شەوی رابردوو سەرۆك وەزیرانی عێراق و سەرۆكی ئەمەریكا ئازادكردنی ئیلیزابێس تسۆركۆڤ ژنەتوێژەری ئیسرائیلی بە رەگەز رووسییان راگەیاند، سوودانی تەنیا باسی ئەوەی كرد كە دوای چەند مانگێك لە هەوڵی هێزە تەناهییەكان ئازاد كراوە، سەرۆكی ئەمەریكاش ئاماژەی بۆ كەتیبەكانی حزبوڵا كرد كە ئیلیزابێسیان رفاندووە و چەند مانگێك ئازاریان داوە و ئێستە ئازاد كراوە لە باڵوێزخانەی ئەمەریكایە لە عێراق، بەڵام چۆن ئازاد كراوە؟
ئەگەرچی تا ئێستە كەتیبەكانی حزبوڵا هیچ شتێكی لەوبارەوە نەگوتووە، بەڵام ئەندامێكی ئەو گرووپە رای گەیاندووە كە ئەو هەنگاوەیان بۆ دوورخستنەوەی عێراقە لە ململانێكان، لەوكاتەی چەند سەرچاوەیەكی تری نزیك لە گرووپەكە باسی گۆڕینەوەی تسۆركۆڤ بە كوڕێكی گیراوی سەركردەیەكی میلیشیاكە بە تسۆركۆڤ دەكات.
سەرچاوەكان دووپاتی دەكەنەوە كە كوڕی سەركردەیەكی دیاری میلیشیاكان لە هێرشەكەی بەغدا بۆ سەر فەرمانگەی كشتوكاڵی كەرخ لە كۆتایی مانگی تەمووزی رابردوو تێوە گلابوو و لە لایەن حكوومەتی عێراقەوە گیرابوو، بۆیە ئازادكردنی تسۆركۆڤ لە بەرانبەر ئازادكردنی ئەو بووە، لەوكاتەی سەرچاوەكان باسی ئەوە دەكەن كە هێشتا لەسەر هێرشەكەی كەرخ پێوەندیی سوودانی و فەرماندەی ئەو میلیشیایەی هێرشەكەی ئەنجام داوە باش نییە، واتە كەتیبەكانی حزبوڵا.
هاوكات سەرچاوەكان رەتی دەكەنەوە كە پارە لە بەرانبەر ئازادكردنی تسۆركۆڤەوە درابێت، بەڵام بابەتەكە پێوەندیی بە هەڕەشەكانی ئەمەریكاوە هەیە، بەوەی 16 ئامانجی كەتیبەكانی حزبوڵای عێراقی لە وەڵامی هێرشەكەی سووریا لە سەرەتای 2024 بۆردمان دەكات، كە حكوومەتی عێراق بەڵێنی بە ئەمەریكا دا راوەدووی ئەنجامدەرانی هێرشەكە بنێت لە بەرانبەر هێرشنەكردنە سەر عێراق.
بۆیە حكوومەتی عێراق داوای لە میلیشیاكان كرد بۆ توەڕەنەكردنی ئەمەریكا پێویستە پابەندی هێوركردنەوەی دۆخەكە ببن، دوای ئەوە حكوومەتی عێراق گرتنی كوڕی سەركردەكەی ئەو گرووپەی دەست كەوت و لە گفتوگۆی ئازادكردنی تسۆركۆڤ بەكاری هێنا و توانی ئازادی بكات، سەرچاوەكان باسی بوونی رۆڵێكی گەورەی قاسم ئەعرەجی راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە ئازادكردنی تسۆركۆڤ دەكەن، لە رێگەی هاوئاهەنگی لەگەڵ ئادەم مۆلەر نێردراوی سەرۆك ترەمپ بۆ كاروباری رفێنراوەكان، كە لە مانگی شوباتی رابردوو هاتە عێراق و داوای لە حكوومەتی عێراق كرد تسۆركۆڤ ئازاد بكەن.
بە گشتی ئازادكردنی تسۆركۆڤ لەو ساتە كە گوشارێكی گەورەی ئەمەریكا لەسەر حكوومەتی عێراق هەیە، بەتایبەتی لەبارەی میلیشیاكان و حەشدی شەعبی و دووركەوتنەوە لە بازنەی ئێران، هەروەها ناچاربوونی حكوومەتی عێراق بۆ گوشاركردن لە میلیشیاكان و سەرپشككردنیان لە نێوان ملكەچی بۆ داواكانی ئەمەریكا و رووبەڕووبوونەوەی گورزەكانی، كە بەتایبەتی ئەو میلیشیایانە دەگرێتەوە كە پێشتر ناویان هاتووە و هێرشیان كردووەتە سەر بەژەوەندییەكانی ئەمەریكا و دەستیان لە رفاندنی تسۆركۆڤ هەبوو.
بۆیە چاودێران پێیان وایە ئازادكردنی تسۆركۆڤ دوور نییە لە گوشارەكانی ئەمەریكا، بگرە ئاماژەیەكیشە بۆ گۆڕان لە هاوكێشەی هێز لە نێوان حكوومەتی عێراق و میلیشیاكان لەژێر هەڕەشە رژدەكانی ئەمەریكا، بەتایبەتی هەڕەشەكانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بەوەی ئەگەر ئازاد نەكرێت هێز بەكار دێنن، بۆیە دەركەوت كە دەسەڵات و هێزی میلیشیاكان لە عێراق هەرچەند بێت، بەڵام دەكرێ كە دەكەونە بەرانبەر بە هێز و دەسەڵاتی ئەمەریكا پاشەكشە بكەن.
وەفا محەمەد توێژەری سیاسی دەڵێت، ئازادكردنی تسۆركۆڤ هەنگاوێكی باش بوو، هەنگاوەكانی دوایی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق، وەك كشاندنەوەی یاسای حەشدی شەعبی لە پەرلەمان و ئازادكردنی تسۆركۆڤ، ئاماژەن بۆ زیرەكی لە هەوڵی دوورخستنەوەی عێراق لە شەڕ و سزا ئابوورییەكان، ئەو هەڵوێستەی بەغدا راستەوخۆ پێوەندی بە هەوڵەكان بۆ خۆبەدوورگرتن لە سزا و گوشارەكان هەیە.
شارەزایان پێیان وایە ئازادكردنی تسۆركۆڤ تەنیا رووداوێكی ئاسایی نەبوو، بەڵكو بژارەیەكی ئاڵۆز بوو پێوەست بە پێوەندییەكانی عێراق بە ناوخۆ و دەرەوە، لە لایەك سوودانی بابەتەكەی وەك دەستكەوتێكی سەروەری بۆ حكوومەتەكەی و هێزە تەناهییەكان بەرانبەر بە میلیشیاكان وێنا كرد، كەچی ترەمپ كردییە ئەنجامی گوشارەكانی وڵاتەكەی، جیا لە هەوڵی عێراق بۆ دروستكردنەوەی متمانەی نێودەوڵەتی و سەلماندنی باڵادەستیی دەوڵەت بەسەر میلیشیاكان و توانای سەپاندنی مەرج بەسەریان و داماڵینی چەكیان، لە هەمووشی گرنگتر دوورخستنەوەی عێراق لە هێرش و سزاكانی ئەمەریكا و ئیسرائیل.