه‌عاتێك و 22 خوله‌ك به‌و شێوه‌یه ده‌مێنێته‌وه، پاشان سێبه‌ره‌كه سات دوای سات كه‌متر ده‌بێته‌وه و له‌سه‌ر مانگ لاده‌چێت و تا نزیكه‌ی سه‌عات 12ی شه‌و ده‌خایه‌نێت.