وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردەوە، بە ئامادەبوونی سەرۆك بارزانی و بەشداری مامۆستایانی ئاینی پیرۆزی ئیسلام و ئاینەكانی تری ھەرێمی كوردستان، كۆبوونەوەیەكی فراوان بەڕێوەچوو.
سەرۆك بارزانی بەخێرھاتنی ھەمووانی كرد و گوتی"فەرھەنگی پێكەوەژیان لە باب و باپیرانمانەوە بۆ ماوەتەوە، ئێمە ھەموومان مرۆڤین و بەندەی خواین، بینینی ئێوە بەیەكەوە جوانترین نموونەی ڕەنگینی نیشانی دنیا داوە، ئەم فەرھەنگە زۆر خزمەتی كوردستان و مێژووەكەشی كردووە، تیرۆر كە ھات جیاوازی لەنێوان ئاینەكان نەكرد، بۆیە نابێ جیاوازی لەنێوان خۆماندا بكەین، ئومێدەوارین ئەم فەرھەنگە بەردەوام بێ و زیاتر بچەسپێت.
هەروەها گوتی، پیلانی زۆر دژی ئەم ھەرێمە دروست دەكرێت، بە درێژای مێژوو ئەمە سیاسەتی دەسەڵاتەكانی عێراق بووە، بۆیە تەنیا بە یەكبوون و پێكەوەییمان بەرانبەر ھەموو ئاڵگنارییەك دەوەستینەوە، ئەمەش لەپێناو بەرژەوەندی و داھاتووی خەڵكی كوردستان.
"دوژمنان بە ھەموو ڕێگەیەك دەیانەوێ كولتووری ڕەسەنی كوردەواری تێك بدەن، بە زۆر ڕێگەی جیاواز دێنە نێو كولتووری ڕەسەنی كوردەوارییەوە، بەڵام پشت بە خوا و یەكبوونی ئێوە، ئەم ھەنگاوە نامۆیانە لەناو دەبەین" سەرۆك بارزانی وای گوت.
لەبارەی دۆخی ناوەخۆییەوە، سەرۆك بارزانی هیوای خواست حكوومەتی كوردستان پێش ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقەوە پێك بێت، كاری رژدیش بۆ ئەوەیە.
لەبارەی وتاری میانڕەویەوە رێنوێنی دا، كە گرنگە زانایان زیاتر ڕۆڵی خۆیان ببینن، بۆ ئینتیمای خاك و خۆشەویستی بۆ نیشتمان، ھەروەھا بەرەنگاری مادەی ھۆشبەر كە ئافاتی سەردەمە و كار لەسەر تێكدانی شیرازەی گەنجەكانمان دەكرێت، ھەموو ھەنگاوێك بۆ ئەم مەبەستە؛ بنەما و بڕوا و كاری ھەموو ئاینەكانە.
"ھەموو كەسێك ئازادە لە دەنگدان، بەڵام گرنگە ڕەچاوی ئەو خزمەتە بكرێ كە پێشكەشی شارەكانی كوردستان كراوە، وێڕای ئارامی تەناھی بەبێ جیاوازی، كوردستان ھەموو ھەوڵێك دەدات بۆ ئەوەی لە داھاتوو لەگەڵ ئەوانە بێت كە ئاشنان بە مافەكانی خەڵكی كوردستان و جێبەجێشی دەكەن" سەرۆك وای گوت.
سەرۆك بارزانی لە درێژەی وتەكەیدا گوتی، پڕ بە دڵ سوپاسی خەڵكی كوردستان دەكەم، كە خۆڕاگر بوون بەرانبەر زوڵمی بڕینی ژیان و بژێوی خەڵكی كوردستان، سەرەڕای ھەموو تێبینییەك بەڵام بۆ بەرژەوەندیی كوردستان بەشداری ھەڵبژاردنمان كردووە.