كاردینال لویس ساكۆ كه گه‌وره‌ترین مه‌رجه‌عى كه‌نیسه‌ى كلدانییه له عێراق و دنیا، له راگه‌یه‌نراوێكدا هۆشداریى به مه‌سیحییه‌كان ده‌دات و رێنوێنییان پێ ده‌دات، بۆ ئه‌وه‌ى چیتر ده‌نگى مه‌سیحییه‌كان وه‌ك هه‌ڵبژاردنى رابردووى په‌رله‌مانى عێراق نه‌دزرێت، كه له پێنج كورسى كۆتاى مه‌سیحییه‌كان، چوار كورسى بۆ میلیشیاى بابلیۆن بوو.
له هه‌ڵبژاردنى رابردوو چۆن ده‌نگى مه‌سیحییه‌كان دزرا؟
بۆ تێگه‌یشتن له هۆشدارییه‌كه‌ى پاتریاركى كاردینال لویس ساكۆ بۆ هه‌ڵبژاردنى داهاتووى عێراق، پێویسته ده‌كات ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنى رابردوو بۆ كۆتاى مه‌سیحى له عێراق له به‌رچاو بێت، كه ئه‌نجامه‌كه زه‌نگێكى ترسناك بوو بۆ هه‌موو پێكهاته‌ى مه‌سیحى له عێراق و رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست. هه‌ڵبژاردنى رابردووى په‌رله‌مانى عێراق له 10ى ئۆكتۆبه‌رى ساڵى 2021 به‌ڕێوه‌چوو، واته رێك چوار ساڵ له‌مه‌وبه‌ر بوو. مه‌سیحییه‌كان پێنج كورسیى كۆتایان له په‌رله‌مانى عێراق هه‌یه كه به‌م شێوه‌یه دابه‌ش بووه، بۆ هه‌ر یه‌كێك له‌و شارانه كورسییه‌ك: دهۆك، هه‌ولێر، كه‌ركووك، مووسڵ، به‌غدا. ئه‌وه‌ى سه‌یر بێت له پێنج كورسى، چوار كورسی له‌لایه‌ن میلیشیاى بابلیۆن برا. ئه‌مه میلیشیایه‌كه له چوارچێوه‌ى میلیشیاكانى شیعه و سه‌ربه هاوپه‌یمانى فه‌تح بوو كه هادى عامرى سه‌رۆكایه‌تیى ده‌كات. ره‌یان كلدانى كه سه‌رۆكى بابلیۆنه كه له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى گه‌نجینه‌ى ئه‌مه‌ریكاوه سزا دراوه.
ئه‌و كاته ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنى كۆتای مه‌سیحییه‌كان له په‌رله‌مانى عێراق ناڕه‌زاییه‌كى گه‌وره‌ى لێ كه‌وته‌وه، ته‌نانه‌ت چه‌ندان ناوه‌ندى رۆژنامه‌وانى و توێژینه‌وه له‌سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵه‌تى، راپۆرتیان له‌سه‌ر بڵاو كرده‌وه. هه‌ندێك له به‌رپرسان و كه‌سایه‌تیى مه‌سیحى ئه‌وكات گوتیان، ده‌بێت شێوازى كۆتاى مه‌سیحییه‌كان ده‌ستكاری بكرێت، به شێوه‌یه‌ك چیتر ئه‌و پێشێلكارییه دووباره نه‌بێته‌وه، كێشه‌ى گه‌وره وه‌ك چاودێران باسیان ده‌كرد، ئه‌وه‌بوو كه‌سانى ده‌ره‌وه‌ى كۆتا بۆیان هه‌بوو ده‌نگ به نوێنه‌رانى كۆتاى مه‌سیحى بده‌ن.
واده‌ى په‌یامه‌كه‌ى كاردینال ساكۆ گرنگه
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م نۆى تشرینى یه‌كه‌م، هاوكاته له‌گه‌ڵ یادى به‌ڕێوه‌چوونى هه‌ڵبژاردنى خولى پێنجه‌مى په‌رله‌مان كه له سه‌ره‌وه باس له ورده‌كارییه‌كه‌ى كرا، هاوكات ته‌نیا مانگێك بۆ هه‌ڵبژاردنى خولى شه‌شه‌م ماوه، له‌م كاته‌دا پارتریاركى كه‌نیسه‌ى كلدانى له عێراق و دنیا كاردینال لویس ساكۆ، په‌یامه‌كه‌ى بڵاو ده‌كاته‌وه و چه‌ند بنه‌مایه‌ك بۆ مه‌سیحییه‌كان روون ده‌كاته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ى له هه‌ڵبژاردن له به‌رچاوى بگرن. كاردینال ساكۆ له سه‌ره‌تاى راگه‌یه‌نراوه‌كه‌ى ده‌ڵێ، "ته‌نیا مانگێك جیامان ده‌كاته‌وه له هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مان، بۆیه به پێویستى ده‌زانم به‌و بۆنه‌یه‌وه په‌یامێك بڵاو بكه‌مه‌وه بۆ عێراقییه‌كان به‌شێوه‌یه‌كى گشتى و به‌تایبه‌تیش بۆ مه‌سیحییه‌كان، بۆ ئه‌وه‌ى به‌چڕى به‌شداریى هه‌ڵبژاردنى داهاتوو بكه‌ن و ده‌نگ به‌و كه‌سه بده‌ن كه شیاوترینه بۆ خزمه‌تى عێراقییه‌كان بێ جیاوازى".
پێوه‌ره‌كانى كاردینال ساكۆ بۆ هه‌ڵبژاردنى كاندیده‌كان؟
كاردیناڵ لویس ساكۆ چه‌ند پێوه‌رێكى بۆ ئه‌و كاندیدانه داناوه كه شیاوى ده‌نگدانن، له به‌رانبه‌ریشدا ئه‌و كه‌سانه‌ى دیارى كردووه كه نابێت ده‌نگیان پێ بدرێت. لویس ساكۆ ده‌ڵێ، "ده‌نگ به‌و كه‌سانه بده‌ن كه توانایان هه‌یه، ده‌ستپاك و راستگۆن، رێز له فره‌یى و جۆراوجۆرى ئاین و نه‌ته‌وه‌كان ده‌گرن، باوه‌ڕیان به سه‌روه‌ریى عێراق و بووژانه‌وه و سه‌قامگیرییه‌كه‌ى هه‌یه". له به‌رانبه‌ردا باسى ئه‌وه ده‌كات كه‌نیسه‌ى كلدانى ئه‌و جۆره كه‌سانه ره‌ت ده‌كاته‌وه و نابێت نوێنه‌رایه‌تى مه‌سیحییه‌كان بكه‌ن، ئه‌وانیش "ئه‌و كه‌سانه‌ى به گه‌نده‌ڵى ناسراون، گرووپه چه‌كداره‌كان كه داهاتى مه‌سیحییه‌كانیان بردووه، ده‌ستیان به‌سه‌ر شار و شارۆچكه‌ى مه‌سیحییه‌كان گرتووه له ده‌شتى نه‌ینه‌وا". ساكۆ دووپاتى ده‌كاته‌وه، كه‌نیسه‌ى كلدانى رێگه نادات، پێكهاته‌ى مه‌سیحى ببێته سووته‌مه‌نى ئه‌و لایه‌نه نامۆیانه".
كاردینال ساكۆ ره‌خنه له حكوومه‌تى عێراق و كۆمسیۆن ده‌گرێت
كاردینال لویس ساكۆ ئاشكراى ده‌كات، داوایان له كۆمسیۆنى هه‌ڵبژاردنه‌كان و چه‌ند ده‌زگایه‌كى تر‌ى پێوه‌ندیدار له حكوومه‌تى عێراق كردووه، بۆ ئه‌وه‌ى وه‌ك چاره‌سه‌رێكى یاسایى ده‌نگدان ته‌نیا له ناو پێكهاته‌ى مه‌سیحى بێت، به‌ڵام كه‌س گوێى بۆ نه‌گرتوون، ده‌شڵێ، حكوومه‌تى عێراق له 15 ساڵى رابردوودا شكستى هێناوه له مافى پێكهاته‌كان، شكستى هێناوه له رێكاریى پابه‌ندبوون به دادپه‌روه‌رییان و پارێزگاریكردن له نوێنه‌رایه‌تى و رۆڵیان".
له كۆتادا دووپاتى ده‌كاته‌وه، "مه‌سیحییه‌كان سه‌ره‌ڕاى برینه‌كانیان، راده‌ست نابن و به رژدى كۆشش ده‌كه‌ن بۆ به‌دیهێنانى مافى ده‌ستووریان كه ئاینده‌یان ده‌ستبه‌ر ده‌كات و مانه‌وه‌یان جێگیر ده‌كات".
مه‌سیحییه‌كانى عێراق و چاره‌نووسێكى سه‌خت
به‌گوێره‌ى راپۆرته فه‌رمییه‌كانى عێراق و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، له دواى 2003 وه مه‌سیحییه‌كانى عێراق له واقیعێكى تاڵ ده‌ژین. به‌گوێره‌ى ئاماره‌كان ژماره‌ى مه‌سیحییه‌كان له عێراق به‌ر له 2003 زیاتر له دوو ملیۆن و 500 هه‌زار كه‌س بووه، كه‌چى ئێسته نزیكه‌ى 400 هه‌زار كه‌سه كه زۆربه‌یان له هه‌رێمى كوردستانن. ئه‌وانه‌ى تریش له عێراق یان روویان له ده‌ره‌وه‌ى عێراق كردووه، یانیش هاتوونه‌ته هه‌رێمى كوردستان.
كاتێك له 2014 رێكخراوى تیرۆریستى داعش ده‌سه‌ڵاتى خۆى به‌سه‌ر مووسڵ و چه‌ند ناوچه‌یه‌كى تر سه‌پاند، مه‌سیحییه‌كان روویان له هه‌رێمى كوردستان كرد، به‌ڵام دواى رزگاركردنى ئه‌و ناوچانه میلیشیاكانى سه‌ربه شیعه ده‌سه‌ڵاتى خۆیان ناوچه‌كه سه‌پاندووه، موڵك و ماڵى مه‌سیحییه‌كانیان زه‌وت كردووه.