مهاتما گاندی ددانی به‌وه ناوه دوو شت له ژیانیدا هه‌بووه كه زۆر خه‌می لێ خواردووه و وه‌ك گرێیه‌ك له‌سه‌ر دڵی ماوه‌ته‌وه، ئه‌ویش ئه‌وه بووه نه‌یتوانیوه روانگه‌ی دوو كه‌س بگۆڕێت، یه‌كه‌میان محه‌مه‌د عه‌لی جه‌ناح دامه‌زرێنه‌ری پاكستان و دووه‌میشیان هاریلال گاندی كوڕی بووه.
كاتێك هاریلال گاندی له دایك بوو، مهاتما ته‌مه‌نی 19 ساڵ بوو و له منداڵی زۆر شێوه‌ی باوكی ده‌كرد، چه‌ند مانگێك دوای له‌دایكبوونی هاریلال، مهاتما گاندی بڕیاری دا بۆ خوێندنی یاسا و ماف بچێته له‌نده‌ن، ئه‌و دوای سێ ساڵ گه‌ڕایه‌وه هیندستان.
دوای ئه‌وه‌ی گاندی له له‌نده‌ن خوێندن ته‌واو ده‌كات، بۆ یه‌كه‌م جار له ساڵی 1893 ده‌چێته ئه‌فریقای باشوور، له‌و وڵاته سێ ساڵ به ته‌نیا ده‌ژی و پاشان له ته‌مووزی 1896 ده‌گه‌ڕێته‌وه هیندستان و دواتر ماڵ و منداڵیشی ده‌باته ئه‌فریقا.
ئه‌و كوڕه‌ی كه بایه‌خی پێ نه‌درا
هاریلال حه‌زی ده‌كرد هاوشێوه‌ی باوكی خوێندنی باڵا ته‌واو بكات و ببێته خاوه‌ن بڕوانامه‌ی به‌رز. پرامود كاپوور له كتێبی ژیاننامه‌ی گاندی نووسیویه‌تی، ''له روانگه‌ی گاندی كوڕه‌كه‌ی و برازاكه‌ی مافی یه‌كسانیان هه‌بوو و ده‌بوایه یه‌كێكیان بۆ درێژه‌دان به خوێندن به‌ڕێ بكاته به‌ریتانیا، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی دادپه‌روه‌ری پێڕه‌و بكات، یه‌ك رووپیه‌ی ئاسنی له ماڵه‌كه‌ی شارده‌وه و داوای له هاریلالی كوڕی و گوكولداسی برازای كرد، هه‌ر كامێكیان ئه‌و دراوه بدۆزێته‌وه، ئه‌وا ده‌ینێرێته به‌ریتانیا''
كاپوور ئاماژه‌ی داوه كه گاندی ئه‌م كاره‌ی دوو جار به‌رانبه‌ر كوڕه‌كه‌ی دووباره كرده‌وه و به‌راستی هاریلالی ره‌نجاند، چونكه چه‌ند ساڵ دواتر به هه‌مانشێوه چاگانلال برازاكه‌ی تری ره‌وانه‌ی به‌ریتانیا كرد.
كاتێك چاگانلال به‌هۆی نه‌خۆشی ناچار بوو له له‌نده‌نه‌وه بگه‌ڕێته‌وه ئه‌فریقای باشوور، گاندی بۆ هه‌ڵبژاردنی كه‌سێك كه جێی ئه‌و بگرێته‌وه و ره‌وانه‌ی له‌نده‌ن بكرێت، پێشبڕكێیه‌كی تایبه‌ت به داڕشتن و وتاری راگه‌یاند و ئه‌مجاره گه‌نجێكی پارسی به ناوی سورابجی ئاداجانیا سه‌ركه‌وت و ره‌وانه‌ی له‌نده‌ن كرا.
هه‌ر له كتێبه‌كه‌دا هاتووه، ''گاندی ده‌یویست پاك و بێگه‌رد بێت و هه‌رگیز بایه‌خی به‌وه نه‌ده‌دا شته باشه‌كان ته‌نیا بۆ خزم و كه‌سه نزیكه‌كانی بێت، هه‌رچه‌نده ئه‌م روانگه‌یه كاریگه‌رییه‌كی زۆر خراپی له‌سه‌ر هاریلالی كوڕی هه‌بوو و هاریلال بۆ هه‌میشه دڵی له باوكی ره‌نجا.''
هاوسه‌رگیری به‌بێ ئاگاداریی باوك
كاتێك هاریلال له ئه‌حمه‌داوه‌وه نامه‌یه‌كی بۆ گاندی نووسی و داوای له باوكی كرد، حه‌ز ده‌كات له قۆناغی ئاماده‌یی، زمانی فڕه‌نسی وه‌ك یه‌كێك له وانه سه‌ره‌كییه‌كان هه‌ڵبژێرێت، گاندی ره‌تی كرده‌وه و پێی گوت له جیاتی زمانی فڕه‌نسی، زمانی سانسكریت هه‌ڵبژێرێت.
ئه‌مه‌ش به دڵی هاریلال نه‌بوو، بۆیه‌ش سێ ساڵی له دوای یه‌ك له تاقیكردنه‌وه‌ی كۆتایی ئاماده‌یی و ئه‌زموونه گشتییه‌كانی نه‌یتوانی بۆ زانكۆ ده‌ربچێت.
دوای ئه‌و رووداوانه هاریلال رووی له قومار و خورادنه‌وه‌ی مه‌ی كرد و له ئایاری 1906 كه تازه ته‌مه‌نی گه‌یشتبووه 18 ساڵ، به بێ ئاگاداركردنه‌وه‌ی باوكی، له‌گه‌ڵ كچێكدا به ناوی ''گلاب بن ئه‌ز راجكوت'' هاوسه‌رگیری كرد.
گاندی پێی وابوو ئه‌و ته‌مه‌نه بۆ هاوسه‌رگیری گونجاو نییه و حه‌زی ده‌كرد كوڕه‌كه‌ی بچێته ئه‌فریقای باشوور و له كاره‌كان یارمه‌تیی ئه‌و بدات.
كاتێك گاندی زانی كوڕه‌كه‌ی هاوسه‌رگیری كردووه، نامه‌یه‌كی بۆ براگه‌وره‌كه‌ی نووسی و ناڕه‌زایه‌تیی خۆی ده‌ربڕی و له نامه‌كه‌دا نووسیبووی ''تازه هاریلال كوڕی من نییه''.
مشتومڕی درێژی گاندی و هاریلال
هاریلال كاتێك له ئه‌فریقا بوو، پشتیوانی له خه‌باتی باوكی ده‌كرد، ئه‌و له‌گه‌ڵ باوكی ته‌نانه‌ت به‌یه‌كه‌وه ماوه‌یه‌ك له زینداندا بوون.
هاریلال هه‌موو كاتێك حه‌زی كردووه له‌رووی ئابوورییه‌وه سه‌ربه‌خۆ بێت و پشت به‌خۆی ببه‌ستێت، بۆیه‌ش بڕیاری دا ماڵی باوكی جێبهێڵێت و بگه‌ڕێته‌وه هیندستان.
راج موهان گاندی نه‌وه‌ی گاندی له كتێبی ژیاننامه‌ی باپیره مهانداس نووسیویه‌تی، هاریلال به‌ر له رۆیشتن نامه‌یه‌كی بۆ باوكی نووسی و پێی گوت، هه‌رگیز باوكێكی باش نه‌بووه، بۆیه‌ش هه‌مو پێوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه ده‌پچڕێنێت.''
گاندی ماوه‌یه‌كی زۆر به‌دوای هاریلالدا گه‌ڕا و له ته‌واوی ژوهانسبورگ پرسیاری كرد، به‌ڵكو كوڕه‌كه‌ی بدۆزێته‌وه، دواتر بۆی ده‌ركه‌وت هاریلال ویستوویه‌تی بگه‌ڕێته‌وه هیندستان، به‌ڵام رێی كه‌وتووه‌ته مۆزه‌مبیق، بۆیه‌ش گاندی داوای له هاوڕێیه‌كی كرد هاریلال بگه‌ڕێنێته‌وه ماڵه‌وه.
ئه‌و شه‌وه‌ی كه هاریلال گه‌ڕایه‌وه ماڵه‌وه، له‌گه‌ڵ باوكی مشتومرێكی زۆریان كرد، ئه‌و باوكی به‌وه تۆمه‌تبار كرد كه هه‌رگیز رێزی له منداڵه‌كانی خۆی نه‌گرتووه و زیاتر گرنگی به برازاكانی داوه.
كحوول و قومار
بۆ رۆژی دواتر گاندی ره‌زامه‌ندیی دا كه كوڕه‌كه‌ی بگه‌ڕێته‌وه هیندستان، بۆیه‌ش كوڕه‌كه‌ی له باوه‌ش گرت و پێی گوت، ''ئه‌گه‌ر پێت وایه باوكت زیانی پێ گه‌یاندووی و له‌گه‌ڵت خراپ بووه، ئه‌وا لێی ببووره.''
هاریلال گه‌ڕایه‌وه هیندستان و تا ساڵی 1915 له‌گه‌ڵ باوكی یه‌كتریان نه‌بینی.
ساڵێك دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی هاریلال بۆ هیندستان، گاندی بۆی ده‌ركه‌وت كوڕه بچووكتره‌كه‌ی مانیلال، به‌شێك له‌و پاره‌یه‌ی پێڕه‌وانی گاندی كۆیان كردبووه‌وه و خستبوویانه خزمه‌تی گاندی تا كار و كاسبیان بۆ بدۆزێته‌وه، داوه‌ته هاریلال.
كاتێك گاندی به‌مه‌ی زانی، ئه‌وه‌نده تووڕه بوو بڕیاری دا مان له خواردن بگرێت. كستوریای هاوسه‌ری گاندی و كوڕه له هه‌مووان بچووكتر كه ناوی دوداس بوو، هه‌وڵێكی زۆریان دا تا گاندی له‌و بڕیاره پاشگه‌ز بكه‌نه‌وه.
دوای دوو ساڵ ژنی هاریلال كتوپڕ ده‌مرێت و ئه‌مجاره گاندی داوا له هاریلال ده‌كات هاوسه‌رگیری نه‌كاته‌وه. دۆخی ده‌روونیی هاریلال دوای مردنی ژنه‌كه‌ی زۆر ده‌گۆڕێت و روو له قومار و خواردنه‌وه‌ی مه‌ی ده‌كات.
هاریلال هه‌وڵێكی زۆر ده‌دات تا بره‌و به كار و كاسبییه‌كه‌ی بدات، به‌ڵام هه‌موو جار شكست ده‌هێنێت، ئه‌و پاره له خه‌ڵك قه‌رز ده‌كات و كار ده‌گاته ئه‌وه‌ی خه‌ڵك نامه بۆ گاندی بنێرن و پێی بڵێن پاره‌یه‌كی زۆریان لای كوڕه‌كه‌یه‌تی و بۆیان ناگه‌ڕێنێته‌وه.
دوای ماوه‌یه‌ك هاریلال له كاسبییه‌كدا سه‌ركه‌وت كه بریتی بوو له فرۆشتنی سابوونی كۆمپانیای ئه‌ی بی گۆدریج، كۆمپانیاكه ئه‌وه‌نده له كاره‌كه‌ی هاریلال رازی بوو، ته‌نانه‌ت دوای ئه‌وه‌ی هاریلال كۆمپانیاكه جێده‌هێڵێت، كۆمپانیا هێشتا له پێدانی پاره و مووچه بۆی به‌رده‌وام ده‌بێت.
نامه‌ی گاندی
له ساڵی 1925 گاندی بۆ یه‌كه‌م جار له نامه‌یه‌كی كراوه‌دا باس له پێوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ كوڕه گه‌وره‌كه‌ی ده‌كات و ده‌نووسێت، ''زۆر شت له ژیانی هاریلال هه‌ن كه من په‌سندیان ناكه‌م، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌ڵه و كه‌موكورتییانه هێشتا خۆشم ده‌وێت.''
هاریلال له ساڵی 1935 رێك 17 ساڵ دوای مه‌رگی ژنه‌كه‌ی، ئاشقی كچێكی جووی به ره‌چه‌ڵه‌ك ئه‌ڵمانی به ناوی مارگرێت شپیگڵ ده‌بێت كه یه‌كێك بووه له كه‌سه نزیكه‌كانی مهاتما گاندی. ئه‌وان ده‌یانویست هاوسه‌رگیری بكه‌ن، به‌ڵام گاندی دژی هاوسه‌رگیرییه‌كه بوو.
گاندی له نامه‌یه‌كدا بۆ كوڕه‌كه‌ی ده‌نووسێت، ''من هه‌موو كات به‌رگریم له‌وه كردووه كه مرۆڤ نابێت له دوای ئاره‌زووه سێكسییه‌كانی بێت، چۆن ده‌توانم به‌م كاره‌ی تۆ رازی بم كه پێچه‌وانه‌ی بۆچوون و تێڕوانینه‌كانمه.'' هه‌ر چۆنێك بێت ئه‌م پێوه‌ندییه سه‌ر ناگرێت و هاریلال ناتوانێت باوكی به‌و هاوسه‌رگیرییه رازی بكات.
له نامه‌یه‌كی تردا گاندی ئامۆژگاریی كوڕه‌كه‌ی ده‌كات و ده‌نووسێت، ''ئه‌گه‌ر له برسا بمری نابێت ده‌رۆزه بكه‌ی، ئه‌گه‌ر له تینووییان بخنكێی نابێت مه‌ی بنۆشی.''
هاریلال ده‌بێته مسوڵمان
له نیسانی 1936 هاریلال له ناگپور دوای ماوه‌یه‌كی زۆر، توانی به دیداری دایك و باوكی شاد بێت و له‌وێ داوا له باوكی ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی كار و كاسبییه‌كه‌ی په‌ره پێ بدات، هه‌ندێك پاره‌ی پێ بدات، به‌ڵام گاندی قبووڵی ناكات. ده‌گوترێ ئه‌مه یه‌كێك له‌و هۆكاره سه‌ره‌كییانه بووه كه هاریلالی تووڕه كردووه و وایكردووه له ركی باوكی، ئاینی خۆی بگۆڕێت و ببێته مسوڵمان.
له 29ی ئایاری ساڵی 1936 هاریلال له مزگه‌وتی گه‌وره‌ی به‌مبه‌ئی كه ئه‌مڕۆ شاره‌كه به مۆمبای ناسراوه رای گه‌یاند، بووه‌ته مسوڵمان و ناوی خۆیشی بۆ عه‌بدوڵا گۆڕیوه، بڕیارێك كه گاندی زۆر تووڕه كرد.
گاندی له شه‌شی حوزه‌یرانی ساڵی 1936 له رۆژنامه‌ی هاریجان به‌یاننامه‌یه‌كی بڵاو كرده‌وه كه تێیدا هاتبوو، ''ئه‌گه‌ر ئه‌و بڕیاره‌ی هاریلال له قووڵایی دڵییه‌وه بووبێت و هیچ مه‌به‌ستێكی مادی و دنیایی تێدا نه‌بێت، من هیچ كێشه‌یه‌كم له‌گه‌ڵیدا نییه. بۆ من هیچ جیاوازییه‌كی نییه به عه‌بدوڵا بانگ بكرێت یان هاریلال و هیچ كامێكیان له‌وه كه‌م ناكاته‌وه كه كوڕه‌كه‌م به‌نده‌یه‌كی خوایه و هه‌ردوو ناوه‌كه‌ش ئاماژه به ناوی خوا ده‌كه‌ن.''
به‌ڵام كستوریای دایكی له نامه‌یه‌كدا بۆ رامی كچی هاریلال نووسیبووی، ''من زۆرم پێ ناخۆشه، به‌ڵام چیم پێ ده‌كرێت؟ من زۆر شه‌رمه‌زارم چونكه گه‌وهه‌رێكمان له ده‌ست دا و ئێسته ئه‌و گه‌وهه‌ره كه‌وتووه‌ته ده‌ستی مسوڵمانان.''
كستوریا هه‌ر وازی نه‌هێنا و ئه‌مجاره نامه‌یه‌كی بۆهاریلال نووسی و گوتی، ''ژیانم زۆر سه‌خت بووه، ده‌زانی له‌و ساڵانه‌ی كۆتایی ته‌مه‌نمدا چه‌نده ئازارم ده‌ده‌ی، باوكت ئه‌مه‌ی به‌كه‌س نه‌گوتووه، به‌ڵام ئاگادار به دڵی زۆر شكاوه.''
راستییه‌كه‌ی ئه‌و له ئاین وه‌رگه‌ڕانه‌وه‌ی هاریلال راسته‌قینه نه‌بوو، چونكه له كۆتایی ساڵه‌كه‌دا دووباره گه‌ڕایه‌وه سه‌ر ئاینه‌كه‌ی پێشووی و ناوی خۆیشی كرده‌وه هاریلال.
دایكی هاریلال و دواین دیدار
كاتێك هاریلال زانی دایك و باوكی له‌و گه‌شته‌ی هه‌یانه به وێستگه‌یه‌كدا تێده‌په‌ڕن، زۆر حه‌زی ده‌كرد بیانبینێت و هه‌ر چۆنێك بوو خۆی گه‌یانده وێستگه‌ی شه‌مه‌نده‌فه‌ر.
كاتێك هاریلال ده‌گاته وێستگه‌كه، ده‌بینێت خه‌ڵك به تێكڕا خه‌ریكی ستایشكردنی گاندین، به‌ڵام ئه‌و تاكه كه‌سێك بوو كه به پێچه‌وانه‌ی خه‌ڵكه‌كه هاواری ده‌كرد ''بژی دایه كستوریا''.
كاتێك كستوریا گوێی له ناوی خۆی ده‌بێت، روو له‌و شوێنه ده‌كات كه هاواره‌كه‌ی لێ ده‌بیسێت و ده‌بینێت هاریلالی كوڕیه‌تی. له‌و كاته‌دا هاریلال پرته‌قاڵێك له گیرفانی ده‌رده‌هێنێت و ده‌ڵێت، ''دایه بۆ تۆم هێناوه.''
له‌و كاته‌دا گاندی پێی ده‌ڵێت ئه‌ی بۆ من چیت هێناوه؟ هاریلالیش ده‌ڵێت نا هیچم بۆ تۆ نه‌هێناوه ئه‌وه ته‌نیا بۆ دایكمه. كه شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌كه به‌ڕێ كه‌وت، كاستۆریا ئه‌مجاره گوێی له هاواری كوڕه‌كه‌ی ده‌بێت كه ده‌ڵێت، ''دایه ده‌بێت پرته‌قاڵه‌كه بخۆیت.''
ساڵی 1944 دۆخی ته‌ندروستیی كستوریا تێكده‌چێت، ئاره‌زووی ئه‌وه ده‌كات جارێكی تر كوڕه گه‌وره‌كه‌ی ببینێت، پێنج رۆژ به‌ر له مه‌رگی دایك، هاریلال له كۆشكی ئاقاخان له پوونا چاوی پێی ده‌كه‌وێت و رۆژێك به‌ر له مردنیشی دیسان هاریلال سه‌ردانی دایكی ده‌كات، به‌ڵام ئه‌مجاره سه‌رخۆش بووه، بۆیه‌ش كستوریا به‌م ره‌فتاره زۆر خه‌مبار ده‌بێت. ده‌گێڕنه‌وه ئه‌و رۆژه‌ی كستوریا كردووه هاریلال له‌وێ نه‌بووه.
مەرگی باوك و كوڕ له دوای دایك
رۆژی 31ی كانوونی دووه‌می ساڵی 1948 ناتورام گودسه، مهاتما گاندی تیرۆر كرد، به‌پێی نه‌ریتی ئاینی هیندۆس پێویسته كوڕی گه‌وره ئاگری رێوڕه‌سمی سووتاندنی ته‌رمی باوك هه‌ڵگیرسێنێت، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی هاریلال ئاماده نابێت، رامداس كوڕی دووه‌می گاندی ئه‌و ئه‌ركه به‌جێ ده‌گه‌یه‌نێت.
مێژوونووسان چیرۆكی جیاوازیان گێڕاوه‌ته‌وه، هه‌ندێكیان ده‌ڵێن هاریلال چوار رۆژ دوای مردنی گاندی سه‌ردانی ماڵی براكه‌ی كردووه، به‌ڵام هه‌ندێكی تر ره‌خنه‌یان گرتووه و ده‌ڵێن، كاتێك گاندی مرد هه‌واڵی مردنه‌كه‌ی به خێرایی به ته‌واوی هیندستاندا بڵاو بووه‌وه و ناكرێ هاریلال پێی نه‌زانیبێت.
بەگوێرەی بی بی سی هه‌ندێك مێژوونووسی تر وایان گێڕاوه‌ته‌وه كه هاریلالیش له رێوڕه‌سمی سووتاندنی گاندی ئاماده بووه، به‌ڵام به‌هۆی نه‌خۆشیی سیل زۆر كز و لاواز بووه و به باشی نه‌ناسراوه‌ته‌وه و شه‌وه‌كه‌یشی له ماڵی برا بچووكی ماوه‌ته‌وه.
بنه‌ماڵه‌ی گاندی هه‌رچه‌نده له هاریلال دڵگران بووبوون، به‌ڵام پێوه‌ندییان له‌گه‌ڵ ئه‌ودا نه‌پچڕاندبوو و پرسیاری ئه‌وه له ئارادایه، ئایا به راستی هاریلال له‌به‌ر نه‌خۆشی نه‌یتوانی له رێوڕه‌سمه‌كه ئاماده بێت یان به‌ڕاستی دڵی له باوكی شكابوو.
ده‌گوترێ پێنج مانگ دوای مردنی گاندی، له 18ی حوزه‌یرانی ساڵی 1948 هاریلال گاندی له مۆمبای كۆچی دوایی كرد.