دووبەرەیی قووڵ لە ئەمەریکا بەردەوام قووڵتر دەبێت، ڕاپرسییەکی نوێی تایمز/سیێنا زیادبوونێکی بەرچاو لە ژمارەی ئەو کەسانە پێشان دەدات کە باوەڕیان وایە وڵاتەکە زۆر جەمسەرگیرە، بە شێوەیەک سەختە کێشەکانی چارەسەر بکات، ڕەنگە پێویستمان بە ڕاپرسی نەبووبێت بۆ ئەمە، سەیری دەوروبەرت بکە، "بیرکردنەوەی دووانەیی لە هەموو کون و قوژبنێکی وڵاتەکەماندایە".
کاتێک چارلی کیرک، لە مانگی ڕابردوودا کوژرا، هەندێک لە ناسیاوەکانم، کەسانێک کە ڕێزیان لێ دەگرم و سەرسامم پێیان، ڕاستەوخۆ دەستیان کرد بە دانانی کەیسێک دژی کیرک بە دۆزینەوەی نموونەی ڕەگەزپەرستی، سێکسیزم و... هتد، کۆمێنتاری سیاسیی سی ئێن ئێن؛ ڤان جۆنز، دۆخەکەی بە زمانێکی گرافیکی خستە ڕوو و گوتی، "من زۆر هەستم بە پەشۆکاوی کرد، کاتێک خەڵکی پارتەکەم بەردبارانی تەرمەکەیان کرد پێش ئەوەی تەنانەت بنێژرێت". کیرک لە تیمی بەرامبەردا بوو، لە ئەمەریکای بیرکردنەوەی دووانەییدا، ئەمە واتای ئەوەیە کە ئەو دوژمن بوو.
لە ڕێوڕەسمى یادەوەرییەکدا بۆ کیرک، دۆناڵد ترەمپ بە ئازادی قسەی کردوو گوتی، کیرک "ڕقی لە دژبەرەکانی نەبوو". گوتیشی، "ئەو باشترینی بۆ ئەوان دەویست، ئەوە شوێنێکە کە من ناکۆک بووم لەگەڵ چارلی، من ڕقم لە دژبەرەکانم هەیە، باشترینم بۆ ئەوان ناوێت". ترەمپ ئەمەی بە دەنگێک گوت وەک دەنگی دێوێک، ترەمپ تا رادەیەکی زۆر هەموو شتێک بە دووانەیی دەبینێت، ئەگەر هاوڕێ نیت، دوژمنیت. ئەگەر دوژمنیت، هەرگیز هاوڕێ نابیت. سەرەوە سەرەوەیە و خوارەوە خوارەوەیە.
کۆمەڵناسێک ڕەنگە بڵێت کە ئەم جۆرە ڕەفتارە دووانەییە گونجانێکی پەرەپێدانی زیندەوەرییە لە مێشکی خشۆکدا هەیە، سەردەمێک هەبوو کە پێویست بوو بڕیار بدەین و بە خێرایی بڕیار بدەین کە کێ هاوڕێیە و کێ دوژمنە، ئایا من دەخوات؟ ئایا مەترسیدارە لە نزیکم بێت؟ ئەوە بە هەڵەدا چوونە کە بە زۆری لە بەرەی دوژمنایەتیدا بیت، نابێت گومان بەرانبەر بە پڵنگێکی ددان شمشێری بکەیت، ڕەنگە ئەمە ڕاست بێت، بەڵام من زۆر دڵنیا نیم.
دەیڤد لێنسن، مامۆستای نایابم لە زانکۆی ماساچوسێتس ئامهێرست، جارێکیان بە نەرمی؛ من و هاوپۆلەکانمی سەرزەنشت کرد لەسەر خولیامان بۆ بیرکردنەوەی دووانەیی. گوتی، "ئایا پێتان وایە کە چۆکلێت پێچەوانەی ڤانێلایە؟ ئایا پێتان وایە سەگ پێچەوانەی پشیلەیە؟ ئایا زۆرانبازی و بۆکسێن بەڕاستی پێچەوانەن؟ شیرین و ترش؟ دەیڤد پێی وابوو، ئەم تینوێتییە بۆ دووانەییەکان بابەتێکی کولتوورییە، بە گشتی منیش هەمان رام هەیە.
کولتوورەکەمان تێکەڵە بە دووانەییەکان، دوو پارتی سەرەکیمان هەیە، تەنیا دوو کە هەمیشە دژی یەکن، کاتێک گرووپێک هەوڵ دەدات پارتێکی سێیەم دامەزرێنێت، دەکرێت بە کورتی لەلایەن ئەو دەسەڵاتانەی بوونیان هەیە؛ لەکار بخرێت. حەزمان لە وەرزش هەیە، بە گشتی وەرزش لە دووانەییترین چالاکییەکانن، لایەنێک دەباتەوە، لایەنێک دەدۆڕێت، بە توندی پشتیوانی تیمەکەت بکە و تیمی بەرانبەر بکە بە شەیتان، حەزمان لەو گفتوگۆیانەیە کە لایەنێک دەیباتەوە و لایەنێک دەدۆڕێت.
لە دنیاى گەورەتردا، هاوپەیمان و دوژمن دەدۆزینەوە، ئێمە وەک گوتم دیموکرات یان کۆمارین، واقیعگەرا یان ئایدیالیستین، خەڵکی زۆر باوەڕدارین یان هیچباوەڕ، فانیلەی تیمەکەمان بە شانازییەوە لەبەر دەکەین و گاڵتە بە ڕەنگەکانی بەرانبەر دەکەین، ئێمە ڕێک چێژ لەوە دەبینین کە فرۆید ناوی برد "نارسیسیزمی جیاوازییە بچووکەکان"، بۆ ئەوەی دووانەییەکان بە زیندوویی بهێڵینەوە.
بیرکردنەوەی دووانەیی هەمیشە وێرانکەر نییە، دەتوانێت دۆخە ئاڵۆزەکان ڕوون بکاتەوە و یارمەتیمان بدات کە ڕێنمایی بکرێین و بڕیار بدەین، بەڵام کاتێک هەموو بیرکردنەوەیەک دووانەییە، واتە ئێمە لە کێشەداین، دەتوانێت پاڵنەرێک بێت بۆ کێشە.
ئێستە زۆرجار مشتومڕ دەکەین لەسەر دووانەیی ڕەگەز (جۆری کۆمەڵایەتی)، ئەوانەی کە پێداگری دەکەن لەسەر ئەوەی کە دەبێت دوو کاتێگۆری پاک هەبێت، پیاو و ئافرەت، زیاتر نا، بەڵام بە ڕای من زۆرینەمان لە ناوەڕاستین، نە جۆن وەین و نە مەرلین مۆنرۆین، پێداگریکردن لەسەر پاکی، "دەبێت شتێک بێت یان شتێکی تر" بە ناچاری سەرلێشێواندن و ناڕەزایەتی دروست دەکات.
ژاک دێریدا، فەیلەسوف (دژەفەیلەسوف)، دوژمنی بیکردنەوەی سادەی دوانەیی بوو، کۆنستراکشنی ئەو؛ زۆرجار هەوڵی دەدا پێشانی بدات کە چۆن لایەنێک لە جووتە دووانەییەک لە ڕاستیدا هەڵگری زۆرێک لە بەها و ئەدگاری دژ بە گریمانەکراوەکەیەتی، دێریدا نیگەرانی ئەوە بوو کە بیرکردنەوەی دووانەیی کە تێیدا مرۆڤ لە هەموو شوێنێک بەدوای دژایەتیدا دەگەڕێت، بە ئاسانی ببێتە هۆی توندوتیژی. من هاوڕام لەگەڵی.
ئەگەر نووسینەکانی دێریدا سووکە سەرئێشەیەکت بۆ دروست دەکات، دەتوانیت دەربڕینێک لە کارەکتەری خەیاڵی تێد لاسۆ تاقی بکەیتەوە، "بە پەرۆش بە، نەک حوکمدەر"، پەرۆشی دێریدا دووپات کردنەوەیە لە بەکارهێنانی ئازادانەی ئەقڵ و ڕاڤەکردن، ئەو داوای جۆرێک لە بیرکردنەوەی کرد کە لەسەر دژبەری دانەمەزرابێت بەڵکو لە چڕبوونەوەیەکی بەردەوام فراوان لە پەیوەندی و تێکهەڵکێشی.
فرۆید، یەکێک لە ڕۆژئاواییترین بیرمەندە کاریگەرەکان، پێی وابوو کە دوژمنایەتییەکی سروشتی لە نێوان خەڵکیدا هەیە. باوەڕی وابوو، زۆرینەی ئەو کەسانەی لە شەقامدا تێپەڕدەبن بە لاتا، چاکەیان بۆ ناخوازیت، بەڵام کەسێک کە لەژێر کاریگەری دەقە گەورەکانی ڕۆژهەڵاتدایە، ئووپەنیشادەکان و بهاگاڤاد گیتا، تا ڕادەیەکی زۆر روانگە و بینینیان جیاوازە، باشترین دۆخی هزرى ئەوەیە، بتوانیت سەیری هەموو دروستکراوەکان بکەیت، بەتایبەتی خەڵکانی تر و بە خۆت بڵێیت: ئەوەش منم.
ئێمە هەموومان بەشێکین لە یەک بوون، هەموومان هەمان ڕۆحمان هەیە، ئەم شێوازە لە بینین دوژمنایەتی یان ناکۆکی پەروەردە ناکات، ئەوەی دێتە ڕێگای قبووڵی دەکات بەبێ ئەوەی لایەنگری هەڵبژێرێت یان ناکۆکی دەست پێ بکات. جێفری هۆپکینز، بیریارێکی بوودیزم و وەرگێڕێکی دالای لاما بوو، پێشنیاری کرد کە بە ڕاستییەکی سادەوە لە مێشکماندا لە خەڵکی نزیک ببینەوە، نەک بڵێین: ئەم نامۆیە کێیە؟ نەک وەک بێرتراند ڕاسڵ کاتێک خۆی لەگەڵ فەیلەسوفێکی ڕکابەردا دەبینییەوە لەگەڵ خۆیدا قسەی دەکرد و دەیگوت، "دەتوانم بیگرم یان ئەو دەتوانێت من بگرێت؟" نەخێر، ڕێبازی بوودایی هۆپکینز ئەوە بوو کە بچرپێنێت: ئەم کەسە ئازار دەچێژێت، ئەو دەیەوێت دڵخۆش بێت.
من ناڵێم کە پێویستە دەستبەرداری بیرکردنەوەی دووانەیی بین، چونکە یارمەتی داوین لە ڕۆژئاوا زۆر شت بەدەست بهێنین، لە دادگایییەکاندا دوو لایەن لە کێبڕکێیەکدان کە زۆرجار دادپەروەری بەرهەم دێنێت، زانایەک دۆزینەوەکانی دەهێنێت بۆ کۆمەڵگەکەی و بانگهێشتی ڕەزامەندی یان ڕەتکردنەوە دەکات، بەڵام بیرکردنەوەی دووانەیی نابێت تاکە ڕێگای بیرکردنەوەمان بێت. دێریدا و حەکیمە بووداییەکان دەتوانن فێرمان بکەن کە کاتێک هەیە دەبێت هێور ببینەوە، هەناسەیەکی قووڵ بدەینەوە، وازلە حوکمدان بهێنین، تەنانەت تا ئەو ئاستە بچین کە سەیری دوژمنە گریمانەکراوەکانمان بکەین، جا کیرک بن یان ترەمپ بێت بە خۆمان بڵێین: "ئەوەش منم".
نووسەر: مارک ئێدمەندسن
دوایین کتێبی نووسەر: "سەردەمی گوناه: سوپەر- ئیگۆ لە جیهانی ئۆنلاین"
نیویۆرک تایمز
وەرگێڕانى : رامیار مەحموود
https://www.nytimes.com/2025/10/12/opinion/derrida-trump-ted-lasso-binaries.html