بۆچی دیموکراتەکان نایەکسانی زیاد دەکەن؟

:: PM:06:30:13/10/2025 ‌
کاتێک دیموکراتەکان لە باشترین دۆخی خۆیاندان، هەڵدەستن بە یەک ئەرک: کەمکردنەوەی نایەکسانی و دادپەروەرکردنی ژیانی ئەمەریکی. ئەمە ئەو شتەیە کە فرانکلین ڕۆزڤێلت لەگەڵ نیودیڵ کردی و لیندن جۆنسن هەوڵی دا لەگەڵ جەنگی دژ بە هەژاری بیکات، ئەمە ئەوەیە کە بیل کلینتن و باراک ئۆباما لەگەڵ سیاسەتی بۆ چاکسازی پەروەردە کردیان. هەم کلینتن و هەم ئۆباما کاندیدی پەروەردە و بریکارانی گۆڕانکاری بوون، لە سەرۆکایەتییاندا، دیموکراتەکان لەگەڵ جۆرج دەبلیو بووش لەسەر یاسای "هیچ منداڵێک بەجێ نەمێنیت" کاریان کرد، کە بە زۆرینەی 45-384 لە ئەنجوومەنی نوێنەراندا و 8-91 لە سێنادا تێپەڕی، یاسای "هیچ منداڵێک بەجێ نەمێنێت" هەمووی لەبارەی هێنانە ئارای لێپرسینەوە بوو لە قوتابخانەکانی ئەمەریکا.

بەهۆی ئەو هەوڵانەی چاکسازیکردنەوە، نمرەی بەدەستهاتووی تاقیکردنەوەی خوێندکاران بەرز بووەوە لە (خوێندنەوە، بیرکاری و زۆربەی بابەتە ئەکادیمییەکانی تر لە نێوان ناوەڕاستی ساڵانی 1990ەکان و بۆ 2013دا، لە ساڵی 1990دا 48 لە سەدی خوێندکارانی پۆلی هەشتەمی ئەمەریکا لە بیرکاریدا لەژێر ئاستی بنەڕەتیدا نمرەیان وەرگرت. بەڵام تا ساڵی 2013 ئەمە دابەزی بۆ تەنیا 26 لە سەد، باشترین بەشی ئەم پێشکەوتنە ئەوە بوو کە نمرەکانی خوێندکارە زۆرترین بێبەشەکان بەرزبوونەوەیان بە خۆیانەوە بینى، لەناو خوێندکارە ڕەشپێستەکاندا، ڕێژەی ئەوانەی لە بیرکاریدا لەژێر ئاستی بنەڕەتیدا نمرەیان وەرگرت لە 78 لە سەدەوە دابەزی بۆ 48 لە سەد. لەناو خوێندکارە ئیسپانییەکاندا، لە 66 لە سەدەوە دابەزی بۆ 38 لە سەد.

دەرئەنجامەکانی خوێندکاران تەنیا لەبارەی ئەوە نین کە لە قوتابخانەکاندا ڕوو دەدات، سیاسەتەکانی ئەو سەردەمەی بە ناوی نیۆلیبراڵەوە ناسرا هاوکار بوو، گەشەی ئابووریی بەهێز بوو، نایەکسانی داهات کەم بووەوە، لە نێوان 1983 و 2010دا ڕێژەی هەژاری منداڵان لە 30 لە سەدەوە دابەزی بۆ نزیکەی 17 لە سەد.

پاشان قەیرانی دارایی لە ساڵی 2008دا هات، ویلایەتەکان و خێزانەکان پارەی کەمتریان هەبوو بۆ خەرجکردنی لەسەر پەروەردە، ئەمە زیادبوونی نمرەی بەدەستهاتووی خوێندکارانی خاو کردەوە، بەڵام ڕێگری لێ نەکرد، گۆڕانکارییەکە لە 2013دا هات، لەو کاتەوە، نمرەی بەدەستهاتووی خوێندکارانی ئەمەریکی دابەزینیان بەردەوام بووە، نمرەی ئەو خوێندکارانەی لە ئاستی باشدان لە شوێنی خۆی چەقیوە. بەڵام نمرەی ئەو خوێندکارانەی پاشخانێکی گرنگى پێدراویان نییە ڕووخاون، دەرئەنجامەکان زیاتر و زیاتر نایەکسان دەبنەوە و هەلەکانی ژیان بۆ گەنجانی ئەمەریکی نایەکسانترن.

چی ڕووی دا لە 2013؟
دوو شت روویان دا، یەکەمیان شاشەکان بوو ئەگەر شاشەکان بەکاربهێنیت بۆ خوێندنەوەی گوتار و کتێب، تۆ ماسولکەی دەماغی دروست دەکەیت، بەڵام ئەگەر شاشەکان بەکاربهێنیت بۆ بینینی ڤیدیۆ بێ دەنگە کورتەکان، تۆ بەڕاستی خۆکوشتنی ئەقڵی ئەنجام دەدەیت. وەک جەیمس ماریۆت لە وتارێکدا باسی کرد کە چەند هەفتەیەک لەمەوبەر بڵاو بووەوە، دیموکراسی و خوێندەواری پێکەوە لەدایک بوون، جیهانی چاپ جیهانی بیرکردنەوەی لۆجیکی، ئاڵۆز و عەقڵانییە، خوێنەرێکی بەتامەزرۆ خووی بیرکردنەوەی بە  دیسپلین وەردەگرێت.
بەهۆی مۆبایلە زیرەکەکانەوە، قەبارەی نووسین و خوێندندنەوە لە جیهاندا لە پاشەکشێیەکی خێرادایە، ڕێژەی ئەو ئەمەریکییە تەمەن 18 ساڵانەی کە دەڵێن کێشەیان هەیە لە بیرکردنەوە یان سەرنجدان بەنزیکەیی لە 2013ەوە بەردەوام بەرز بووەتەوە، ڕێژەی گەورەساڵانیش کە کەموکووڕییان لە خوێندنەوە و نووسین و لێکدانەوەی ژمارەیی بنەڕەتیدا هەیە زیاد دەبێت، نمرەکانی  I.Qکە سەدەیەک لەمەوبەر بەردەوام بەرزدەبووەوە، لە هەموو بەشەکانی تاقیکردنەوەکاندا دادەبەزیون جگە لە یەک کاتیگۆری.

مۆبایلە زیرەکەکان دیاردەیەکی جیهانین و بێگومان نمرەی بەدەستهاتووی خوێندکاران و توانای بیرکردنەوەیان لە زۆر وڵاتی جیهاندا دادەبەزن، بەڵام نابێت چارەنەبوون بەرانبەر تەلەفۆنەکان ببیننەوە، مۆبایلەکان بە ئاشکرا کۆسپن لە بەردەم دەستکەوتی زیهنی، بەڵام ئەوەی بەڕاستی گرنگە ئەوەیە کە تاکەکان، خێزانەکان، قوتابخانەکان و وڵاتان چی دەکەن وەک وەڵامێک بۆ ئەمە، لەم بارەیەوە، کارایی ئەمەریکا لەم رووەوە خراپە.

وەک نات مالکوس، لە پەیمانگای ئەمەریکیی ئینتەرپرایز نیشانی داوە، کەلێنی بەدەستهێنانی زانستی لە ئەمەریکادا بۆ زانست و بیرکاری "زۆر خێراتر لە هەر وڵاتێکی تر فراوان دەبێت ئەو وڵاتانەی کە ئاماریان هەیە". ئێمە هیچمان نەکردووە بۆ پاراستنی خەڵکە هەرەزۆر لاوازەکانمان لە بەڵای شاشەکان.

ئەمە بە بەشێک بەهۆی شتەکەی دووەمەوەیە بە نزیکەیی لە 2013دا ڕوویدا: ناوەندی سیاسیی ئەمەریکی ڕووخا، کۆمارییە پۆپۆلیستەکان جێگەی کۆمارییەکانی شێوازی بووشیان گرتەوە، پۆپۆلیستەکان حەزیان نەبوو لە شێوازی ناوەندگەرایی دەسەڵاتی "هیچ منداڵێک بەجێ نەمێنێت"، لە هەمان کاتدا، پارتی دیموکرات بەرەو چەپڕەوی جوڵایەوە، دیموکراتە پێشکەوتووەکان هیچ کاتێک حەزیان لە سیستمی لێپرسینەوە نەبوو، لەو کاتەوە، پێشکەوتووخوازەکان، ڕیفۆرمستە میانەڕەوەکانی پەروەردەیان لاواز کردووە.

لە ساڵی 2015دا کۆنگرێس یاسای "هیچ منداڵێک بەجێ نەمێنێت"ی گۆڕی بە یاسای "هەموو خوێندکارێک دەردەچێت". ئیتر سەردەمی لێپرسینەوە تەواو بوو، سەردەمی وەکیەکی هات، لەژێر یاسای "هەموو خوێندکارێک دەردەچێت"دا، ویلایەتەکان چیتر ناچار نەبوون ڕاپۆرت لەسەر چۆنیەتی قوتابخانەکان ئامادە بکەن، زۆربەی ویلایەتە دیموکراتەکان میکانیزمەکانی لێپرسینەوەیان سووک کردەوە، بۆ نموونە، کالیفۆرنیا بە سیستمی بەهەڵسەنگاندنی خۆیدا چوویەوە و بە  شێوەیەکی جادووگەرانە  نزیکەی 80 لە سەدی قوتابخانەکانی وەک مامناوەند یان کارایی بەرز هەڵسەنگاند.

لە سەردەمی وەکیەکیدا، قوتابخانەکان توندوتۆڵییان شل کرد و ستانداردەکانیان بۆ منداڵە هەژارەکان دابەزاند، زۆر قوتابخانە وازیان لە دیاریکردنی کتێبی تەواو هێنا و دەستیان کرد بە دیاریکردنی بەشە کورتەکان، ئەوەی نووسەری پیداگۆگی تیم دالی بە قەیرانی پەروەردە ناوی دەبات دەستی پێ کرد.

هەندێک کەس نەخۆشی کۆڤید-19 تاوانبار دەکەن بۆ دابەزینە کارەساتبارەکانی نمرەکانی تاقیکردنەوەکان، بەڵام قەیرانی پەروەردە پێش کۆڤید دەستی پێ کرد و تەنیا لە کاتی ئەوەوە گەورەتر کرا، جەیمس ئێچ. وایکۆف لە زانکۆی ڤێرجینیا ئاماژە بەوە دەکات کە نزیکەی 47 لە سەدی دابەزینی نمرەکانی بیرکاری پۆلی هەشتەم لە دوای نەخۆشییەکە "پێشبینی کرابوو" لەلایەن ئەو ئاڕاستانەوە کە پێش کۆرۆنا  هەبوون.

لەوانەیە ئاگادری چیرۆکەکانی ئەم دواییە بن لە سەر ڕاپۆرتی کۆتایی هەڵسەنگاندنی نیشتمانیی پێشکەوتنی پەروەردە، تێکڕای نمرەکانی خوێندنەوەی پۆلی دوازدە ئێستە نزمترە لە هەر کاتێک لە ماوەی ئەو 33 ساڵەی کە ئەم ڕاپۆرتانە بڵاو دەکرێنەوە، جارێکی تر کارایی خوێندکارە باشەکان لە  جێی خۆیاندا وەستان، بەڵام نمرەکانی خوێنکارانی کەمتر کارا بە بنەوەدا کەوتوون.

پێشووتر باسم کرد کە لە سەردەمی لێپرسینەوەدا، ژمارەی خوێندکارە ڕەشپێستەکان کە لە بیرکاریدا نمرەیان لەژێر ئاستی بنەڕەتیدا بوو لە 78 لە سەدەوە دابەزیبوو بۆ 48 لە سەد، خۆ ئێستە ئەو ژمارەیە گەڕاوەتەوە بۆ 62 لە سەد، دەرئەنجامی کەسیی خۆم ئەمەیە: ڕێبازی یەکسانی و وەکیەکی پێویستە یەکسانی زیاد بکات، زۆرباشە، بەڵام بە کەمکردنەوەی لێپرسینەوە، توندوتۆڵی و ستانداردەکان، نایەکسانیی زیاتر بەرهەم دەهێنێت.

ئێستا 12 ساڵمان لە ئاماری خراپیی پەروەردە و خوێندن هەیە، هەموو پێمان وایە ئەمە دەبێت شەپۆلێکی چاکسازی بێنێتە پێش، بە  کردەوە دروستی کردووە، بەڵام تەنیا لە یەک جۆر توێژ: کۆمارییەکان. کاتێک کار دێتە سیاسەتی پەروەردە، کۆمارییەکان هەڵدەکوتنە سەر دیموکراتەکان بە توندی.

قوتابخانەکان لە ویلایەتە شینەکانی وەک کالیفۆرنیا، ئۆریگۆن و واشنتن سست دەبن، بەڵام قوتابخانەکان لە ویلایەتە سوورەکانی وەک میسیسیپی، ئالاباما، تێنیسی و لویزیانا، کە بە ویلایەتی نەریتی و دواکەوتوو دادەنرێن، لەناکاو سەرسوڕهێنەر باش کار دەکەن، نزیکەی 52 لە سەدی خوێندکارە ڕەشپێستەکانی پۆلی چوارەمی میسیسیپی لە ئاستی پۆلەکەیاندا دەخوێننەوە، بەراورد بە تەنیا 28 لە سەد لە کالیفۆرنیا، لویزیانا تاکە ویلایەتە کە ئاستەکانی دەستکەوتی پۆلی چوارەمی گەڕاوەتەوە بۆ ئاستەکانی پێش نەخۆشییەکە "کۆڤید"، لێکۆڵینەوەیەکی پەیمانگای شارستانیی ڕێکخستی بۆ دیمۆگرافیای کۆمەڵگای خوێندکاران کرد و بینیی کە قوتابخانەکان لە میسیسیپی خوێندکارانی پۆلی چوارەمیان بە سەرکەوتووتر لە بیرکاری و خوێندنەوەدا پەروەردە دەکەن لە چاو قوتابخانەکانی هەر ویلایەتێکی تر، بۆ ویلایەتە هەڵکشاوەکانی تریش دەتوانین ناوی فلۆریدا، تێکساس و جۆرجیا بهێنین.

لە نووسینێکدا لە ئیجوکەیشن نێکست، زاناکان مایکڵ هارتنی و پۆڵ ئی، پێتێرسۆن ڕاپۆرتیان کردووە لەسەر گۆڕانکارییەکی سەرنجڕاکێش، لە ساڵی 2019دا ویلایەتە زۆرینە دیموکراتەکان مەیلیان هەبوو نمرەی تێکڕای خوێندنەوەی بەرزتریان هەبێت بۆ خوێندکارانی پۆلی چوارەم لەچاو ویلایەتە کۆمارییەکان، تا لە ساڵی 2024 ئەمە پێچەوانە بوویەوە: "ویلایەتە سوورەکان بەرزترین پلەیان هەیە، ویلایەتە شینەکان نزمترین."

هەڵکشانی باشووری بەناوبانگ ڕوویدا چونکە ویلایەتە سوورەکان (کۆمارییەکان) دروستیان کرد بە پشتبەستن بە میتۆدێکی خوێندن کە لەسەر زانست بنیات نراوە، نەک ئایدۆلۆجیا، قوتابخانەکان زانیاریی لێپرسینەوەی ڕوون بە دایک و باوکان دەدەن و ئازادیی زیاتریان پێ دەدەن بۆ هەڵبژاردنی قوتابخانەکان، ڕاهێنەر دەنێرن بۆ پۆلە کەم کاراکان، فێرکردنی بەکوالێتیی بەرز بەکار دەهێنن، خوێندکارانی بەرز ناکەنەوە کە ناتوانن بخوێننەوە، هەروەها قوتابخانەکان بەرپرسیاری دەخەنە ئەستۆی دایک، لە میسیسیپی، ئالاباما و تێنیسیدا، منداڵێک کە لە کۆتایی پۆلی سێیەمدا ناخوێنێتەوە پێویستە دووبارەی بکاتەوە.

بە  جەهەنەم، کوا دیموکراتەکان؟ مرۆڤ وا تێدەگات کە زۆرێک لەوان 10 ساڵی ڕابردوویان بەسەربردووە بە بڕیاردان لەوەی ئایدۆلۆجیای دادپەروەری کۆمەڵایەتی گرنگترە لە لابردنی نایەکسانی، بیرۆکەی گەورەی جۆ بایدن بۆ پەروەردە تا پۆلی 12 چی بوو؟ هەڵبەت هیچ نەبوو. لە ساڵی 2024دا هیچ نەبوو جگە لە بۆشاییەکی گەورە کە پێویست بوو پلانی پەروەردەی کامە لا هاریسی لێ بێت.

بەختە باشەکە ئەوەیە هەندێک خاڵی ڕووناک هەن، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر گەڕانم بەناو تەلەفۆنەکەمدا دەکرد (بەڵێ، منیش ئالوودەبوونی خۆم هەیە) کاتێک تووشی ڤیدیۆیەکی سەرسوڕهێنەر بووم. ڕام ئیمانویل لە ئایۆوادا قسەی دەکرد و مشومڕی لەبارەی چاکسازی قوتابخانەکان دەکرد، دەستی کرد بە پێشکەشکردنی زنجیرەیەک لە بیرۆکەی بەرزەفڕ و باوەڕپێکراو، گەڕانەوە بۆ بنچینەکان لە باخچەی منداڵانەوە بۆ پۆلی بنەماکان، وەک زانستی دەنگسازی، بەو شێوەیەی میسیسیپی دەیکات، دووبارە داهێنانەوەی تەواوی قوتابخانەی ئامادەیی، کە سەدەیەکە نەگۆڕاون، سەرنجدانی تایبەت لەسەر قوتابییانی ساڵی یەکەم چونکە کاتێک دەبنە ساڵی سێیەم زۆر گران دەبێت هەوڵ بدرێت بخرێنە ڕێگەیەکی باشتر.

دروستکردنی هاندەر بۆ ئەو خوێندکارانەی کە نمرەی Bی گشتی وەردەگرن بۆ وەرگرتنی کتێب و گواستنەوە بەخۆڕایی، هێنانی زانکۆ بۆ ناو قوتابخانەی ئامادەیی لەگەڵ بەرنامەی کریدیتی دووقات تا بتوانن متمانە بەدەست بهێنن و کاری پێشکەوتوو ئەنجام بدەن، بڕوانامەکانی قوتابخانەی ئامادەیی بەستراوە بە ئەوەی خوێندکاران نامەی قبوڵکردنیان هەبێت لە زانکۆ یان سوپا، یاخود بەرنامەی ڕاهێنانی پیشەیی تا پلانێکیان هەبێت بۆ ڕۆژی دوایی، لەم ڤیدیۆیەدا، ڕێبازێکی دیموکراتی سەرنجڕاکێش و تەنانەت ئیلهامبەخشم بینی بۆ باشترکردنی دەرەنجامەکانی خوێندکاران، لەوانەیە سەرکەوتنی ئیمانوێل ئەوە بێت لە هەردوو حکوومەتی کلینتن و ئۆباما خزمەتی کردووە، کاتێک دیموکراتەکان پارتێکی بەهێزی چاکسازی بوون، ئەوەش هەر ئەزموونە کە ئیمانوێل شارەوانی شیکاگۆ بووە لە نێوان 2009 و 2014دا، فێربوونی خوێندکارانی شیکاگۆ لە پۆلی سێیەمەوە تا پۆلی هەشتەم بە خێراییەکی زیاتر لە خوێندکارانی 96 لە سەدی ناوچە پەروەردەییەکانی ئەمەریکا باشتر بووە، بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی زانکۆی ستانفۆرد لە نێوان 2007 و 2019دا، ڕێژەی دەرچوونی قوتابخانەی ئامادەیی شیکاگۆ لە نزیکەی 60 لە سەد بۆ 82 لە سەد گەیشت.

ناتوانین لە وڵاتێکدا بژین کە ئەو پارتەی لە ناوچە لادێییەکاندا زاڵە، ڕێکارێکی پەروەردەیی ئاست بەرزی هەیە، لە کاتێکدا ئەو پارتەی کە بەسەر شارەکاندا زاڵە، خوێندن و پەروەردەی لاوازە، دیموکراتەکان بەشێک لە ڕۆحیان لەدەست دا کاتێک پێوەندییان بە چینی کرێکاران لەدەست دا، ئەوەشی ماوەتەوە لەدەست دەدەن ئەگەر نەتوانن پارتێک بن پاڵپشتی دەرفەتی یەکسان بکەن، ناتوانین لە وڵاتێکدا بژین کە بە خێرایی توانای بنەڕەتی زیهنی خۆی لەدەست دەدات، ئەوانەشی کەمترین ئیمتیازیان هەیە زیاتر دادەکەون.

نووسینی: دەیڤید بروکس
نیویۆرک تایمز
وەرگێڕانى: رامیار مەحموود


وشە - وشه‌