خەریكە ماوەی دەسەڵاتی سەرۆك وەزیرانی عێراق تەواو دەبێت و تا ئێستە هەوڵەكانی سەردانیكردنی كۆشكی سپی و پێشوازیكردنی لە لایەن دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا شكستی هێناوە، ئەو هەموو هەوڵێك دەدات هاوسەنگی لە نێوان هەژموونی ئەمەریكا و ئێران لە عێراق دروست بكات، بەڵام بە بۆچوونی ئەمەریكا لەوە شكستی هێناوە، ئێستە هەلێكی تری پێ دراوە و داوای داماڵینی چەكی میلیشیاكانی لێ كراوە، بەڵام كاتەكە بۆ هەڵبژاردن زۆری نەماوە و چۆن دەتوانێت رێخۆشیی بۆ ئەو سەردانە بكات؟
لە ماوەی دوایی چەند پەرەسەندنێك لە پێوەندییەكانی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیران و حكوومەتەكەی و واشنتن هەبوو، لەوانە رێخۆشكردن بۆ ژمارەیەك كۆمپانیای ئەمەریكی لە بواری نەوت و وزە و دەست پێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم بۆ بەرژەوەندیی كۆمپانیا ئەمەریكییەكان و ئازادكردنی ئیلیزابێس تسۆركۆڤ، كچەتوێژەرە بەرەگەز ئیسرائیلییەكە لە بەغدا و سەردانەكەی سوودانی بۆ شەرمولشێخ و دیداری لەگەڵ ترەمپ.
بەپێی پێشبینییەكان ئەگەری هەیە لە رۆژانی داهاتوو سوودانی سەردانی واشنتن بكات، واتە بەر لە هەڵبژاردنی 11ی تشرینی دووەمی داهاتووی پەرلەمانی عێراق، لە هەنگاوێك ئەگەر رووبدات، دەبێتە پاڵپشتییەكی گەورە بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردنی لیستەكەی و گورزێكیشە بۆ نەیارانی، لەوانە نووری مالیكی، ئەو پێشبینییەش لەسەر بنەمای باشبوونی پێوەندییەكانی عێراق و ئەمەریكا لە ماوەی دوایی دروست بووە، بەتایبەتی تەوقەكەی سوودانی لەگەڵ ترەمپ لە میسر و دانانی نێردراوێك بۆ عێراق و پێوەندییەكەی سێشەمی رابردووی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا و سوودانی.
لە ماوەی دوایی ئەمەریكا دوو هەنگاوی بەرانبەر بە حكوومەتی سوودانی نا، دانانی نێردراوێكی تایبەت بۆ عێراق، پێوەندییە تەلەفۆنییەكەی سێشەمی رابردووی ماركۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا و داواكردن لە سوودانی بۆ پەلەكردن لە داماڵینی چەكی میلیشیاكانی ئێران لە عێراق، ئەو دوو هەنگاوەش بەر لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دێن، رۆبیۆ بابەتی داماڵینی چەكی میلیشیاكانی بە وەبەرهێنان لە كەرتی نەوت و سەقامگیریی وڵاتەكە بەستەوە.
غازی فەیسەڵ دیپلۆماتكاری پێشووی عێراق لەوبارەوە دەڵێت، پێوەندییەكەی رۆبیۆ و سوودانی ئاماژەیە بۆ گەڕانەوەی پیێوەندییەكانی هەردوولا و درێژكراوەی تەوقە خێراكەی ترەمپ و سوودانییە لە شەرمولشێخ، جۆرێك لە كرانەوەی پێوەندییەكان هەیە، بەڵام مەرجدار كراوە بە مانەوەی چەكی میلیشیاكان، كە ئەمەریكا بە ئامرازێكیان بۆ بەتاڵانبردنی سامانی عێراق بۆ بەرژەوەندیی ئێران و بوونیان وەك ستراتیجیەتی ئێران لە ناوچەكە دەزانێت.
فەیسەڵ پێی وایە مانەوەی میلیشیاكان لە عێراق، واتە مانەوەی عێراق لەژێر یاسای فریاگوزاریی ئەمەریكا كە ساڵانە لە لایەن سەرۆكی ئەو وڵاتە نوێ دەكرێتەوە، ئەوەش وەبەرهێنەر و كۆمپانیا ئەمەریكییەكان و تاكەكانیش لە كاركردن لە عێراق وریا دەكاتەوە بەو پێیەی وڵاتێكی نائارامە، بۆیە هەڵوەشاندنەوەی میلیشیاكان لە عێراق و ناوچەكە ئامانجێكی ستراتیجی ئەمەریكایە، بۆ رەخساندنی هەل بۆ كۆمپانیا ئەمەریكییەكان و هیتریش بۆ هاتن بۆ عێراق بۆ وەبەرهێنان، بۆیە بێ سەقامگیربوونی ئاسایش، كۆمپانیا ئەمەریكییەكان بۆ وەبەرهێنان روو لە عێراق ناكەن.
بەر لە چەند هەفتەیەك لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، دۆسیەی میلیشیا شیعەكان لە عێراق هاتەوە بەر باس، ئەوەش لە دوای پێوەندیی دوایی تەلەفۆنی لە نێوان وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا و سەرۆك وەزیرانی عێراق، كە راشكاوانە داوای لێ كرد دەبێت لە داماڵینی چەكی میلیشیاكانی ئێران لە عێراق پەلە بكات.
ئەو داوایەی ئەمەریكا لە عێراق هاوكاتە لەگەڵ دانانی نێردراوێكی تایبەت بۆ عێراق، وەك ئاماژەیەك بەوەی واشنتن بڕیاری داوە لە ئیدارەدانی سێبەر بۆ گوشاری راشكاوانە لە یەكێك لە گرنگترین دۆسیە هەستیارەكان لە عێراق هەنگاو بنێت.
سەرچاوەیەكی دیپلۆماسیی ئەمەریكی لەوبارەوە دەڵێت، كاتی هاتووە حكوومەتی عێراق بیسەلمێنێت كە توانای گۆڕینی خواستە سیاسییەكانی بۆ رێوشوێنی كردەنی هەیە، لە رێگەی سنوورداركردنی دەسەڵاتی میلیشیاكان كە رێگرن لە دروستبوونی دەوڵەتێكی عێراقی خاوەن سەروەرییەكی تەواو.
روونی كردەوە، ئێستە ئیدارەی ترەمپ دۆسیەی عێراق بە گرنگییەكی لەپێشینە دادەنێت، بەڵام پێی وایە ناكرێ پاڵپشتیكردن لە حكوومەتەكە بەردەوام بێت لەوكاتەی میلیشیاكان وەك هێزێكی سەرووی دەوڵەت بمێننەوە و ئاسایش بشێوێنن و رێگری لە وەبەرهێنان بكەن و گوشار بخەنە سەر دامەزراوە ناوخۆییەكان، بۆیە گوشاری ئەمەریكی لە سۆنگەی دەستوەردان لە كاروباری عێراق نییە، بەڵكو بۆ پاراستنی دیموكراسییە لەو وڵاتە و فەراهەمكردنی ژینگەیەكی لەبارە بۆ هەڵبژاردن كە دەنگدەران نەترسن و نەیارانیش بە زەبری چەك دوور نەخرێنەوە.
بەپێی سەرچاوەكە، ئەمەریكا پێی وایە چیتر مامەڵەكردن لەگەڵ میلیشیاكان نابێت دوا بخرێت و مانەوەی ئەوان لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت و پێوەست بە ئەجیندای دەرەكیی ناوچەیی، هۆكارێكی سەرەكیی رێگرە لە سەقامگیریی سیاسی و دامەزراوەیی لە عێراق و توانای راكێشانی وەبەرهێنانی دەرەكی و دروستكردنی هاوبەشیی ئابووری لاواز دەكات، بۆیە ناكرێ بەردەوامبوونی خۆسەپاندنی ئەو میلیشیایانە قبووڵ بكرێت.
لەوكاتەی سوودانی دەیەوێ بەر لە هەڵبژاردن بازدانێك دروست بكات و كۆدەنگییەكی ئێرانی و ئەمەریكی بۆ خۆی بۆ وەرگرتنی ماوەیەكی تری سەرۆك وەزیران بەدەست بێنێت، هەوڵێكی زۆر دەدات پێشانی بدات كە هاوكات لەگەڵ ئەمەریكا و ئێرانیش نزیك بووەتەوە، بەڵام بابەتی داماڵینی چەكی میلیشیاكان، بووەتە پاسوۆردی تێپەڕبوونی بۆ كۆشكی سپی و مانەوەیەتی لە دەسەڵات، ئاخۆ چۆن دەتوانێت واشنتن رازی بكات، كە ماوەیەكی كەم بۆ هەڵبژاردن ماوە، كە رەنگە ئەوەش ببێتە شكستێكی تری بەرانبەر بە ئەمەریكا.