پێشتر ده‌یانگوت بهرهوپێشكهوتنه تهكنهلۆژییهكهی چین ته‌نیا رووكه‌شییه، چونكه به‌رهه‌می چاولێكه‌ریی رۆژئاوایه. چیتر ئه‌م قسه‌یه راست نییه. ئه‌مڕۆ چین له بواری رۆبۆت و ئۆتۆمبێلی كاره‌بایی و تیشكده‌ری ئه‌تۆمی و وزه‌ی خۆر و درۆن و شه‌مه‌نده‌فه‌ری خێرا و هه‌روه‌ها ژیریی ده‌ستكرد، پێشه‌نگی وڵاتانی دنیایه.
له دوای
نمایشه سه‌ربازییه‌كه‌ی سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه، ده‌توانین بواری سه‌ربازیش بخه‌ینه پاڵ ئه‌و بوارانه‌ی سه‌ره‌وه. ئه‌گه‌ر ئێسته بڵێین سوپای چین پاش كه‌وتووه یان لاسایی وڵاتانی تر ده‌كاته‌وه، قسه‌یه‌كی پووچمان كردووه. ئه‌مڕۆ ئه‌و هاوكێشه هه‌رێمییه‌ی له رۆژهه‌ڵاتی ئاسیا به لای ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی لاسه‌نگ بووبوو، دووچاری گۆڕانكاریی گه‌وره بووه‌ته‌وه.
له نمایشه سه‌ربازییه‌كه‌دا چین فڕۆكه‌ی زۆر پێشكه‌وتووی خسته روو. فڕۆكه‌كان له كه‌شتیی فڕۆكه‌هه‌ڵگری گه‌وره بار ده‌كرێن، به‌ڵام بڕیار وایه له چه‌ند ساڵی داهاتوو چین كه‌شتیی زه‌به‌لاح دروست بكات كه له قه‌باره و توانا، هیچی له كه‌شتیی جێراڵد فۆردی ئه‌مه‌ریكی كه‌متر نه‌بێت. هه‌روه‌ها بێژینگ چوار درۆنی تایبه‌تی نمایش كرد كه له پاڵ فڕۆكه‌كان ده‌فڕن و هه‌ر له‌لایه‌ن فڕۆكه‌وانه‌كانه‌وه ئاراسته ده‌كرێن. به‌ده‌ر له‌مانه، چین مووشه‌كی دژه كه‌شتی و زه‌وینی و تۆربیدۆی نوێی نمایش كرد، له‌گه‌ڵ ژێرده‌ریاییه‌كی به‌هێز كه كارپێكردنی پێویستی به ده‌ستوه‌ردانی مرۆیی نییه.
هاوكات زانیاری له‌باره‌ی دروستكردنی بنكه‌یه‌كی فه‌رمانده‌یی سه‌ربازی له ده‌ره‌وه‌ی بێژینگ بڵاو بووه‌ته‌وه كه 10 هێنده‌ی پنتاگۆن گه‌وره‌یه.
تواناكانی به‌رهه‌مه سه‌ربازییه‌كانی چین له مه‌یدانی جه‌نگدا تاقی كراونه‌ته‌وه. له مانگی ئایاردا كاتێك هیندستان و پاكستان به‌یه‌كدا پژان، ئه‌میان فڕۆكه‌ی چینی به‌رانبه‌ر ئه‌وی تریان به‌كار هێنا و ده‌ركه‌وت له هه‌موو رووێكه‌وه له‌بار و پێشكه‌وتوون.
چین نیازی هه‌یه تا 2050، ببێت به خاوه‌نی به‌هێزترین سوپای دنیا. بێژینگ له نه‌وه‌ته‌كانی سه‌ده‌ی رابردووه‌وه شانی داوه‌ته به‌ر بووژانه‌وه‌یه‌كی سه‌ربازیی خێرا. وردتر بڵێین، له جه‌نگی جیهانیی دووه‌مه‌وه هیچ وڵاتێك به‌قه‌د چین ئه‌وه‌نده گورج و چاپووكانه سوپاكه‌ی به‌ره‌وپێش نه‌بردووه.
ده‌بێت له خۆمان بپرسین، چین ده‌یه‌وێت به‌م پێشكه‌وتنه سه‌ربازییه چی به‌ده‌ست بهێنێت؟
ره‌نگه بیه‌وێت له رێگه‌ی سوپاكه‌یه‌وه راسته‌وخۆ به‌ربه‌ره‌كانێی هه‌ژموونی نێوده‌وڵه‌تیی ئه‌مه‌ریكا بكات. به‌ڵام زه‌حمه‌ته ئه‌م ئه‌گه‌ره پشتڕاست بكرێته‌وه، چونكه چین له ماوه‌ی نۆ مانگی رابردوودا نه‌ك هه‌وڵی بۆ به‌ده‌ستهێنانی هه‌ژموونی نێوده‌وڵه‌تی نه‌داوه، به‌ڵكو له رووی هه‌رێمیشه‌وه هه‌نگاوی نه‌ناوه. ئه‌و چه‌ك و كه‌لوپه‌له سه‌ربازییانه‌ی بینیمان ئه‌و ئامانجه ناپێكن.
راسته چین چه‌كه‌كانی به جۆرێك دروست كردووه كه بتوانێت گورزی سه‌ربازیی بۆ دووریش بوه‌شێنێت. ئه‌و خه‌ریكی دروستكردنی هێزێكی ده‌ریایی گه‌وره‌یه كه ده‌ستی بگات به هه‌موو گۆشه‌یه‌كی ئه‌م دنیایه. بۆ نموونه، له ماوه‌ی رابردوودا بێژینگ خه‌ریكی په‌ره‌پێدانی ئه‌و فڕۆكانه بووه كه ده‌توانن سووته‌مه‌نی له فڕۆكه شه‌ڕكه‌ره‌كان بكه‌ن، هه‌ر ئه‌م جۆره فڕۆكانه بوون كۆمه‌كییان به بهرجهستهكرنی هه‌ژموونی نێوده‌وڵه‌تیی ئه‌مه‌ریكا كرد.
به‌ڵام ده‌بێت بیرمان بێت كه چین ته‌نیا له جیپوتی بنكه‌ی سه‌ربازیی هه‌یه. بنكه‌كه له 2017 دامه‌زرا، له‌وكاته‌وه چین هیچ بنكه‌یه‌كی له هیچ شوێنێكی دنیا نه‌كردووه‌ته‌وه، تا ئێسته فڕۆكه‌یه‌كی بۆمبهه‌ڵگری دانه‌هێناوه كه بتوانێت چه‌ند كیشوه‌رێك ببڕێت، ته‌نانه‌ت هاوپه‌یمانییه‌كی جیهانیی تۆكمه‌ی وه‌ك ئه‌مه‌ریكاشی نییه. ئه‌مه واته چین زیاتر سه‌رنجی له‌سه‌ر به‌هێزكردنی پێگه هه‌رێمییه‌كه‌ی خۆیه‌تی و جارێ بیر له سه‌پاندنی هه‌ژموونی نێوده‌وڵه‌تی ناكاته‌وه.
ئه‌مه بۆ تایوان باش نییه و ئه‌گه‌ر شه‌ڕ دروست بێت، نه‌ك ته‌نیا تایوان زوو داگیر ده‌كرێت، به‌ڵكو قورسایی سه‌ربازیی ئه‌مه‌ریكاش له ژاپۆن و گوام زیانی گه‌وره‌یان به‌رده‌كه‌وێت، به لایه‌نی كه‌مه‌وه 45%ی توانا سه‌ربازییه‌كانی له ده‌ست ده‌دات. ئه‌م زانیارییانه توێژینه‌وه‌یه‌كی نوێ ده‌ریخستووه. جێی باسه توێژینه‌وه‌كه ته‌نیا هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ ئاستی زیانی ئه‌و مووشه‌كانه كردووه كه چین له خاكی خۆیه‌وه هه‌ڵیده‌دات، واته ئاماژه‌ی به توانای هێزه ئاسمانی و ده‌ریاییه‌كه‌ی نه‌كردووه.