ئەنجوومەنی دەوڵەت پێشتر لەسەر هەرێم كاری كردووە و سوودانیش نایەوێت كورد لەدەست بدات

:: AM:09:00:10/09/2025 ‌
بەبڕوای چاودێران، ئەنجوومەنی دەوڵەت هیچ كاتێكی دیاریكراوی لە بەردەمدا نییە، بڕیار لەبارەی كێشەكانی هەرێم و بەغدا بدات و پەرلەمانتارێكی پێشووش پێی وایە: نابێت یەكلاكردنەوەی مووچەی كوردستان بگاتە هەڵبژاردن، چونكە سوودانی كورد لە دەست دەدات.

دوای ماوەیەكی زۆر كۆبوونەوە و گفتوگۆیەكی درێژ، سوودانی لەبارەی لێكتێگەیشتن و نزیكبوونەوەی شاندەكان، بڕیاری نەدا و رەوانەی ئەنجوومەنی دەوڵەتی كرد، بەبڕوای چاودێران، ئەمە بەهۆی مەترسیی فشاری لایەنە شیعییەكان بووە و بەرپرسیاریتییەكەی لە كۆڵی خۆی كردووەتەوە.

سەعید سەرمەمی كە چاودێرێكی سیاسییە پێی وایە، سوودانی حەز دەكات كێشەكان بەدڵی كورد چارەسەر بكات، بەڵام بەهۆی نزیكبوونەوەی هەڵبژاردنەوە و بەهۆی فشاری لایەنی شیعی، شەقامیش ناتوانێت هەموو ئەو شتانەی دەیەوێت بیانكات.

سەرمەمی لەمبارەیەوە بۆ "وشە" باسی لەوە كردووە، سوودانی دڵنیایە ئەنجوومەنی دەوڵەت شتێك ناكات كە دژی بەرژەوەندییەكانی كوردستان بێت، بۆیە لەوێ دەرچەیەكی یاسایی دەدۆزێتەوە و خۆیشی جێبەجێی دەكات و هیچ قسەیەكیشی لایەنە عێراقییەكانیشی نایەتە سەر.

هاوكات شیروان میرزا ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق لەسەر فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رای گەیاند،"ئەو بڕیارەی ئەنجوومەنی دەوڵەت دەیدات، وەك شیكردنەوەی یاسایی دەبێت و نابێت بە بڕیارێكی بەهێز كە هەموو لایەك ئناچار بكات بە جێبەجێكردنی. بەوەیش ئەگەر ئەنجوومەنەكە چارەسەری پێ نەكرا، دەبێت هەرێم پەنا بباتەبەر دادگای فیدراڵی".

پێوەست بەوەی تا چەند یەكلاكردنەوەی پرسی مووچە دەكەوێتە دوای هەڵبژاردن؟ شیروان میرزا روونی كردەوە، "دەبێت ئەم كێشەیە پێش هەڵبژاردن چارەسەر بكرێت، دیار نییە كە ئەنجوومەنی دەوڵەت كەی پرسی مووچە یەكلا دەكاتەوە، چونكە ئەوە دەكەوێتە سەر سوودانی بەزوویی وەڵام وەربگرێتەوە".

میرزا پێشبینی بۆ وادەكە دەكات و دەڵێت، "پێشبینی دەكەم دوو راپۆرتەكەی لیژنەی هەرێم و بەغدا تا هەفتەی داهاتوو بخایەنێت، چونكە سوودانی بەنیازە لە ماوەیەكی نزیكدا ئەم بابەتە كۆتایی پێ بهێنێت، لەبەرئەوەی بۆ پێگەی ئەو خراپە و دارێكی دوو سەرەیە بۆی، بۆ هەر هەنگاوێكی داهاتووی كورد لە دەست دەدات".

ئەنجوومەنی دەوڵەت دەستەیەكی سەربەخۆیە و لە ساڵی 2017 لە وەزارەتی دادی عێراق جیا بووەتەوە و بووەتە دەستەیەكی سەربەخۆ، بەپێی یاسای ژمارە (71)ی ساڵی 2017 كە ئەركی سەرەكیی، یەكلاكردنەوەی پرسە یاساییە ناكۆكەكانی نێوان وەزارەتەكان و دەستە سەربەخۆكانە، نەك "دوو حكوومەت".

پێشتر ئەنجوومەنی دەوڵەت یەك كاری لەسەر حكوومەتی هەرێم كردووە، لە نێوان ساڵانی 2022 تا 2024 ئەنجوومەنی باڵای دەوڵەت یەك بڕیاری لەسەر هەرێمی كوردستان دەركردووە، ئەوەش دوای ئەوەی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق داوای لە ئەنجوومەنەكە كردووە، بۆچوونی خۆی بخاتەڕوو لەبارەی پشتبەستن بە بڕوانامەی دكتۆرا و نازناوی زانستی لەلایەن زانكۆكانی هەرێمی كوردستان لە دامەزراوە فەرمییەكانی عێراق.

ئەنجوومەنەكە لە وەڵامەكەیدا دووپاتی كردووەتەوە، فەرمانی زانكۆیی كە لەلایەن زانكۆكانی هەرێمی كوردستانەوە دەردەچن، كە لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی فیدراڵییەوە ددانپێدانراون، یاسایین و لە تەواوی عێراقدا پشتیان پێ دەبەسترێت.

ئەنجوومەنەكە دەڵێت: وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی فیدراڵی، ئەو بڕیارانە پەسند دەكات كە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە هەرێمی كوردستان دەریدەكات لەبارەی هاوتاكردنی بڕوانامە بۆ بەكارهێنان لە دامەزراوە دەوڵەتییەكان، بەمەرجێك پابەندی ئەو ستاندارد و بنەمایانە بن كە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی پەسندی كردووە.



وشە - سۆران عەزیز