ناوماڵی شیعە شپرزە و حەوت كاندیدیان بۆ سەرۆك وەزیران هەیە

:: AM:09:21:01/10/2025 ‌
ناو ماڵی شیعەی عێراق بەتەواوی تێكچووە و هیچ لایەنێك متمانەی بەوی تریان نەماوە، بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو حەوت سەركردەیان كێبەركێی بردنەوەی پۆستی سەرۆك وەزیران دەكەن.

محەمەد شیاع سوودانی، نووری مالیكی، هادی عامری، قاسم ئەعرەجی، عەبدولحوسێن عەبتان، فالح فەیاز و حەیدەر عەبادی، بەتوندی ململانێی بردنەوەی پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەكەن و لە كۆبوونەوەكانیش هیچ لایەكیان ئەوی تریانی پێ قبووڵ نەكراوە.

بەپێی بەدواداچوونێكی "وشە" ململانێ و ناكۆكیی ناوماڵی شیعی وا دەكات، هەموو لایەكیان تا ئاستی تەنازول ئامادەی گفتوگۆبن لەگەڵ پارتی و یەكێتی.

لە كۆبوونەوەی نێوان سەرۆك بارزانی و بافڵ تاڵەبانی و دواتریش كۆبوونەوەی هەردوو مەكتەبی سیاسیی پارتی و یەكێتی بەسەرپەرشتی سەرۆك بارزانی، بەوردی باسی ئەوە كراوە كە لە بەغدا پێكەوە بن تا زۆرترین دەستكەوت بۆ هەرێمی كوردستان بەدەست بێنن.

محەممەد شیاع سوودانی هەوڵەكانی چڕ كردووەتەوە و هاوپەیمانێتییەكی گەورەی پێكهێناوە، بە مەبەستی مسۆگەركردنی خولی دووەمی سەرۆكایەتییەكەی و ئامادەی پێشان داوە لەگەڵ هەرێمی كوردستان هاوكاری بكات تا جارێكی تر ئەو پۆستە وەربگرێـتەوە.

بەپێی بەدواداچوونی دەزگای ستراتیجیی نیشتمانیی عێراق، سوودانی چانسی بوونەوەی بەسەرۆك وەزیران لە هەموو ئەو ناوانە زیاترە، چونكە ئەوان پێشتر تاقی كرانەوە و دۆخی ژیانی خەڵك خراپتر بوو، بەڵام لە سەردەمی سوودانیدا هەندێك گوزەرانی عێراقییەكان و پڕۆژەكانی خزمەتگوزاری چوونەتە پێشەوە.

هاوكات ڕەوتی سەدر بە سەرۆكایەتیی موقتەدا سەدر، كە لە دەرەوەی كێبەركێكەیە، بانگەشەی ئەوە دەكات كە لایەنگرانیان بەشداری لە پرۆسەی دەنگدان ناكەن، چونكە پێیان وایە هەڵبژاردن ئەنجام نادرێت و ئەگەریش بكرێت، ئەنجامەكەی هەڵدەوەشێتەوە.

بڕیارە لە 11ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، پرۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوە بچێت، بە بەشداری 160 هاوپەیمانی حزب و كاندیدی سەربەخۆ، كە حەوت هەزار و 900 كەندین پێشبڕكێی بەدەستهێنانی 329 كورسی پەرلەمان دەكەن.



وشە - سۆران عەزیز