نێچیرڤان بارزانی: یەكێتی هاوبەشی سەرەكی حكوومەتە و ناتوانێ‌ لە بەرپرسیارییەتی ڕا بكات

:: PM:05:36:08/10/2025 ‌
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، لە دوای ساڵی 2005وە ئەو هەڵبژاردنەی بڕیارە بكرێت گرنگترین هەڵبژاردن و چارەنووسسازە تا هێزی كورد لە بەغدا بزانین، ئەوەیش سەرچاوەی هێزە بۆ كوردستان. 

سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پانێڵێكی مێری بەشدار بوو، گوتی، لە كوردستان ئەگەر لە دیموكراسیدا كەموكوڕی هەبێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئێمە لەسەر رێچكە دروستەكەین.

ئەوەیشی گوت، قۆناغی دوای هەڵبژاردن قۆناغی جێبەجێكردنی دەستووری عێراق دەبێت، چونكە ئێستە كاتی ئەوەیە دەست پێ بكات ئەوەیش لای زۆربەی پێكهاتەكانی عێراق بووەتە بڕوای تەواو. 

هەروەك دووپاتی كردەوە، كێشەكان لەگەڵ عێراق هۆكارەكەی جێبەجێ نەكردنی دەستوورە، چونكە ئێستە بۆ كەس روون نییە كە عێراق وڵاتێكی فیدراڵییە یان نا.

لەبارەی دۆخی ناوخۆی كوردستان و پێكنەهێنانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی گوتی، هەڵبژاردنێكی زۆر سەركەوتوو لە كوردستان كرا و 72% خەڵك بەشداریان كرد، تەنانەت ئەو كاتە دوو گردبوونەوەی گەورەی پارتی و یەكێتی رووی دا و بەبێ‌ ئەوەی یەك كێشەیش دروست بێت، "ئەوە دەستكەوت بوو" .

روونیشی كردەوە، پڕۆسەی دروستكردنی حكوومەت زۆری خایاند، بەڵام ئێستە پێوەندییەكی زۆر تۆكمە لەنێوان پارتی و یەكێتی هەیە، وەرەقەیەكی هاوبەشمان لەسەر داهاتووی كاركردن لەعێراق لەگەڵ یەكێتی هەیە. 

سەرۆكی هەرێمی كوردستان دووپاتی كردەوە، دەبوو حكوومەت زووتر پێكبهێنرێ‌، بەڵام هەندێك ئاستەنگ هەیە دەبێت چارەسەر بكرێت، بەڵام یەكێتی هاوبەشی سەرەكیی حكوومەتە و ناتوانێ‌ لە بەرپرسیارییەتی ڕا بكات.

سەرۆكی هەرێمی كوردستان دڵنیایی دا، دوای هەڵبژاردنی عێراق هیچ بیانوویەك بۆ جێبەجێ نەكردنی دەستوور نییە و ئەگەر هاووڵاتییانی كوردستان بەشێك بن لە عێراق نابێت ئەو كێشانە بمێنێ‌ كە هەن. 

نێچیرڤان بارزانی گوتی، خەڵك مافی خۆیەتی داوای شتی زیاتر بكات، بەڵام ئێستە بابەتی خزمەتگوزاری زۆر زۆر زیاترە لە رابردوودا.

هەروەها رەخنەی لە راگەیاندن گرت كە ئەوان بوونەتە بەشێك لە بڵاوكردنەوەی بێ‌ ئومێدی و پێویستە بە دامەزراوەیی بكرێن وەك هەر سێكتەرێكی تر كە هەیە. 

سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەرنجی خستە سەر ئەوەی حكوومەتی داهاتووی عێراق دەبێت ریفۆرمی رژد لەناو دامەزراوەكانی بكات، چونكە ئەوەی لە عێراق هەیە لە هیچ كوێی دنیا نییە، ئێستە حكوومەتی هەرێمی كوردستان قۆناغی گەورەی بڕیوە و دەیەوێ‌ یاسا بۆ كەرتی تایبەتیش دەربكات. 

هەروەك هێمای بۆ ئەوە كرد، زوو یان درەنگ عێراق تووشی كێشەیەكی گەورە دەبێت ئەگەر ریفۆرم لە دامەزراوەكان نەكات، وڵات بەمجۆرەی وەك عێراق بەڕێوە ناچێت، نە كارەبا نە سیستمی بانكی هەیە، كەس نایەت لە عێراق وەبەرهێنان بكات، چونكە یاساكەیان هاندەر نییە بۆ وەبەرهێنان. 

لەبارەی مەترسیی تەناهی و هێرشی درۆنی، نێچیرڤان بارزانی گوتی، لە هەرێمی كوردستان كە بۆردمانی درۆنی هەبوو، پرسیارێكم لا دروست بوو، ئایا قازانجی عێراق لەوە چی بوو؟ بۆیە مەترسیی گەورە ئەوەیە هێزەكانی دەرەوەی یاسا ئەو كارانە دەكەن و دەبێت ئەوانە بێنە ژێر یاسا و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان، بەغدا زۆر كەمتەرخەم بوو لە بەرانبەر هێرشی درۆنی بۆ سەر كوردستان.


وشە - سه‌رخێڵ هاشم