مۆزەخانەی لۆڤەر و خاڵە لاوازەکەی

:: PM:07:33:22/10/2025 ‌
لۆڤەر بەناوبانگترین و پڕسەردانیکەرترین مۆزەخانەی دنیا، سەرەتا وەک قەڵایەکی سەربازیی سەدەکانی ناوەڕاست دەستی پێ کرد، پاشان بوو بە کۆشک، شۆڕشێک پێویست بوو تا بیکات بە مۆزەخانە، پاشا و فەرمانڕەوایان زیاتر لە 20 جار نۆژەنیان کردەوە و شانازییان پێوە کردووە، بەڵام پێکهاتەیەکی ناڕێکیان لەدوای خۆیان بەجێهێشت کە لەسەر 25 ئاستی جیاواز بنیاد نراوە و بۆ ماوەی نیو میل درێژ دەبێتەوە مۆزەخانەکە، زیاتر لە 30,000 لە کۆی 500,000 بەرهەمە هونەرییەکەی لە زیاتر لە 400 ژووردا نمایش دەکات.

هەر ئەم مێژووە و ناسنامە ئاڵۆزەیشە وایکردووە لۆڤەر ببێتە پێکهاتەیەک کە چاودێریکردن و پاراستنی زۆر قوورس بێت.

جیرارد ئارۆ، سەرۆکی کۆمەڵەی دۆستانی لۆڤەر دەڵێ، "لۆڤەر کۆشکێکە کە لۆژیکی مۆزەخانەی نییە، گەردوونێکە بۆ خۆی."
ئەو دزییە بێشەرم و ئاسانەی ئەم هەفتەیە بەیانیی ڕۆژی یەکشەم، هەشت پارچە لە کۆمەڵەی گەوهەرەکانی تاجی شاهانە لە مۆزەخانەکە بردرا، سەرکردایەتیی مۆزەخانەکەی بریندار کرد و تیشکی خستە سەر پرۆتۆکۆڵە تەناهییەکانى لۆڤەر، کە بەدرێژایی ساڵان بەهۆی شکاندنی قوفڵ و دزییەوە تاقی کراونەتەوە.

لەو کاتەوەی ڤینچێنزۆ پێروجیا، پیاوێکی ئیتاڵی کە وەک شووشەبڕ لە لۆڤەر کاری دەکرد، لە ساڵی 1911 تابلۆی مۆنالیزای دزی، ناوبانگی مۆزەخانەکە بەهۆی هەڵەیەکی تەناهیی ئاوا زیانی پێ نەگەیشتووە، لە ڕۆژی یەکشەمەوە، تۆمەتەکانی کەمتەرخەمی لە پاراستنی لۆڤەردا ئەوەندە بێوچان بوون کە ئەنجوومەنی پیرانی فڕەنسا بانگهێشتی لۆرانس دێ کار، بەڕێوەبەری مۆزەخانەکەی کردووە تا لە دانیشتنێکی ڕۆژی چوارشەمدا ڕوونکردنەوە بدات.

ڕەشنووسێکی نهێنیی ڕاپۆرتێکی "دادگای ژمێریاری "(Cour des Comptes)، کە بەرزترین دامەزراوەی وردبینییە لە فڕەنسا، لۆمەی لۆڤەر دەکات بەهۆی نەبوونی سیستمێکی کامێرای چاودێریی گونجاو، هەروەها بەڵگەنامەکە ئاماژە بەوە دەکات کە خەرجی بۆ ئاسایش لە ساڵی 2024 زۆر کەمتر بووە لەوەی 20 ساڵ لەمەوبەر بووە.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، زۆرێک لە ژوورەکان بە کامێرای چاودێری دانەپۆشراون. بەپێی بەشێک لە کۆپییەکەی کە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز بینیویەتی، ڕاپۆرتەکە دەڵێت: "دواکەوتنێکی بەرچاو هەبووە لە پێشخستنی ئامێرە تەکنیکییەکانی مۆزەخانەکە بۆ ستانداردە نوێیەکان."

ڕاپۆرتەکە لۆمەی سەرکردایەتیی مۆزەخانەکە دەکات بەهۆی سەرنج خستنەسەر پڕۆژە نوێیەکان لەبری "کارە زۆر پێویستەکان" کە لە مۆزەخانەکەدا پێویستن. ڕاپۆرتەکە دەڵێت: "لۆڤەر سەرچاوەی تایبەتی خۆی زۆرە کە دەبێت وەک یەکەمایەتی بۆ کارە بەپەلەکان بەکاری بهێنێت."

ئەو گەوهەرانەی لەژێر چاودێریی لۆڤەردان، هەوراز و نشێوەکانی مێژووی فڕەنسا بەدرێژایی ئەو سەدانەی کە باڵەخانەکە بەرگەی گرتووە، نیشان دەدەن. لە فرانسوای یەکەمەوە تا ماری ئەنتوانێت، ناپلیۆن بۆناپارت و ئیمپڕاتۆرە یوجینی، پاشاکانی فڕەنسا شاخێک لە گەوهەریان کۆکردەوە لە تاج، ئەنگوستیلە، سینگبەند، بازن، گوارە و ملوانکەدا بەکاریان دەهێنان، لەسەر داردەست و تەختی پاشایەتی دایان دەنان، یان لە شوێنێکی داخراودا دەیانشاردەوە، بەهۆی جەنگەکان و ڕکابەرییە شاهانەییەکان و شۆڕشەکانەوە، دەیان هەزار لەم گەوهەرانە لای دەوڵەتی فڕەنسا مانەوە.

سەرسوڕهێنەرترین دزی لە ساڵی 1792 ڕوویدا، لەناو ئاژاوە و توندوتیژیی شۆڕشی فڕەنسادا، بۆ ماوەی چەند شەوێک، چەندان دزی سەرخۆش لە کۆگای شاهانە، نزیک ئەو کۆشکەی کە ئەمڕۆ لۆڤەرە، نیشتەجێ بوون بۆ خواردنەوە، گۆرانی گوتن و بردنی زیاتر لە 10,000 بەردی بە نرخ و مرواری.

لە کاتێکدا زۆربەی گەوهەرەکان دۆزرانەوە، یەکێکیان کە هەرگیز نەگەڕایەوە "شینی فڕەنسی" (French Blue)  بوو، ئەڵماسێکی بێگەرد و دەگمەنی شینی پۆڵایی 69 قیراتی کە لە هیندستان دۆزرابووەوە و بە لویسی چواردەهەم فرۆشرا بوو. دواتر بچووکتر کرایەوە بۆ 45,5 قیرات و زیاتر لە جارێک فرۆشرایەوە پێش ئەوەی زەڕەنگەر هاری وینستن بیکڕێت و پاشان بیبەخشێتە دامەزراوەی سمیسۆنیان لە واشنتن، ئەمڕۆ لەوێ؛ وەک "ئەڵماسی هیوا" (Hope Diamond)  نمایش کراوە، کە یەکێکە لە گەورەترین ئەڵماسە شینەکانی دنیا.

لەبارەى دزییەکانی ناو لۆڤەر، شکاندنێکی قوفڵ کە لە هەندێک ڕووەوە هاوشێوەی ئەوەی یەکشەمی ڕابردوو بوو، لە کانوونی یەکەمی 1976 ڕوویدا کاتێک سێ دزی دەمامکدار لە بەرەبەیاندا چوونە ناو مۆزەخانەکە، بەسەر سکێلەیەکی کرێکارانی پاککەرەوەدا سەرکەوتن، پەنجەرە بێ قەفەسەکانیان شکاند، بە دار لە دوو پاسەوانیان دا، شووشەی نمایشکردنێکیان شکاند و شمشێرێکی ئەڵماسڕێژکراویان برد کە هی پاشا چارڵزی دەیەم بوو، کە لە سەرەتای سەدەی نۆزدەهەمدا حوکمی دەکرد، لە ماوەیەکدا کە پاشایەتی گەڕێنرابووەوە.

شمشێرەکە هەرگیز نەدۆزرایەوە. بەڵام لە ماڵپەڕی لۆڤەردا وەک "نمایش نەکراو" تۆمار کراوە.
لە ساڵی 1998، دزێک تابلۆی "ڕێگای سێڤر" (The Path of Sèvres)، کە تابلۆیەکی بچووکی سروشتی ژان-باتیست-کامی کۆرۆ بوو، لە چوارچێوەکەی دەرهێنا لە ڕۆژی ڕووناکدا، کە لە ژوورێکدا هەڵواسرابوو کە کامێرای چاودێریی نەبوو، دزەکە هەڵات؛ تابلۆکە، کە بە نزیکەی 1,3 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرا، هەرگیز نەدۆزرایەوە.

لە کاتێکدا دەیان لێکۆڵەر بەردەوامن لە گەڕان بەدوای ئەنجامدەرانی دزییەکەی یەکشەمی ڕابردوو، هەروەها هەوڵ دەدەن تێبگەن چی هەڵە بوو لە ئاسایشی لۆڤەردا. لۆڤەر بە دوو چینی ئاسایشی مرۆیی پارێزراوە: ستافێک لە پاسەوانان (نزیکەی 1,200 کەس لە ساڵی 2024، بەپێی لۆڤەر) و هێزێکی هەمیشەیی 52 کەسی لە ئاگرکوژێنەوەکان، کە بەشێکن لە سوپای فڕەنسا.

پاسەوانە تەناهییەکان ماوەیەکی درێژە سکاڵایان لە بارودۆخی کارکردنیان هەیە، و تەنانەت بەرپرسانی باڵای لۆڤەریش ددان بەوەدا دەنێن کە پێگە و ڕاهێنانی کرێکاران دەکرێت باشتر بکرێت.

دێنیس فوس، لە چاوپێکەوتنێکدا لە ساڵی 2022، پێش ئەوەی وەک بەڕێوەبەری خزمەتگوزاریی سەردانیکەران و ئاسایشی لۆڤەر خانەنشین بێت، گوتی "فەرمانبەرانی حکوومی لە فڕەنسا مووچەیەکی ئەوتۆیان نییە، تاقیکردنەوەکە دەکەیت و پاشان ڕاهێنانت پێ دەکەن، ئێمە پیشەیەک نین کە قوتابخانەی پاسەوانی تەناهیی هەبێت."

لەلایەکی ترەوە، ئاگرکوژێنەوەکان بە باشی ڕاهێنراون و هێڵی یەکەمی بەرگرین لە دژی ئاگر و لافاو، ئەوانەن کە دیاریکراون بۆ لابردنی بەرهەمە هونەرییەکان لە کاتی فریاکەوتندا.

سەربازە ئاگرکوژێنەوەکان کارێکی 24 سەعاتى بەڕێوە دەبەن، هەندێکیان شەوانە لە ژووری نووستنی سادەدا دەمێننەوە کە قەرەوێڵەی دوو نهۆمی، مێز و کورسی تێدایە.

هەندێک لە ئەرکەکانیان نزیکن لە بێکەڵکی، کاتێک کۆترەکان لە پەنجەرە کراوەکانەوە دێنە ژوورەوە، ئاگرکوژێنەوەکان دەبێت دەریان بکەن، ئەرکەکانی تر زۆر رژدن: لیواکە؛ یەکەم خاڵی پێوەندی و چاودێرییە لە هەموو حاڵەتە تەندروستییەکاندا، بەڵام ئەوان بەرپرس نین لە تاوانەکانی وەک دزی.

یەکێک لە پرسیارە بێ وەڵامەکان ئەوە بوو، چۆن دزەکان ئەو شووشانەیان شکاندووە کە گەوهەرەکانی تاجی شاهانەیان تێدا نمایش کرابوو، لۆڤەر تابلۆی مۆنالیزای لەناو سندوقێکی شووشەیی دژەفیشەک و کۆنترۆڵکراوی کەشوهەوادا مۆر کردووە، پشتی دارەکەی تابلۆکە پڕە لە هەستەوەر بۆ دیاریکردنی بچووکترین گۆڕانکاری لە شێوەیدا.

بەڵام شووشەی سندوقەکانی نمایشکردنی گەوهەرەکانی تاجی شاهانە جیاواز بوو، دەبوو ئەوەندە بەهێز بێت کە بەرگەی تاوانباران بگرێت بەڵام ئەوەندەش نەرم بێت کە لەلایەن ئاگرکوژێنەوەکانەوە بشکێنرێت ئەگەر مۆزەخانەکە ئاگری گرت و پێویست بوو گەوهەرەکان ڕزگار بکرێن، وەک ئەندامێکی پێشووی باڵای یەکەکە گوتی، دەسەڵاتی نەبوو بە ئاشکرا قسە بکات وەک ئەندامێکی خانەنشینکراوی سوپای فڕەنسا.

کتێبی ڕێنوێنیی ئاگرکوژێنەوەکان نیشانی دەدات کە چۆن ئامرازەکانی وەک تەور و مشارە کارەباییەکان بەکاردەهێنرێن بۆ شکاندنی شووشەی سندوقەکانی نمایشکردن.

ئاگرکوژێنەوەکەی پێشوو گوتی، "بۆ پاراستنی گەوهەرەکان، دەبێت بتوانیت لە کاتی فریاکەوتنیشدا دەریان بهێنیت، ئێمە ئامرازمان هەیە کە دەتوانێت سندوقەکان بکاتەوە، کات و ڕاهێنانی پێویستە بۆ ئەنجامدانی."

دزییەکەی ڕۆژی یەکشەم بۆ گەوهەرەکانی تاجی شاهانە بوو، لە ساڵانی دوای دامەزراندنی کۆماری سێیەم، ئەو حکوومەتە پەرلەمانییەی کە لە ساڵی 1870 لە پاشماوەی ئیمپراتۆریەتی ناپلیۆنی سێیەمەوە دروست بوو، جۆشێکی کۆماریخوازیی دژەپاشایەتی فڕەنسای گرتەوە، لە ساڵی 1887، فڕەنسا زیادکردنێکی گشتیی 11 ڕۆژەی بۆ زۆربەی گەوهەرەکانی تاجی شاهانە ئەنجام دا.

گەوهەرەکان لە چوارچێوەکانیان دەرهێنران؛ خشڵە گەوهەردارەکان تێکشکان، بازرگانانی ئەڵماس، هاوردەکاران و زەڕەنگەران لە سەرانسەری دنیاوە هاتنە پاریس بۆ زیادکردنەکە، زیاتر لە 77,000 بەرد فرۆشران. چارڵز لویس تیفانی، دامەزرێنەری کۆمپانیای تیفانی، گەورەترین کڕیار بوو، کە کەمێک زیاتر لە سێیەکی کاڵاکانی کڕی.

بۆ ماوەی چەندان دەیە، لۆڤەر هەوڵی داوە پارچە بە پارچە گەوهەرەکانی کۆمەڵەکە بکڕێتەوە کاتێک بۆ فرۆشتن دەخرانە ڕوو.
گاڵتەجاڕیی دزییە نوێیەکە لەوەدایە، هەندێک لە گەوهەرە دزراوەکانی تاجی شاهانە لە زیادکردنەکەدا فرۆشرابوون و دواتر بۆ لۆڤەر کڕدرابوونەوە، ئێستە جارێکی تر دیار نەماون.

نیویۆرک تایمز
وشە


وشە - وشه‌