كێشەی نێوان هەسەدە و دیمەشق چۆن چارەسەر دەبێت؟

:: PM:06:11:08/10/2025 ‌

لە ماوەی چەند رۆژی دوایی هاوكات ئاڵۆزی و شەڕ و دیدار و كۆبوونەوەی هەسەدە و دیمەشق بە سەرپەرشتیی ئەمەریكای بەخۆیەوە بینی، دوێنێ لە دیمەشق كۆبوونەوەیەك لە نێوان ئەحمەد شەرع سەرۆكی كاتیی سووریا و مەزڵووم عەبدی فەرماندەی گشتیی هەسەدە بە سەرپەرشتیی تۆم باراك نێردراوی تایبەتی ئەمەركیا بۆ سووریا و براد كوپەر فەرماندەی ناوەندیی ئەمەریكا هاتە سازكردن و دووپات لە جێبەجێكردنی بڕگەكانی رێككەوتنی 10ی ئاداری دیمەشق لە نێوان هەردوولا كرایەوە.

بەپێی راپۆرتەكان ئەوەی لە كۆبوونەوەكانی دوایی نوێیە، هەوڵی ئەمەریكا بۆ كۆنترۆڵكردنی دۆخەكە و رێگەنەدان بە هەردوولا بۆ دروستكردنی پشێوی و گوشاركردن بۆ دانانی وادەیەكی كاتیی سنووردار بۆ جێبەجێكردنی بڕگەكانی رێككەوتنی دیمەشق، كە لە 10ی ئاداری رابردوو لە نێوان ئەحمەد شەرع و مەزڵووم عەبدی واژوو كرا و تا كۆتایی ئەمساڵ بواری بۆ دیاری كرا بۆ جێبەجێكردنی، بۆیە ئێستە ئەمەریكا گوشار دەكات بۆ جێبەجێكردنی بەر لە كۆتایی ئەمساڵ.

بەپێی راپۆرتەكان لە كۆبوونەوەی دوایی باسی چەند دۆسیەیەك كراوە، پێوەست بە ئاڵۆزییەكانی دوایی و ئاگربەست لە حەلەب و و رێوشوێنە تەناهی و ئیدارییەكان و دابەشكردنی داهاتی نەوت و دوارۆژی بابەتی نامەركەزی لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە، بەتایبەتی یەكخستنی دامەزراوە سەربازییەكانی هەردوولا، بەگشتی سەردانەكەی باراك و كوپەر بۆ دیمەشق و هەسەدە هەوڵێكە بۆ نەهێشتنی چەقبەستوویی ئێستە، هاوكات بەرجەستەی نیگەرانی قووڵی ئەمەریكا دەكات بە لەدەستدانی هەژموونی دیپلۆماسی لە سووریا، كە دۆسیەكی گرنگی پێوەندیدارە بە ئاسایش و ئاشتی لە ناوچەكە.

جیمس جیفری نێردراوی پێشووی ئەمەریكا بۆ سووریا دەڵێت، تا ئێستە رێككەوتنی دیمەشق و هەسەدە جێبەجێ نەكراوە و واشنتن هەست بە نائومێدی بەرانبەر بە هەردوولا دەكات، بۆیەش ئەمەریكا بە شێوەیەكی كاتی كشانەوەی سەربازی لە سووریا وەستاندووە بۆ رێگرتن لە هەرەسهێنانی ئەو سەقامگیرییە لەرزۆكەی لەو وڵاتە هەیە.

روونی كردەوە، یەكخستنی ناوچەكانی هەسەدە لەگەڵ دیمەشق كلیلی سەقامگیریی سووریایە لە داهاتوو، ئەو هەنگاوەش پێویستیی بە دروستبوونی متمانە لە نێوانیان هەیە، واتە دداننانی هەسەدە بە دەسەڵاتی حكوومەتی سووریا و پابەندبوونی دیمەشق بە پێوەرە نێودەوڵەتییەكان لە مامەڵەكردن لەگەڵ پێكهاتەكانی ئەو وڵاتە، یەكێتی سووریا مەرجە بۆ قبووڵكردنی لە دنیا، بەڵام لە سایەی خۆدزینەوەی دیمەشق لە چاكسازیی راستەقینەی سیاسی و ئیداری، ئەو وڵاتە بە دابەشكراوی كراوە بۆ دەستوەردانی دەرەكی دەمێنێتەوە، ناوچەكانی باكور و رۆژهەڵاتی سووریا هەستیارترین ناوچەن لەو وڵاتە، چونكە زۆرینەی سامانی نەوتی و كشتوكاڵ و دەیەكی دانیشتووانی سووریا لەخۆ دەگرێت. 

جیفری دووپاتی كردەوە كە تا ئێستە هەڵوێستی توركیا بەرانبەر بە هەسەدە هەستیارترین و گەورەترین كێشەیە لە هاوكێشەی سووریا، ئەنقەرە بەوردی و بە نیگەرانییەكی زۆرەوە چاودێریی جێبەجێكردنی رێككەوتنی دیمەشق دەكات، پێی وایە بەردەوامیی ئەمەریكا و هاوپەیمانان لە دانی چەك بە هەسەدە هەڕەشەیەكی راستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانییەكەی، بۆیە رەنگە ئارامیی ئەنقەرە لە هەر ساتێك نەمێنێت، ئەوە ئەگەر چەند رێوشوێنێك وەرنەگرێت، وەك دەركردنی ئەندامانی پەكەكە و رێكخستنەوەی دەروازەو سنوورییەكان. 

جیفری پێی وایە كە بڕیاری كشانەوەی هێزەكانی ئەمەركیا لە سووریا مەترسییەكی راستەقینە لەخۆ دەگرێت بە لەدەستدانی دەسەڵاتی واشنتن لەو وڵاتە بۆ بەرژەوەندیی رووسیا و ئێران، بۆیە كشانەوەی هێزەكان بەر لە چارەسەركردنی كێشەی نێوان دیمەشق و هەسەدە، وڵاتەكە بۆ قۆناغی پشێوەی و لەرزۆكی دەگەڕێنێتەوە. 

ئەو سیاسەتوانە پێشووەی ئەمەریكا و شارەزا لە كاروباری سووریا لە سەردەمی یەكەم دەسەڵاتی دۆناڵد ترەمپ لە كۆشكی سپی زیاتر دەڵێت، پێویستە واشنتن گوشار لە كورد بكات بۆ وەرگرتنی چەند هەنگاوێك بۆ دروستبوونی متمانە لەگەڵ دیمەشق، وەك رادەستكردنی دەروازە سنوورییە نێودەوڵەتییەكان بۆ دیمەشق و دەركردنی شەڕوانە بیانییەكان لە ریزەكانی و بەفەرمی ناساندنی رێككەوتنەكانی نەوت، ئەوە لە بەرانبەر پابەندیی سووریا بە یەكخستنێكی بە هەنگاوی هەسەدە لەگەڵ سوپای سووریا و كردنی بە بەشێك لە بەرنامەی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر.

لە كۆتادا جیفری دووپاتی كردەوە كە رێگەی چارەسەری راستەقینەی دۆخی سووریا بە یەكخستنی ئاشتییانەی باكور و رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە لەگەڵ دیمەشق و سەلماندنی فەرمانڕەواییەكی گشتگیر و بەرپرسیارانەی دیمەشق تێپەڕ دەبێت، ئەگەر ئەوەش شكست بێنێت، تەنیا مانای شكستهێنانی رێككەوتنی 10ی ئاداری دیمەشق نییە، بەڵكو دەبێتە سەرەتای قۆناغێكی نوێ لە چەقبەستویی سیاسی و وڵاتەكە بۆ بازنەی چاوەڕوانی دەگەڕێنێتەوە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل