چیرۆكێكی ئه‌ڵمانی هه‌یه به ناوی (ڕاوكه‌ره‌كه و ژنه‌كه‌ی). رۆژێك ڕاوكه‌ره پیره‌كه ماسییه‌كی سه‌یر ده‌گرێت، ماسییه‌كه قسه ده‌كات. ده‌رده‌كه‌وێت میرێكی جادووكه‌ر له ناو ماسییه‌كه‌دایه، واته ده‌كرێت هه‌ر ئاواتێك بهێنێته دی كه پێی بڵێیت. هاوسه‌ری پیاوه‌كه ناوی ئیزابێڵه، كه ماسییه‌كه ده‌بینێت ده‌ست ده‌كات به ئاواتخواستن. داوای كۆشك و ته‌لار ده‌كات، ماسییه‌كه پێشكه‌شی ده‌كات. داواكارییه‌كانی ئیزابێڵ نابڕێنه‌وه، تا وای لێ دێت ئاواتی بوون به پاپای ڤاتیكان و ته‌نانه‌ت خودا‌ش ده‌خوازێت. له ئاكامدا ماسییه‌كه لێی په‌ست ده‌بێت، گۆمه‌كه ڕه‌ش ده‌كات و چیی پێی داوه لێی وه‌رده‌گرێته‌وه. په‌یامی چیرۆكه‌كه ڕوونه، پێمان ده‌ڵێت ئاوات بۆ شتێك مه‌خوازه كه مافت نه‌بێت وه‌ریبگریت.
ئه‌مڕۆ هه‌موومان وا ڕه‌فتار ده‌كه‌ین كه ماسییه‌كی له‌م جۆره‌مان له گیرفانه، پێی ده‌ڵێین ئه‌ركی رۆژانه‌ی زانكۆمان بۆ ڕاپه‌ڕێنه، گرته‌یه‌كی سێكسیی دڵخوازمان بۆ به‌رهه‌م بهێنه، وێنه‌یه‌كمان بۆ دروست بكه یان وتارێكمان بۆ بنووسه. به یه‌ك خوله‌ك ده‌یكات. ئه‌م ماسییه ژیریی ده‌ستكرده.
ئه‌م شێوازه له گه‌یشتن به مه‌به‌ست نه‌ك ته‌نیا هه‌ستمان بۆ تازه‌گه‌ری و هونه‌ر و زانست و موزیك ده‌كوژێت، بگره پێناسه‌ی هه‌موویان داده‌ڕێژێته‌وه، ته‌نانه‌ت بۆچوونمان له باره‌ی تێگه‌یشتن له خۆمان وه‌ك مرۆڤ ده‌گۆڕێت. له پێش چاومه، زۆربه‌ی خه‌ڵك بۆ ڕاییكردنی كاروباره‌كانی ژیانیان، پشت به ژیریی ده‌ستكرد ده‌به‌ستن. له‌وانه‌یه پێی بڵێن له‌بری ئێمه مامه‌ڵه‌یه‌كی بازرگانی بكه، ره‌خنه له فڵان بگره، بۆچوونی فیسار وه‌ربگره و هه‌تا دوایی. وا ده‌زانن هه‌رگیز گۆمه‌كه ڕه‌ش نابێت.
ئیزابێله‌كانی ئه‌مڕۆ له زانكۆ داده‌نیشن، ماسییه سیحراوییه‌كه‌شیان له گیرفانه. به‌ڵام ده‌زانن ئه‌گه‌ر به‌كاری بهێنن بۆ ڕاپه‌ڕاندنی ئه‌ركێك ئه‌وا مامۆستاكه‌یان، كه په‌روه‌رده‌ی نه‌وه‌ی پێشووه، سزایان ده‌دات. ئه‌م به‌رزه‌فتكردنه هه‌رچه‌ند ساڵێكی تر ده‌خایه‌نێت و پاشان نامێنێت، چونكه ئیزابێل و هاوپۆله‌كانی كه هه‌میشه ماسییه‌كه‌یان له گیرفان بووه، ده‌بن به مامۆستا و شوێنی ئه‌وانه‌ی ئێسته ده‌گرنه‌وه. ئه‌گه‌ر ئیزابێل خۆشه‌ویستێك یان مامۆستایه‌كی ئاینی یان پزیشكێكی ده‌روونی بوێت، سه‌یرێكی گیرفانی ده‌كات و ماسییه‌كه وه‌ك هه‌ریه‌ك له‌وانه بۆی ده‌دوێت، به جۆرێك قسه له‌گه‌ڵ یه‌ك ده‌كه‌ن كه چه‌ندان ساڵه یه‌ك ده‌ناسن.
ژیریی ده‌ستكرد دنیای بۆ ئیزابێل بچووك كردووه‌ته‌وه، وه‌ك ئیزابێلی ناو چیرۆكه‌كه‌ی سه‌ره‌وه، له‌وانه‌یه داوا بكات ببێت به پاپای ڤاتیكان، به‌ڵام نازانێت كه ئه‌و ڕێیه ناهه‌موار و سه‌خته. مرۆڤ چێژ له نه‌هامه‌تی و سه‌ختی و ئاسته‌نگ ده‌بینێت، حه‌ز ده‌كات به‌سه‌ریان زاڵ بێت، كه‌چی ژیریی ده‌ستكرد ئه‌و ڕێیه زه‌حمه‌ته بۆ نووسینی چه‌ند نامه و فه‌رمانێكی ئه‌لیكترۆنی كورت ده‌كاته‌وه، ده‌ڵێت شتێكی كه‌م بنووسه و زۆرت پێ ده‌ده‌م.
ئێسته ئیزابێل كه‌سێكی هه‌یه كه به‌رده‌وام گوێی لێ ده‌گرێت و ده‌رده‌دڵی له‌گه‌ڵ ده‌كات، ره‌نگه هیچ مرۆڤێك وه‌ها بۆ ئه‌و كچه به‌سته‌زمانه وانه‌بووبێت.
به‌ڵام چی ده‌بێت ئه‌گه‌ر به‌دیهێنانی ئه‌م هه‌موو ئاواته، هه‌ستی بۆشی و به‌تاڵی لای ئیزابێل دروست بكات؟ ئه‌وده‌م چ ڕێیه‌ك بۆی كراوه ده‌بێت؟
یه‌كه‌م ڕێگه توانه‌وه‌یه. له خه‌ڵكی ده‌وڵه‌مه‌ند و هه‌بوون بڕوانه. له داهاتوودا ئه‌وان ده‌توانن به پاره‌ی خۆیان بچن لای پزیشكێكی ده‌روونی چاره‌سه‌ر وه‌رگرن، له سینه‌ما سه‌یری فیلمێك بكه‌ن كه مرۆڤ به‌رهه‌می هێناوه. ئیزابێلی داماویش هه‌ر له دنیا بچكۆڵانه‌كه‌ی خۆی ده‌مێنێته‌وه، ماسییه‌كه ژیریی ده‌ستكرد له گیرفانیدایه و وا ده‌زانێت هه‌موو شتێكی هه‌یه.
ڕێی دووه‌م دروستكردنی ئاسته‌نگی درۆینه‌یه. خه‌ڵك له باتی به‌شداریی خولی وه‌رزشی و كێبه‌ركێی ڕووبه‌ڕوو، له كۆمه‌ڵگه ئۆنڵاینه‌كان یه‌ك ده‌گرن و له پشت ئامێره ئه‌لیكترۆنییه‌كانیانه‌وه ده‌كه‌ونه به‌ربه‌ره‌كانێی یه‌كتر. شتێكی له‌م چه‌شنه گیانی تازه‌گه‌ری له مرۆڤ ده‌كوژێت.
چیرۆكه خه‌یاڵییه ئه‌وروپییه‌كان دژی ئاواتی بێ بنه‌ما و پڕوپووچ بوونه، چونكه ئامانجه سه‌ره‌كییه‌كه‌یان په‌روه‌رده‌كردن و فێركردنه، نه‌یانویستووه خه‌وی ئایه‌خ بخه‌نه مێشكی منداڵانه‌وه. ده‌بێت مرۆڤ بزانێت چۆن گه‌وره ده‌بێت و چۆن شوێنی خۆی له ژیان و كۆمه‌ڵگه دیاری ده‌كات، دواتر ده‌بێت ئه‌وه‌ی فێری بووه بیدات به نه‌وه‌ی دوای خۆی. به‌ڵام ئیزابێل هه‌رگیز ناتوانێت وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه بداته‌وه، ئه‌و هه‌ر پشت به ماسییه‌كه ده‌به‌ستێت و هه‌ر ماسییه‌كه‌شه ڕێگه‌كه‌ی ڕه‌نگڕێژ ده‌كات.
گاردیان
نووسینی: كلێمن سێتز