عێراق بەرەو وشكبوون و نەمانی ئاو دەچێت.. كوردستان فریای خۆی كەوت

:: AM:09:15:13/10/2025 ‌
وشكبوونی بیرەكانی ئاو لە عێراق، بووەتە ئەو كێشەیەی هیچ چارەسەرێكی نەماوە و نەبوونی پڕۆژەش بۆ داهاتوو و سوێری ئاوەكەی وای كردووە، ئیتر رووبەری وشكبوون زۆر لەوە خێراتر بێت عێراق پێشبینی دەكرد، بەڵام لە كوردستان دەیان پڕۆژەی گەورەی ئاو وایكردووە، ئیتر ئاوی بیرەكان چیتر پشتی پێ‌ نەبەسترێت.

كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان، 11 پڕۆژەی گەورەی لە بواری ئاو خستووەتە گەڕ بە گوژمەی زیاتر لە دوو تریلۆن و نیو دینار، بەخێرایی كار لە پڕۆژەكان دەكرێت و بە تەواوبوونیان، ئیتر كێشەی ئاو نامێنێت و لە هەمان كاتدا چیتر ئاو لە ژێرزەوی دەرناهێنرێت.

ئاری ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی كوردستان، بۆ "وشە" گوتی، پڕۆژەی ئاوی فریاگوزاریی خێرای شاری هەولێر، پڕۆژەیەكە لە دوای ئەو پێداویستییە زۆرە و ئەو بەرفراوانبوونەی شاری هەولێر و دابەزینی ئاستی ئاوی ژێرزەوی، كە كاریگەریی لەسەر بیرەكانی ئاوی خواردنەوە هەبوو.

زیاتر گوتی، دابەزینی ئاوی ژێرزەوی و وشكبوونی بیرەكان، كێشە و گرفتی گەورەی بۆ دروست كردین، ئەمە وێڕای ئەو 1400 بیرەی ئاوی خواردنەوەی شاری هەولێر كاریگەریی لەسەر زیاتر دابەزینی ئاوی ژێرزەوی دەكات، بۆیە ئەو ئاوەی لە بیرەكان بەرهەم دەهات، زۆر كەمی كردبوو، بەتایبەتی لە شارێكدا كە بە شێوەیەكی زۆر خێرا فراوان دەبێت و تیرەكەی بووەتە دوو هێندە و ڕووبەرەكەی نزیكەی (490) كیلۆمەتر چوار گۆشەیە، ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی داواكاریی زۆری خەڵك لەسەر ئاوی خواردنەوە، بەتایبەتی لە گەڕەكەكانی هەشتی حەسارۆك و باغولمنارە و چەندان شوێنی تر، هەموو ئەو هۆكارانەی ئاماژەمان پێ كرد، بووە هۆی ئەوەی ئەو پڕۆژە ستراتیجییەی ئاوی خواردنەوە بكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

ئااماژەی بەوەش كرد، ئەو زۆربوونەی ژمارەی دانیشتووان و فراوانبوونی شار، ئەوەبوو لەسەر ڕاسپاردەی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بڕیار درا چەندان پڕۆژەی گرنگی ئاو بكەوێتە بواری جێبەجێكردن.

گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا كە لە ماوەی 50 ساڵی ڕابردوودا بە توندی دەستیان بە دەركەوتن كردووە، وایكردووە دەیان ناوچە بگۆڕن بۆ بەكارهێنانی ئاوی ژێرزەوی لە ڕێگەی بیرەكانەوە، بۆ دەستەبەركردنی ئاوی خواردنەوە یان ئاودێریكردنی باخ و زەوییە كشتوكاڵییەكان. 

لە خوار و ناوەڕاستی عێراق، ئەم بیرانە هێڵی ژیان پێكدەهێنن لە ناوچە دوورەدەست و بیابانەكان، تەنانەت ئەو بیرانەی كە دەوروبەری هەندێك شارن، بەشێوەیەكی مەترسیدار ڕوویان لە پاشەكشە كردووە.

وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق پێشتر بڵاوی كرددەوە، ساڵی 2025 ئاو بەڕێژەیەكی ترسناك دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە و لە زیاتر لە 40 ناوچەدا گەیشتە ئاستێكی پێوانەیی. هەندێك بیر بە تەواوی وشكیان كردووە یان پێویستیان بە قووڵی كونكردنی زیادە هەبوو.

فورات تەمیمی سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵ لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، دۆخەكە جێگەی نیگەرانییە، بەتایبەتی كە ئاوی ژێرزەوی هێڵێكی ژیانی گرنگە بۆ سەتان هەزار هاووڵاتی، بەتایبەتی دوای وشكبوونی زۆر لە كانیاوەكان كە هەزاران ساڵە ئاویان بۆ زەوی دابین كردووە. ئەمەش پێویستی بە پەرەپێدانی ستراتیجییەكی هەمەلایەنە هەیە بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامیی ئاو، تەنانەت لە كەمترین ئاستدا.

ئاماژە بەوەش دەكات، ئاوی ژێرزەوی لە عێراق یەكێكە لە گرنگترین سەرچاوەكانی دابینكردنی ئاو بەتایبەتی لە پارێزگاكانی ڕۆژئاوا و باشوور، كە لە چەند ساڵی ڕابردوودا بەدەست دابەزینی بەرچاوی ئاستی ڕووبارەكان و كەمی بارانبارینەوە دەناڵێنن.

لەگەڵ خراپتربوونی گۆڕانی كەشوهەوا و بەرزبوونەوەی ڕێژەی وشكەساڵی، هەزاران گوند و كێڵگە پەنایان بردووەتە بەر لێدانی بیری ئیرتیوازی بۆ قەرەبووكردنەوەی كەمی ئاوی سەرزەوی، ئەمەش بووە هۆی كەمبوونەوەی كۆگەكانی ئاوی ژێرزەوی بە ڕێژەیەكی زیاتر لە توانای سروشتی خۆیان.

شارەزایانی ئاو هۆشداریی دەدەن، بەردەوامبوونی ئەم شێوازە بەبێ پلانی بەڕێوەبردن و چاودێری، دەتوانێت كارەساتی ژینگەیی و كشتوكاڵی لێ بكەوێتەوە، بەتایبەتی لەبەر ڕۆشنایی نەبوونی پڕۆژەی رژد بۆ پڕكردنەوەی ئاوی ژێرزەوی، یان ڕێكخستنی بەكارهێنانی لە ناوچە گوندنشین و بیابانییەكان.


وشە - رامیار جەواد