ماڵپەڕێكی بەریتانی: پێوەندییەكانی بەغدا و واشنتن لە پاشەكشە و رووخانە

:: PM:07:35:07/09/2025 ‌

هەوڵەكانی ئەمەریكا لەگەڵ عێراق بۆ دوورخستنەوەی لە بازنە و كاریگەریی ئێران بەردەوامە، كەچی خەریكە ئەمەریكا لەو هەوڵانەی، بەتایبەتی هەوڵە دیپلۆماسییەكانی بێئومێد دەبێت و پەنا بۆ سزای ئابووری و گوشاری سەربازی ببات، ماڵپەڕێكی بەریتانی ئاماژە بۆ پاشەكشەیەكی مەترسیداری پێوەندییەكانی عێراق و ئەمەریكا دەكات، رەنگە تا ئاستی رووخان و نەمان بچێت، ئەوەش وای كردووە پاراستنی سیستمی سیاسیی عێراقی بۆ ئەمەریكا چیتر گرنگییەكی گەورەی نەبێت.

 ماڵپەڕی "میدڵ ئیست ئۆنلاین"ی بەریتانی لە راپۆرتێك دەڵێت، پێوەندییەكانی ئەمەریكا و عێراق لەو سێ چوار ساڵەی دوایی تەواو پاشەكشەیان كردووە گرنگیدانی ئەمەریكا بە عێراق زۆر كەمی كردووە، ئەوەش چەند نیشانەیەكی هەیە لەوانە لە دوای ئیلینا رۆمانسكی تا ئێستە ئەمەریكا باڵوێزێكی بۆ خۆی لە عێراق دیاری نەكردووە، كە سەردەمی ئەو بە سەردەمی زێڕینی دیپلۆماسیەتی ئەمەریكا لە عێراق دادەنرێت، جیا لەوە لە دوای 2003ەوە، ئەمەریكا ماوە ماوە نێردراوی سەرۆكایەتیی رەوانەی عێراق دەكرد، بەڵام لە دوو ساڵی دوایی ئەوان نەهاتوون و كار گەیشتووەتە دانانی كاربەڕێكەر بۆ كارەكانی لە بری باڵوێز، ئەوەش ئاماژەیە بۆ كەمكردنەوەی ئاستی نوێنەرایەتیی دیپلۆماسی. 

راپۆرتەكە روونی كردەوە، ئەو پاشەكشە تەنیا لایەنی سیاسی نەگرتووەتەوە، بەڵكو هاریكاریی ئابووریشی گرتەوە و قەبارەی هەناردەكردنی نەوتی عێراق بۆ ئەمەریكا چیتر ئاماژەیەك نییە بۆ بەهێزیی پێوەندییەكانیان، جیا لەوە هاتنی پارە لە بانكی فیدراڵیی ئەمەریكا بۆ عێراق، خەریكە بەربەستی تێ دەكەوێت، هاتنی كۆمپانیا نەوتییە ئەمەریكییەكانیش بۆ عێراق وای نەكرد ناهاوسەنگیی تەرازووی بازرگانی لە نێوان هەردوو وڵات چارەسەر بێت، وەك دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لە ماوەی رابردوو ئاماژەی بۆ كرد.

لەبارەی هۆكاری ئەو پاشەكشەی پێوەندییەكان و گرنگیدانی ئەمەریكا بە عێراق چاودێران دەڵێن، هۆكارێكی سەرەكی گوشاری هێزە سیاسییە عێراقییەكانە لەبارەی كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا و پێویستیی كەمكردنەوەی كارمەندانی باڵوێزخانەكەیەتی بۆ نزمترین ئاست، هەروەها ئەو مشتومڕەی لەبارەی چارەنووسی حەشدی شەعبی و یاسەكەی هەیە، كە ئەمەریكا پێی رازی نییە، ئەوانە هەمووی نیشانەن بەوەی ئەو هێزانە دەیانەوێ دەسەڵاتی ئەمەریكا لە عێراق نەهێڵن و بوارەكە بۆ ئێران چۆڵ بكەن بۆ شوێنگرتنەوەی.

هەر بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕەكە ئەوانەش بۆ ئیدارەی ئەمەریكا و هەواڵگرییەكەی مایەی نیگەرانییە، وای كرد نوێنەرایەتییەكەی لە بەغدا نزم بكاتەوە و ئاماژە بۆ بەغدا رەوانە بكات بەوەی چیتر پاراستنی رژێمی سیاسیی عێراق لە سیاسەتی ئەمەریكا گرنگییەكی گەورەی نییە، شارەزایان پێیان وایە كە ئەمەریكا هەست بەوە دەكات عێراق زیاتر لە ئێران نزیك دەبێتەوە بۆ ئەوەی ببێتە شوێنگرەوەی، ئەو پەرەسەندنانەش هاوكاتن لەگەڵ هەوڵەكانی حكوومەتی ئێستەی عێراق بۆ روونەچوونە ناو ململانێكانی ناوچەكە، بۆیە ئێستە عێراق لەبەردەم مەترسییەكی گەورەدایە و دوارۆژی پێوەندییەكانی ئەمەریكا- عێراق دەخاتە بەردەم ئەگەری كراوە و نامسۆگەر.  

ئەوە لەوكاتەی مارلین ستوتزمان پەرلەمانتاری ئەمەریكی ئاماژە دەكات، كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق دۆسیەیەكی ئاڵۆزە و باشترە وردەكاریی ئەو بابەتە بۆ سەرۆك دۆناڵد ترەمپ جێبهێڵرێت، كە زانیاریی زیاتری لەبارەی دۆخەكە لەوێ هەیە، ئێران دەیەوێ بوونی خۆی لە عێراق بەهێزتر بكات، ئەوەش ئەمەریكای نیگەران كردووە. 

روونی كردەوە، دۆخی عێراق ناسەقامگیرە و ئەوەی مایەی نیگەرانییە ئێران هەوڵی خۆرێكخستنەوەیە لەو وڵاتە، ئێمە نامانەوێ لە دوای ئەو هەموو قوربانیدانە دۆخی عێراق پاشەكشە بكات و بشێوێت، هاوكات شتێكی گرنگە پێوەندییەكانی واشنتن و بەغدا لەسەر بنەمای هاریكاریی ئابووری و بازرگانی دوور لە ململانێكان بەردەوام بێت.

ئەو ئەندامە كۆمارییەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریكا ئاماژەی كرد، بیروباوەڕی سەرۆك ترەمپ سەرنجی خستووەتە سەر بەهێزكردنی بازرگانی و كاری هاوبەش زیاتر لە لایەنی سەربازی، سیاسەتە ئابوورییەكانی ئەمەریكا كاریگەریی گەورەیان لە سەقامگیریی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێت، نەك تەنیا لە رێگەی چارەسەری تەناهییەوە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل