ئه‌مڕۆ سێشه‌م 16ی ئه‌یلوول، سێ ساڵ به‌سه‌ر ئه‌و رۆژه‌دا تێده‌په‌ڕێت كه ژینا ئه‌مینی به‌هۆی ئه‌شكه‌نجه‌ی هێزه‌كانی ئێران، دوای سێ رۆژ مانه‌وه له نه‌خۆشخانه گیانی سپارد و ئه‌م رووداوه‌ش، چه‌خماخه‌ی شۆڕشێكی گه‌وره‌ی له سه‌قزه‌وه لێ دا كه دواتر ته‌واوی ئێرانی داگرت، شۆڕشێك كه به شۆڕشی ''ژن، ژیان، ئازادی'' ناوی ده‌ركرد، كاریگه‌رییه‌كانی ئه‌م شۆڕشه تا ئه‌م ساته به‌سه‌ر ته‌واوی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و ئێران‌دا زاڵه.
له 13ی ئه‌یلوولی ساڵی 2022 ژینا ئه‌مینی خه‌ڵكی سه‌قز، له‌گه‌ڵ براكه‌ی سه‌ردانی تارانیان كردبوو و له وێستگه‌ی مێترۆ، له‌لایه‌ن پۆلیسی ئاداب/ره‌وشت به تۆمه‌تی ره‌چاونه‌كردنی باڵاپۆشی، گیرا و له براكه‌ی جیا كرایه‌وه، ئه‌و رۆژه ژینا به‌هۆی ئه‌شكه‌نجه له هۆش خۆی چوو و ره‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه كرا، به‌ڵام له 16ی ئه‌یلوول دوای سێ رۆژ گیانی سپارد.
ژینا له 17ی ئه‌یلوول له گۆڕستانی ئایجیی سه‌قز به‌خاك سپێردرا و چه‌خماخه‌ی شۆڕش هه‌ر له میانه‌ی به‌خاكسپاردنی ژینا ئه‌مینی و ئه‌و دروشمانه لێ درا، كه له دژی ده‌سه‌ڵاتی كۆماری ئیسلامی به‌رز كرانه‌وه. هه‌ر له گۆڕستانه‌وه خه‌ڵك ده‌ستیان به خۆپێشاندان كرد، له ماوه‌یه‌كی كورتدا ته‌واوی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و پاشان ته‌واوی ئێرانی ته‌نی و شۆڕشێكی گه‌وره هه‌ڵگیرسا. به‌هۆی ئه‌و شۆڕشه لانی كه‌م 600 كه‌س له ئێران به ته‌قه‌ی راسته‌وخۆی هێزه‌كانی ئێران كوژران و به هه‌زاران كه‌سیش بریندار بوون یان خرانه گرتووخانه‌وه.
هه‌ر له گۆڕستانه‌كه‌دا ژنان له‌چكه‌كانیان فڕێ دا و پیاوانیش پاڵپشتییان كرد. دروشمی رووخانی رژێمی ئێران به‌رز كرایه‌وه و بۆ رۆژی دواتر سنه‌ش چووه پاڵ خۆپێشانده‌ران و له ماوه‌ی كه‌متر له چوار رۆژدا، ته‌واوی رۆژهه‌ڵاتی كوردستانی گرته‌وه.
خۆپێشاندانه‌كان دواتر بۆ شاره‌كانی تاران و شاره گه‌وره‌كانی ئێران په‌ره‌یان سه‌ند و رۆژ به رۆژ به‌رفراوانتر بوون. له‌و ماوه‌یه‌دا گه‌وره‌ترین مانگرتن له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان به‌ڕێوه چوو كه مێژوو به خۆیه‌وه نه‌بینیوه.
یه‌كێك له تایبه‌تمه‌ندیی هه‌ره سه‌ره‌كیی خۆپێشاندانه‌كانی ئه‌مجاره‌ی ئێران ئه‌وه بوو، به پێچه‌وانه‌ی رابردوو خه‌ڵكی ئێران، پشتیوانی‌یان له خه‌ڵكی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان كرد.
رژێمی ئێران هه‌وڵێكی زۆری دا خۆپێشاندانه‌كان به‌لاڕێدا ببات و بڵێت ئه‌وه‌ی روو ده‌دات، هه‌وڵی جوداخوازی كورده و ده‌یانه‌وێ ئێران دابه‌ش بكه‌ن، به‌ڵام هیچ كه‌سێك ئه‌و بۆچوونه‌ی ده‌سه‌ڵاتی تارانی به هه‌ند وه‌رنه‌گرت. كۆماری ئیسلامیی ئێران ته‌نانه‌ت چه‌ندان جار مووشه‌كبارانی بنكه و باره‌گاكانی حزبه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له قووڵایی خاكی هه‌رێمی كوردستانی كرد، ویستی وای پێشان بدات ئه‌وه‌ی له ناوخۆی ئێران روو ده‌دات، ده‌ستی ئه‌و حزبانه‌ی تێدایه و له ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌كانه‌وه رێبه‌ری ده‌كرێن.
سیمایه‌كی تری ئه‌و خۆپێشاندانانه ئه‌وه‌بوو دروشمه‌كان دروشمی رادیكاڵ بوون و له هه‌موو شوێنێكی ئێران، داوای رووخانی رژێمی ئیسلامی كرا.
راسته شۆڕشه‌كه سه‌ركوت كرا و به هه‌زاران كه‌س له گرتووخانه‌كانن كه به‌شێكیان سزای له‌سێداره‌دانیان به‌سه‌ردا سه‌پێنرا، حوكمه‌كانیشیان جێبه‌جێ كرا و به‌شێكی تر گرتنی درێژخایه‌نیان بۆ بڕایه‌وه و له كونجی گرتووخانه دانیشتوون، به‌ڵام هێشتا خه‌ڵك به ویست و داخوازییه سه‌ره‌كییه‌كانی شۆڕش نه‌گه‌یشتوون، شۆڕشه‌كه له‌ناو دڵ و ده‌روون و خه‌ڵكدا به زیندوویی ماوه‌ته‌وه و ئاوێته‌ی خه‌باتێكی نه‌پساوه‌ی مه‌ده‌نی بووه.