رۆژنامەیەك: قائانی شیعەی لەبارەی سوودانییەوە وریا كردووەتەوە

:: PM:07:56:23/10/2025 ‌

لەگەڵ نزیكبوونەوەی زیاتری هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، جیا لە زیادبوونی كێبەركێی ناوخۆیی، جموجۆڵێكی ناوچەیی و نێودەوڵەتیش هەیە، بەتایبەتی لە لایەن سەرۆك وەزیرانی عێراق كە خاوەن لیستە و هەموو هەوڵێك بۆ مانەوەی لە پۆستەكەی بۆ ماوەیەكی تر دەدات، ئەو لەسەر هەردوو دیوی ئێران و ئەمەریكا كار دەكات و ئەوەش نەیارەكانی نیگەران كردووە، رۆژنامەیەكی لبنانی باسی ئەوە دەكات كە فەرماندەی فەیلەقی قودس لە كاتی سەردانی بۆ عێراق شیعەی لە سوودانی وریا كردووەتەوە.

رۆژنامەی "ئەخبار"ی لبنانی كە لە حزبوڵای لبنانییەوە نزیكە، لە سەرچاوەیەكی سیاسی گواستووەتەوە كە ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران لە میانی سەردانەكەی دوایی بۆ بەغدا بۆ یەكخستنی ناو ماڵی شیعە بەر لە هەڵبژاردن و هاندانیان بۆ وەستانەوە بە رووی گوشارەكانی ئەمەریكا سەبارەت بە میلیشیاكان و ئێران، بە سەركردەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی راگەیاندووە بە رێگەنەدەن بە سوودانی بە باوەڕكردن بە بەڵێنەكانی ئەمەریكا پێوەست بە پاڵپشتیكردنی لە بەدەستهێنانی دووەم ماوەی سەرۆكایەتیی وەزیران بەرانبەر بە وەرگرتنی هەڵوێست بەرانبەر بە میلیشیاكان. 

دوای ئەوەی سێشەمی رابردوو ماركۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەركیا لە پێوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ سوودانی رای گەیاند كە دەبێت عێراق لە داماڵینی چەكی میلیشیاكانی ئێران پەلە بكات، سەرچاوەیەكی نزیك لە میلیشیاكان بە رۆژنامەكە گوت كە واشنتن بڕیاری داوە لە بری ئیسرائیل شەڕی میلیشیاكان بكات و بەرەی موقاوەمەت لێكهەڵوەشێنێتەوە، ئەوەشی لە لبنان لە دژی حزبوڵا دەكرێت، هەمان شت بۆ عێراقیش ئامادە دەكرێت، بەداخەوە سوودانی بۆ بەدەستهێنانی دووەم ماوەی سەرۆكایەتیی وەزیران خەریكە خۆی لەگەڵ ئەو كارەی ئەمەریكا رێك دەخات، بەتایبەتی لەگەڵ نزیكبوونەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11ی تشرینی دووەمی داهاتوو.  

عەبدوڵا شمەری توێژەری سیاسی دەڵێت، زیادبوونی لێدوانەكانی سوودانی لەبارەی چەكی بەرەڵا و هەوڵەكانی بۆ بەدەستهێنانی رەزامەندیی ئەمەریكا بەر لە هەڵبژاردن، ئەو دەیەوێ بەو شێوەیە خۆی وەك هاوبەشێكی بە متمانە بۆ واشنتن پێشان بدات كە شەڕی دەسەڵاتی ئێران دەكات، دەزانێت ئەو كارەی رەنگە پاڵپشتیی رۆژئاوای بۆ مەبەستەكەی بەدەست بێنێت، بەڵام مەترسیشی هەیە، بەوەی هاوسەنگیی خۆی لە نێوان ئەمەریكا و هاوپەیمانە شیعەكانی لەدەست بدات و چوارچێوەی هاوئاهەنگی بێتە هەڵوەشانەوە.

لە ماوەی دوایی باسی هاتنی ئیسماعیل قائانی بۆ عێراق گەرمە، ئەگەرچی لایەنە شیعەكان رەتیان كردەوە، بەڵام بەپێی زانیارییەكان ئەو دووجار هاتووەتە بەغدا و چاوی بە سەركردە سیاسییە شیعەكان و میلیشیاكان كەوتووە بۆ ریچكخستنەوەی ناومالچی شیعە.

بەپێی چەند سەرچاوەیەكی سیاسی ناكۆكی لە نێوان لایەنە شیعەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی پێوەست بە بەكارهێنانی دەستكەوت و ئامراز و تواناكانی حكوومەت و دەسەڵاتی سیاسی لە بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ بەرژەوەندیی هەندێك هێزی ناو چوارچێوەكە لە زیادبوونە، لەوكاتەی چەند لایەنێكی ئێرانی بۆ كۆنترۆڵكردنی ناكۆكییەكان لەسەر خەتن.

هەر بەپێی سەرچاوەكان، قائانی لە میانی دوایین سەردانی بۆ عێراق لە پرسەی هاوسەری عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای نەجەف، بە جیا چاوی بە سەركردەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی كەوتووە و دووپاتی لە پێویستیی پارێزگاریكردن لە یەكپارچەیی ناوماڵی شیعە لە عێراق و وازهێنانی لە ناكۆكییەكان بەر لە هەڵبژاردن كردووەتەوە.

دوای ئەوە و هاوكات لەگەڵ پەرەسەندنەكانی دوایی، بەتایبەتی نزیكبوونەوەی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە ئەمەریكا، لە دوای تەوقەكردنەكەی سوودانی لەگەڵ سەرۆكی ئەمەریكا لە میسر و دیاریكردنی نێردراوێكی ئەمەریكی بۆ عێراق و پێوەندییە تەلەفۆنییەكەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لەگەڵ سوودانی و دووپاتكردنەوە لەسەر داماڵینی چەكی میلیشیاكان، جارێكی باسی هاتنی قائانی بۆ بەغدا گەرم بوو، ئەوە لەوكاتەی دوێنێ ئێران وریایی لەوە دا كە ئەمەریكا دەیەوێ عێراق داگیر بكات، كە شارەزایان ئەو قسانەی ئێران وەك پەیامێكی وریاكردنەوە دادەنێن بەوەی ئەمەریكا دەستی بە جێبەجێكردنی پلانێكی بۆ عێراق كردووە بۆ دوورخستنەوەی لە هەژموونی ئێران بەو شێوەی ئێستە هەیە، بە تایبەتی لە رێگەی حكوومەتی داهاتووی ئەو وڵاتەوە.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل