"لیستە شیعەكان زیاترین كۆنەبەعسیان تیادایە و وریایی لە گەڕانەوەی بەعس دەدەن"

:: PM:06:46:08/09/2025 ‌

هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق نزیك دەبێتەوە و تا ئێستە دیار نییە لە وادەی خۆی بەڕێوە دەچێت یان نا، وادەكەی دیاری كراوە و كۆمسیۆن هەموو ئامادەسازییەكانی كردووە، ئەوەی هەڵبژاردنی ئەمساڵ جیا دەكاتەوە كۆمسیۆن لێوردبوونەوەیەكی زۆر بۆ ناوی كاندیدان دەكات و تا ئێستە سەتانی بە تۆمەتی جیاواز دوور خستووەتەوە لەوانە بەعسیبوون، لەوكاتەی راپۆرتەكان دەڵێن لیستە شیعەكان زیاترین كۆنەبەعسی لەخۆ دەگرن.

بە درێژایی مانگی ئابی رابردوو و تا ئێستەش كە قۆناغی لێوردبوونەوە لە ناوی كاندیدانی هەڵبژاردن لە لایەن كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەوە دەستی پێ كردووە، سەتان كاندیدی بە هۆكاری جیاواز دوور خراونەتەوە لەوانە بەعسیبوون، سەرتا وا دەزانرا كە ئەوان لە لیستە سوننەكانەوە دوور خراونەتەوە، بەڵام دواتر دەركەوت زیاترینیان لە لیستە شیعەكانن و لە حزبەكانی دەسەڵات، ئەوە لەوكاتەی هەر ئەوان بانگەشەی رووبەڕووبوونەوەی گەڕانەوەی بەعس و وریایی لە گەڕانەوەی لە رێگەی هەڵبژاردن دەدەن. 

لەوكاتەی نووری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و سەرۆكی لیستی هاوپەیمانیەتییەكە بۆ ئەم هەڵبژاردن بە بەردەوام وریایی لە گەڕانەوەی بەعسییەكان بۆ دەسەڵات دەدات و باسی مەترسیداریی ئەو كارە دەكات بەوەی هەڕەشەیەكی راستەوخۆیە بۆ سەر دیموكراسی و دەستووری عێراق قەدەغەی گەڕانەوەی حزبی بەعس و ئەندامانی بۆ كاری سیاسی لە عێراق دەكات و هەر ئەندامێتییەك بۆ ئەو حزبە تاوانێكە بە كۆنبوونی لاناچێت، لیستی ناوی كاندیدە دوورخراوەكان هەشت كاندیدی كۆنەبەعسیی هاوپەیمانیەتییەكەی تیادا بوو.

بەپێی ئاماری كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان ژمارەی دوورخراوەكان بە هۆكاری بەعسیبوون لە لیستە شیعەكان گەیشتووەتە 151 كاندید، لەوانە 28ی سەر بە رێكخراوی بەدر و 16ی هاوپەیمانی عومقی نیشتمانیی خالید ئەسەدی و بزاوی سادیقوونی عەسائیب 16 كاندید و خەدەماتی شبل زەیدی 16 كاندید و لیستەكەی شێخ هومام حەموودی 11 كاندید و لیستەكەی عەمار حەكیم 13 كاندید و لیستی كەتیبەكانی حزبوڵای عێراقی 11 كاندید و لیستەكەی موحسین مەندەلاوی 13 كاندید و بزاوی سۆمەریوونی ئەحمەد ئەسەدی شەش كاندید و لیستەكەی محەمەد شیاع سوودانی هەشت كاندید، لەوكاتەی لە لیستەكانی تر كەمتر دوور خراونەتەوە.  

موختار مووسەوی پەرلەمانتاری شیعە رەخنەی توند لە شیعە دەگرێت و بە گەڕاندنەوەی بەعسییەكان تۆمەتباریان دەكات و ئاماژە دەكات، چوارچێوەی هاوئاهەنگی خۆی بەعسییەكانی گەڕاندەوە ناو كایەكانی دەوڵەت، ئێستەش لە هەڵبژاردن دوور دەخرێنەوە، سەرەڕای بوونی وەزیر و بریكاری وەزیر و بەڕێوەبەرانی گشتی كە سەر بە حزبی بەعس بوون و تا ئێستەش لە پۆست و دەسەڵاتن، بۆیە ئەوەی كۆمسیۆن لە دوورخستنەوەی بەعسییەكانی پێشوو بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو كردی، هەنگاوێكی باشە، بەڵام درەنگە، دوای دزەكردنی بەعسییەكان بۆ پێگەی گرنگ لە دامەزراوەكانی دەوڵەت دێت. 

مووسەوی دووپاتی كردەوە كە ئەوەی ئێستە روودەدات بۆ دوورخستنەوەی بەعسییەكان لە پرۆسەی سیاسی، بەرجەستەی بوونی نیازێكی راستەقینە ناكات، چونكە تا ئێستەش چوارچێوەی هاوئاهەنگی كار بۆ دامەزراندنیان دەكات، بۆیە رێوشوێنەكانی كۆمسیۆن بەس نییە ئەگەر چاكسازیی ریشەیی ئیداری بەدواوە نەیەت.

دوورخستنەوەی كاندیدێكی زۆر بە ناوی بەعسیبوون، بەرجەستەی بوونی ململانێ و ناكۆكییەكی قووڵ لە ناو ماڵی شیعە دەكات، غانم عابد توێژەری سیاسی دەڵێت، ئەوەی روودەدات هەڵمەتێكی راستگۆیانە نییە بۆ رووبەڕووبوونەوەی بەعس، بەڵكو ململانێەیكی روونە لە نێوان نووری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق، ناكۆكییەكەش ئەوكات دەستی پێ كرد كە لە ماوەی رابردوو مالیكی هەوڵی گۆڕینی یاسای هەڵبژاردنی دا بەوەی دەبێت بەرپرسانی حكوومەت پێش شەش مانگ لە هەڵبژاردن دەست لە كارەكانیان بكشێننەوە، لە هەنگاوێك بۆ دوورخستنەوەی سوودانی نەك ریشەكێشكردنی بەعسییەكان.

روونی كردەوە، بەشی زۆری كاندیدە دوورخراوەكان بەو هۆكارە لە هێزەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگین، ئەوەش دەنگۆی رووبەڕووبوونەوەی بەعس رەت دەكاتەوە، دەری دەخات ئەو گوتارەی ئێستە لەبارەی رووبەڕووبوونەوەی گەڕانەوەی تیرۆریست و بەعسییەكان هەیە، مەبەست لێی ترساندنی شەقامە بۆ هەڵبژاردن، زیاتر لەوەی پابەندییە بە رووبەڕووبوونەوەی بەعس، ئەگینا هێزەكانی چوارچێوە لاریان لە هاوكاریكردن لەگەڵ بەعسییەكان نییە ئەگەر بەرژەوەندیی هاوبەشیان هەبێت یان كاندیدەكە توانی ئامانجەكانی بپێكێت و بیباتەوە.   

عابد ئاماژەی كرد، بوونی كەسانی بەعسی لە ناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی نوێ نییە و لە 2003ەوە بەردەوامە، لەگەڵ تۆماركردنی چەند ناوێكی دوورخراوە كە پێشتر پەرلەمانتار یان پۆستی ئیدارییان هەبووە، دەپرسین ئاخۆ ئەوان بۆچی ئەوكات دوور نەخراونەتەوە؟ 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل