دوایین هەڵوێستی موقتەدا سەدر لەبارەی هەڵبژاردن چییە؟

:: PM:05:49:04/10/2025 ‌

هەفتەی رابردوو سەدرییەكان جارێكی تر دووپاتیان لە بایكۆتكردنی هەڵبژاردن كردەوە، ئەوان هاوكات بوونی خۆیان وەك لایەنێكی كاریگەر لەسەر گۆڕەپانی سیاسی لە عێراق باس كرد و بە كورتی پەیامێكیان گەیاندە هێزە سیاسییەكان، بەتایبەتی ناو ماڵی شیعە بەوەی ئەگەر بایكۆتیشیان كردبێت، دەتوانن كاریگەرییان هەبێت تا ئاستی دواخستنی هەڵبژاردن و پێكهێنانی حكوومەتی نوێ، دوێنێ كۆبوونەوەیەكی فرەوان لە حەنانە لە نەجەف كرا، دووپاتیان لەو هەڵوێستەیان كردەوە.

ئەندامێكی رەوتی سەدر لەبارەی كۆبوونەوەكەی دوێنێ هەینیی حەنانە بە ئامادەبوونی ئەندامە دەستلەكاركێشاوەكانی رەوتی سەدر و ژمارەیەك پەرلەمانتاری پێشووی رەوتەكە لە هەردوو فراكسیۆنی "سائیروون" و "ئەحرار" گوتی، باسی قۆناغی داهاتوو كراوە، بەتایبەتی هەڵوێستی سیاسیی رەوتی سەدر لەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمان، لەسەر بایكۆتكردن بەردەوام بن و هاوكات خۆیان بۆ هەر رووداوێكی كتوپڕ ئامادە بكەن كە رەنگە پێویست بە بەشداریكردن لە پرۆسەكە بكات.

لە دوای كۆبوونەوەكەی دوێنێی نەجەف، چاودێران پێشبینیی دەرچوونی بڕیارێكی سەدر لە ماوەی كەمیی داهاتوو دەكەن، پێوەست بە هەڵبژاردنەكان، موجاشیع تەمیمی توێژەری سیاسی دەڵێت، تا ئێستە رەوتی سەدر ژمارەیەكی قورسە لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراق و هەرچەند هەوڵ بدرێت ناتوانرێت بە ئاسانی پشتگوێ بخرێت، لە كۆبوونەوەی دوێنێ باسی بەردەوامبوونی دۆخەكە و هەڵوێستی رەوتەكە وەك خۆی كراوەتەوە، واتە بایكۆتكردنی پرۆسەكە و رەتكردنەوەی گوشارەكان.

 چاودێران پێیان وایە چەند بژارەیەك بۆ قۆناغی داهاتوو لەبەردەم سەدر هەیە، بەردەوامبوون لەسەر بایكۆتكردنی هەڵبژاردن و گوشاری جەماوەری و میدیایی لە دەرەوەی دامەزراوەكانی حكوومەت و پەرلەمان، یان جۆرێك لە گەڕانەوە لە رێگەی پاڵپشتیكردنی چەند لایەنێكی بەشدار لە پرۆسەكە و سەرخستنیان و دەركردنی بەیاننامەیەكی كتوپڕ بە بەشداریكردن لە پرۆسەكە یان دواخستنی تەواوی پرۆسەكە، ئەوەش وای كردووە هێزە سیاسییەكانی تر بە چاوی گومان و ترسەوە بڕواننە سەدر و هەڵوێستی رەوتەكەی.

لەوكاتەی چاودێران باسی ئەوە دەكەن پەیامەكانی دوای كۆبوونەوەی دوایی رەوتی نیشتمانیی شیعە ئاشكرای دەكە دۆخی عێراق و هەڵبژاردن چی بەسەر دێت، سوپرایز دەبێت و نەخشەی سیاسی لە عێراق چی بەسەر دێت؟، ئەیاد محەمەداوی پەرلەمانتارێكی دەستلەكاركێشاوەی رەوتی سەدر دەلێت، لە كۆبوونەوەكە دووپات كرایەوە كە هێزی رەوتەكە بە ژمارەی كورسییەكانی لە پەرلەمان و پۆستەكانی لە حكوومەت دیاری ناكرێت، لەوكاتەی سەرچاوەیەك لە رەوتەكە دووپاتی كردەوە كە سەدر خۆی بە سوپرایزێك ئامادە دەكات، هەنگاوێكی كتوپڕە، بەڵام پشێوی نییە و لە بەرژەوەندیی عێراق و گەلەكەیەتی. 


بەپێی سەرچاوەكان موقتەدا سەدر پێشنیازێكی چوارچێوەی هاوئاهەنگی سەبارەت بە هەڵبژاردن رەت كردووەتەوە و سێ سیناریۆی لەبری پێشنیازەكەی ئەوان خستووەتە پێش خۆی، كاتێك بەر لە چەند رۆژێك چوارچێوەكە نێردراوێكی كەسییان بۆ سەدر رەوانە كردووە و پێشنیازێكی پێ بووە، بەوەی سەدر كاندیدی سەرۆك وەزیرانی داهاتوو دیاری بكات، لە بەرانبەر دەستوەرنەدان لە رێڕەوی هەڵبژاردن، بەڵام سەدر بە تەواوەتی رەتی كردووەتەوە.

سەرچاوەكە كە نزیكە لە سەدر روونی كردەوە، ئێستە سەدر لە بڕیارەكانی خۆی دابڕیوە و تەنیا بازنەیەكی تەسك لە كەسانی نزیكی بەشداری لە گفتوگۆ و بڕیارەكانی دەكات، كە ژمارەیان بە  پەنجەكانی دەست تێپەڕ ناكات، دووپاتی كردەوە كە سەدر سێ سیناریۆی بۆ ماوەی داهاتوو خستووەتە پێش خۆی، یەكەمیان گردبوونەوە لە شەقامەكان و دانانی خێوەتی مانگرتن و پەرەسەندنی جەماوەری، كە ئەوەش هەڕەشە لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە وادەی خۆی دەكات.

دووەم رەزامەندیی مەرجدار لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن و بەڕێوەچوونی لە كاتی خۆیدا، لەگەڵ هاندانی خەڵك بۆ بایكۆتكردنی، ئەوەش رێژەی بەشداریكردن زۆر كەم دەكاتەوە و دەبێتە هۆی دداننەنانی نێودەوڵەتی بە ئەنجامی هەڵبژاردن، بەتایبەتی لە سایەی بەشداریكردنی میلیشیاكان لە پرۆسەكە، ئەوەش دەرگە لەبەردەم پێكهێنانی حكوومەتێكی فریاگوزاری دوور لە حكوومەتی سوودانی واڵا دەكات كە پاڵپشتیی ئێران و ئەمەریكای نییە، لەگەڵ ئەگەری هاتنەپێشەوەی كەسایەتییەكی نوێ و رەنگە مستەفا كازمی بێت بۆ قۆناغی كاتی. 

بەپێی سەرچاوەكە سێیەم سیناریۆ و بژارەی بەردەم سەدر دواخستنی هەڵبژاردن و گرەوكردنە لەسەر پەرەسەندنی گەورە و كتوپڕ لە ناوچەكە كە حكوومەتی عێراق و چوارچێوەی هاوئاهەنگیش ناچاری دواخستنی هەڵبژاردن بكات، پەیامەكەی دوایی سەدریش وریاكردنەوەیەكی پێشوەختەی تەواوی رژێمی سیاسی بوو لە عێراق، دووپاتی كردەوە كە سەرەڕای پاشەكشەی لە هەڵبژاردن، بەڵام توانای دەستپێشخەریی جەماوەری و سیاسی هەیە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل