لە مانگی نیسانەوە یەكێتی بڕیاری پەروەردەكردنی هێزەكانی داوە و یەك هەنگاو نەنراوە

:: PM:03:22:07/09/2025 ‌
مانگی نیسانی رابردوو لە ئەنجامی رووداوێكدا، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بڕیاری دا چاكسازی لەناو هێزە چەكدارەكانیدا بكات، بەڵام لەوكاتەوە تا ئێستە هیچ هەنگاوێك نەنراوە و كاری زیاد جەبار كە سەرۆكی لیژنەكە بوو راگیراوە. 

رۆژی 26ی نیسانی ئەمساڵ، لە كاتی رێوڕەسمێكدا ئۆتۆمبێلێكی هێزە تەناهییەكانی یەكێتی لەكاتی قسەكردنی زیاد جەبار ئەندامی سەركردایەتیی ئەو حزبە، رێگەیان نەدا قسە بكات و هەراسانیان كرد، دواتر شەڕ لە نێوان ئەو هێزانەی یەكێتی و پاسەوانەكانی سەركردایەتییەكەی یەكێتی دروست بوو. 

دوای رووداوەكە هەرچەندە قوباد تاڵەبانی سەردانی كرد و سەركردایەتیی یەكێتیش بەهۆی ئەو رووداوەوە، بڕیاریان دا چاكسازی لەناو هێزەكانیاندا بكرێت، زیاد جەبار خۆی سەرپەرشتی كارەكە بكات، ئەوەیش هۆكار بوو كە لە بەرپرسی مەڵبەندی سلێمانی نەمێنێت. 

ئەوكاتە دەزگای ئاسایشی هەرێم ڕوونكردنەوەیەكی لەبارەی گرژییەكانی نێوان ژمارەیەك كارمەندی ئاسایش و چەند پاسەوانێكی بەرپرسی مەڵبەندی یەكێتی لە سلێمانی بڵاو كردەوە و رایان گەیاند، ئەوانەی سەرپێچی یاساییان كردووە، هێرشیان كردووەتە سەر پاسەوانەكانی زیاد جەبار  لێپرسراوی مەڵبەندی سلێمانی، سەرجەمیان گیراون و ڕێكاری یاسایی بەرانبەریان گیراوەتەبەر.

یەكێتی چ هێزێكی چەكداری هەیە؟
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان خاوەنی چەند هێزێكی چەكدارییە كە دیارترینیان كۆماندۆ و دژەتیرۆر و سواتن، جیا لەوانەی فەرمین و سەربە حكوومەتی هەرێمی كوردستانن، هێزەكانی خۆیان زیاتر بۆ پرسە حزبییەكان بەكار دەهێنن، وەك ئەوەی لە رووداوەكەی لالەزار بە تەواوی ئەوە سەلمێنرا.

ڕۆژی 28ی نیسان، سەركردایەتیی یەكێتی بڕیاری دا چاكسازی لەناو هێزەكانیدا بكات و زیاد جەبار ئەندامی سەركردایەتیی بۆ ئەو كارە راسپێردرا، هەر ئەو كاتە ئەو گوتی، هێزەكانی یەكێتی كەسی شۆڕشگێڕی تێدایە، بەڵام دەیان خەڵكی سەرسەری و بێ‌ مۆراڵ لەناو هێزەكانیشدا هەیە. 

جەبار گوتی، سەركردایەتیی یەكێتی هەموو كۆكن لەسەر ئەوەی كە ئەو هێزانە پەروەردە بكرێنەوە و چاكسازییان تێدا بكرێتەوە، چونكە ئەوانە زۆر كەس هەیە نایناسن و نازانن چۆن مامەڵە بكەن. 

بڕیارەكە بۆ جێبەجێ نەكرا؟ 
لەگەڵ دەستبەكاربوونی زیاد جەبار لە سەرپەرشتیكردنی ئەو كارەدا هیچ هەنگاوێك نەنرا، بە جۆرێك لەناو دژەتیرۆری یەكێتییەوە رێگە نەدرا كە دەستوەردانیان بكرێت. 

بەگوتەی سەرچاوەیەكی بەرپرس، لەناو دژەتیرۆری یەكێتییەوە پەیام دراوەتەوە بافڵ تاڵەبانی كە قبووڵ ناكەن ئەوان بچنە چوارچێوەی ئەو كارەی دەستی دراوەتێ‌، هەروەك هێزەكەیان وەك هێزێكی پەروەردەكراو و تۆكمە پێشان داوە، بۆ ئەوەی سەرۆكی یەكێتی ئەو كارە رابگرێت. 

لەوكاتەوە تا ئێستە جگە لە ئامادەكردنی رەشنووسێك، هەنگاوی تر بۆ رێكخستنەوەی هێزەكانی یەكێتی نەنراوە. 

رووداوەكانی لالەزار
رووداوەكەی لالەزار كە 22ی ئابدا رووی دا و هێزەكانی یەكێتی، هەڵیانكوتایە سەر ماڵی لاهوور شێخ جەنگی و دوای سێ‌ سەعات و نیو شەڕكردن توانیان بیگرین، سەلماندی كە هەنگاوەكانی چاكسازی لەناو ئەو هێزەدا نەنراوە. 

هاوكات دیمەنی شەق وەشاندنی یەكێك لە ئەندامانی هێزە تەناهییەكانی یەكێتی بەرانبەر بە لاهوور شێخ جەنگی، نیگەرانیی زۆر لە خەڵكی لێ‌ كەوتەوە، تەنانەت بەشێكی زۆری سەركردایەتیی یەكێتیش لەسەر ئەوە ناڕازی بوون و بەبێ‌ ئەوەی دەریببڕن. 

سەرسەری
وشەی سەرسەری لە زمانی كوردی بەمانای "بەڕەڵا یان پەروەردە نەكراو" دێت، تورك و عەرەبی عێراقیش زیاتر ئەو وشەیە بەكار دەهێنن، لە كوردستان دوو جار خەڵك ئاشنای ئەو وشەیە بووە، جارێكیان لە لاهوور شێخ جەنگی كە بە هەمانشێوە بە هێزەكانی یەكێتی گوت، دواجاریش زیاد جەبار ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتی ئەو وشەیەی بەكار هێنا بەرانبەر هێزەكانی خۆیان. 

ئێستە دیار نییە كە یەكێتی كەی هێزەكانی پەروەردە دەكات، بەڵام ئەوە روونە كە لە مانگی نیسانەوە بڕیارێكی لەو شێوەیەی داوە و جێبەجێ‌ نەكراوە.   



وشە - وشه‌