هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە ئاداری 2023 وەستاوە و تا ئێستە دەستی پێ نەكراوەتەوە، ئەوە سەرەڕای زیانی چەندان ملیار دۆلار لە هەموو لایەنەكان، واتە عێراق و هەرێمی كوردستان و توركیا و كۆمپانیا بەرهەمهێنەرەكانیش، هەوڵێكی زۆر دراوە و گفتوگۆیەكی رژد كراوە، بەڵام كۆمپانیا بەرهەمهێنەرەكان رازی نین هەناردن دەست پێ بكاتەوە و حكوومەتی عێراقیش لەوبارەوە ساردە.
رێبوار بابكەیی پەرلەمانتاری پێشووی كوردستان دەڵێت، حكوومەتی هەرێمی كوردستان هاوكارییەكی گەورەی لە دۆسیەی دەست پێكردنەوەی هەناردنی نەوتی هەرێم كردووە و لە وەستانی هەنادرن و دەست پێنەكردنەوەی بەرپرسیار نییە، هەموو زانیارییەكی داوە و بە هەموو مەرجەكانی حكوومەتی عێراق رازی بووە و لەسەر رادەستكردنی ئەو بڕە نەوتەی لێی داوا كراوە بۆ كۆمپانیای سۆمۆ رازی بووە.
ئەو پەرلەمانتارە كە ئەندامی لیژنەی وزەی پەرلەمانی كوردستان بوو دەڵێت، پێویستە وەزارەتی نەوتی عێراق ئەو بابەتە چارەسەر بكات و گفتوگۆ لەگەڵ كۆمپانیا بەرهەمهێنەرەكانی نەوت بكات و چارەسەری كێشەكان لەگەڵ توركیاش بكات، جیا لەوانە نابێت بابەتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بە دواكەوتنی دەست پێكردنەوەی هەناردنی نەوتەكە ببەستێتەوە، چونكە هەولێر لێی بەرپرسیار نییە.
دوێنێ عەلی نزار بەپرسی كۆمپانیای سۆمۆی عێراقی ئاماژەی كرد، رێككەوتنی نێوان وەزارەتی نەوتی فیدراڵی و كۆمپانیای سۆمۆ و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لە هەرێمی كوردستان، میكانیزمی تۆكمەیان بۆ جێبەجێكردنی یاسای بودجە داناوە، ئێمە بە رێككەوتن و میكانیزمەكان گەشبینین و هیوادارین هەناردەكردنی نەوتی هەرێم لە رێگەی بەندەری جەیهانی توركیا دەست پێ بكاتەوە، بەو شێوەی لە بەرژەوەندیی عێراق و زیادكردنی توانا داراییەكەیەتی.
سەبارەت بە كاتی دەست پێكردنەوەی هەناردنی نەوتی هەرێم، بەڕێوەبەری كۆمپانیای سۆمۆ روونی كردەوە، كاتی دەست پێكردنەوەی هەناردنی نەوتی هەرێمی كوردستان پێوەستە بە كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنەری نەوتەوە.
لای خۆیەوە فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق گوتی، لە دۆسیەی نەوت لە نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق كێشەكە تەنیا لە نێوان حكوومەتی فیدراڵی و كۆمپانیا نەوتییەكان یان حكوومەتی هەرێم و كۆمپانیا نەوتییەكان نەبوو، بەڵكو كێشەكە سێقۆڵییە و لە چەند رۆژی داهاتوو چارەسەری ئەو كێشەیەش دەكرێت.
سەبارەت بە بۆچوونی لایەنی توركی لەسەر ئەو بابەتە جێگری وەزیری وزەی توركیا رای گەیاند، لە لایەن عێراقەوە ئاگەدار كراوینەتەوە كە گفتوگۆكانیان لەگەڵ كۆمپانیا بەرهەمهێنەرەكانی نەوت و هەرێمی كوردستان، لەبارەی دەست پێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوت لە رێی بەندەری جەیهان، خەریكە بە كۆتا دێت.
ئەحمەد بەرائەت چونكار جێگری وەزیری وزەی توركیا دووپاتی كردەوە، بەرپرسانی توركیا لە نزیكەوە چاودێریی پرۆسەی دەست پێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهان دەكەن، روونی كردەوە كە زەوینەی هاوكاریی نێوان توركیا و عێراق لەبارەی پرسی وزە، لە جاران زۆر لەبارتر بووە و توركیا بە بایەخەوە لەو پێوەندییانە دەڕوانێت.
سەرەڕای هەوڵێكی زۆر هەمووان بۆ دەست پێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم لە رێگەی توركیا، بەڵام گفتوگۆكمان بەردەوامن و ئەوەش مانای بوونی چەند كێشە و بەربەستێك دەگەیەنێت، بەهجەت ئەحمەد شارەزای ئابووری هۆكاری دەست پێ نەكردنەوەی هەناردنی نەوتەكە بۆ رێككنەكەوتنی كۆتایی دەگەڕێنێتەوە، كۆمپانیا بەرهەمهێنەرەكانی نەوت دەیانەوێ لەگەڵ حكوومەتی عێراق بگەنە رێككەوتنێك كە مافە دارایی و یاساییەكانیان مسۆگەر بكات، بەو پێیەی نەوتەكە دەكەوێتە دەستی كۆمپانیای سۆمۆوە.
ئەگەرچی بەرپرسانی توركیا باسی ئەوە دەكەن ئەوان ئامادەن بۆ دەست پێ كردنەوەی هەناردنی نەوتەكە لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە، ئەحمەد دووپاتی كردەوە كە هۆكارێكی تری سەرەكیی دەست پێ نەكردنەوەی هەناردن توركیایە، كە نایەوێت ئێستە هەناردن دەست پێ بكاتەوە تا كاتی گەیشتن بە رێككەوتنێكی نوێ لەگەڵ حكوومەتی عێراق لەبارەی رسووماتی گواستنەوەی نەوتەكە و زیادكردنی نرخ و قەبارەكەی.
سالار عەزیز شارەزایەكی تری ئابوورییە دەڵێت، هۆكاری سەرەكیی دەست پێ نەكردنەوەی هەناردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی توركیا رازینەبوونی كۆمپانیا بەرهەمهێنەرەكانە، ئەوان بەو پارەیەی بەرانبەر بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێك نەوت بۆیان دیاری كراوە رازی نین، كە لە یاسای بودجە بۆیان دیاری كراوە و داوای زیادكردنی دەكەن.
دووپاتی كردەوە كە جیا لەوە تا ئێستە حكوومەتی عێراق لە بابەتی دەست پێكردنەوەی هەناردنی نەوتی هەرێم رژد نییە، بۆیەش هیچ جموجۆڵێكی بە ئاراستەی كۆمپانیا بەرهەمهێنەرەكان یان توركیا نابینرێت، هاوكات حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە وەستانی هەناردنەكە بەرپرسیار نییە، ئاشكرای كرد كە زیانی دارایی وەستانی نەوتەكە لە ماوەی زیاتر لە دوو ساڵی رابردوو گەیشتووەتە سەرووی 26 ملیار دۆلار، ئەوەش بڕە پارەیەكی زۆرە و دەتوانرا بۆ سووككردنی تەنگژەی دارایی عێراق سوودی لێ ببینرایە.