بڵاوبوونه‌وه‌ی گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی له رێوڕه‌سمی زه‌ماوه‌ندی كچی عه‌لی شه‌مخانی راوێژكاری عه‌لی خامنه‌یی و سه‌رۆكی پێشووی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئێران، له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان هه‌رای ناوه‌ته‌وه. ئه‌و گرته ڤیدیۆییه‌ی بڵاو كراوه‌ته‌وه، مێژووه‌كه‌ی بۆ ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر ده‌گه‌ڕێته‌وه كه كچه‌كه‌ی عه‌لی شه‌مخانی زه‌ماوه‌ندی كرد وا دیاره تازه به‌شێك له وێنه‌كانی ئه‌و زه‌ماوه‌نده دزه‌ی كردووه‌ته میدیاكان و بڵاو بووه‌ته‌وه.
گرته ڤیدیۆكه دوێنێ یه‌كه‌م جار له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی ئێكس بڵاو بووه‌وه و دواتر ده‌ستاوده‌ستی كرد و له ماوه‌یه‌كی كورتدا سه‌رجه‌م تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی ته‌نی.
هه‌ڵبه‌ت كاتی خۆیشی كه ئه‌و زه‌ماوه‌نده كرا، هه‌ندێك قسه و ره‌خنه له میدیاكان بڵاو بووه‌وه، به تایبه‌تی باس له‌وه كرابوو كه زه‌ماوه‌نده‌كه له هوتێلی زۆر گرانبه‌های ئێسپیناس پاڵاسی تاران له به‌هاری ساڵی رابردوو به‌ڕێوه چووبوو، ژماره‌یه‌ك له میدیا ناوخۆییه‌كانی ئێران خه‌رجیی زه‌ماوه‌نده‌كه‌یان به ملیارێك و 400 ملیۆن تمه‌ن خه‌مڵاندبوو.
عه‌لی شه‌مخانی ئێسته نوێنه‌ری عه‌لی خامنه‌ییه له ئه‌نجوومه‌نی باڵای به‌رگری، له هه‌مان كاتدا ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی دیاریكردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی كۆماری ئیسلامییه و به راوێژكاری سه‌ره‌كیی عه‌لی خامنه‌یی داده‌نرێت. عه‌لی شه‌مخانی له دۆسیه‌كانی گه‌نده‌ڵی ناوی هه‌یه.
ئه‌وه‌ی بۆ خه‌ڵكی ئێران و دنیا زیاتر سه‌رنجڕاكێشه ئه‌وه‌یه، له‌و رێوڕه‌سمه‌دا كچان و ژنان به بێ حیجاب و باڵاپۆشی ده‌رده‌كه‌ون كه كۆماری ئیسلامی بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كات و ته‌نیا له‌به‌رئه‌وه‌ی ژینا ئه‌مینی له مێترۆی تاران كه‌مێك پرچی به‌دیار كه‌وتبوو، به تۆمه‌تی به‌دره‌وشتی له‌لایه‌ن پۆلیسی ره‌وشت/ئاداب رفێنرا و پاشان ئه‌شكه‌نجه درا و دوای سێ رۆژ له نه‌خۆشخانه به‌هۆی سه‌ختیی برینه‌كه‌ی گیانی سپارد، رووداوێك كه شۆڕشێكی به‌دواوه بوو و كۆماری ئیسلامیی تا لێواری رووخان برد.
خه‌ڵك له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان نووسیویانه ''ئه‌وان كه ئاوا له‌سه‌ر حیجاب و باڵاپۆشی سوورن و خه‌ڵكی له‌سه‌ر ده‌كوژن، بۆچی بۆ ژیانی خۆیان وا نین و رێز له یاساكانی خۆیان ناگرن.''
وه‌ك له‌م گرته ڤیدیۆییه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت و هه‌رچه‌نده هی ساڵێك و نیو له‌مه‌وبه‌ره، خه‌ڵكه‌كه به بێ باڵاپۆشی ده‌رده‌كه‌ون و ره‌چاوی هیچ جۆره بنه‌مایه‌كی ئایدۆلۆجیی كۆماری ئیسلامی نه‌كراوه و نه‌ك پرچی كچه‌كه‌ی شه‌مخانی، به‌ڵكو نیوه‌ی جه‌سته‌شی به‌ده‌ره‌وه‌یه.
خه‌ڵكی ئێران ده‌ڵێن ئه‌گه‌ر ئه‌و ئازادییه بۆ خه‌ڵكی خۆیان ره‌وا بێت، بۆچی بۆ خه‌ڵكی تری ئێران ره‌وا نه‌بێت، داوایان له به‌رپرسانی كۆماری ئیسلامی كردووه واز له خه‌ڵك بێنن و چیتر به‌زۆر باڵاپۆشییان به‌سه‌ردا نه‌سه‌پێنن، رێگه به خه‌ڵك بده‌ن خۆیان له‌مباره‌یه‌وه بڕیار بده‌ن له‌چكه بخه‌نه سه‌ریانه‌وه یان فڕێی بده‌ن.