ئێرانییەكان خۆیان ئامادە دەكەن بۆ كاریگەرییە ئابوورییەكانی گەمارۆكانی نوێی نەتەوە یەكگرتووەكان

:: PM:05:47:28/09/2025 ‌

 

گەمارۆكانی نەتەوە یەكگرتووەكان فراوانترن لە گەمارۆكانی ئەمەریكا لە دژی ئێران. ئەمانە لە ناكۆكییەكەوە هاتوون لەگەڵ ئەوروپا لەبارەی پابەندبوونی تارانە بە ڕێكەوتنی ناوكی 2015 لەگەڵ هێزە ڕۆژاواییەكان و بڕیاری ئێران، بۆ ڕێگری لە چاودێرانی نێودەوڵەتی لە شوێنە ناوكییەكانی دوای هێرشەكانی ئیسرائیل و ئەمەریكا لە حوزەیراندا.

وەزیری كاروباری دەرەوەی ئەمەریكا ماركۆ ڕوبیۆ پشتڕاستی كردەوە كە گەمارۆكانی نەتەوە یەكگرتووەكان، لە سەعات هەشتی شەوەوە كاریگەر بوون. لە بەیاننامەیەكدا ئەو گوتی ئەم بڕیارە بۆ گەڕاندنەوەی ئەم سنوورداركردنانە پەیامێكی ڕوونە.

گەمارۆ نوێیەكان دەست بەسەراگرتنی سامان لە خۆ دەگرێت و گەشت قەدەغە دەكەن بۆ كۆمەڵێك دامەزراوە و كەسانی ئێرانی، دەسەڵات بە وڵاتان دەدەن بۆ وەستاندن و پشكنینی باری گواستنەوە لە ئێرانەوە بە ڕێی ئاسمانی و دەریاوە لەوانە تانكەرە نەوتییەكانیش.

گەمارۆكان هەروەها ئێران قەدەغە دەخەنە سەر دەوڵەمەندكردنی یورانیۆم لە هەر ئاستێك، هاوێشتنی مووشەكی بالیستی بە توانای كڵاوەی جەنگی ناوكی و گواستنەوەی زانیاری تەكنیكی مووشەكە بالیستییەكانی. سەرۆكی ئێران، مەسعوود پزیشكیان، گەمارۆكانی بە "نادادپەروەر و نایاسایی" ناو برد و گوتی "ئەوان دەیانەوێت بمانڕووخێنن" لە كۆبوونەوەیەكی ڕۆژنامەنووسان لە هەینی لە نیویۆرك گوتی، "ئەگەر ئێوە لە شوێنی ئێمە بوونایە چیتان دەكرد؟"

لایەنە توندڕەوەكان لە ئێران بانگەشەی ئەوەیان كردووە وڵات تۆڵە بسەنێتەوە بە كشانەوە لە پەیماننامەی بڵاوبوونەوەی چەكی ناوكی، چونكە ڕێگرییەكان دادەماڵێت لەسەر بەڵێنەكانی ئێران لە ژێر پەیماننامەكەدا. پزیشكیان بە میانەڕەو ئەو قسانەی ڕەت كردەوە و گوتی، ئەوە ڕێگەچارەیەك نییە.

گەمارۆكان لە كاتێكی تایبەتی سەختدا دەكەونە سەر ئێران.
وڵات هێشتا بەدەست كاریگەری جەنگێكی توند و 12 ڕۆژەی لەگەڵ ئیسرائیل لە حوزەیراندا دەناڵێنێت، بۆ چەند مانگێكە، حكوومەتی ئێران لەگەڵ قەیرانێكی توندی  وزە و ئاودایە كە بووە هۆی بڕینی پێدانی وزە و ئاو لە زۆر شارۆچكەدا.

ڕێككەوتنی 2015 بۆ كۆنترۆڵكردنی پڕۆگرامی ناوكی ئێران وڵاتی ئازاد كرد لە گەمارۆكانی نەتەوە یەكگرتووەكان كە لە نێوان 2006 و 2010 لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشەوە دەرچووبوون. بەڵام ڕێككەوتنی 2015 ڕێگەی بە ئەو گەمارۆیانە دەدا دووبارە بسەپێنرێنەوە، بە بەكارهێنانی میكانیزمی ناسراو بە (گەڕانەوەی خێرا)، ئەگەر ئێران مەرجەكانی ڕێككەوتنی پێشێل بكات تا كۆتایی تشرینی یەكەمی 2025. لە ئابدا فڕەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا میكانیزمەكەیان چالاك كرد و كاتەكەیان كردە 28ی ئەیلوول.

ئەوروپا تارانی تاوانبار كردووە بە پێشێلكردنی مەرجەكانی ڕێككەوتنی 2015 بە خێراكردنی دەوڵەمەندكردنی ناوكی بۆ 60 لە سەد لە 3.5 لە سەد و كۆكردنەوەی كۆگەی 400 كیلۆگرام یۆرانیۆمی زۆر دەوڵەمەند، كە ڕێگە بە ئێران دەدات چەند چەكێكی ناوكی دروست بكات، ئەگەر بڕیاری دابنێت پڕۆگرامەكەی بكاتە چەك، ڕێگە نەدان بە چاودێرانی نێودەوڵەتی دوای هێرشە ئاسمانییەكان.

بەڕێوەبەرانی ئێرانی بەردەوام دەڵێن پرۆگرامی ناوكی وڵات بۆ مەبەستە ئاشتیخوازەكانە. ئەوان دەڵێن ئەوان تەنیا بەهۆی ئەوەی ئەمەریكا بە یەكلایەنە لە ڕێكەوتنی ناوكی لە 2018 دا دەرچوو دەوڵەمەندكردنیان خێرا كرد، تەنانەت لە كاتێكدا ئێران بە تەواوی پابەند بوو، گەمارۆكانیان دیسان سەپاند. بۆ پابەندبوون بە گەمارۆكانی ئەمەریكا، ئەوروپاییەكان كۆتایان هێنا بە بازرگانی لەگەڵ ئێران. 

لە كۆبوونەوەكەدا پزیشكیان دیسان گوتی، ئێران پلانی نییە دوای چەكی ناوكی بكەوێت و سەرسامی دەربڕی كە دنیا باقوەڕی پێ ناكات. هەروەها گوتی، ئێران بەسادەیی ئەوە ناكات كە هێزەكانی ئەمەریكا و ئەوروپا داوای دەكەن بەبێ سكاڵا. ئەوروپاییەكان هەروەها ڕەخنەیان گرتووە لە بڕیاری تاران دوای هێرشەكانی ئیسرائیل و ئەمەریكا بۆ ڕاگرتنی هاوكاری لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی گەردیلەیی، بە ڕێگری لە چاودێرانی لە گەیشتن بە شوێنە ناوكییەكانی ئێران.

ئەوروپا سێ مەرجی دانابوو بۆ ئێران بۆ دوورخستنەوەی گەمارۆ نوێیەكان: گەیشتنی دەستوبرد بۆ چاودێرانی دەرەوە، پێشاندانی شوێنی كۆگەی 400 كیلۆگرامی یورانیۆمی زۆر دەوڵەمەند، كردنەوەی دانوستانە ڕاستەوخۆ ناوكییەكان لەگەڵ ئەمەریكا.

پزیشكیان گوتی كە ئێران ئامادەیە هاوكاری لەگەڵ ئەوروپاییەكان بكات، "جا ئەوە لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی گەردیلەیی بێت، یان لەبارەی كۆگەی یورانیۆمی دەوڵەمەند و چاودێران بێن و لێكۆڵینەوە بكەن."

ئەو لە كۆبوونەوەكەدا و لە ڕاوێژكردن لەگەڵ ڕاگەیاندنەكانی ئێرانی لە شەموودا گوتی، ئێران ڕازی بووە بە دانوستان و گەیشتنی چاودێران. بەڵام گوتی، ئەمەریكا داوای كردووە ئێران هەموو كۆگەی 400 كیلۆگرامەكەی ڕابگەیەنێت.

ڕووسیا و چین دوو هاوپەیمانی سەرەكی ئێران و ئەندامانی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایش، لە هەینیدا هەوڵیان دا گەمارۆكان بۆ شەش مانگ دوا بخەنەوە، كاتەكە بكەنە نیسان. دیارە ڕووسیا و ئێران پێوەندی نزیكی سەربازییان هەیە، لەگەڵ ئەوەی ئێران فڕۆكە بێ فڕۆكەوان بە ڕووسیا دەفرۆشێت كە لە شەڕی ئوكرانیادا بەكاری دەهێنێت. چین و ئێران هەروەها پێوەندی ئابووری بەهێزیان هەیە. چین كڕیاری سەرەكییە بۆ فرۆشتنی نەوتی ئێران، نەوتی خاو بە داشكاندنی نزیكەی 20 لە سەد دەكڕێت، یارمەتی حكومەت دەدات لە ڕووی ئابوورییەوە بەرگەی بگرێت.

بەڕێوەبەرێكی باڵا لە وەزارەتی نەوتی ئێران لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفۆنیدا گوتی، گەمارۆ نوێیەكان ڕێگری لە چین ناكات لە كڕینی نەوت لە ئێران، بەڵام كۆسپەكانی تر زیاد دەكات. هەروەها گوتی ئەگەری هەیە چین ئەمە وەك فشارێك بەكار بهێنێت بۆ داشكاندنی زیاتری نەوتی ئێمە، ئەگەری دەست بەسەرداگرتنیش بۆ تانكەرە نەوتییە ئێرانییەكان لە دەریا كراوەكاندا.

هەندێك كەسایەتی سیاسی لە ئێران كاریگەری گەمارۆكانیان كەمدیدە گرتووە، بە گوتنی ئەوەی وڵات پێشتر لە ژێر گەمارۆكانی ئێستەدا خۆی بەڕێوە دەبرد و ڕێگەی بۆ مامەڵەكردنی نوێ دۆزیوەتەوە. ئەوان هەروەها هەوڵیان دا تاوان بخەنە پاڵ ڕۆژئاوا، بە گوتنی ئەوەی ئەوروپا و ئەمەریكا هەرگیز بە رژدی نەیاندەویست بگەن بە ڕێككەوتنێكی دیپلۆماسی.

لەگەڵ ئەوەشدا ئابووری ئێران لە چەند ساڵی ڕابردوودا ڕووخاوە، نەك تەنیا لەبەر گەمارۆكانی ئەمەریكا، بەڵكو لەبەر خراپكاری بەردەوام و گەندەڵی. شەممە، بازاڕەكانی ئێران بە خێرایی كاردانەوەیان نواند بۆ هەواڵی گەمارۆ نوێیەكان، لەگەڵ كەمبوونەوەی ڕیاڵ بە چوار لە سەد لە شەموو بۆ 1,126,000 بۆ دۆلارێك لە بازاڕی ڕەشدا كە نیشاندەری هەڵئاوسانە.

بۆ ئێرانییە ئاساییەكان، هەواڵەكە بە توندی كاریگەری هەبووە. ئەوان پێشتر بەدەست هەڵئاوسانی زیاتر لە 40 لە سەد دەیانناڵاند، زیادبوونی بێكاری و نائارامی لەبارەی ئاراستەی وڵات. زۆریان ترسیان هەیە لە گەڕانەوەی شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمەریكا، لە كاتێكدا دووبەرەكی حكوومەت لەگەڵ ڕۆژئاوا بەردەوامە.

مەهدی بۆستانچی سەرۆكی ئەنجوومەنی پیشەسازییەكانی ئێران، لە چاوپێكەوتنێكدا لە تارانەوە گوتی، بازرگان و پیشەسازییەكان خۆیان ئامادە دەكەن بۆ كەمبوونەوە لە خواست و چاوەڕێی كۆسپی زیاتر دەكەن لە دەستكەوتنی كاڵا لە دەرەوە و سنوورداركردنی زیاتر لەسەر بیمە، بانك و كەشتیوانی.

"ئەم سنوورداركردنانە كاریگەری پەرشوبڵاو دروست دەكەن،" بۆستانچی گوتی، گەورەترین فشار لەسەر دامەزراوە بچووك و مامناوەندەكان دەبێت كە زیاتر لە 90 لە سەدی یەكە پیشەسازییەكانی ئێران و نزیكەی نیوەی دامەزراندنی پیشەسازی پێكدەهێنن.

نیویۆرك تایمز
وشە


وشە - تایبه‌ت