له كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، 100 پڕۆژه‌ی ستراتیجی و گرنگی پێوه‌ندیدار به گلدانه‌وه و به‌رهه‌مهێنانی ئاو له هه‌رێمی كوردستان جێبه‌جێ كراون یان له جێبه‌جێكردندان، كه له پاڵ پڕۆژه‌كانی پێشتری هه‌رێم، ئاسایشی ئاوی كوردستان دابین ده‌كه‌ن.
یه‌كێك له‌و سێكته‌ره گرنگانه‌ی له ماوه‌ی شه‌ش ساڵی رابردوودا هه‌نگاوی زۆر گرنگیان بۆ نراوه، پرسی ئاوه و هه‌رچه‌نده توانا داراییه‌كان سنووردار بوون و جۆرێك قه‌یرانی دارایی له هه‌رێمی كوردستان له ئارادا بووه، به‌ڵام توانراوه ژماره‌یه‌كی زۆری به‌نداو و پۆند دروست بكرێن و ئاسایشی ئاو له هه‌رێمی كوردستان دابین ده‌كه‌ن.
به‌نداو و پۆنده‌كان
به‌گوێره‌ی راپۆرتێكی ئینفۆگرافیكی فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاریی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له ماوه‌ی ئه‌م شه‌ش ساڵه‌دا نۆ به‌نداو له پارێزگا جیاوازه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بنیات نراون، كه به یه‌كه‌وه توانای گلدانه‌وه‌ی 252 ملیۆن و 800 هه‌زار مه‌تر سێجا ئاویان هه‌یه، سه‌رجه‌م ئه‌و به‌نداوانه به گوژمه‌ی 265 ملیار و 700 ملیۆن دینار جێبه‌جێ كراون.
گه‌وره‌ترینی ئه‌و به‌نداوانه دوین و گۆمه‌سپانن كه یه‌كه‌میان توانای گلدانه‌وه‌ی 100 ملیۆن مه‌تر سێجا و دووه‌میان توانای گلدانه‌وه‌ی 97 ملیۆن مه‌تر سێجا ئاوی هه‌یه. دوین به بودجه‌ی 88 ملیار دینار و گۆمه‌سپان به بودجه‌ی 95 ملیار دینار جێبه‌جێ كراوه.
دوو به‌نداوی تر كه به قه‌باره‌ی بچووكتر بنیات نراون، بریتین له دێوانه و به‌ستۆڕه، یه‌كه‌میان توانای گلدانه‌وه‌ی 21 ملیۆن مه‌تر سێجا ئاو و دووه‌میان توانای گلدانه‌وه‌ی 20 ملیۆن مه‌تر سێجای هه‌یه. دێوانه به گوژمه‌ی 26 ملیار و 600 ملیۆن دینار و به‌ستۆڕه به گوژمه‌ی 23 ملیار دینار جێبه‌جێ كراون.
پێنج به‌نداوه‌كه‌ی تر كه توانای گلدانه‌وه‌ی ئاویان له نێوان ملیۆنێك تا حه‌وت ملیۆن مه‌تر سێجایه، بریتین له خنس، ئاقوبان، تووڕه‌جار، شه‌وگێڕ و چه‌مرگه. له‌وانه گه‌وره‌ترینیان به گوژمه‌ی نۆ ملیار و 200 ملیۆن دینار و بچووكترینیان به گوژمه‌ی چوار ملیار و 400 ملیۆن دینار جێبه‌جێ كراوه.
تا ساڵی 2019 له هه‌رێمی كوردستان به گشتی 97 پۆند بنیات نرابوون، به‌ڵام له ماوه‌ی شه‌ش ساڵی رابردوودا حكوومه‌ت توانیویه‌تی 23 پۆندی تر بنیات بنێت، له هه‌مان كاتدا 58 پۆندی نوێش له جێبه‌جێكردندان. ئه‌وانیش له داهاتوودا ته‌واو ده‌كرێن و به‌مانه‌ش ژماره‌ی پۆنده نوێیه‌كان بۆ 81 پۆند به‌رز ده‌بێته‌وه، به واتایه‌كی تر له‌و ماوه كورته‌دا هێنده‌ی سێ ده‌یه‌ی پێشتری مێژووی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، پۆندی نوێ بنیات نراون.
پڕۆژه‌كانی ئاوی خواردنه‌وه
هه‌ر له‌و ماوه‌یه‌دا پڕۆژه‌كانی ئاو زیاتر له هه‌ر كاتێكی تر له هه‌رێمی كوردستان په‌ره‌یان پێ دراوه، به‌هۆی پێنج پڕۆژه‌ی ستراتیجی، توانراوه رۆژانه 852 هه‌زار مه‌تر سێجا ئاو به‌رهه‌م بهێنن.
گه‌وره‌ترینی ئه‌و پڕۆژانه بریتییه له پڕۆژه‌ی فریاگوزاریی ئاوی خێرای هه‌ولێر كه توانای به‌رهه‌مهێنانی 480 مه‌تر سێجا ئاوی له رۆژێكدا هه‌یه، پڕۆژه‌كه به گوژمه‌ی 720 ملیار دینار له جێبه‌جێكردندایه و قۆناغی یه‌كه‌می پڕۆژه‌كه، هه‌ر له سه‌ره‌تای هاوین ته‌واو كرا و قۆناغی دووه‌میشی خه‌ریكه ته‌واو ده‌كرێت.
ئه‌و پڕۆژه‌یه زۆربه‌ی گه‌ڕه‌كه‌كانی هه‌ولێری له كه‌مئاوی رزگار كرد، ئێسته ئاوێكی پاك و به فشار ده‌گاته ماڵه‌كان كه به بێ موزه‌خه، تانكیی سه‌ربانه‌كانی پێ پڕ ده‌كرێت و خه‌ڵك له سایه‌ی پڕۆژه‌كه حه‌ساونه‌ته‌وه، به یه‌كجاری كۆتایی به قه‌یرانی ئاوی خواردنه‌وه هێنراوه.
پڕۆژه‌كه تا ساڵی 2050 سه‌رجه‌م پێداویستییه‌كانی هه‌ولێر به ئاوی خواردنه‌وه دابین ده‌كات، به هۆیه‌وه سه‌تان بیر داده‌خرێن و پشوویه‌ك به سامانی ئاوی ژێرزه‌وی ده‌درێت.
چوار پڕۆژه‌كه‌ی تر هه‌ركامێكیان توانای به‌رهه‌مهێنانی 72 هه‌زار مه‌تر ئاویان له رۆژێكدا هه‌یه، پڕۆژه‌ی ئاوی قوشته‌په كه 65%ی ته‌واو بووه، زیاتر له ئه‌وانی تر تێچووی هه‌بووه و به گوژمه‌ی 222 ملیار دینار له جێبه‌جێكردندایه.
پڕۆژه‌كانی ئاوی فایده له دهۆك، به گوژمه‌ی 50 ملیار دینار ته‌واو كراوه، پڕۆژه‌ی ئاوی ئاكرێ به گوژمه‌ی 41 ملیار و 100 ملیۆن دینار 55%ی ته‌واو بووه، پڕۆژه‌ی ئاوی رانیه-چوارقوڕنه-حاجیاوه به گوژمه‌ی 36 ملیار و 700 ملیۆن دینار به رێژه‌ی 70% ته‌واو كراوه.
تۆڕی ئاو
هه‌ر له‌و ماوه‌یه‌دا به درێژیی 411 كیلۆمه‌تر، پڕۆژه‌ی تۆڕی ئاوی هه‌ولێر جێبه‌جێ كراوه كه 25 ملیار دیناری تێچووه، پڕۆژه‌ی ئاوی پیرمام و ده‌وروبه‌ری، به گوژمه‌ی 34 ملیار و 700 ملیۆن دینار جێبه‌جێ كراوه كه ئه‌ویش توانای به‌رهه‌مهێنانی نۆ هه‌زار و 600 مه‌تر سێجا ئاوی هه‌یه.
پڕۆژه‌ی گه‌یاندن و دانانی تۆڕی ئاو بۆ 51 گوندی ده‌ڤه‌ری بارزان، به گوژمه‌ی 30 ملیار و 100 ملیۆن دینار له جێبه‌جێكردندایه، كه توانای به‌رهه‌مهێنانی 24 هه‌زار مه‌تر سێجا ئاوی هه‌یه و به رێژه‌ی 85%ی ته‌واو كراوه.
ئه‌و پڕۆژانه‌ی كه له سه‌ره‌وه ئاماژه‌یان پێ كرا، ژماره‌یان ده‌گاته 100 پڕۆژه كه زۆر ستراتیجین و به گوژمه‌ی زیاتر له تریلیۆنێك و 500 ملیار دینار له سه‌رده‌مێكدا جێبه‌جێ كراون یان له جێبه‌جێكردندان، ده‌خرێنه خزمه‌تی ژینگه و دانیشتووانی كوردستان كه گۆڕانكارییه‌كانی كه‌شوهه‌وا و دابه‌زینی ئاوی ژێرزه‌وی له ئاستی ناوچه‌كه و دنیا، به هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی گه‌وره داده‌نرێت.