وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی گرووپی حه‌وت و نوێنه‌ری باڵای یه‌كێتیی ئه‌وروپا، به بڵاوكردنه‌وه‌ی به‌یاننامه‌یه‌ك رایان گه‌یاند، سه‌رجه‌م سزاكانیان له دژی ئێران ده‌ستی پێ كردووه‌ته‌وه و دا‌واشیان له ئێران كرد، هیچ هه‌نگاوێك بۆ ئاڵۆزتركردنی پرسه‌كه نه‌نێت و له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا راسته‌وخۆ بكه‌وێته دانوستانه‌وه.
وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی حه‌وت، وڵاتی پیشه‌سازیی كه‌نه‌دا، فڕه‌نسا، ئه‌ڵمانیا، ئیتاڵیا، ژاپۆن، به‌ریتانیا، ئه‌مه‌ریكا و نوێنه‌ری یه‌كێتیی ئه‌وروپا، له‌گه‌ڵ چالاككردنی رێكاری سناپ به‌ك، ده‌ستیان به سه‌پاندنی سه‌رجه‌م سزاكانی سه‌ر ئێران كرده‌وه.
ئه‌وان پشتیوانیی خۆیان له سه‌رجه‌م ئه‌و سزایانه راگه‌یاندووه كه رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له دژی ئێران ده‌ستنیشانی كردوون، دا‌واشیان له ته‌واوی ئه‌ندامانی گرووپی حه‌وت كردووه سزاكان به ته‌واوی جێبه‌جێ بكه‌ن.
یه‌كێكی تر له داواكارییه‌كانی گرووپی حه‌وت له ئێران ئه‌وه‌یه، هاوكاریی ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تیی وزه‌ی ئه‌تۆمی بكات و له‌باره‌ی یۆرانیۆمه پیتێنراوه‌كه‌ی روونكردنه‌وه بدات.
ئه‌وان ئاماژه‌یان داوه كه سێ وڵاتی ئه‌وروپی و ئه‌مه‌ریكا، چه‌ندان جار له رێگه‌ی دیپلۆماسییه‌وه ویستوویانه كێشه‌كه چاره‌سه‌ر بكه‌ن، پێیان باش بووه رێكاری سناپ به‌ك جێبه‌جێ نه‌كرێت، له داهاتووشدا ده‌رفه‌ته‌كان له به‌رده‌م دیپلۆماسیدا كراوه‌ن.
هه‌روه‌ها باسیان له‌وه كردووه كه وڵاتانی ئه‌وروپا له‌به‌رئه‌وه ده‌ستیان بۆ چالاككردنی رێكاره‌كه برد، چونكه ئێران پابه‌ندی رێككه‌وتنی ئه‌تۆمیی 2015 نه‌بووه.
هه‌ر به‌پێی به‌یاننامه‌كه‌ی گرووپی حه‌وت، سه‌رجه‌م بڕیارنامه‌كانی پێشووی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، له 27 ی ئه‌یلووله‌وه ده‌ست به جێبه‌جێكردنیان كراوه.
سزاكانی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان یه‌كه‌م جار له ده‌یه‌ی 2000 ده‌ستیان پێ كرد و تا ساڵی 2015 و رێككه‌وتنی ئه‌تۆمیی پێنج كۆ یه‌ك و ئێران هه‌ڵپه‌سێردران، ئێسته‌یش دوای 10 ساڵ دیسان ده‌ستیان پێ كردووه‌ته‌وه.
وڵاتانی گرووپی حه‌وت له كاتێكدا ئه‌و داخوازییه‌یان له ئێران كردووه، دوێنێ گوته‌بێژی حكوومه‌تی ئێران زانیارییه‌كی نوێی له‌باره‌ی دانوستانی راسته‌وخۆ ئاشكرا كرد.
دوێنێ فاتیمه موهاجیرانی گوته‌بێژی حكوومه‌تی ئێران ئاشكرای كرد، ئێران داوای له ئه‌مه‌ریكا كردووه به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ بكه‌ونه دانوستان، به‌ڵام ئه‌مه‌ریكا ره‌تی كردووه‌ته‌وه.
ئه‌و روونی كرده‌وه، حكوومه‌تی ئێران له به‌ره‌به‌ری چالاككردنی رێكاری سناپ به‌ك/په‌له‌پیتكه و گه‌ڕانه‌وه‌ی سزا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، ئاماده‌یی خۆی ده‌ربڕی راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا و ئه‌وروپا و ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تیی وزه‌ی ئه‌تۆمی بكه‌وێته دانوستان.
گوته‌بێژی حكوومه‌تی ئێران ئاماژه‌ی دا، ئه‌و كاته‌ش كه شاندی باڵای ئێران به سه‌رۆكایه‌تیی مه‌سعوود پزیشكیان له نیویۆرك بوون، داوای دانوستانی راسته‌وخۆیان له ئه‌مه‌ریكا كرد به‌و مه‌رجه‌ی سناپ به‌ك چالاك نه‌كرێت یان دوا بخرێت، به‌ڵام ئه‌وان قبووڵیان نه‌كرد و له كۆبوونه‌وه و دیداره‌كاندا ئاماده نه‌بوون.
موهاجیرانی باسی له‌وه كرد، ئێران داوای دانوستانی راسته‌وخۆی له ستیڤ ویتكۆف نوێنه‌ری تایبه‌تیی ئه‌مه‌ریكا بۆ كاروباری رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كرد، به‌ڵام ویتكۆف نه‌هاته سه‌ر بڕیاره‌كه‌ی.
وه‌ك زیاتر خستیه روو، داوای ئێران ئه‌وه‌بوو رێكاری سناپ به‌ك به ته‌واوی هه‌ڵوه‌شێته‌وه، به‌ڵام ئه‌وان گوتیان ته‌نیا بۆ شه‌ش مانگ دوای ده‌خه‌ن، بۆیه‌ش ئێران قبووڵی نه‌كرد ته‌نیا هه‌ڵپه‌سێردرێت.
جێی باسه له سه‌ره‌تای ئه‌م هه‌فته‌یه‌وه، سه‌رجه‌م سزا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له دژی ئێران ده‌ستیان پێ كردووه‌ته‌وه، چاوه‌ڕوان ده‌كرێت كاریگه‌ریی نه‌رێنی و خراپ بخاته سه‌ر ئابووریی ئێران.