رۆژنامه‌ی ئورشێلیم پۆست بڵاوی كرده‌وه، به‌ر له جه‌نگی 12 رۆژه‌ی نێوان ئێران و ئیسرائیل، ده‌زگای هه‌واڵگریی مۆساد راهێنانی به ده‌یان ژن كردبوو بۆ ئه‌وه‌ی دزه بكه‌نه داوده‌زگاكانی ئێران، ئه‌وانه له ماوه‌ی جه‌نگدا رۆڵێكی زۆر كاریگه‌ریان گێڕا.
دێڤید بارنیا سه‌رۆكی دامه‌زراوه‌ی هه‌واڵگری و ئۆپراسیۆنی تایبه‌تیی ئیسرائیل پێی وایه، رۆڵی ژنه سیخوڕه‌كان له ماوه‌ی جه‌نگه‌كه‌دا زۆر گرنگ بووه. له كتێبی ''ئه‌مازۆنه‌كانی مۆساد'' كه له‌لایه‌ن مایكڵ بار زوهێر و نیسیم میساڵ له ساڵی 2021 نووسراوه، ژنه سیخوڕه‌كانی ئیسرائیل به فاكته‌رێكی گرنگی زاڵبوون و كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری له پیاوانی دوژمن و دۆزینه‌وه‌ی ناوه‌نده گرنگه ئه‌تۆمییه‌كان و ته‌نانه‌ت راسپێردراوی ئۆپراسیۆنه تایبه‌ته‌كان ناو براوه.
ئه‌زموونێكی بێوێنه
رۆژنامه‌كه پێی وایه ئه‌وه‌ی له 2025 و له میانه‌ی جه‌نگی 12 رۆژه له‌لایه‌ن ژنانی مۆساد كراوه، له مێژووی ئه‌و ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌دا زۆر بێوێنه‌ن.
سه‌تان سیخوڕی ئیسرائیل هه‌ر كامێك بۆ مه‌به‌ستێك ره‌وانه‌ی ئێران كراون، به هاوئاهه‌نگییه‌كی پته‌و و شاره‌زاییه‌كی بێ‌سنوور، هه‌وڵیان داوه ئه‌ركه‌كانی خۆیان جێبه‌جێ بكه‌ن.
ئه‌و سیخوڕانه هه‌ر له ناوخۆی تاران‌دا به‌شێوه‌یه‌كی رێكخراو و هاوئاهه‌نگ، ژماره‌یه‌كی زۆر له پێگه‌كانی سیستمی به‌رگریی ئێرانیان له‌ناو بردووه، له هه‌مان كاتدا زانیاریی زۆر وردیان به فڕۆكه‌كان داوه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وانیش ئامانجه‌كانی خۆیان به رێكی بپێكن.
گورزه‌كه‌ی ئیسرائیل كه له به‌ربه‌یانی 13ی حوزه‌یران ده‌ستی پێ كرد، ئه‌وه‌نده كاریگه‌ر بوو كه ژماره‌یه‌كی زۆر له فه‌رمانده باڵا سه‌ربازییه‌كانی ئێران و زانایانی ئه‌تۆمی كوژران و ئێران ئه‌وه‌نده شێوا، تا رۆژێك دواتر نه‌یتوانی وه‌ڵامی هێرش بداته‌وه.
شوێنی یۆرانیۆمه‌كه
ژنه سیخوڕه‌كان جگه له‌وه‌ی هاوكارێكی سه‌ره‌كی بوون له سه‌رخستنی ئۆپراسیۆنه‌كه و زیانگه‌یاندن به ئێران، له هه‌مان كاتدا به وردی ده‌زانن ئه‌و یۆرانیۆمه‌ی له ئێران شاراوه‌ته‌وه و هێشتا هێرشی نه‌كراوه‌ته سه‌ر، له كوێ هه‌ڵكه‌وتووه.
كۆنترۆڵ و زاڵبوونی مۆساد به‌سه‌ر ئه‌و شوێنه گرنگانه، تا ئاستێكه ئه‌گه‌ر ئێران بخوازێت له‌و ماده یۆرانیۆمه نزیك بكه‌وێته‌وه و مه‌یلی ئه‌وه‌ی هه‌بێت بۆمبی ئه‌تۆمی به‌رهه‌م بێنێت، ئه‌وا یه‌كسه‌ر سیخوڕه‌كان پێی ده‌زانن و ئیسرائیلی لێ ئاگادار ده‌كه‌نه‌وه.
ئه‌وه‌ی زۆرتر باسی لێوه كراوه، 400 كیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراو بووه كه له وێستگه‌كانی نه‌ته‌نز، فۆردۆ و ئیسفه‌هان له‌لایه‌ن فڕۆكه‌ی B2ی ئه‌مه‌ریكا كرانه ئامانج، به‌ڵام كه‌س له چاره‌نووسیان نازانێت، ئه‌و قه‌باره زۆره‌ی یۆرانیۆمی پیتێنراو توانای هه‌یه شه‌ش بۆمبی لێ به‌رهه‌م بهێنرێت.
هێشتا ئه‌و پرسیاره له ئارادایه ئێران ئه‌گه‌ر بخوازێت ئه‌و یۆرانیۆمه به‌كار بهێنێت و بۆ بۆمبی ئه‌تۆمی بیگۆڕێت، چه‌ندی پێ ده‌چێت، زۆربه‌ی شرۆڤه‌كان باس له‌وه ده‌كه‌ن، لانی كه‌م دوو ساڵی پێویسته تا پرۆسه‌كه جێبه‌جێ بكات، له كاتێكدا به‌ر له جه‌نگی 12 رۆژه، ئێران ده‌یتوانی له ماوه‌ی چه‌ندان هه‌فته‌دا بۆمبه‌كه به‌رهه‌م بهێنێت.
ئێران تووشی دۆخێك بووه كه ناتوانێت نه بگه‌ڕێته‌وه و نه به‌ره‌وپێش بچێت، ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تیی وزه‌ی ئه‌تۆمی كۆمه‌ڵێك مه‌رجی به‌سه‌ردا سه‌پاندووه، ئێرانیش بۆ رێگریكردن له زیندووكردنه‌وه‌ی سزاكانی به‌ر له 2015، مه‌رجه‌كانی قبووڵ كردوون و به‌گوێره‌ی رێككه‌وتنه‌كه، چاودێرانی ئاژانسه‌كه ده‌ست به پشكنین و به‌دواداچوونه‌كانیان له ناوخۆی ئێران ده‌كه‌نه‌وه.