وەزیری كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، چوار ملیۆن هاووڵاتی لە ڕێی پڕۆژەی ڕووناكییەوە لە 80%ی پارەیەكی كەمتر دەدەن و لە ژینگەیەكی پاكتر و سەلامەتترن دوای ئەوەی 3222 موەلیدە كوژێنرانەوە.
وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە زاری كەمال محەمەد ساڵح وەزیری كارەبا بڵاوی كردەوە، چوار ملیۆن هاووڵاتی کە 50% دانیشتووانی هەرێم پێكدێنن لە پرۆژەی ڕووناكی سوودمەندن و لە 80% یان پارەیەكی كەمتر لە جاران دەدەن.
وەزیری كارەبا دووپاتی لە چارەسەركردنی كێشەی كارەبا كردەوە، كە جێبەجێكردنی كارنامە وەزارییەكەی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بوو، كێشەی 30 ساڵەی كارەبا چارەسەر دەكات. گوتی، ئێستە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ تیمی نووسینگەی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران پڕۆژەی ڕووناكیی 24 سەعاتی بەشێوەیەكی رێكوپێك جێبەجێ دەكرێت، كە لەگەڵ هەڵكشانی خێرایی هاوبەشانی كارەبا بۆ سەرووی 1.95 ملیۆن هاوبەش كە لەم كابینەیەدا نزیكەی 500 هەزار هاوبەش زیاد بووە.
وەزیری كارەبا گوتی، ئێستە چوار هەزار و 200 مێگاوات كارەبا بەرهەم دەهێنرێت و بەرهەمهێنانی كارەبا لەم كابینەیەدا هەزار و 840 مێگاوات زیاد كراوە، ئەم زیادبوونە بە پاڵپشتیی ئەنجوومەنی وەزیران و كرێكاران و كارمەندانی وەزارەت و پشوودرێژی هاووڵاتییان و هەروەها لە ڕێگەی ژمارەیەك چاكسازی لە گرێبەستەكان و كەم كردنەوەی تێچوون و بەكارهێنانی وزەی پاك بەدەستهاتووە.
هەروەها وەزیری كارەبا ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە كە ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبا بە وزەی پاك و خاوێن بۆ سەرووی لە 84% بەرز كراوەتەوە لەگازی سروشتی لە 83% و لە 1% كارۆئاوی، لەڕێگەی بەكارهێنانی گاز و وزەی خۆر و وزەی هایدرۆپاوەر پارێزگاری لە ژینگە كرا كە مەترسی زۆری بۆ سەر سەلامەتیی تەندروستی هاووڵاتییان هەبوو.
" ئەو هەموو موەلیدەیە كە بەگازی ژەهراوی كاریان دەكرد، پرۆژەی رووناكی گەورەترین دەستكەوتە بۆ سلامەتی هاونیشتمانیان. لە لایەكی ترەوە وێستگەی 165 مێگاواتی گەرمیان بۆ یەكەمینجارە لە ئاستی هەرێمی كوردستان و عێراق بتوانرێت سوود لە غازی بەفیڕۆچووی كێڵگەكانی نەوت وەربگیرێت و لەبری ئەوەی بسووتێت و زیانی بۆ ژینگە و هاووڵاتیان هەبێت، دووبارە بۆ بەرهەمهێنانەوەی كارەبا بەكارمان هێنایەوە، هەر لەم كابینەیەدا زیاتر لە 50 مێگاوات كارەبا بە سیستەمی وزەی خۆر پرۆژەی بەرهەمهێنانی كارەبا دانراوە" وەزیری كارەبا وای گوت.
لە تەوەرێكی تردا وەزیری كارەبا باسی لە دابەشكردنی كارەبا كرا كە چوار ملیۆن هاووڵاتی كە دەگاتە لە 50%ی هاووڵاتییانی سەرانسەری هەرێمی كوردستان لە پرۆژەی ڕووناكیی 24 سەعاتی سوودمەند بوونە و 116,000 شوێنی بازرگانی و هەرچی ئەو دامەزراوە حكومی گشتی و كەرتی تایبەت و قوتابخانە و بنكەی تەندروستی و خزمەتگوزاریی گشتی هەیە كە كەوتوونەتە سنووری پرۆژەكەوە لێی سوودمەند بوون، لە ئێستادا كارەبای 24 سەعاتی گەیشتە ناوەندی شارەكانی (هەولێر، سلێمانی، دهۆك و هەڵەبجە) و تەنانەت دەوروبەری سەنتەری شارەكانیش.
ئەو دەڵێ، چوار ملیۆن هاووڵاتیی لەڕێی پرۆژەی ڕووناكییەوە لە 80%ی پارەیەكی كەمتر دەدەن لە ژینگەیەكی پاكترو سەلامەتتر دوای ئەوەی 3222 موەلیدە كوژێنرانەوە، هەروەها ئەم كارەبایە ڤۆڵتییەكی جێگیر و ژیانێكی سەقامگیرتر بۆ خێزانەكان و كاسبكار و پیشەوەرانیش زامن كردووە، لە كۆتایی ساڵی 2026 سەرجەم هەرێمی كوردستان دەبێتە خاوەنی كارەبای 24 سەعاتی.