گۆڤارێکی سەربازی ئاشکرای دەکات... کام وڵاتی عەرەبی "قەڵایەکی قایمە" لە بەرانبەر هێرشەکانی ئیسرائیلدا؟

:: PM:03:58:12/09/2025 ‌
دوای هێرشە ئاسمانییەکەی ئەم دواییەی ئیسرائیل بۆ سەر قەتەر، پرسیار لەسەر توانای هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ چوونە ناو قوڵایی خاکی وڵاتانی عەرەبی و ئاستی بەرگریی ئەو وڵاتانە دروست بووە. لەمبارەیەوە، گۆڤاری "میلیتێری واچ" (Military Watch)ی تایبەت بە شیکاریی سەربازی، لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای دەکات کە جەزائیر "پارێزراوترین" وڵاتی عەرەبییە لەبەرانبەر هەر هێرشێکی ئەگەریی ئیسرائیلدا، ئەمەش بەهۆی ئەو سیستەمە چەکە پێشکەوتووانەوەیە کە لە ڕووسیا و چین بەدەستی هێناوە.

گۆڤارەکە ڕوونی دەکاتەوە، سەرەڕای ئەوەی ئیسرائیل توانیویەتی چەندین هێرشی ئاسمانیی سەرکەوتوو لە سووریا، لبنان، یەمەن و قەتەر ئەنجام بدات، بەڵام توانای سەربازیی زیاتر پشتی بە لاوازیی سیستەمی بەرگریی نەیارەکانی بەستووە نەک باڵادەستیی تەکنەلۆجیی خۆی. هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل هێشتا بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بە فڕۆکەی کۆنی جۆری F-15 و F-16 دەبەستێت کە تەکنەلۆجیای نوێی ڕادار و سیستەمی ئەلیکترۆنییان نییە، و ژمارەی فڕۆکە نوێیەکانی جۆری F-35یش سنووردارە.

لەم نێوەندەدا، جەزائیر وەک نموونەیەکی دەگمەن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقادا دەردەکەوێت. بەتایبەتی دوای ڕووخانی ڕژێمی قەزافی لە لیبیا لە ساڵی 2011، کە مەترسیی پشت بەستن بە سیستەمی بەرگریی لاوازی بۆ دەرکەوت، جەزائیر وەبەرهێنانێکی گەورەی لە دروستکردنی تۆڕێکی بەرگریی ئاسمانیی پێشکەوتوو و سەربەخۆدا کردووە کە لە ڕووسیا و چینەوە هاوردەی کردوون. ئەم سیستەمانە هیچ کۆتوبەندێکی سیاسی و تەکنیکیی وڵاتانی ڕۆژئاوایان لەسەر نییە.

گرنگترین پێکهاتەکانی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی جەزائیر:
سیستەمی مووشەکیی دوورهاوێژ: S-300PMU-2، S-400، و HQ-9ی چینی.
زیاتر لە 70 فڕۆکەی جەنگیی ڕووسیی جۆری Su-30MKA.
فڕۆکەی پێشکەوتووی باڵادەستیی ئاسمانیی جۆری Su-35ی ڕووسی.
سیستەمی بەرگریی مامناوەند وەک BuK-M2ی ڕووسی.
فڕۆکەی جەنگیی MiG-29Mی ڕووسی.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، ئەم تۆڕە بەرگرییە ئاڵۆزە، تەحەدایەکی گەورەیە بۆ هەر هێرشێکی ئەگەریی ئیسرائیل، تورکیا، یان وڵاتانی ڕۆژئاوا، چونکە تێکڕای توانای فڕۆکە جەنگییەکانی جەزائیر چەندین دەیە لە هی ئیسرائیل و تورکیا نوێترە.

لە بەرانبەردا، زۆربەی وڵاتانی عەرەبی پشت بە سیستەمی ڕۆژئاوایی دەبەستن کە توانایان سنووردارە و کۆدە نەرمەواڵاییەکانیان (software codes) لەلایەن ڕۆژئاواوە کۆنترۆڵ کراوە بۆ ئەوەی دژی بەرژەوەندییەکانیان بەکارنەهێنرێن. ئەمەش وای کردووە ئاسمانی زۆربەی وڵاتانی ناوچەکە بۆ هێرشەکانی ڕۆژئاوا، ئیسرائیل و تورکیا کراوە بێت.
سەرچاوە: میلیتێری واچ


وشە - پۆڵا مەحموود