تارانی پایتەختی چڕ و پڕ بە دانیشتووان، ئێران لە سەردێڕی هەواڵەکانی ئەم دواییەدا؛ چەندان جار ئاماژەی پێ داوە هەڕەشەی "ڕۆژی سفر"ی لەسەرە، ئەمەیش ئەو خاڵەیە کە شارێک ئاوی تەواو دەبێت، لە کاتێکدا کە تاران قەیرانی ڕاستەقینەی ئاوی هەیە، باقی وڵاتەکەیش لە دۆخێکی خراپدایە. زیادبوونی داواکارییەکانی ناوخۆ بۆ ئاو، دەیان ساڵ خراپ بەڕێوەبردنی ئاو و گرژیی ئاوی سنوور هەمووی بە سەر یەکەوە ڕۆژەڤی ئەمڕۆی ئێرانە.
ساڵانێکە شارەکانی ئێران هەستیان بەو فشارە کردووە بەهۆی نەبوونی ئاو و پچڕانی کارەبای پێوەندار و پشووەکانی حکوومەت کە بەستراوەتەوە بە پچڕانی کارەباوە، هەموو ئەمانە زیانیان بە بژێوی ژیان و ئابووری گەیاندووە. لە ناوچە گوندنشینەکاندا بەهۆی کەمیی ئاو کۆچکردن بۆ شارە گەشەسەندووەکانی ئێران دروست بووە، ئەمەیش فشارێکی زیاتری خستۆتە سەر سیستمی شارەکانی ئێران کە خۆی پێشوەختە شەکەت بووە. ئەم شارنشینییە خێرایە یەکێکە لە پرسەکانی ئاسایشی مرۆیی: گەورەبوونى شارەکان دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی نیشتەجێبوونی نافەرمی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی لاواز دەکات، هاوکات فشارەکان بەهۆی نائاسایشی ئاوەوە، زیاتر دۆخەکە خراپتر دەکات.
هەریەکێک لەم سترێسانە نوێنەرایەتی ڕێگەیەکی ئەگەرکراو بۆ ناسەقامگیری لە ئێراندا دەکەن، کەمیی ئاو لە ساڵانی ڕابردوودا وەک ئامرازێکی ناجێگیری تایبەت سەریهەڵداوە، چونکە ناڕەزایەتییەکانی پەیوەست بە ئاو هەندێک جار بڵاوبوونەتەوە و لەگەڵ بزووتنەوە فرەوانەکانی دژەڕژێمدا تێکەڵ بوون. ئەم هەڕەشانە پێکەوە مەترسییەکان زیاتر دەکەن و پرسیار لەبارەی توانای ڕژێمى ئێران بۆ پاراستنی دەسەڵاتی درێژخایەنی خۆی بەسەر وڵاتەکەدا دەوروژێنن.
دەوڵەتسازیی شۆڕشگێڕانە قەیرانی ئاو دەخوڵقێنێت
تێگەیشتن لە بارودۆخی سیستمی پێشوو زۆر گرنگە بۆ دۆزینەوەی پێوەندی فشاری ئاو بە ناسەقامگیری لە ناوچەیەکدا، ئاو تەنیا قەیرانێکە لە چوارچێوەی سیاسەت و حوکمڕانی، پێکهاتە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان ڕاڤە دەکرێت.
لە ئێراندا، شۆڕشی ئیسلامیی ساڵی 1979 و دواتر، بەهۆی دابڕانی جیۆپۆلەتیکی، ئاسایشی خۆراکیی خۆبژێوی هێنایە پێشەوەی ئاسایشی نەتەوەیی، لە ئێران وەک ستراتیجێک بۆ پێشگرتن لە نفوزی دەرەکی یان پشتبەستن بە دەرەوە. هەروەها بەرنامەی پلاندانانی خێزانی وڵاتەکە گۆڕا، لە خێزانە بچووکەکانەوە بۆ هەڵوێستێکی لایەنگری زۆرکردنی لەدایکبوون. ئایەتوڵڵا، هانی خێزانەکانی دەدا کە منداڵی زیاتریان هەبێت، لە کاتێکدا وڵاتەکە خەریکی بنیاتنانی "سوپای بیست ملیۆنی" بوو، تا ساڵی 1986 ژمارەی دانیشتووان ساڵانە بە ڕێژەی زیاتر لە %3 زیادی دەکرد، ئەمەیش یەکێک بوو لە بەرزترین ڕێژەکان لە دنیادا.
ئێستە لە ساڵی 2025دا، کشتوکاڵ زیاتر لە 90%ی سەرچاوە ئاوییەکانی ئێران بەکاردەهێنێت، ژمارەی دانیشتووانیش لە ساڵی 1990ەوە زیاتر لە 50% گەشەی کردووە و ئەمڕۆ گەیشتووەتە زیاتر لە 91 ملیۆن کەس، لە کاتێکدا ئێران بەردەوامە لە گەڕان بەدوای خۆبژێویی کشتوکاڵیدا، بەڵام پەرەسەندنی پێداویستییەکانی خۆراک، نەهاتنەوەی لە گەڵ سەرچاوەکانی ئاوی بەردەست و وشکبوونەوەی ژینگەیی کێشەکانی زیاتر دەکات.
بەڕێوەبردنی ئاو و خراپ بەڕێوەبردنی ئاو گرنگە بۆ هەر وڵاتێک، لە ئێران دروستکردنی بەنداو بوو بە تایبەتمەندییەکی سەرەکی لە بنیاتنانى دەوڵەتی دوای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، لەو ماوەیەدا ئێران یەکێک بوو لە سێ وڵاتی سەرەکیی دروستکردنی بەنداو لە دنیادا. بەنداوەکان بە گشتی ئامرازێکی بەسوودن بۆ ڕێکخستنی ڕۆیشتنی ڕووبارەکان و هەڵگرتنی ئاو بۆ کاتی وشکەساڵی یان لافاودا، بەڵام زێدەڕۆیی لە دروستکردنی بەنداو لە ئێراندا دەرئەنجامەکانی بوو بە زیادبوونی لەدەستدانی ئاو بەهۆی بەهەڵمبوونەوە، کەمبوونەوەی بارگاویکردنەوەی ئاوی ژێر زەوی، ئەمەیش وایکردووە هەندێک لە کۆگاکان بۆ ماوەیەکی زۆر بەتاڵ بن و سوودەکانیان بکەونە ژێر پرسیارەوە.
بۆ قەرەبووکردنەوەی کەمیی ئاوی سەر زەوی، ئێران بڕێکی بەرچاو لە ئاوی ژێر زەویی بەکارهێناوە، لەوانە ئەو ئاوەی ژێرزەوییەش کە نوێ نابێتەوە، هەرزانی نرخی وزە و باشترکردنی تەکنەلۆجیای پەمپەکان، یارمەتی بەرزبوونەوەی ژمارەی بیرەکانی دا، ئەمەیش بووە هۆی لەناوبردنی ئاوی ژێر زەوی.
ئەفغانستان چرنووک لە شێر دەگرێت
کێشەکانی ئاوی ئێران هەمووی ناوخۆیی نین، گرژییە سنوورییەکان بەهۆی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا لە لایەن دەوڵەتەوە سەرچاوە دەگرێت، ئەفغانستان لە ڕۆژهەڵات و تورکیا لە ڕۆژئاواوە، ئاڵنگاری ئاو زیاتر دەکەن و گرژییەکان لە سەرانسەری ئێراندا بەرز دەکەنەوە.
پێوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان ئێران و تاڵیبان، بەرەو تێکچوون دەچێت. ڕووباری هێلمەند کە سەرچاوە و ڕووبەری ئاوەکەی نزیکەی ٨٠%ی لە ئەفغانستان دایە، لە پارێزگاکانی سیستان، بەلوچستان و خوراسۆنی باشوور بەهۆی ئەم ئاوەوە زەوییەکانیان شێدار بووە بۆ هەزاران ساڵ، بەڵام ئێستە خەریکە وشک دەبنەوە بەهۆی ئەوەی ئەفغانستان ئاڕاستەی ئاوەکانی دەگۆڕێت، ئەمەیش دەبێتە هۆی دروستبوونی ململانێی ئاو لە نێوان ئەو دوو وڵاتە.
لەگەڵ بەردەوامبوونی لادانەکانی ئەفغانستان، بارودۆخی کشتوکاڵ و ژیانی ئێران تادێت سەختتر بووە، هەژاری و نائاسایشی خۆراک و کۆچبەری قووڵتر بووەتەوە، هەروەها زریانی تۆز و خۆڵبارین زۆرتر و توندتر بووە. زۆرینەی بەلوچەکانی سونە لە ناوچەی نائارامدان و بە قووڵی ناڕازین لە بێتوانایی ئێران لە باشترکردنی بارودۆخەکان، بەو هۆیەوە ناڕەزایەتی دەردەبڕن و تووشی توندوتیژی بوونەتەوە چونکە؛ حکوومەتی ناوەندی هەوڵ دەدات ناسەقامگیری سەرکووت بکات. ڕێڕەوی ئێستەی ئەفغانستان لە دروستکردنی بەنداودا دەتوانێت ناوچەکە بە ئاوی کەم یان هیچ لە ڕووباری هێلمەندەوە بەجێبهێڵێت، ئەمەیش دەتوانێت بارودۆخەکان پاڵ بنێتە سەر لێواری داڕمان.
پەیماننامەی ئاوی حەوزەکە لە ساڵی 1973دا سەلماندوویەتی کە توانای پێویستی نییە بۆ چارەسەرکردنی ئەم ناکۆکییە دوولایەنانە. هەروەها ڕووباری حەریرود، کە لە ئەفغانستانەوە سەرچاوە دەگرێت و پاشان دەڕژێتە باکوری ڕۆژهەڵاتی ئێران، ئاو بۆ مەشهەد دەبات کە دووەم گەورەترین شاری ئێرانە و ئاو بۆ زەوییە کشتوکاڵییەکانی باشووری تورکمانستان دابین دەکات. هاوشێوەی هێلمەند، دروستکردنی بەنداو لەسەر حەریرود لە ئەفغانستان، بە شێوەیەکی بەرچاو ڕۆیشتنی ئاوی کەم کردووەتەوە، ئەمەیش بووەتە هۆی کەمبوونەوەی ئاستی ئاو لە کۆگاکانی دووستى لە ئێران و تورکمانستان. ئێستە پڕۆژەی گواستنەوەی ئاوی دووستی بۆ مەشهەد کەمی کردووە و بەشێکی کەمی توانای بۆرییەکانی دابین کردووە.
تەنیا پێشبینی دەکرێت دۆخەکە خراپتر بێت، بەنداوی پشتان تازە کاری تێدا دەکرێت، مەترسی لەسەر دابینکردنی ئاوی ملیۆنان ئێرانی دروست کردووە، ڕۆژنامەکانی ئێران ڕەفتاری تاڵیبانیان بە دوژمنکارانە وەسف کردووە و ناڕەزایی خۆیان دەربڕیوە لەوەی کە حکوومەتی ئێران لە بەرانبەر ئەم دوژمنایەتییەدا بێدەنگە، ئاسۆی ڕێککەوتنی حەوزی نێوان سێ وڵاتەکە، لە هیچ شوێنێکدا لە ئارادا نییە.
بەنداوەکانی سەر دیجلە و فورات پێوەندییە ناوچەییەکان گرژتر دەکەن
سەرچاوەی ئاوی ڕووباری دیجلە – فورات لە تورکیاوە سەرچاوە دەگرێت، لقەکانی ڕۆژهەڵات و بچووکتر لە دیجلە لە ڕۆژئاوای ئێران بەرز دەبنەوە، زۆربەی زۆری سیستمی ڕووبارەکان بە عێراقدا دەڕوات، لەوێ وەک سەرچاوەی سەرەکیی ئاوی سەر زەوی وڵاتەکە کاردەکات، پڕۆژەی بەنداوی گەورەی ئەنادۆڵی تورکیا (GAP) بووەتە هۆی دروستکردنی 18 بەنداو و چوار بەنداوی تریش لە ڕێگەن، کە توانای گشتیان دەگاتە زیاتر لە 100 ملیار مەتر سێجا.
کەمبوونەوەی لێشاوی ئاو بۆ عێراق، بووەتە هۆی کۆچکردن لەنێو جووتیارانی عێراق و کێشەی تەندروستیی توندی شارەکانی لێ کەوتووەتەوە، 118 هەزار کەس بەهۆی نەخۆشیی پەیوەست بە ئاوەوە لە ساڵی 2018 لە نەخۆشخانە خەوێندراون، چونکە کەمبوونەوەی بەلێشاوی ڕووبارەکان، تێکەڵ بە پیسبوون دەبن و دزەکردنی ئاوی خوێ لە کەنداوەوە دەگاتە باکوری بەغدا.
دۆخی سەختی کەمیی ئاوی عێراق بووەتە هۆی لێکۆڵینەوە لە بەنداوەکانی ئێران لەسەر لقەکانی ڕۆژهەڵاتی دیجلە و ڕۆشنایی خستووەتە سەر ڕۆڵی ئەوان لە وشککردنەوەی کوردستانی باشوور. لە بەرانبەردا ئێران ڕەخنەی لە پڕۆژەی GAPی تورکیا گرتووە و بە مەترسیدار بۆ ناوچەکە ناوی بردووە، ئەم پرسە ئاوییانە سەرچاوەی پەرەسەندنی گرژییە جیۆپۆلەتیکییەکانی نێوان ئێران و دراوسێکانین. ڕێککەوتنی دوولایەنەی کۆن لەبارەی ئەم حەوزەوە هەن، بەڵام هیچ ڕێککەوتنێکی فرەلایەنە نییە.
نزیکبوونەوەی شڵۆق: فشارەکانی کەشوهەوا و ستەمی سیاسی
گۆڕانی بارودۆخی ژینگەیی بە شێوەیەکی باو، وەک هۆکاری کەمیی ئاو لە ئێراندا ناودەبرێت. لە کاتێکدا کە بارودۆخی بایۆفیزیکیی ئێستە و داهاتووی پێشبینیکراو جیاوازە لە ڕابردوو، ئەم گۆڕانکارییانە بە پلەی یەکەم کاریگەرییەکانی هەڵبژاردنەکانی ئێستەی بەڕێوەبردن و پرسە ناوچەییەکان خراپتر دەکەن. لەسەر ئاستی نیشتمانی، لە ساڵی 1990ەوە دابارینى ساڵانە بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە، نزیکەی یەک ملم لە ساڵێکدا یان 30 ملم لە ماوەی 35 ساڵی ڕابردوودا.
هەر لەو ماوەیەدا پلەکانی گەرما 1.7 سەدی بەرز بوونەتەوە، ئەم گۆڕانکارییانە ڕەنگدانەوەی گەرمای زۆرترە لە هاوین و زستانەکاندا، سترێسەکانی مرۆیی و ژینگەیی پێکەوە ڕێژەی ئاوی بەردەستی ئێرانیان کەم کردووەتەوە، چونکە خواست لە ئاستێکی بەرز دایە.
زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی ئاو لەلایەن ئێرانەوە، کەمبوونەوەی ئاوی ژێر زەوی، لاوازییەکانی ئاوی سنووربەزێن و گۆڕانی بارودۆخی ژینگەیی یەک دەگرن بۆ دروستکردنی کاریگەریی بەرزتر و بەربڵاو. کەمئاوی بووەتە هۆی بەربەست لە بەرهەمهێنانی بەروبووم و بژێویی گوندنشینەکانیشی خستووەتەتە مەترسییەوە، هەروەها کەمیی بژاردەی ترى دامەزراندن، کۆچکردنی گوندەکان بۆ شارەکانی زیاد کردووە و لەو شارانەدا خواست لەسەر ئاو بەردەوامە.
ئاستی نزم لە خەزنەکاندا بەرهەمهێنانی کارۆئاو سنووردار دەکات، لە کاتێکدا کەمیی غازی سروشتی و کۆنی وێستگەکانی کارەبا، بەرهەمهێنانی وزە سنووردار دەکەن و پێویستیان بە قەبارەیەکی زۆر ئاو هەیە بۆ ساردکردنەوە، ڕاستە کاتێک خواستی وزە زیاد دەکات گەرمای زۆر خواستی زیاتر بۆ ساردکردنەوە دەباتە پێشەوە. هاوکات سزاکان بووەنەتە ڕێگر لەبەردەم مۆدێرنیزاسیۆن لە کەرتی وزەدا، خەمڵاندنەکان دەریدەخەن کە پچڕانی کارەبا ساڵانە ملیارەها دۆلار زیان لە کەرتی پیشەسازیی ئێران دەدات و بژێویی ئێرانییەکان لە ژینگەیەکی هەڵاوسانی بەرزدا تێک دەدات، ئەمەیش دەبێتە هۆی دروستبوونی ناڕەزایەتی نوێ لە سەرووی سکاڵاکانی ڕابردوو لە سەرانسەری وڵاتدا.
شەڕی ئەم دواییەی ئێران و ئیسرائیل کە 12 ڕۆژەی خایاند، شەپۆلێکی ناسیۆنالیزمی لێکەوتەوە، کە ناڕەزایەتییەکانی سەرتاسەری وڵاتی کەم کردەوە، بەڵام ئەو یەکگرتووییە تەمەنی کورت بوو، خراپتربوونی کەمیی ئاو و وزە خۆپێشاندانەکانی لە تاران و دەرەوەی وڵاتدا هەڵگیرساندووەتەوە، ئەمەیش بووەتە هۆی پەرەسەندنی توڕەیی گشتی کە تەنیا کاتێک کەم دەبێتەوە کە بزوێنەری سەرەکی قەیرانەکە چارەسەر بکرێن.
پێنێلۆپ میچڵ
جیۆپۆلیتیکەڵ مۆنیتەر
وەرگێڕانى / وشە