ئەمەریكا هێز لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كۆ دەكاتەوە.. مەبەستی چییە؟

:: PM:06:35:04/10/2025 ‌

لە سەرەتای ئەم مانگەوە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جموجۆڵێكی نائاسایی هێزەكانی ئەمەریكا بەخۆیەوە دەبینێت، جارێكی تر عێراق بەشێكە لەو جموجۆڵانە، كاتێك لە بنكەی سەربازیی عەین ئەسەد چالاكییەكی نائاسایی هێزەكانی ئەمەریكا تێبینی كرا، كە هاوكات بوو لەگەڵ جموجۆڵی ئاسمانیی فڕۆكە سەربازییەكانی ئەمەریكا لە قەتەڕەوە بەرەو ئاسمانی عێراق و هەرێمی كوردستان و توركیا.

لەوكاتەی باسی هاتنی فڕۆكەی پێشكەوتووی سەربازی و فڕۆكەبەری ئەمەریكی بۆ ناوچەكە دەكەن، واتە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و كەنداو، كە رەنگە پێوەندیی بە خۆسازدانی بەردەوامی ئەمەریكا بۆ هەر ئەگەرێك بە تایبەتی لەگەڵ هەبێت، سەرچاوەیەك ئاماژە دەكات كە بەمدواییە گۆڕانكاری و جموجۆڵی نادیار و نامۆی ئەمەریكا لە بنكەی عەین ئەسەد لە رۆژئاوای ئەنبار هەیە و هێزەكانی ئەمەریكا خەریكی خۆرێكخستنەوە و دابەشكردنەوەی هێزەكانن، هۆكاری ئەو جموجۆڵە نوێیە روون نییە بەڵام ئاماژەیە بۆ ئەگەری گواستنەوەی دۆخی ئامادەسازی بۆ شەڕ لە بنكەكە بۆ دۆخێكی تر، چەند رۆژێك وەك پێشتركەرەستەی سەربازی و هێز بۆ هەرێمی كوردستان و  سووریا و كەنداو ناچێت، واتە دۆخەكە بەرەو خۆرێكخستنەوە گۆڕاوە و رەنگە كاریگەرییان لەسەر عێراقیش هەبێت.

ئەحمەد تەمیمی شارەزای تەناهی دەڵێت، خێرابوونی جموجۆڵە سەربازییەكانی ئەمەریكا و هێنانی چەكی پێشكەوتوو لە واشنتنەوە بۆ ناوچەكە، جا بۆ بنكە سەربازییەكان لە كەنداو یان بۆ عێراق و نزیك لە ئێران، كە لە نۆ رۆژی رابردوو زۆر زیادی كردووە، هاوكات لەگەڵ گەیشتنی فڕۆكەی پێشكەوتووی بۆردمانكار و پێدەری سووتەمەنی بە فڕۆكە سەربازییەكان لە ئاسمانەوە و كەشتیگەلی سەربازیی، هەموو ئەوانە رێخۆشكەرن بۆ ئەگەری راگەیاندنی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بۆ نەخشە رێگەیەكی نوێ سەبارەت بە ئێران، بە هاوشێوەی ئەوەی بۆ كەرتی غەزەی راگەیاند.

روونی كردەوە، ئەگەری هەیە سەرۆكی ئەمەریكا پلانێك بۆ ئێران رابگەیەنێت و سەرنج لەسەر چوار بڕگە و خاڵ چڕ بكاتەوە ئەوانیش رادەستكردنەوەی بەپەلەی ئەمباری یۆرانیۆمی ئاستبەرزی پیتێنراو و دەستكردن بە لێكهەڵوەشاندنەوەی بەرنامەی ئەتۆمی و سڕكردنی بەرنامە مووشەكییەكەی و گۆڕانكاریكردن لە ژێرخان و پێكهاتەی حكوومەت و كەمكردنەوەی هێز و دەسەڵاتی رابەری باڵای شۆڕشی ئێران.

تەمیمی پێشبینی دەكات ئەو داویانەی ترەمپ لە لایەن ئێرانەوە بێنە رەتكردنەوە، ئەوەش وا دەكات رووبەڕووبوونەوە ببێتە ئەگەرێكی نیوچە دووپاتكراوە و وا بكات ئەمەریكا پەنا بۆ هێرشێكی خێرا و كتوپڕ بۆ سەر ئێران ببات بۆ كردنەئامانجی توانا ئەتۆمی و مووشەكی و ناوەندی بڕیار لەو وڵاتە، دووپاتی كردەوە كە ئێستە ئێران كار لەسەر زیادكردنی توانا سەربازییەكانی لە سیستمی بەرگریی ئاسمانی و شەڕی ئەلیكترۆنی بە پاڵپشتیی مۆسكۆ و پەكین دەكات، وەك هەوڵێكی ئەوانیش بۆ لاوازكردنی ئەمەریكا و هاوپەیمانەكان و دروستكردنی هاوشێوەی ئۆكراینایەكی تر لە ناوچەكە، ئەوە لەوكاتە هەڵوێستی وڵاتانی كەنداو جێگیرە بە تێوەنەگلانی راستەوخۆ لە هەر شەڕێك لە ترسی كەوتنەمەترسیی بەرژەوەندییەكانیان.

لەسەر ئەو بنەمایە دەكرێ بگوترێت ئەوەی ئێستە لە ناوچە روودەكات، تەنیا جموجۆڵێكی سەرپێیی و راگوزەری تەكتیكی نییە، بەڵكو ئاماژەیە بۆ دووبارە داڕشتنەوەیەكی قووڵی یاسا و بنەماكانی شەڕ و ململانێ و رووبەڕووبوونەوە لە ناوچەكە، تیایدا ئەمەریكا هەوڵ دەدات بۆ سەپاندنی هاوكێشەیەكی نوێی بەرپەرچانەوە لە رێگەی گەلەكۆمەی سەربازی و خۆرێكخستنەوی هێزەكانی، لەوكاتەی ئێران خۆی بۆرووبەڕووبوونەوەیەكی درێژخایەن ئامادە دەكات، لەو ناوەشدا عێراق لە پێگە و هەڵوێستێكی زۆر هەستیاردا وەستاوە و هەموو هەوڵێك دەدات روونەچێتە ناو شەڕێكی فرەوان كە تیایدا نەخشەی ئاسایش و سەقامگیری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ چەندان ساڵی تیادا دادەڕێژرێتەوە. 

هەفتەی رابردوو وەزارەتی جەنگی ئەمەریكا رای گەیاند كە خەریكە ژمارەی هێزە سەربازییەكانی لە عێراق كەم دەكاتەوە، روونی كردەوە كە ئەو هەنگاوەش لە چوارچێوەی پلانێكە بۆ كۆتاهێنان بە ئەركەكانی لە رووبەڕووبوونەوەی داعش.

بەپێی بەیاننامەیەكی وەزارەتەكە، ئەمەریكا بەرەو هاوبەشییەكی بەردەوامی تەناهی لەگەڵ عێراق دەچێت و دووپاتی كردەوە كە هاوكات لە هاوئاهەنگیكردن لەگەڵ بەغدا بۆ مسۆگەریی پرۆسەیەكی گواستنەوەی رێكوپێكی ئەركەكان بەردەوام دەبین، پنتاگۆن دووپاتی لەوەش كردەوە كە كەمكردنەوەی ژمارەی هێزە سەربازییەكانی ئەمەریكا لە عێراق رەنگدانەوەی سەركەوتنی هاوبەشی هەردوولایە لە شەڕ و رووبەڕووبوونەوەی داعش.

پێشتریش دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا رای گەیاندبوو كە لە ماوەیەكی كورتدا وڵاتەكەی ژمارەی هێزە سەربازییەكانی لە عێراق بۆ دوو هەزار سەرباز كەم دەكاتەوە، دووپاتی كردەوە، لە ماوەیەكی زۆر كەمدا ژمارەی سەربازانمان لە عێراق بۆ دوو هەزار سەرباز كەم دەكەینەوە، ئەوە لەوكاتە مانگی رابردوو بەرپرسانی ئەمەریكا رایان گەیاند كە كار بۆ ئەوە دەكەن ژمارەی سەربازەكانی ئەمەریكا لە عێراق بۆ 3500 سەرباز لە ماوەی دوو بۆ سێ مانگ كەم بكەنەوە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل