لەماوەی هەفتەی رابردوودا، هەولێر وەك هەمیشە بووەوە ناوەندێكی دیپلۆماسی و پێشاندانی وێنەیەكی گەورەی ئاوەدانی و پێكەوەژیان بە ڕووی دنیادا، ئەوەیش ئەو خەونانەی لە گۆڕانا كە گرووپێك لەناو كوردستان بانگەشەیان بۆ دەكرد، وێنایەكی وایان پێشاندەدا كە كوردستان قورسایی دیپلۆماسیی نەمابێت.
هەموو ئەو شاندە بیانی و میوانانەی كە روویان لە هەولێر كردووە، لە نزیكەوە لەو وێنەیە تێگەیشتن كە كوردستان ناوچەیەكی سەقامگیرە و ڕوو لە گەشەسەندنە.
كوردستان و ئیمارات
تەنیا لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا، شاندێكی باڵای ئیمارات بە سەرۆكایەتیی سەعید مبارك هاجری، وەزیری دەوڵەت و نێردەی تایبەتی ئیمارات بۆ كاروباری ئابووری بۆ هەرێمی كوردستان و شاندێكی یاوەری سەردانى کوردستانیان كرد و بۆ ماوەی چەند رۆژێك لە هەولێر مانەوە.
ئەوان هاتبوون تا پێوەندیی دۆستانە و تایبەتیی نێوان هەرێمی كوردستان و دەوڵەتی ئیمارات زیاتر گەشە پێ بدەن.
لە دیدارێكی جیاواز و لە كەشوهەوای فێنكی كوردستان، لە باخەكەی ماڵی سەرۆك وەزیرانی كوردستان، هاجری خواستی وڵاتەكەی بۆ پەرەپێدانی زیاتری پێوەندییەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان لە هەموو بوارەكاندا دەربڕی، ئاماژەی بەوە دا، هەرێمی كوردستان پێگەیەكی گرنگ و تایبەتیی لای سەركردایەتیی ئیمارات هەیە، دەرفەتی زۆر بۆ بەهێزتركردنی پێوەندیی دوولایەنە لە بوارە جۆراوجۆرەكاندا هەیە.
ئەمەریكا و بازرگانی
هەر لە ماوەی ئەو چەند رۆژەدا، شاندێكی ژووری بازرگانیی ئەمەریكا بە سەرۆكایەتیی ستیڤ لوتس، جێگری سەرۆكی ژووری بازرگانیی ئەمەریكا، كە لە ژمارەیەكی زۆری كۆمپانیا ئەمەریكییەكان پێكهاتبوون هاتنە هەولێر.
مەسروور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی كوردستان كە وەچەرخانێكی نوێی لە ئاوەدانیی كوردستان و گەشەسەندنی داهێنا، لە كۆبوونەوەی لەگەڵ ئەو شاندەدا پێزانینی هەرێمی كوردستانی بۆ هاریكاری و پشتیوانیی ئەمەریكا دەربڕی.
رێبەری چاكسازی
چاكسازییەكانی كوردستان كە مەسروور بارزانی رابەرایەتی دەكات، بووەتە هێمای سەرنجراكێشانی شاندە بیانییەكان و لە تەواوی ئەو دیدار و كۆبوونەوانەی بیانییەكان ئامادە دەبن ئاماژەی بۆ دەكرێت، ئێستە جیا لە چاكسازی هەریەكە لە پڕۆژەی رووناكی بۆ كارەبای 24 سەعاتی و هەژماری من، بوونەتە خاڵی گرنگ بۆ كوردستان و بیانییەكانی تووشی سەرسووڕمان كردووە كە كوردستان لەماوەی ئەو چەند ساڵەدا و سەرباری تەنگژەی ئابووری كە بەغدا دروستی كردووە وا گەشە دەكات.
شاندی سەربازی
لەبەر ئەوەی كوردستان لەلایەن پێشمەرگە و هاوشان لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمان دەپارێزرێت و مەترسیییەكانی دوور دەخرێنەوە، بۆیە شاندە سەربازییەكانیش پێ لە هەولێر نابڕن، لە هەمان هەفتەدا، ئەدمیراڵ براد كووپەر، فەرماندەی نوێی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریكا هاتە هەولێر.
وێڕای دووپاتكردنەوە لە گرنگیی بەردەوامبوونی پشتیوانیكردنی هێزی پێشمەرگە، دوایین پەرەسەندنەكانی بارودۆخی تەناهیی عێراق و ناوچەكەی تاوتوێ كرد.
فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریكا، ئاماژەی بە گرنگیی پێگەی هەرێمی كوردستان وەك هاوپەیمان و هاوبەشی ئەمەریكا لە ناوچەكەدا كرد، پشتیوانیی وڵاتەكەی بۆ ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان دەربڕی.
ئاسوودەیی شاندی میوان
لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، پرۆتۆكۆڵی كوردستان لەكاتی هێنانی شاندی بیانی رۆڵی گرنگیان گێڕاوە، بەو هۆیەوە هەموو شاندە بیانییەكان كە دێنە هەولێر ئاسوودەترن بەراورد بە هەر ناوچەیەكی تر.
زۆرینەی ئەو وڵاتانەیشی ئارەزووی گەشەسەندنی پێوەندییەكان لەگەڵ كوردستان دەكەن، بەردەوام دێن و دەڕۆن، بۆ نموونە شاندی تایلەندی، شاندی هۆڵەندی و جایكای ژاپۆنی كە ئارەزووی ئەنجامدانى پڕۆژە لە كوردستان دەكەن.
د. محەمەد شوكری، سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی كوردستان بۆ "وشە" گوتی، كوردستان كرانەوەیەكی تەواوی لە بواری وەبەرهێنان و پڕۆژەدا بەخۆیەوە بینیوە، بۆیە زۆرینەی وڵاتان دەیانەوێ لە كوردستان وەبەرهێنان بكەن.
ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد، ئەو زەمینە رەخساندنەی بۆ وڵاتان هەیە تا بێن لە كوردستان وەبەرهێنان بكەن، هۆكاری سەرەكییە كە ئاستی دیپلۆماسییەت و پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان روو لە گەشەی زیاتر بكات، ئەوەیش وێنایەكی تر پێشانی دنیا دەدات.