سەرەڕای چەندان ساڵ لە دەسەڵات و فەرمانڕەوایەتی، حكوومەتە دوای یەكمەكانی عێراق نەیانتوانی وڵاتەكە لە تەنیا پشتبەستن بە داهاتی نەوتا رزگار بكەن و جۆراوجۆریی سەرچاوەی دارایی بۆ فەراهەم بكەن، تەنانەت هیچ پلانێكی ئابووری و داراییان نییە و كێشەیەكی گەورەی سیولە و قەرزی ناوخۆ و دەرەكی و كورتهێنانێكی گەورە لە بودجە هەیە، لە هەمووشی خراپتر بودجەی دەوڵەت پشت بە داهاتی فرۆشتنی نەوت دەبەستێت، كە رۆژانە هەڵبەز و دابەزین دەكات.
مەنار عوبێدی شارەزای ئابووری باسی لێكەوت و كاریگەرییە مەترسیدارەكانی بەردەم ئابووریی عێراق لە حاڵەتی دابەزینی نرخی نەوت دەكات، لە پۆستێك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان نووسیویەتی، لە كاتنی دابەزینی داهات بۆ خوار ئاستی خەرجییەكان، گرتنەبەری زنجیرەیەك سیناریۆی ئابووری دەست پێ دەكات، كە دەوڵەت دەیەوێ لەو رێگەیەوە بە كەمترین زەرەر كورتهێنان پڕ بكاتەوە.
روونی كردەوە، لەو رێوشوێنانە، رەنگە حكوومەت پەنا بۆ پاككردنەوەی قەرزەكانی ببات لە رێگەی گۆڕینەوەی بە موڵكوماڵی دەوڵەت، بەتایبەتی قەرزە ناوخۆییەكان، كاتێك موڵكداری هەندێك دامەزراوە و موڵكوماڵ بە خاوەن قەرزەكان دەبەخشێت بۆ رێگەخۆشكردن بۆ پێدانی قەرز جارێكی تر، ئەگەریش هەیە دەوڵەت ناچاری خەرجكردنی بەشێك لە مووچە یان دابەشكردنی لە ماوەی پچڕ پچڕ ببێت، واتە هەندێك لە دامەزراوەكان ساڵانە 11 مووە وەربگرن، بێ ئەوەی فەرمانبەر هەست بە دواكەوتنی مووچەی بكات.
عوبێدی دووپاتی كردەوە، هەروەها پاڵپشتیی بۆ بەرهەمە نەوتییەكان نەمێنێت و ئەوەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی، جیا لە كەمكردنەوەی خەرجییە كۆمەڵایەتییەكان وەك بەرنامەی چاودێریی كۆمەڵایەتی و پسوولەی خۆراك بۆ نەهێشتنی بارگرانی لەسەر دەوڵەت، ئاماژەی كرد كە كێشە و كەموكورتی لە ئابووری وڵات تەنیا بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت نییە، بەڵك بەهۆی ژمارەی فەرمانبەران و سوودمەندانە لە دەوڵەت، كە هەشت ملیۆنی تێپەڕاندووە، ئەوەش ژمارەیەك وا دەكات هەر چاكسازییەكی دارایی نیوچە ئەستەم بێت.
ئەو شارەزایە وریایی دا بەوەی هەر دابەزینێكی نرخی نەوت بە بڕی دۆلارێك، واتە عێراق ساڵانە زیاتر لە ملیارێك دۆلار زەرەر دەكات، هەوڵدان بۆ قەرەبووكردنەوەی ئەو زیانەش لە رێگەی بودجە و رسوومات و لابردنی پاڵپشتی ناتوانێت كورتهێنان لەسەر ئاستی نزیك و بە بەردەوام پڕ بكاتەوە، چارەسەری راستەقینە لە پینە و پەڕۆی دارایی نییە، بەڵكو لە رێكخستنەوەی خەرجی و داهاتە، لە جۆراوجۆركردنی سەرچاوەی داهات و هاندانی كەرتە بەرهەمهێنەرەكانە و گۆڕانە لە دەوڵەتێكی پشتبەستوو بە تەنیا نەوت بۆ ئابوورییەك داهات دروست بكات و چاوەڕوانی هاتنی لە دەرەوە نەكات.
لای خۆیەوە د. نەبیل مەرسوومی مامۆستای زانكۆ و شارەزای ئابووری دەڵێت، نرخی نەوت كەوتووەتە ژێر گوشاری راستەوخۆی ئەمەریكا و رۆژئاوا و دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا هەوڵ دەدات نرخی نەوت بگاتە ئاستی 55 دۆلار بۆ بەرمیلێك، بۆ مەبەستی ناوخۆیی بۆ هەڵبژاردن و بۆ ناچاركردنی رووسیا بۆ وەستانی شەڕی ئۆكراینا.
روونی كردەوە، ئەوروپا لە كەمكردنەوەی نرخی نەوتی رووسیا لە 60 دۆلارەوە بۆ 47.60 دۆلار نزیك دەبێتەوە، ترەمپیش داوای لە ئەروپییەكان كرد بۆ سەپاندنی رسووماتی گومرگی بە رێژەی 100% بەسەر نەوتی رووسیای هەناردەكراو بۆ چین و هیندستان، كە 79%ی نەوتەكە بە نرخێكی هەرزان دەكڕن، بۆیە لە سایەی لاوازیی خواست لەسەر نەوت و زیادكردنی بەرهەمهێنان لە لایەن ئۆپێك پڵەسەوە، ئەگەری هەیە نرخی نەوت لە شەش مانگی داهاتوو بگاتە خوار 60 دۆلار، ئەوەش بۆ عێراق كارەساتە.
شارەزایان دەڵێن، لە بودجەی عێراق نرخی بەرمیلێك نەوت بە 70 دۆلار خەمڵێندراوە، بۆیە دابەزینی نرخەكەی بۆ 50 دۆلار، واتە دووهێندبوونی كورتهێنانی هەیە و زیادبوونی قەرزی ناوخۆیی، كە خۆی لە ئاستێكی پێوانەییدایە و ئەگەری هەیە تەنگژەی سیولە سەر هەڵبدات و كێشە بۆ مووچە دروست ببێت و وای لێ بێت چەند مانگێك مووچەیەك دابەش بكرێت، بۆیە ئابووریی عێراق بەرانبەر بە دابەزینی نرخی نەوت پووكاوە و لەرزۆكە و ئەگەر نرخی نەوت بۆ خوار 60 دۆلار دابەزێت، عێراق دووچاری تەنگژەیەكی قووڵی دارایی دەبێتەوە.