ئه‌و ساته‌م له بیره كه زانیم شێوازی مامه‌ڵه‌كردنم سه‌ركه‌وتوو نییه له‌سه‌ر به‌كارهێنانی زیره‌كیی ده‌ستكرد له‌لایه‌ن خوێندكارانه‌وه.
له پایزی ڕابردوو له سه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا له كه‌مپی ئه‌بوزه‌بی زانكۆی نیویۆرك، پرۆفیسۆرێكی فه‌لسه‌فه كه قۆڵه‌كانی له‌سه‌ر سنگی دانابوو، پێی گوتم كه یه‌كێك له‌و ستراتیجییانه‌ی تاقی كردووه‌ته‌وه كه نووسینگه‌كه‌ی من پێشنیاری كردبوو، ئه‌ویش قسه‌كردن بووه له‌گه‌ڵ خوێندكاره‌كانیدا له‌باره‌ی ئه‌و ڕێگایانه‌ی كه زیره‌كیی ده‌ستكرد ده‌توانێت تێكه‌ڵ به فێربوونیان بێت، به‌ڵام ئه‌مه‌ش كاری نه‌كردبوو. خوێندكاره‌كانی به‌ڕێزه‌وه گوێیان گرتبوو، پاشان چه‌ند كه‌سێكیان هه‌ر زیره‌كیی ده‌ستكردیان بۆ نووسینی توێژینه‌وه‌كانیان به‌كار هێنابوو. به‌تایبه‌تی ده‌یانویست من بزانم كه "ته‌نانه‌ت خوێندكاره باشه‌كانیش،" ئه‌وانه‌ی كه ئاماده‌ی پۆل ده‌بوون و ده‌یانویست له‌باره‌ی بابه‌ته‌كان قسه بكه‌ن، زیره‌كیی ده‌ستكردیان به‌كار ده‌هێنا بۆ خۆدزینه‌وه له كاركردن له ده‌ره‌وه‌ی پۆل.
ئه‌مه بابه‌تێكه كه به‌رده‌وام ده‌یبیستمه‌وه، له كاتی گوێگرتن له ئه‌ندامانی فاكه‌ڵتی له سه‌رانسه‌ری پسپۆڕییه جیاوازه‌كان له كۆتایی سیستمه‌ره‌كاندا، ته‌نانه‌ت هه‌ندێك له‌و خوێندكارانه‌ی به‌ڕوونی گرنگییان به بابه‌ته‌كان ده‌دا و وا ده‌رده‌كه‌وتن كه حه‌زیان له پۆله‌كانه، چیتر كاری قورسیان نه‌ده‌كرد بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی كه ده‌یانه‌وێت چی بڵێن. ستراتیجی زیره‌كیی ده‌ستكردی ئێمه، وای دانابوو كه هانی به‌كارهێنانی زیره‌كیی ده‌ستكرد بدات به شێوه‌یه‌كی چالاكانه و كارلێك، به خوێندكاران بڵێین كه ده‌توانن نه‌رمه‌كاڵای (سۆفتوێر) وه‌ك ChatGPT به‌كار بهێنن بۆ دروستكردنی تاقیكردنه‌وه‌ی كرده‌نی بۆ تاقیكردنه‌وه‌ی خۆیان، گه‌ڕان به‌دوای بیرۆكه‌ی نوێ یان داواكردنی فیدباك و تێبینی، خوێندكاران ڕازی بكات كه واز له به‌كارهێنانه ته‌مبه‌ڵه‌كان بهێنن. به‌ڵام وا ده‌رنه‌چوو.
ئێمه ناتوانین به ساده‌یی ئه‌ركه‌كانمان دابڕێژینه‌وه بۆ ڕێگریكردن له به‌كارهێنانی ته‌مبه‌ڵانه‌ی زیره‌كیی ده‌ستكرد. (هه‌وڵمان داوه) ئه‌گه‌ر داوا له خوێندكاران بكه‌یت زیره‌كیی ده‌ستكرد به‌كار بهێنن، به‌ڵام ڕه‌خنه له‌وه بگرن كه ده‌یانداتێ، ئه‌وان ده‌توانن ڕه‌خنه‌كه‌ش به زیره‌كیی ده‌ستكرد دروست بكه‌ن. ئه‌گه‌ر مامۆستای تایبه‌تی زیره‌كیی ده‌ستكردیان بۆ دانێیت كه ته‌نیا بۆ ڕێنوێنیكردنیان ڕاهێنراون، هێشتا ده‌توانن ئه‌و ئامرازانه به‌كار بهێنن كه ته‌نیا وه‌ڵامه‌كان ده‌ده‌ن. ئامێره‌كانی دۆزینه‌وه‌ش ئه‌گه‌ری زۆری تۆمه‌تباركردنی هه‌ڵه‌یان هه‌یه و زۆر لاوازن له گرتن و ئاشكراكردنی ئه‌و ده‌قانه‌ی كه كه‌مێك ده‌ستكاری كراون، بۆیه پرۆفیسۆره‌كان ناتوانن پشتیانی پێ ببه‌ستن.
فێربوون گۆڕانكارییه‌كی درێژخایه‌نه له بیرگه‌ی مرۆڤدا. ئه‌وه هاوتای بایۆلۆجیی ئه‌و كاره‌یه كه ئێمه له پۆلدا ده‌یكه‌ین. ئێسته كه زۆربه‌ی هه‌وڵه‌كه پێوه‌سته به نووسینی سه‌رپشككراو، پێویستمان به ڕێگه‌ی نوێ هه‌یه بۆ داواكردنی ئه‌و كاره‌ی كه بۆ فێربوون پێویسته. ئه‌مه مانای دووركه‌وتنه‌وه‌یه له ئه‌ركی ماڵه‌وه و وتار و ڕۆیشتن به‌ره‌و نووسین له ناو كتێبی شین (بلوو بوك). له‌ناو پۆلدا (كتێبی شین به‌و كتێبه ده‌گوترێت به‌رگێكی شینی هه‌یه و په‌ڕه‌كانی سپین و هیچی تێدا نه‌نووسراوه)، تاقیكردنه‌وه‌ی زاره‌كی، كاته‌كانی كاری نووسینگه‌ی ناچاری و هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كانی تر كه داوا له خوێندكاران ده‌كه‌ن زانیارییه‌كانیان له كاتی ڕاسته‌قینه‌دا پێشان بده‌ن. ئه‌م گۆڕانكارییه له ئێسته‌وه ڕوو ده‌دات، ڕۆژنامه‌ی وۆڵ ستریت جۆرناڵ ڕاپۆرتی له‌سه‌ر فرۆشی به‌رچاوی كتێبه شینه‌كان له ساڵی خوێندنی ڕابردوودا.
خوێندكاران و مامۆستایان به هه‌مانشێوه گومانیان له‌م گۆڕانكارییانه هه‌یه. یه‌كێك له‌و پرۆفیسۆرانه‌ی كه ده‌یناسم، پشتبه‌ستنی نوێی به‌كار هێناوه كه ئه‌ویش كاری ناوپۆله هاوشێوه‌ی "وانه‌گوتنه‌وه‌ی ئاماده‌یی". به‌ڵام ئه‌م ستراتیجییانه نیشانه‌ی له‌ده‌ستدانی ورده‌كاری نین، به‌ڵكو ته‌نیا گه‌ڕانه‌وه‌یه‌كن بۆ مۆدێلێكی كۆنتر و پێوه‌ندیدارتر له خوێندنی باڵا.
قسه‌كردن، گوێگرتن و خوێندنه‌وه له سه‌ره‌تاوه به‌شێك بوون له كولتووری ئه‌كادیمی، به‌ڵام ئه‌ركه نووسراوه‌كان وه‌ك وتاری پێنج په‌ره‌گرافی، توێژینه‌وه‌ی زانستی، وه‌ڵامی خوێندنه‌وه له ئه‌كادیمیادا نه‌بوو. له سه‌ره‌تاییترین زانكۆكاندا كه هه‌زار ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر له چه‌ند شارێكی ئه‌وروپیدا هه‌بوو، كتێب كه‌م بوو، چاپخانه بوونی نه‌بوو، خوێندن له‌سه‌ر بنه‌مای فێركردن و تاقیكردنه‌وه‌ی زاره‌كی ڕێكخرابوو.
وشه‌كانی "وانه، وانه‌بێژ" و "ستاندی وانه‌بێژ" هه‌موویان له وشه‌ی لاتینی "lego" وه‌رگیراون، كه به شێوه‌یه‌كی گشتی به مانای "خوێندنه‌وه" دێت. له زانكۆی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاستدا، وانه‌كان بریتی بوون له خوێندنه‌وه‌ی مامۆستایان له كتێبێكه‌وه بۆ خوێندكاران، هه‌ندێك جار كتێبه‌كه تاكه كۆپی بوو كه دامه‌زراوه‌كه هه‌یبوو. هه‌ندێك جار پرۆفیسۆره‌كان شیكردنه‌وه‌ی خۆیان بۆ خوێندنه‌وه‌كه زیاد ده‌كرد، هه‌ندێك جار زیادیان نه‌ده‌كرد. له هه‌ندێك خوێندكار چاوه‌ڕوان ده‌كرا ئه‌وه‌ی ده‌یبیستن بینووسنه‌وه، هه‌ندێكیان ته‌نیا گوێ بگرن. هه‌ندێك كات نووسینه‌وه هان نه‌ده‌درا. له ساڵی ١٣٥٥ فاكه‌ڵتیی هونه‌ر له زانكۆی پاریس، ئه‌وه‌ی له مامۆستایانی قه‌ده‌غه كرد كه به هێواشی وانه بڵێنه‌وه و ڕێگه به خوێندكاران بدات وانه‌كانیان وشه به وشه كۆپی بكه‌ن.
هێشتا ده‌توانی شوێنه‌واری ئه‌و كولتووره ئه‌كادیمییه كۆنه له پرۆگرامه‌كانی دكتۆرادا ببینیت، كه تێیدا خوێندكاران ده‌بێت تاقیكردنه‌وه‌ی زاره‌كی تێپه‌ڕێنن و به‌رگری له تێزه‌كه‌یان بكه‌ن به "به ده‌نگی زیندوو"، له گفتوگۆدا له‌گه‌ڵ سه‌رپه‌رشتاریان. كامبریج و ئۆكسفۆرد كه ئیلهامبه‌خشی زۆربه‌ی كۆلێژه سه‌ره‌تاییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بوون، تا سه‌ده‌ی ١٨ و ١٩ به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو تاقیكردنه‌وه‌ی نووسراویان پێڕه‌و نه‌كرد، واته نیو هه‌زاره دوای دامه‌زراندنیان. گۆڕانكاریی به‌ره‌و كاری نووسراوی ڕه‌سه‌نی خوێندكاران به‌شێكی وه‌ڵامێك بوو بۆ فێركردن له بواره ته‌كنیكییه‌كاندا، كه ڕووی له زیادبوون ده‌كرد و به‌شێكیشی له‌به‌رئه‌وه‌ی كاری نووسراو فێركردنی خوێندكاری زیاتری ئاسانتر ده‌كرد.
ته‌نانه‌ت له ئه‌مه‌ریكاش كۆلێژه سه‌ره‌تاییه‌كانمان شوێن نه‌ریتی تاقیكردنه‌وه‌ی زاره‌كی كه‌وتبوون. گرنگیدان به نووسینی خوێندكاران بڵاو نه‌بووه‌وه تا له ساڵانی ١٨٧٠، ئه‌و كاته‌ی ده‌ستمان كرد به لاساییكردنه‌وه‌ی زانكۆكانی ئه‌ڵمانیا. بابه‌تی نووسین بۆ خوێندكاری نوێ كه له ئه‌مه‌ریكا دوای جه‌نگی جیهانیی دووه‌م، بوو بابه‌تی بنچینه‌یی، چاوه‌ڕێی ناوه‌ڕۆكی تایبه‌ت و ده‌ربڕینی ئاستبه‌رزتر له خوێندكاران كرا.
هه‌موو ئه‌مانه بۆ ئه‌وه‌یه بڵێین كه پراكتیزه ئێسته‌ییه‌كانی ئێمه له‌باره‌ی نووسینی خوێندكاران، به‌شێك نین له نه‌ریتێكی دێرین. ئه‌وه‌ی كام ئه‌رك نووسراوه و كامه زاره‌كییه به‌درێژایی ساڵان گۆڕاوه. ئێسته‌ش جارێكی تر ده‌گۆڕێت، ئه‌مجاره دوور له نووسینی ڕه‌سه‌نی خوێندكاران كه له ده‌ره‌وه‌ی پۆل ده‌كرێت و به‌ره‌و شتێكی كارلێككارانه‌تر له نێوان خوێندكار و پرۆفیسۆردا، یان لانیكه‌م خوێندكار و یاریده‌ده‌ری مامۆستادا ده‌ڕۆین.
هه‌رچه‌نده گه‌ڕانه‌وه‌ی تاقیكردنه‌وه‌ی كتێبی شین، یه‌كێكه له نیشانه‌كانی ئه‌م گۆڕانكارییه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ژماره‌یه‌ك پراكتیزه‌ی كۆنتر بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی فێربوونی خوێندكاران زیندوو ده‌كرێنه‌وه. ئه‌ندامانی فاكه‌ڵتی ده‌توانن خوێندكاران بخه‌نه ناو گفتوگۆوه، له ڕێگه‌ی دیالۆگی سۆكراتی یان پرسیار و وه‌ڵامی ساده‌وه. ده‌توانن به‌شێوه‌یه‌كی چاوه‌ڕواننه‌كراو پرسیار له خوێندكاران بكه‌ن یان وا له خوێندكاران بكه‌ن، پرسیار له یه‌كتر بكه‌ن. ئه‌مه له‌وانه‌یه پێویستی به پۆلی بێ ئامێر هه‌بێت، چونكه زۆر له ئه‌ندامانی فاكه‌ڵتی ڕاپۆرتیان داوه كه خوێندكاران ChatGPT له پۆلدا به‌كار ده‌هێنن بۆ دروستكردنی وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه‌ی له پۆلدا ده‌كرێن.

ئه‌ندامانی فاكه‌ڵتی ده‌توانن داوا له خوێندكاران بكه‌ن بێن بۆ كاته‌كانی كاركردنی ناو نووسینگه، كارلێكی هاوشێوه‌ی بێ ئاماده‌كارییان هه‌بێت، یان داوایان لێ بكه‌ن ئه‌ركێك ئه‌نجام بده‌ن كه ته‌نیا ئه‌گه‌ر بابه‌ته‌كه فێر بووبێت، ده‌توانن بیكه‌ن (پێی ده‌گوترێت هه‌ڵسه‌نگاندنی ڕاسته‌قینه). ده‌توانین داوا له خوێندكاران بكه‌ن هه‌فته‌یه‌ك شتێك له پۆلدا بنووسن و هه‌فته‌ی دواتر له پۆلدا پێیدا بچنه‌وه. هه‌روه‌ها ئامراز هه‌ن بۆ چاودێریكردنی دوور یان قفڵكردنی وێبگه‌ڕه‌كان، بۆ ڕێگریكردن له خوێندكاران له به‌كارهێنانی زیره‌كیی ده‌ستكرد له كاتی كاركردندا ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له پۆلدا نه‌بن. هه‌ندێك قوتابخانه پۆلی بێ ئینته‌رنێت دروست ده‌كه‌ن بۆ ئه‌نجامدانی تاقیكردنه‌وه‌كان. ئامانجه‌كه ئه‌وه‌یه كه خوێندكاران پێشانی بده‌ن چی‌یان له كاره‌كه‌یان وه‌رگرتووه و له مێشكیاندا جێگیر بووه.
هه‌ندێك كێشه پێوه‌ندی به قه‌باره‌وه هه‌یه، له‌گه‌ڵ هه‌ندێك پۆلی وانه‌بێژی كه سه‌تان خوێندكاری تێدایه، گفتوگۆی ناو پۆل كارێكی مه‌حاڵه. له‌وانه‌یه پێویست بكات هه‌ڵسه‌نگاندنی زیاتر له به‌شه‌كاندا بكه‌ین كه له‌لایه‌ن یاریده‌ده‌رانی مامۆستاوه به‌ڕێوه ده‌برێن یان دانیشتنی نووسینی چاودێریكراو. ئه‌مڕۆ توێژینه‌وه‌كان ده‌بینین له‌باره‌ی تاقیكردنه‌وه‌ی زاره‌كی له‌سه‌ر ژماره‌ی گه‌وره‌ی خوێندكارانیش كه بڵاو ده‌كرێنه‌وه.
من له‌گه‌ڵ سه‌تان ئه‌ندامی فاكه‌ڵتیی زانكۆی نیویۆرك قسه‌م كردووه به‌درێژایی ساڵان، كه‌مێكیان حه‌زیان له‌مه‌یه كه ئاماژه‌مان بۆ كرد. هه‌ندێك له‌م هه‌سته ته‌نیا بێزارییه‌كه كه هه‌ر كه‌سێك هه‌ستی پێ ده‌كات كاتێك ڕۆتینی كاره‌كه‌ی تێكده‌درێت، دووباره بیركردنه‌وه له ئه‌ركه‌كان و دووباره داڕشتنه‌وه‌ی میتۆده‌كان، له‌گه‌ڵ دووباره ڕێكخستنه‌وه‌یه‌كی كاتی پۆل. به‌ڵام سه‌رنجێكی گرنگیش هه‌یه هه‌ڵسه‌نگاندنی كاتبه‌ند، له‌وانه‌یه سوود به‌و خوێندكارانه بگه‌یه‌نێت كه له بیركردنه‌وه‌ی خێرادا باشن، نه‌ك ئه‌و خوێندكارانه‌ی كه له بیركردنه‌وه‌ی قووڵدا باشن. ئه‌وه‌ی كه ده‌توانین ناوی بنێین بژارده‌ی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست، كاردانه‌وه‌ن به‌رانبه‌ر ده‌ركه‌وتنی له ناكاوی زیره‌كیی ده‌ستكرد، هه‌وڵێكه بۆ پێداگریی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی خوێندكاران كار بكه‌ن، نه‌ك ته‌نیا لاسایی كاركردن بكه‌نه‌وه.
خوێندكاران پێم ده‌ڵێن كه ئه‌وانیش حه‌زیان له شێوازه نوێیه‌كانی هه‌ڵسه‌نگاندن نییه. هه‌ندێك له‌مه ته‌نیا بێزارییه‌كه كه هه‌ر كه‌سێك هه‌ستی پێ ده‌كات، كاتێك ئامرازێكی كارئاسانكه‌ر له ده‌ست ده‌دات. به‌ڵام هه‌ندێك خوێندكار له‌وانه‌یه له‌گه‌ڵ لایه‌نه كرده‌نییه‌كانی ئه‌م سیستمه نوێیه‌دا تووشی كێشه ببن. ئه‌مه نه‌وه‌یه‌كه كه هه‌رگیز فێری به ده‌ست نووسین نه‌بووه، له‌گه‌ڵ به تایپكردن گه‌وره بوون. بۆ زۆریان وتاری كاتدار گه‌ڕانه‌وه نییه بۆ هیچ شتێك، به‌ڵكو شێوازێكی نوێ و نامۆیه. هه‌ندێكیان له ئێسته‌وه ئه‌وه‌نده پشت به زیره‌كیی ده‌ستكرد ده‌به‌ستن كه كاركردن به‌بێ ئه‌و، شتێكی سه‌رلێشێوێنه‌ر و ته‌نانه‌ت ناخۆشه. ئه‌و كۆمه‌ڵه خوێندكاره‌ی كه ئه‌م پایزه دێنه كۆلێژ، بۆ زۆربه‌ی ساڵانی ئاماده‌ییان، ده‌ستیان به زیره‌كیی ده‌ستكردی به‌رهه‌مهێنه‌ر گه‌یشتووه. هاوكارێكم له زانكۆیه‌كی تردا به‌مدواییه ڕاپۆرتێك كه خوێندكارێك گوتوویه‌تی، له‌باره‌ی گه‌ڕانه‌وه بۆ تاقیكردنه‌وه‌ی ناو پۆل و سنوورداركردنی ده‌ستگه‌یشتن به ئامێره‌كان، "وه‌ك ئه‌وه وایه بیانه‌وێت ئێمه شكست بهێنین."
ئێمه بێگومان نامانه‌وێ خوێندكاره‌كانمان شكست بهێنن، به‌ڵام نامانه‌وێت له فێربوونیشدا شكست بهێنن. خوێندكارێك كه توێژینه‌وه‌یه‌ك ده‌كات له بابه‌تی مێژوو، له ڕێگه‌ی كۆپیكردن و په‌یستكردن، ئه‌و له پۆله‌كه‌ی ده‌رچووه نه‌ك له زانستی مێژوو. ئه‌گه‌ر شێوازی كاركردنی دڵخوازی خوێندكار هه‌وڵی مێشكی خوێندكاره‌كه كه‌م بكاته‌وه، ده‌بێت ئێمه به جۆرێك له جۆره‌كان ئه‌و هه‌وڵه دووباره بخه‌ینه‌وه گه‌ڕ.
نزیكه‌ی هه‌زاره‌مین ڕۆژه له دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی ChatGPT. له‌و ماوه كورته‌دا، له ئێسته‌وه ڕوونه كه هاتنی نه‌رمه‌كاڵایه‌ك كه ده‌توانێت بڕێكی بێ‌سنوور له ده‌قی "باش" به‌رهه‌م بهێنێت، به‌های زۆر جۆر له نووسینیش كه‌م ده‌كاته‌وه. به‌ڵام هێشتا بازاڕێك بۆ كوالێتی ده‌مێنێته‌وه، وه‌ك چۆن هێشتا بازاڕێك بۆ فیلم هه‌یه، سه‌ره‌ڕای بوونی تیكتۆك، به‌ڵام به‌رهه‌مهێنانی نووسینی ئاسایی ئێسته پێویستی به لێهاتوویی زۆر نییه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی نووسینی بازرگانی ده‌بێته ئۆتۆماتیكی، نووسینی زانكۆیی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ دۆخی مێژوویی خۆی، به گرنگیدانی زیاتر به نووسینی خوێندكاران بۆ سپاردنی شته‌كان به بیرگه و یادگه‌یان، نه‌ك بۆ دروستكردنی به‌رهه‌مێكی نووسراوی ده‌ستكرد.
به‌ڵام به تێپه‌ڕبوونی كات، ئێمه خۆمان ده‌گونجێنین. (گونجاندنی به‌رده‌وام و پله به پله شێوازی كاركردنی كۆلێژ و زانكۆكانه.) سه‌ره‌ڕای ڕاگه‌یاندنه به‌رده‌وامه‌كان كه كۆلێژ له‌ناو چووه، چونكه خوێندكاران ئێسته ده‌توانن خوێندن له خوله ئۆنلاینه خۆڕاییه‌كان یان ته‌له‌ڤزیۆن یان ڕادیۆ یان چاپخانه‌وه وه‌ربگرن، ئه‌و شۆڕشانه هه‌رگیز ئێمه‌یان له‌ناو نه‌برد. زیره‌كیی ده‌ستكردیش له ناومان نابات. پێچه‌وانه‌ی زۆر له بۆچوونه باوه‌كان، كاری كۆلێژ له بواری گواستنه‌وه‌ی زانیاری‌دا نییه، ئێمه له بواری پێكهێنانی ناسنامه‌داین. گه‌ڕانه‌وه‌ی ئێمه بۆ سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست گه‌ڕانه‌وه‌یه‌كی سه‌راپایی نابێت. كتێبه شینه‌كان و تاقیكردنه‌وه‌ی زاره‌كی شانبه‌شانی داهێنانه مۆدێرنه‌كانی وه‌ك فێربوونی چالاك و هه‌ڵسه‌نگاندنی ڕاسته‌قینه پێكه‌وه ڕێ ده‌كه‌ن. به گه‌ڕانه‌وه بۆ شێوازێكی گفتوگۆییتر، له ناكاوتر و تایبه‌تمه‌ندتر، خوێندنی باڵا ده‌كاته شتێكی كه‌سیتر، خۆڕسكتر و تایبه‌تتر، هه‌ستی كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ دامه‌زراوه‌كانمان ده‌گه‌ڕێنێته‌وه.
نوسینی: كله‌ی شێركی، جێگری سه‌رۆكی زانكۆی نیویۆرك، له ساڵی ٢٠١٥ه‌وه، یارمه‌تی ئه‌ندامانی فاكه‌ڵتی و خوێندكارانی داوه بۆ خۆگونجاندن له‌گه‌ڵ ئامرازه دیجیتاڵییه‌كان.
نیویۆرك تایمز
و: ڕامیار مه‌حموود